هاوڵاتی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە. ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لەبارەى ئامارەکەوە ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق – تورکیاوە دوورن.. ئاماژەى بەوەشکردوە، لە ئێوارەی ٣١ی ئابدا، سوپای تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆسەر گوندەکانی بۆڵێ و سڵێ و ئیسێوە لە دەڤەری پشدەر و گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت ئەنجامدا. بەپێی ئاماری ڕێکخراوە، هەرچەندە، لەو بۆردوومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی، بەڵام گوندنشینانی گوندی ئیسێوە، لەترسی بەئامانجگرتنیان لەناو ماڵەکانیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک ماڵەکانیان چۆڵ کرد و لەدەرەوە ماونەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەی سی پی تی دا باس لە هێرشەکەی گوندی گەڵاڵەش کراوەو تیایدا هاتووە، لەکاتی بۆردوومانەکانی گوندی گەڵاڵەشدا، جوتیارانی ئەو گوندە خەریکی کشتوکاڵ و جوتیاری بوون لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕا و تاوەکو درەنگانێکی شەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان. هاوکات سی پی تی ڕوونیکردوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢ی ئەیلولیشدا، تورکیا بۆردوومانی گوندی کانی میرانی کرد لە پێنجوێن، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردوومانەدا.
هاوڵاتی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكومهتی ههرێم رایگهیاند، پڕۆسهی پێشكهشكردن بۆ وهرگرتنی دهرچوانی 12ی ئامادهیی له زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دهستپێدهكات و له ڕۆژی سێشهممه كاتژمێر 8:00ی بهیانیهوه زانكۆلاین بۆ ماوهی ههشت ڕۆژ بۆ دهرچوانی 12ی ئامادهیی كارا دهكرێت. له ڕاگهیهندراوێكدا وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی بڵاویكردهوه، له ڕۆژی سێشهممه 5ی (ئهیلول/9)ی 2023 وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دهرچوانی 12ی ئامادهیی (زانستی، وێژهیی، پیشهیی)، تا ڕۆژی 12ی (ئهیلول/9)، واته بۆ ماوهی ههشت ڕۆژ كارا دهبێت، بهوهش دهرچوان لهو ماوهیهدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوه و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچوان دهبێت سهردانی خوێندنگهكانی خۆیان بكهن به مهبهستی وهرگرتنهوهی ناوی بهكارهێنهر و وشهی تێپهڕ (Username)و (Password). وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: بۆ بهرچاوڕونی زیاترى دهرچووانی پۆلی دوانزه و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان و دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكانیەوە، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین. سهبارهت به دهرچوانی ئامادهیی خوێندنگه نێودهوڵهتییهكان وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی ئاشكرایكردوه، دوای دو ڕۆژی دیكه سیستمی زانكۆلاین بۆ دهرچوانی خوێندنگه نێودهوڵهتییهكان كارا دهبێت، هاوكات دهرچوانی ساڵانی (2015) تا (2022) ئهگهر نیازی فۆرم پێشكهشكردنیان ههیه بۆ سیستهمهكانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئهوا به ههمان ئهو پاسۆرد و یوزهرنهیمانهی كه پێشتر وهریان گرتوه دهتوانن فۆڕم پێشكهش بكهن، ئهگهر ههر دهرچوهكیش یوزهرنهیم و پاسوۆردی لهلا نهماوه ئهوا دهتوانێت سهردانی خوێندنگهكهی خۆی بكات بهمهبهستی دوباره وهرگرتنهوهی. سهبارهت به دهرچوانی پێش ساڵی 2015 وهزارهتی خوێندنی باڵا رونیكردۆتهوه، "ئهگهر نیازی فۆڕم پێشكهش كردنیان ههیه بۆ خوێندنی ئێواران ئهوا پێویسته بڕوانامهكانیان به پهسهندكراوی له ڕێگهی بهڕێوهبهرایهتی گشتی پهروهردهی پارێزگاكانییان بنێرن بۆ بهڕێوهبهرایهتی گشتی ئهزمونهكان له وهزارهتی پهروهرده و ههر لهوێش یوزهرنهیم و پاسوۆردیان پێدهدرێت".
هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند بە بە تێچووی 8 ملیۆن دۆلار 399 پڕۆژە لە هەرێمی جەزیرە جێبەجێدەکات. سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری لە بەرێوبەرایەتی خۆسەری ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو بودجەیەی بۆمان دانراوە بۆ ساڵی 2023 بۆ پرۆژەکان کە 8 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە ژمارەیەک پرۆژە "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخان و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ دانیشتوان" جێبەجێدەکرێت. وتیشی ،" لەو ژمارەیە 3 ملیۆن دۆلار تەرخانکراون بۆ پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودە بۆ حەسەکە و 5 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی 399 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی جەزیرە." سەبارەت بەو کارانەی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون ،ئەو بەرپرسەی دەستەی بەرێوبەرایەتی خۆسەری گوتی: “شارەوانیەکان بەپێی ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانکراوە پرۆژەکانیان جێبەجێکردووە، هەروەها پرۆژە سەرەکییەکانیش قیرکردنی رێگاکان بوون، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە 69 پرۆژە و نزیکەی 800 هەزار دۆلار بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە تەرخانکراون”. هاوکات بەمەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە حەسەکە، جگە لە گوندەکانی دەوروبەری رۆژی 3ی ئابی رابردوو، بە فەرمی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی راکێشانی ئاوی خواردنەوە لە گوندی سەنجاک سەعدون و گوندی کەندوور لە باشووری عامودە بۆ حەسەکە دەستیپێکرد. هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری بەرێوبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودا وە بۆ حەسەکە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژەکان،ووتیشی میکانیزمی کارکردن “نایابانە” و ئاستی هەڵکەندن بۆ ئاو زۆر باشە.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات مەزڵوم كۆبانێ لەبارەی رەوشی دێرەزۆرەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بارودۆخی دێرەزۆر بەرەو گەڕاندنەوەی ئاسایش و چەسپاندنی سەقامگیری دەچێت. مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە پەیامێكدا وتی، "بە هاوكاری و پاڵپشتی گەلەكەمان لە دێرەزۆر، هێزەكانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەهێزكردنی ئاسایش، ئۆپەراسیۆنی بەرقەراركردنی ئاشتی و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان بەردەوام دەبن". وتیشی، "هەرچەندە دۆخەكە بەرەو ئەمن و ئارامی دەڕوات و ئاشتی كۆمەڵایەتیش لە سایەی پێكهاتەی عەشایەری و هەسەدە دەپارێزرێت، بەڵام توركیا و هاوپەیمانەكانی هێرش دەكەنە سەر تیل تەمر و مەنبەج، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە و ئیرادەی گەلەكەمان". ئەم پەیامەش دوای ئەوە هات ،وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند سکرتێری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەنەڕال جۆوڵ ڤاوڵ، سەرکردەی هاوپەیمانان دژی داعش، لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە و سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان کۆبوونەوەتەوە بۆ باس کردن لە "ناکۆکییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بەزوترین کات." ماوەی هەفتەیەکە هۆزە عەرەبەکان دژی هەسەدە دەجوڵێنەوە لە پارێزگای دێرەزوور و چەند ناوچەیەکیان داگیرکرد، بەڵام هەسەدە توانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوچەیەک بگرێتەوە. ناکۆکییەکان لەوەوە سەریهەڵدا کە هەسەدە هەفتەی رابردوو فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکانی دەستگیرکرد بەناوی ئەبوخەولە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی هۆزە عەرەبەکان و شەڕ لەنێوان هەردوولا دروستبوو کە تا ئێستا 150 کەس کوژراون.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کۆبویەوە و رایگەیاند، حکومەتی عێراق مەفەکانی خەڵكی هەرێم پێشێل دەکات و رێز لەو رێککەوتنە ناگرێت کە لەسەر بودجەی عێراق کراوە، دەشڵێت، خەڵکی کوردستان "ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانە نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری." مەسروە بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەمرۆ دووشەممە 4ی ئەیلولی 2023 پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کرد بە سەرۆکایەتی تۆم کیمیج، سەرۆکی پەرلەمانی کەنەدا و رایگەیاند. لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ شاندەکە، سەرۆکی پەرلەمانی کەنەدا "ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئازادی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە کەنەدا هەن." سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت کە بەشێکی تری گفتگۆکانیان لەگەڵ شاندەکەی کەنەدا تایبەت بووە بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولیر و مەسرور بارزانی پێی راگەیاندوون، "هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە ، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا." سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەکەدا باسی لەوەش کردووە، "خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان."
هاوڵاتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، یاسای بودجەی عێراق بە "رق و بۆ تۆڵە لە هەرێمی کوردستان نوسراوەتەوە"، دەشڵێت لە یاسای بودجەی عێراقدا 16 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە بۆ هەشت ترلیۆن دینار. ئومید سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە کە بووەتە هۆی دروستبونی ئەم دۆخە کە یەکەمیان یاسای بودجەیە و لێدانێکی گەورەیە لە حکومەتی هەرێم و "وەک رقێک و بۆ تۆڵە کردنەوە لە لەهەرێمی کوردستان" نوسراوەتەوە و پڕە لە گیروگرفت. ئومید سەباح باسی لە هۆکاری دووەم کرد و دەڵێت، "سەرەڕای خراپی یاساکە بەڵام تێگەشتنی خراپی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاساکە خراپترە." ئومید سەباح دەشڵێت، "بەلگەم بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی عیراق تێگەشتنی بۆ یاسای بودجە ئەوەیە کە هەشت ترلیۆن دینار مافی ئێمەیە لەکاتێکدا لە یاسای بودجە جێگیرکراوە کە دەبێت 16 ترلیۆن دینار بێت، ئەمەش لێکدبدەیتەوە لەگەڵ پێوسیتییەکانی ئێمە یەکناگرێتەوە." لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئاشکرایانکرد کە عێراق تاکلایەنانە بریاریداوە بۆ ناردنی 500 ملیار دیناری مانگانە بەشێوەی قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ، ئەمەش بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناکات کە پێوستی بە 940 ملیار دیناری مانگانەیە. لەکۆتایی قسەکانیدا ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەدا کە دوو هەنگاو دەگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، کە ئەویش کۆبونەوەیە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتانە و" دووەمیش ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و ئامادەیی تێدا دەبێت و ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێم بێت بۆ دابنیکردنی موچە درێغی ناکەین."
هاوڵاتی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پێشیل دەکات و گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا ئەنجامی نەبووە، دەشڵێت، ئەو کاتەی خۆمان داهاتی نەوتمان هەبوو بەتەواوی موچەمان دەدا. ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و وئابوری هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "مافە داراییەکانی هەرێم لە بودجەدا پێشێل کراوە و کێشە بۆ حکومەتی هەرێم لە یاسای بودجەدا دروست بووە و غەدرێکی گەورە لە کورد کراوە." ئاوات شێخ جەناب دەشڵێت، دوای ئەو هەموو کۆبونەوەیە لەگەڵ بەغدا "گفتوگۆکان ئەنجامییان نەبووە و ئەوان هەرێم لە دەرەوەی عێراق حساب دەکەن." وەزیر دارایی وتیشی، "ئێستا عێراق هاتوون مامەڵەی قەرزمان لەگەڵ دەکەن کە بەشی شایسەتە داراییەکان ناکات و بۆ مووچە پیویستمان بە 940 ملیار دینارە کە ئەوان 500 ملیار دەنێرن." ئاوات شێخ جەناب باس لەوەش دەکات، "ئەو برە پارەیە بەشی موچە ناکات و وەک جاران داهاتی نەوتمان نەماوە، ئەو کاتەی نەوتمان دەفرۆشت نزیکەی 20 مانگ بە تەواوی موچەمان داوە." هاوکات ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، عێراق تاکلایەنانە بڕیاریداوە بۆ ماوەی سێ مانگ، مانگانە 500 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەشێوەی قەرز. تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە لەکاتێکدا لە عیڕاق موچەی مانگی ئابیش دراوە.
