هاوڵاتی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی نزیكەی مانگێكدا ژمارەی ئەو خێزانانەی فۆڕمی وەرگرتنی یەكەی نیشتەجێبوونیان پركردووەتەوە گەیشتووەتە 17 هەزار و 954 فۆڕم. بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، رۆژی سێشەممە 8ی (ئاب/8)ی 2023 دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، لە رێوڕەسمێكدا پرۆسەی دابەشكردنی فۆرمی یەكەی نیشتەجێبون و كاراكردنی فۆرمەكەی بەشێوەی ئۆنلاین، بۆ ھاوڵاتیانی كەمدەرامەت راگەیاند. پڕكردنەوەی فۆڕمەكە تاوەكو 1ی (كانونی یەكەم/12)ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و هەر خێزانێكیش بەناردنی داواكاریەكەی لەڕێگەی ئەژماری تایبەت بەخۆی بەردەوام تا بەردەست بونی سیستمی ناوبراو دەسەڵاتی پیاداچونەوەی زانیاریەكانی هەیە، هەر لەڕێگەی ئەو ئەژمارەشەوە توانای وەرگرتنەوەی ئەنجامەكانی هەیە. کلیک لێرە بکە بۆکردنەوەی فۆڕمەکە
هاوڵاتی ئاژانسی کۆچی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، لە نێوەی یەکەمی ئەمساڵدا 519 هەزار داواکاری پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا پێشکەشکراون و زۆرترینیان لە سویسرا و نەرویج بون، پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی داواکارییەکان بگاتە یەک ملیۆن. ئاژانسی کۆچ لە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، دواکاری پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە تایبەتی لە نەرویج و سویسرا لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردو بە رێژەی 28٪ بەرزبوەتەوە. راشیگەیاند، ئەگەر داوای مافی پەنابەرێتی بەو شێوەی ئێستا بەردەوامبێت، ئەوا چاوەڕواندەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ملیۆنێک تێپەڕێنێت. ئەوەشیخستوەتەڕو، ژمارەی ئەو داواکاری پەنابەرێتیانەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا پێسکەش کراون بەرزترین رێژەیە لە ساڵی 2015 و 2016ەوە. لە ساڵەکانی 2015 و 2016 بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە بە تایبەتی شەڕی سوریا شەپۆلێکی کۆچبەران رویان لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کرد و ژمارەی داواکاری پەنابەرێتی گەیشتە 1.3 ملیۆن داواکاری، لە ساڵی 2022ش ژمارەی داواکاری پەنابەرێتی 994 هەزار بوە. ھەروەھا ئاژانسی پەنابەرانی یەکێتی ئەوروپا روونیشکردووەتەوە، زۆرینەی پێشکەشکردنی داوای مافی پەنابەریەتی لەئەمساڵدا لە وڵاتانی نەرویج و سویسرا بووە لە دوای ئەوانیش ئەڵمانیان و فەڕەنسا بوون.
هاوڵاتی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە تایبەتبوو بە رادەستکردنی پارەی بەشەخۆراکی ١٨ ساڵی ھەرێمی کوردستان بە بەغداد. نەوزاد شیخ کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە ھەرێم رایگەیاند، دوای زیاتر لە ساڵێک دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە لە دژیان تۆمارکرابوو بۆ رادەستکردنەوەی پارەی بەشەخۆراک لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢١. ئاماژەی بەوەشکرد، لایهنی عێراقی له دادگای فیدڕاڵی داوای زیاتر لە ١٨٢ ملیار دیناری له ههرێمی كوردستان دهكرد كه لە هاوڵاتیان وەرگیرابو، بهڵام دوای خستەڕووی بەڵگەکان بۆ دادگای فیدڕاڵی کە ئهو پارهیهی مانگانه له هاوڵاتیان وهرگیراوه لە رێگەی وەزارەتی دارایی حكومهتی ههرێمهوه، دراوه به کرێی گواستنەوەی خۆراک بۆ هاوڵاتیان و پاداشتی فەرمانبەران. راشیگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٤_ەوە پارەی بۆ بەڵێندەرەکانی گواستنەوەی بەشەخۆراکی مانگانەی ھەرێم نەناردووە و لە پارەی پاشەخۆراک ئەو پارەیەیان دابینکردووە بۆیە سکاڵاکە رەتکرایەوە. لە ماوەی رابردو کۆمپانیای گشتی بازرگانی عێراق سکاڵایەکی لەدژی وەزارەتی بازرگانی هەرێم تۆمارکردبو و گوایە بڕی ١٨٢ ملیار دینار له ساڵی ٢٠٠٣ تاوهكو ٢٠٢٠ لە بەرامبەر بەشەخۆراک لە هاوڵاتیان وەرگیراوە نایاساییە، بەڵام دادگای فیدڕاڵی دۆسیهكهی لهبهرژهوهندی ههرێمی كوردستان یهكلاكردهوه.