دوو برا لە پارێزگای سنە لەسەر وتنەوەی وانەی کوردی دەستگیرکران
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو برای شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنەی ئێرانیان بە چەند تۆمەتێکی جیا دەستگیرکرد و سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنرا.
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی کوردپا، رۆژی شەممە 9 ئەیلوول، دوو برای خەڵکی دێولان، بە ناوەکانی سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی، لە چالاکانی مەدەنی و کەلتووری ئەو شارە و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری دێولان، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ زیندانی شاری قوروە.
هاوکات فەریدە وەیسی، هاوژینی سیروس عەباسی، لە ئینستاگرامی خۆی هەواڵی دەستبەسەر کردنی ئەم دوو برایەی پشتڕاستکردەوە.
دەستگیرکردنی ئەم دوو برایە دوای ئەوە دێت کە مۆڵەتی فەرمی چالاکی "رێکخراوی زانستی کوردستان" لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سنەوە هەڵوەشێندرایەوە.
رێکخراوی زانستی کوردستان ساڵی 2018 لە لایەن فەریدە وەیسی و سیروس عەباسی، دوو هاوژینی خەڵکی شاری دێولانەوە دامەزراو لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا لە بواری فێرکاری زمانی کوردیدا کاریان کردووە.
بەپێی حوکمی دادگای بەرایی، سیروس عەباسی و ئازاد عەباسی، هەرکامیان بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی سیستم"، بە 10 مانگ زیندان، "تێکدانی سیستمی گشتی" بە 18 مانگ زیندان و "کۆبوونەوە دژی یەکپارچەیی نەتەوەیی" بە 48 مانگ زیندان حوکم دراون.