هاوڵاتی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند ئەو برە پارەیەی حکومەتی عێراق دەینێرێت بەشی موچە ناکات و حکومەتی عێراق سیاسەتی برسیکردن بەرامبەر هاوڵاتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات. پیشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی عێراق کە 500 ملیار دینارە دەینێرێت بەشی موجەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات. حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بۆ ماوەی سێ مانگ بەشێوەی قەرز لە دوو بانکی عێراقییەوە 500 ملیار دینار بنیرێت بۆ هەرێمی کوردستان. بەپێی ئاماری حکومەتی هەریم پێوستیان بە 900 ملیار دیناری مانگانەیە بۆ پێدانی موچە. تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە. پیشەوا هەورامانی باسی لەوە کرد کە ئەو سیاسەتەی حکومەتی عێراق جێبەجیی دەکات سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
هاوڵاتی کەسوکاری شیروان عەبدوڵا رایانگەیاند، هونەرمەند شیروان عەبدوڵا ماوەی ھەفتەیەکە لە تورکیا دیار نەماوە و ھیچ ھەواڵێکی نازانن، پێیانوایە لە زیندانێکی تورکیادایە. دوای ئەوەی ماوەی چەند ڕۆژێکە هەواڵی دیارنەمان یاخود مردنی هونەرمەندی میللی شیروان عەبدوڵا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، بەڵام کەسوکارەکەی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە. لەسەر ونبونی شیروان عەبدوڵا، مەریوان عەبدوڵای برای وتی، شیروان عەبدوڵا لە ئوتێلیک لە تورکیا دەستگیرکراوە و دواتر براوە بۆ شوێنیکی نادیار و لە ٢٧ مانگی ئابەوە دەنگی نییە، "تا چوار ڕۆژ پێش ئێستا تەلەفۆنێکم بۆ هات، خۆی قسەی لەگەڵ کردم و وتی نازانم لە کوێم و چاوم بەستراوە و ناوخۆم بەهەلە داوە بۆی ئەشکەنجەیان داوم، پۆلیسێکی زیندانەکەی کە شیروان عەبدوڵای لێبووە باسی لەوە کرد کە بۆ سنووری ئەردەهان گواستراوەتەوە." براکەی شیروان عەبدوڵا وتیشی، شیروان عەبدوڵام رەگەزنامەی ئەڵمانیای نییە وەک ئەوەی باس دەکرێت و تەنها مافی مانەوەی هەبووە و بەیاسایی گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەمجارە ویستوویەتی لەڕێی قاچاغەوە بڕواتەوە. برای شیروان عەبدوڵا داواشی لە بەرپرسانی حکومی کرد کە بەهانایانەوە بچن و هاوکاریان بن لە دۆزینەوەی براکەیدا.
هاوڵاتی بەرێوبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لەم مانگەدا ناونوسین بۆ حەجی ساڵی 2023 بەشێوەی دەستی ئەنجام دەدرێت و لەماوەی دوو هەفتەدا پێویستە هاوڵاتیان سەردانی نوسینگەکانیان بکەن بۆ ناونوسین. شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیروپشک و ناونوسین بۆ حەجی ساڵی 2024 لەم مانگەدا لە کۆگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنن و داواشی لە هاوڵاتیان کرد لەماوەی دوو هەفتەدا سەردانی نوسینگەکانیان بکەن بەمەبەستی ناونوسین. هەرچەندە کە بڕیاربوو ناونوسین بکرێتە سیستەمێکی ئۆنلاین بەڵام بەڕێوبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی تەواونەبوونی هەندێک رێکاری سیستەمەکەوە ناونسین ئەمساڵیش بەشێوەی دەستی دەبێت. شێخ نیاز نەقشبەندی باسیشی لەوە کرد کە ناونویسن دەبێتە هەموو ساڵێک و وەک ساڵانی رابردوو نامێنیت کە کەسێک یەک جار ناوی دەنوسی و چاوەڕان دەبوو، بۆیە هەر کەسێک بیەوێت فەریزەی حەج ئەنجام بدات و ئەمساڵ ناوی نەهاتەوە دەبێت بۆ ساڵانی داهاتوو دیسان ناوی تۆمار بکاتەوە. بەپێی ئاماری ساڵی رابردوو، 37 هەزار هاوڵاتی عێراق فەریزەی حەجیان بەئەنجام گەیاند و لەو ژمارەیەش شەش هەزار و 685 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
هاوڵاتی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا سەردانی رۆژئاوایان کرد بەمەبەستی ئارامکردنەوەی دۆخی ناوچەکە لەنێوان هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هۆزە عەرەبەکان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند سکرتێری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەنەڕال جۆوڵ ڤاوڵ، سەرکردەی هاوپەیمانان دژی داعش، لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە و سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان کۆبوونەوەتەوە بۆ باس کردن لە "ناکۆکییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بەزوترین کات." ماوەی هەفتەیەکە هۆزە عەرەبەکان دژی هەسەدە دەجوڵێنەوە لە پارێزگای دێرەزوور و چەند ناوچەیەکیان داگیرکرد، بەڵام هەسەدە توانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوچەیەک بگرێتەوە. ناکۆکییەکان لەوەوە سەریهەڵدا کە هەسەدە هەفتەی رابردوو فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکانی دەستگیرکرد بەناوی ئەبوخەولە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی هۆزە عەرەبەکان و شەڕ لەنێوان هەردوولا دروستبوو کە تا ئێستا 150 کەس کوژراون.
هاوڵاتی ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر دۆخی کەرکوک هێرش دەکاتەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و رایگەیاند، "بارەگایەک ئەوە ناهێنێت خوێنی لاوانی کوردی لەسەر بڕژێت"، دەشڵێت، پارتی کارێکی "خراپ" دەکات ئەگەر بیەوێت ئەمە بکاتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک. ستران عەبدوڵا لەسەر گرژییەکانی دوێنێی شاری کەرکوک بە میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە، "ئەم بارودۆخەی کەرکوک بارودۆخێکی نەخوازراوە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێی وایە بارەگایەک ئەوە ناھێنێ خوێنی لاوانی کوردی لەسەر برژێت، هەروەها شاری کەرکوک جەمسەرگیریەکی توندی ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەرە، نابێت کەرکوک بخرێتە ناو مغامەرەی سیاسیەوە." دوێنێ شەممە بەهۆی داخستنی رێگای کەرکوک-هەولێر لەلایەن پێکهاتەی عەرەب و بەشێک لە هیزەکانی حەشدی شەعبییەوە بۆ ماوەی شەش رۆژ، هاوڵاتیانی کورد خۆپیشاندایان ئەنجامدا و پێکدادان لەنێوان کورد و پێکهاتەی عەرەب دروست بوو، پاشان هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاوەی بە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و تەقەی بەنێو خۆپیشاندەراندا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون. هەر دوای شەهیدبوونی چەند گەنجێکی کورد، یەکێتی نیشتمانی، پارتی بەوە تۆمەتبارکرد کە گەنجی کورد لەبەر بەرژەوەندییە حیزبییەکان بەکاردەهێنیت. ستران عەبدوڵا لەوبارەیەوە دەڵێت، "روومان لەھەڵبژاردنە، پارتی بییەوێ ئەمەی کەرکوک بکاتە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی خۆی بێتەوە شاری کەرکوک ئەوە کارێکی زۆر زۆر خراپە."