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، کارمەندێکی هیزەکانی پۆلیسی گەرمیان لە رووبەروبونەوەیەکدا لەگەڵ داواکراوێک، گیانی لەدەستدا و داواکراوەکەش هەڵاتووە. عەلی جەمال، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە لە گوندی دوڕاجی سنوری ناحیەی نەوجول لە روبەروبونەوەی هێزەكانی پۆلیسی گەرمیان لەگەڵ داواكراوێكدا، كارمەندێكی هێزەكانی پۆلیس گیانی لەدەستدا. وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان وتیشی، ناوچەی رووبەروبونەوەکە گوندێکە کە کۆتا گوندە لەنیوان هەرێمی کوردستان و چەکدارانی داعش، بۆیە داواکراوەکە هەڵهاتووە بۆ ئەو ناوچانەی داعشی تیدایە. وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەش کرد، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی هێزە ئەمنیەكان بەردەوامە بۆئەوەی بتوانرێت ئەو داواكراوە دەستگیربكرێت و رادەستی یاسا بكرێت.
هاوڵاتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی کەرکوک رایگەیانند، "ناهێلین سەقامگیری و ئاشتی ئەو جوگرافیایە تێکبچێت" و کەرکوکی بە نیشتمانی تورکمانەکان ناوزەند کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئەیلولی 2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لێدوانێکی بۆ رۆژنامەنوساندا لەسەر دۆخی کەرکوک و رایگەیاند، "کەرکوک، کە نیشتمانی تورکمانەکانە، جوگرافیایەک بووە کە ماوەی سەدەها ساڵە کلتوری جیاوا پێکەوە تێیدا دەژین." سەرۆککۆماری تورکیا وتیشی، "ناهێڵین ئاشتی و سەقامگیری ئەم جوگرافیایە تێکبچێت و دەستدرێژی بکرێتەسەر." لێدوانەکەی ئەردۆغان لەکاتێکدایە کە لە رۆژی شەممەی رابردووەوە گرژی و ئاڵۆزی لە کەرکوک دروستبووە بەهۆی ئەوەی کوردانی کەرکوک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا دژی داخستی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر و داوایان کرد رێگاکە بکرێتەوە، بەڵام هیزە ئەمنییەکان عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و لەئەنجامدا چوار کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون. خۆپیشاندانی کوردانی کەرکوک دوای ئەوە هات کە لەلایەن پێکهاتەی عەرەب و بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولیر داخرا دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بارەگاکانی پارتی رادەستی حیزبەکە بکرێتەوە.
هاوڵاتی وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند، لە خۆپێشاندانەکەی دوێنێ شەو لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکوک، نۆ خۆپیشادەریان دەستگیرکردووە بەهۆی ئەوەی تەقە لە هێزس ئەمنییەکان کراوە. شەوی رابردوو لە گەڕەکی شۆریجەی کەرکوک، کە دانیشتوانی زۆرینەی کوردە، خۆپیشاندان دەستیپێکردەوە و داوای ئەوەیان دەکرد کە لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێت بەرپرس بوون لە شەهیدکردنی چوار کوردەکەی کەرکوک کە شەممەی رابردوو بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهیدبوون. ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئەیلولی 2023، عامر شوانی رایگەیاند بەهۆی خۆپیشاندانەکەی شەوی رابردوو نۆ کەس دەستگیرکراون "بەهۆی ئەوەی کە تەقە لە هێزە ئەمنییەکان کراوە و لە ئەنجامی گرژییەکانیشدا سێ ئەندامی هێزە ئەمنیەکان برینداربوون لەنێویاندا لیوا عەبدولرەزاق نعێمی، جێگری فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک و عەمید مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک و پۆلیسێکی دیکە." لەسەر دۆخی کەرکوک لە ئیستادا وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک رایگەیاند کە هەموو شەقامەکان پاککراونەتەوە و هەموو شتێکیش ئاسایی بووەتەوە و دۆخی کەرکوک هێمنە.
هاوڵاتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ تۆبخانەکانی تورکیا ناوچەی سگێرێ و گەلی سپیاڤێ لە ئامێدی بۆردومانکرد و هێشتا زیانەکان نەزانراون. ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئەیلولی 2023، تۆپخانەکانی تورکیا لە دوو کاتی جیاوازدا ناوچەی سگێرێ وگەلی سپیاڤێ قەچۆ لە زنجیرە چیای مەتین بۆردومانکرد کە تا ئیستا نازانرێت زیانەکان چین. هاوڵاتییەکی گوندی گوهەرزێ ، زانیاریەکانی بۆ هاوڵاتی پشت ڕاستکردەوە ووتی، "ئەمرۆ تۆ پخانەکانی تورکیا دوو جار سنوری قەزای ئامێدییان بوردومانکردووە جارێک لەکاتژمێر 6ی بەرەبەیان لەگەلی سپیاڤێ وجاری دووەم لەکاتژمێر 10 ناوچەی سگێرێ بوردومانکردوە."
هاوڵاتی بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە و تەنها "ئیحتیاتی" خۆی وەرگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسێکی پیشمەرگە رایگەیاند کە پلانیان هەبووە هێز بجوڵێنن. رۆژی یەکشەممەی رابردوو، نوری حەمەعەلی بەرپرسی میحوەری پردێ لەسەر گرژییەکانی شەممەی رابردوو لە کەرکوک رایگەیاند، نیازیان هەبووە هێز بجوڵێنن بەڵام لەسەر داوای "هەندێک بەرپرسی دڵسۆز"ی عێراق دانیان بەخۆیاندا گرتووە. لە لیدوانێکی تردا نوری حەمە عەلی وتی کە لەگەڵ لیوای هاوبەشی دوو و دەی پێشمەرگە کۆبووەتەوە و ئامادەییان دەربڕیووە بۆ هەموو ئەگەرێک. لەبارەی جوڵاندنی هێزەوە عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە بەرەو پردێ و کەرکوک، بەڵام ئیحتیاتی خۆیان وەرگرتووە." بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، "هێزی پێشمەرگە خەتی تەماسی هەیە لەو ناوچانە، داعش هەیە لەو میحوەرانە، کاتێک حاڵەتێکی نا ئاسایی دروست دەبێت ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەکەن خۆیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ حالەتی ئیحتیات، هەموو وەحداتی عەسکەری حەزەراتی خۆیان دەکەن و دەبێت تەواجوداتی خۆیان بسەلمێنن، خوا نەکات حاڵەتێکی لە ناکاو دروست ببێت یان داعش ئیستیغلالی ئەو دۆخە بکات." هەواڵی بڵاوبونەوەی جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە لەکاتێکدایە کە شەممەی رابردوو کوردانی کەرکوک خۆپیشاندانیان دژی داخستنی رێگای کەرکوک-هەولێر ئەنجامدا و دواتر هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەزەبری هێز بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد، لە ئەنجامدا چوار کەس شەهید بوون و زیاد لە 15 کەسیش برینداربوون.
