سودانی: هەرکەسێک سەر بە هەر لایەنێک بێت لە تێوەگلانی لە روداوەکانی کەرکوک سزادەدرێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لە کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بڕیاردرا کێشەی بارەگاکانی شاری کەرکوک چارەسەر بکرێت و گۆڕانکاری ئیداری لەو شارە ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک لەگەل رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بگونجێت، دەشڵێت، "پێوستە هەر کەسێک سزا بدرێت کە سەلمێنرا تێوەگلاوە لە روداوەکانی کەرکوک."
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی کۆبونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار و محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کردوو و لە کۆوبونەوەکەدا لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.
یەکێک لەو خاڵانەی باس کراوە ئەوەیە پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ ناردنی بۆ کەرکوک تا لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان و سەرجەم پێکهاتەکان کۆبونەوە ئەنجامبدات و کێشەی بارەگاکان چارەسەر بکرێت.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیاریدراوە کە پشتیوانی بکرێت لە "بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی لەپێناو لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی کەرکووک و جەختکردنەوە لەسەر پێویستی ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە بۆ رای گشتی و سزادانى هەر کەسێک کە سەلمێنرا و تێوەگلاوە لە رووداوەکان و سەر بە هەر لایەنێک بێت."
هاوکات باس لەوەش کراوە گۆڕانکاری ئیداری ئەنجامبدرێت بە شێوەیەک جێگای رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی شاری کەرکوک بێت و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک دوانەخرێت و لەوادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت. یەکێک لە خاڵەکانی تریش راگرتنی شەڕی میدیا و گفتوگۆکردن لەسەر جیاوازیی ڕا وبۆچونەکان لە نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوو.