هاکان فیدان: پێویستە سوریا لە پرسی تایبەت بە پەکەکە زیاتر هاوکارمان بێت
یەک ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تاران رایگەیاند، کە پێویستە سوریا زیاتر هاوکاریان بێت لە پرسی تایبەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
رۆژی یەکشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی تارانی کرد و لە لایەن حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا.
هاکان فیدان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران، رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ هاوتای تارانی، داواکارین کە سوریا زیاتر هاوکارمان بێت لە پرسی تایبەت بە پەکەکە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە قسەکانیدا زیاتر باسی سووریا و پەکەکەی کردوو و پێدەچێت بیانەوێت لە رێگای ئێرانەوە داوا لە سووریا بکەن هاوکاریان بکات دژی پەکەکە و ئەزموونی رۆژئاوا.
هاکان فیدان وتی، پێویستە "دەوڵەتی سوریا لە پرسی تایبەت پەکەکە زیاتر هاوکارمان بێت و ئەمە خواستی ئێمە و بێگومان خواستی سوریاشە."
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێران لەکاتێکدایە کە نائارامییەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە بە هەڕەشەیەک لە سەر ئەمنییەتی بەرێوبەری خۆسەری.
لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هۆزە ءەرەباکنی پارێزگای دێرەزوور دروستبوو بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکان بەناوی ئەبو خەولە لەلایەن هەسەدەوە.
هەسەدە دەڵێت ئەو فەرماندەیە تێوەگلاوە لەکاری نایاسایی و قاچاغدا بۆیە دەستگیرکراوە.
لەبارەی شەڕەکەوە ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەتۆری کۆمەلایەتی ئێکس نوسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،"بەداخەوە ئەم شەڕە بێ پلانی دەرەکی نییە و بەڵگەمان هەیە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوریا تێوەگلاون و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ئەو ناوچانەو کاری نایاساییە لەناوچەکەدا."
لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، زۆر گرنگە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و هێزەکانی ناوچەکە لەوە تیبگەن، کە ئێران و ڕژێمی ئەسەد مەبەستیانە وای نیشان بدەن کە ئەم ڕووداوانە هۆکاری ناکۆکی نیوان کوردەکان و عەرەبەکانی ناوچەکەن و ئەوان ناکۆکی گەورەیان هەیە، ئەمانەش بۆ لادانی سەرنجەکانە لەسەر ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژیانەی کە سوپای سوریا لەو ناوچانە دەیکەن