هاوڵاتی بە گوێرەی چەند ئامارێک کە ئاژانسی هەواڵی ANF بڵاویکردۆتەوە لە هەرێمەکانی عەفرین-شەهبا، جزیر و فورات، منداڵ بوونەتە یەکێک لە ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا. بە گوێرەی ئەو ئامارانە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تا ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٣، لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ٤١ منداڵ کوژراون و ٣٢ منداڵیش برینداربوون. هەر بە گوێرەی ئەو ئامارانە، ٤ منداڵ دەستدرێژی کراوەتە سەریان، ٩ منداڵ دەستگیرکراون و ٨ منداڵیش ڕفێنراون. بە گوێرەی ئامارەکانی ئە ئاژانسە بەپێی هەرێمەکان، ئامارەکانی کۆمەڵکوژکردنی منداڵان بەم شێوەیەیە: جزیر: لە هێرشەکانی سەر سنوور: منداڵێک بریندار بووە. تەقینەوە: ٣ منداڵ شەهید بوون. هێرش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان: دوو منداڵ شەهید بوون. تۆپباران: ٧ منداڵ شەهید بوون و ٦ منداڵیش بریندار بوون. منبج: لە هێرش بۆ سەر گوندەکەکان: ٤ منداڵ شەهید بوون فورات: لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان: منداڵێک بریندار بوو. ڕەقە: تۆپباران: ٢ منداڵ شەهید و ٢ منداڵیش بریندار بوون. دێرەزۆر: تەقینەوە: منداڵێک شەهید بوو. عەفرین-شەهبا: تەقینەوە: ١٥ منداڵ شەهید بوون، ١٦ منداڵیش بریندار بوون. دەستدرێژی کراوەتە سەر ٤ منداڵ گرتن: ٩ منداڵ ئەشکەنجە و لێدان: منداڵێک گیانی لەدەستداوە و ٦ منداڵیش بریندار بوون. ڕفاندنەکان: ٨ منداڵ (یەکێکیان ساوایە) کوشتن: ٦ منداڵ
هاوڵاتی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە. ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لەبارەى ئامارەکەوە ڕایگەیاند: لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، سوپای تورکیا ٢٥ شوێنی لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجگرتووە، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق – تورکیاوە دوورن.. ئاماژەى بەوەشکردوە، لە ئێوارەی ٣١ی ئابدا، سوپای تورکیا زنجیرەیەک بۆردوومانی بۆسەر گوندەکانی بۆڵێ و سڵێ و ئیسێوە لە دەڤەری پشدەر و گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەت ئەنجامدا. بەپێی ئاماری ڕێکخراوە، هەرچەندە، لەو بۆردوومانانەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی، بەڵام گوندنشینانی گوندی ئیسێوە، لەترسی بەئامانجگرتنیان لەناو ماڵەکانیاندا، بۆ چەند کاتژمێرێک ماڵەکانیان چۆڵ کرد و لەدەرەوە ماونەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەی سی پی تی دا باس لە هێرشەکەی گوندی گەڵاڵەش کراوەو تیایدا هاتووە، لەکاتی بۆردوومانەکانی گوندی گەڵاڵەشدا، جوتیارانی ئەو گوندە خەریکی کشتوکاڵ و جوتیاری بوون لە زەوییەکانیاندا و بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بۆ چەند کاتژمێرێک پەیوەندییان لەگەڵ خێزانەکانیاندا پچڕا و تاوەکو درەنگانێکی شەو نەیانتوانی بگەڕێنەوە ناو خانەوادەکانیان. هاوکات سی پی تی ڕوونیکردوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢ی ئەیلولیشدا، تورکیا بۆردوومانی گوندی کانی میرانی کرد لە پێنجوێن، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبووە قوربانی لەو بۆردوومانەدا.
هاوڵاتی وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی حكومهتی ههرێم رایگهیاند، پڕۆسهی پێشكهشكردن بۆ وهرگرتنی دهرچوانی 12ی ئامادهیی له زانكۆكانی ههرێمی كوردستان دهستپێدهكات و له ڕۆژی سێشهممه كاتژمێر 8:00ی بهیانیهوه زانكۆلاین بۆ ماوهی ههشت ڕۆژ بۆ دهرچوانی 12ی ئامادهیی كارا دهكرێت. له ڕاگهیهندراوێكدا وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی بڵاویكردهوه، له ڕۆژی سێشهممه 5ی (ئهیلول/9)ی 2023 وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دهرچوانی 12ی ئامادهیی (زانستی، وێژهیی، پیشهیی)، تا ڕۆژی 12ی (ئهیلول/9)، واته بۆ ماوهی ههشت ڕۆژ كارا