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی کە بڕیادرا رادەستکردنەوەی بارەگایەک لە کەرکوک بە پارتی بوەستێندرێت، دەڵێت: بڕیارێکی گاڵتەجاڕییە. ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا ئەو بارەگایەی لە ئێستادا تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چۆڵبکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی دیکەی لەسەر دەدرێت، ئەمەش دوای دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسە کە پەرلەمانتارێکی عێراق لە کەرکوک سکاڵای کردووە دژی بڕیارەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تایبەت بە رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایە بە پارتی. پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو ئەو بارەگایە رادەستی پارتی بکرێتەوە، بەڵام دوای سکاڵاکە ئەو بڕیارە راگیراوە کە لە سکاڵاکەدا هاتووە پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران هەڵبوەشێنرێتەوە. سەبارەت بەم بڕیارە، مەسرور بارزانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی گاڵتەجاڕییە. بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە بەهۆی داخستنی رێگای کەرکوک-هەولێر هاوڵاتیانی کورد خۆپیشاندایان ئەنجامدا و پێکدادان لەنیوان کورد و پێکهاتەی عەرەب دروست بوو، پاشان هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاوەی بە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و تەقەی بەنێو خۆپیشاندەراندا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون. هەفتەی رابردوو پێکهاتەی عەرەب و چەند گروپێکی حەشدی شەعبی دژی بڕیارەکەی سودانی وەستانەوە و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد کە تێیدا رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت.
هاوڵاتی پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بڕیاردرا شەهیدانی روداوەکانی دوێنێ کەرکوک مامەڵەی شەهیدانەیان لەگەڵ بکرێت و هاوکاری بریندارەکانیش بکرێت. پێشەوا هەورامانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆک بارزانی، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، فەرمان کرا کە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی دوێنێی کەرکووک بکرێت و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت." دوێنێ شەممە لە خۆپیشاندانی کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر پێنج کەس شەهید بوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان بەناو خۆپیشاندەراندا کرد.
هاوڵاتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تاران رایگەیاند، کە پێویستە سوریا زیاتر هاوکاریان بێت لە پرسی تایبەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). رۆژی یەکشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی تارانی کرد و لە لایەن حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. هاکان فیدان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران، رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ هاوتای تارانی، داواکارین کە سوریا زیاتر هاوکارمان بێت لە پرسی تایبەت بە پەکەکە. وەزیری دەرەوەی تورکیا لە قسەکانیدا زیاتر باسی سووریا و پەکەکەی کردوو و پێدەچێت بیانەوێت لە رێگای ئێرانەوە داوا لە سووریا بکەن هاوکاریان بکات دژی پەکەکە و ئەزموونی رۆژئاوا. هاکان فیدان وتی، پێویستە "دەوڵەتی سوریا لە پرسی تایبەت پەکەکە زیاتر هاوکارمان بێت و ئەمە خواستی ئێمە و بێگومان خواستی سوریاشە." ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێران لەکاتێکدایە کە نائارامییەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە بە هەڕەشەیەک لە سەر ئەمنییەتی بەرێوبەری خۆسەری. لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هۆزە ءەرەباکنی پارێزگای دێرەزوور دروستبوو بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکان بەناوی ئەبو خەولە لەلایەن هەسەدەوە. هەسەدە دەڵێت ئەو فەرماندەیە تێوەگلاوە لەکاری نایاسایی و قاچاغدا بۆیە دەستگیرکراوە. لەبارەی شەڕەکەوە ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەتۆری کۆمەلایەتی ئێکس نوسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،"بەداخەوە ئەم شەڕە بێ پلانی دەرەکی نییە و بەڵگەمان هەیە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوریا تێوەگلاون و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ئەو ناوچانەو کاری نایاساییە لەناوچەکەدا." لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، زۆر گرنگە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و هێزەکانی ناوچەکە لەوە تیبگەن، کە ئێران و ڕژێمی ئەسەد مەبەستیانە وای نیشان بدەن کە ئەم ڕووداوانە هۆکاری ناکۆکی نیوان کوردەکان و عەرەبەکانی ناوچەکەن و ئەوان ناکۆکی گەورەیان هەیە، ئەمانەش بۆ لادانی سەرنجەکانە لەسەر ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژیانەی کە سوپای سوریا لەو ناوچانە دەیکەن