دهبێت، بهوهش دهرچوان لهو ماوهیهدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوه و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچوان دهبێت سهردانی خوێندنگهكانی خۆیان بكهن به مهبهستی وهرگرتنهوهی ناوی بهكارهێنهر و وشهی تێپهڕ (Username)و (Password). وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: بۆ بهرچاوڕونی زیاترى دهرچووانی پۆلی دوانزه و ئاشنابوونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان و دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكانیەوە، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچووان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان. وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین. سهبارهت به دهرچوانی ئامادهیی خوێندنگه نێودهوڵهتییهكان وهزارهتی خوێندنی باڵا و توێژینهوهی زانستی ئاشكرایكردوه، دوای دو ڕۆژی دیكه سیستمی زانكۆلاین بۆ دهرچوانی خوێندنگه نێودهوڵهتییهكان كارا دهبێت، هاوكات دهرچوانی ساڵانی (2015) تا (2022) ئهگهر نیازی فۆرم پێشكهشكردنیان ههیه بۆ سیستهمهكانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئهوا به ههمان ئهو پاسۆرد و یوزهرنهیمانهی كه پێشتر وهریان گرتوه دهتوانن فۆڕم پێشكهش بكهن، ئهگهر ههر دهرچوهكیش یوزهرنهیم و پاسوۆردی لهلا نهماوه ئهوا دهتوانێت سهردانی خوێندنگهكهی خۆی بكات بهمهبهستی دوباره وهرگرتنهوهی. سهبارهت به دهرچوانی پێش ساڵی 2015 وهزارهتی خوێندنی باڵا رونیكردۆتهوه، "ئهگهر نیازی فۆڕم پێشكهش كردنیان ههیه بۆ خوێندنی ئێواران ئهوا پێویسته بڕوانامهكانیان به پهسهندكراوی له ڕێگهی بهڕێوهبهرایهتی گشتی پهروهردهی پارێزگاكانییان بنێرن بۆ بهڕێوهبهرایهتی گشتی ئهزمونهكان له وهزارهتی پهروهرده و ههر لهوێش یوزهرنهیم و پاسوۆردیان پێدهدرێت".
هاوڵاتی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند بە بە تێچووی 8 ملیۆن دۆلار 399 پڕۆژە لە هەرێمی جەزیرە جێبەجێدەکات. سلێمان عەرەب، هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری لە بەرێوبەرایەتی خۆسەری ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو بودجەیەی بۆمان دانراوە بۆ ساڵی 2023 بۆ پرۆژەکان کە 8 ملیۆن دۆلار تەرخانکراوە ژمارەیەک پرۆژە "لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخان و پێشکەشکردنی هەموو خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ دانیشتوان" جێبەجێدەکرێت. وتیشی ،" لەو ژمارەیە 3 ملیۆن دۆلار تەرخانکراون بۆ پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودە بۆ حەسەکە و 5 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی 399 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی جەزیرە." سەبارەت بەو کارانەی کە تاوەکو ئێستا ئەنجامدراون ،ئەو بەرپرسەی دەستەی بەرێوبەرایەتی خۆسەری گوتی: “شارەوانیەکان بەپێی ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانکراوە پرۆژەکانیان جێبەجێکردووە، هەروەها پرۆژە سەرەکییەکانیش قیرکردنی رێگاکان بوون، بەو پێیەی ژمارەیان گەیشتووەتە 69 پرۆژە و نزیکەی 800 هەزار دۆلار بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانە تەرخانکراون”. هاوکات بەمەبەستی دابینکردنی ئاو بۆ زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە حەسەکە، جگە لە گوندەکانی دەوروبەری رۆژی 3ی ئابی رابردوو، بە فەرمی دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پرۆژەی راکێشانی ئاوی خواردنەوە لە گوندی سەنجاک سەعدون و گوندی کەندوور لە باشووری عامودە بۆ حەسەکە دەستیپێکرد. هاوسەرۆکی دەستەی کارگێری بەرێوبەرایەتی خۆسەر ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆژەی راکێشانی ئاو لە عامودا وە بۆ حەسەکە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژەکان،ووتیشی میکانیزمی کارکردن “نایابانە” و ئاستی هەڵکەندن بۆ ئاو زۆر باشە.
هاوڵاتی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات مەزڵوم كۆبانێ لەبارەی رەوشی دێرەزۆرەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بارودۆخی دێرەزۆر بەرەو گەڕاندنەوەی ئاسایش و چەسپاندنی سەقامگیری دەچێت. مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە پەیامێكدا وتی، "بە هاوكاری و پاڵپشتی گەلەكەمان لە دێرەزۆر، هێزەكانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەهێزكردنی ئاسایش، ئۆپەراسیۆنی بەرقەراركردنی ئاشتی و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتیان بەردەوام دەبن". وتیشی، "هەرچەندە دۆخەكە بەرەو ئەمن و ئارامی دەڕوات و ئاشتی كۆمەڵایەتیش لە سایەی پێكهاتەی عەشایەری و هەسەدە دەپارێزرێت، بەڵام توركیا و هاوپەیمانەكانی هێرش دەكەنە سەر تیل تەمر و مەنبەج، بەمەبەستی تێكدانی سەقامگیریی ناوچەكە و ئیرادەی گەلەكەمان". ئەم پەیامەش دوای ئەوە هات ،وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند سکرتێری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەنەڕال جۆوڵ ڤاوڵ، سەرکردەی هاوپەیمانان دژی داعش، لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە و سەرکردەی هۆزە عەرەبەکان کۆبوونەوەتەوە بۆ باس کردن لە "ناکۆکییەکان و هێورکردنەوەی دۆخەکە بەزوترین کات." ماوەی هەفتەیەکە هۆزە عەرەبەکان دژی هەسەدە دەجوڵێنەوە لە پارێزگای دێرەزوور و چەند ناوچەیەکیان داگیرکرد، بەڵام هەسەدە توانی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوچەیەک بگرێتەوە. ناکۆکییەکان لەوەوە سەریهەڵدا کە هەسەدە هەفتەی رابردوو فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکانی دەستگیرکرد بەناوی ئەبوخەولە، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی هۆزە عەرەبەکان و شەڕ لەنێوان هەردوولا دروستبوو کە تا ئێستا 150 کەس کوژراون.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کۆبویەوە و رایگەیاند، حکومەتی عێراق مەفەکانی خەڵكی هەرێم پێشێل دەکات و رێز لەو رێککەوتنە ناگرێت کە لەسەر بودجەی عێراق کراوە، دەشڵێت، خەڵکی کوردستان "ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانە نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری." مەسروە بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەمرۆ دووشەممە 4ی ئەیلولی 2023 پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کرد بە سەرۆکایەتی تۆم کیمیج، سەرۆکی پەرلەمانی کەنەدا و رایگەیاند. لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ شاندەکە، سەرۆکی پەرلەمانی کەنەدا "ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئازادی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە کەنەدا هەن." سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت کە بەشێکی تری گفتگۆکانیان لەگەڵ شاندەکەی کەنەدا تایبەت بووە بە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولیر و مەسرور بارزانی پێی راگەیاندوون، "هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە ، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن و ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا." سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەکەدا باسی لەوەش کردووە، "خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان."
هاوڵاتی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، یاسای بودجەی عێراق بە "رق و بۆ تۆڵە لە هەرێمی کوردستان نوسراوەتەوە"، دەشڵێت لە یاسای بودجەی عێراقدا 16 ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق ئەو بڕەی کەمکردووەتەوە بۆ هەشت ترلیۆن دینار. ئومید سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوو هۆکاری سەرەکی هەیە کە بووەتە هۆی دروستبونی ئەم دۆخە کە یەکەمیان یاسای بودجەیە و لێدانێکی گەورەیە لە حکومەتی هەرێم و "وەک رقێک و بۆ تۆڵە کردنەوە لە لەهەرێمی کوردستان" نوسراوەتەوە و پڕە لە گیروگرفت. ئومید سەباح باسی لە هۆکاری دووەم کرد و دەڵێت، "سەرەڕای خراپی یاساکە بەڵام تێگەشتنی خراپی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ جێبەجێکردنی یاساکە خراپترە." ئومید سەباح دەشڵێت، "بەلگەم بۆ ئەم قسەیەم ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی عیراق تێگەشتنی بۆ یاسای بودجە ئەوەیە کە هەشت ترلیۆن دینار مافی ئێمەیە لەکاتێکدا لە یاسای بودجە جێگیرکراوە کە دەبێت 16 ترلیۆن دینار بێت، ئەمەش لێکدبدەیتەوە لەگەڵ پێوسیتییەکانی ئێمە یەکناگرێتەوە." لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم ئاشکرایانکرد کە عێراق تاکلایەنانە بریاریداوە بۆ ناردنی 500 ملیار دیناری مانگانە بەشێوەی قەرز بۆ ماوەی سێ مانگ، ئەمەش بەشی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ناکات کە پێوستی بە 940 ملیار دیناری مانگانەیە. لەکۆتایی قسەکانیدا ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەدا کە دوو هەنگاو دەگرنە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، کە ئەویش کۆبونەوەیە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتانە و" دووەمیش ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا و ئامادەیی تێدا دەبێت و ئەوەی لە توانای حکومەتی هەرێم بێت بۆ دابنیکردنی موچە درێغی ناکەین."
