هاوڵاتی  ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەسەر دۆخی کەرکوک هێرش دەکاتەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان و رایگەیاند، "بارەگایەک ئەوە ناهێنێت خوێنی لاوانی کوردی لەسەر بڕژێت"، دەشڵێت، پارتی کارێکی "خراپ" دەکات ئەگەر بیەوێت ئەمە بکاتە هۆکارێک بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک. ستران عەبدوڵا لەسەر گرژییەکانی دوێنێی شاری کەرکوک بە میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە، "ئەم بارودۆخەی کەرکوک بارودۆخێکی نەخوازراوە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێی وایە بارەگایەک ئەوە ناھێنێ خوێنی لاوانی کوردی لەسەر برژێت، هەروەها شاری کەرکوک جەمسەرگیریەکی توندی ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەرە، نابێت کەرکوک بخرێتە ناو مغامەرەی سیاسیەوە." دوێنێ شەممە بەهۆی داخستنی رێگای کەرکوک-هەولێر لەلایەن پێکهاتەی عەرەب و بەشێک لە هیزەکانی حەشدی شەعبییەوە بۆ ماوەی شەش رۆژ، هاوڵاتیانی کورد خۆپیشاندایان ئەنجامدا و پێکدادان لەنێوان کورد و پێکهاتەی عەرەب دروست بوو، پاشان هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاوەی بە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و تەقەی بەنێو خۆپیشاندەراندا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون. هەر دوای شەهیدبوونی چەند گەنجێکی کورد، یەکێتی نیشتمانی، پارتی بەوە تۆمەتبارکرد کە گەنجی کورد لەبەر بەرژەوەندییە حیزبییەکان بەکاردەهێنیت. ستران عەبدوڵا لەوبارەیەوە دەڵێت، "روومان لەھەڵبژاردنە، پارتی بییەوێ ئەمەی کەرکوک بکاتە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی خۆی بێتەوە شاری کەرکوک ئەوە کارێکی زۆر زۆر خراپە."

هاوڵاتی  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی کە بڕیادرا رادەستکردنەوەی بارەگایەک لە کەرکوک بە پارتی بوەستێندرێت، دەڵێت: بڕیارێکی گاڵتەجاڕییە. ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا ئەو بارەگایەی لە ئێستادا تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چۆڵبکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی دیکەی لەسەر دەدرێت، ئەمەش دوای دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسە کە پەرلەمانتارێکی عێراق لە کەرکوک سکاڵای کردووە دژی بڕیارەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تایبەت بە رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایە بە پارتی. پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو ئەو بارەگایە رادەستی پارتی بکرێتەوە، بەڵام دوای سکاڵاکە ئەو بڕیارە راگیراوە کە لە سکاڵاکەدا هاتووە پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران هەڵبوەشێنرێتەوە. سەبارەت بەم بڕیارە، مەسرور بارزانی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی: بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی گاڵتەجاڕییە. بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دوای ئەوە دێت کە دوێنێ شەممە بەهۆی داخستنی رێگای کەرکوک-هەولێر هاوڵاتیانی کورد خۆپیشاندایان ئەنجامدا و پێکدادان لەنیوان کورد و پێکهاتەی عەرەب دروست بوو، پاشان هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڵاوەی بە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و تەقەی بەنێو خۆپیشاندەراندا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون. هەفتەی رابردوو پێکهاتەی عەرەب و چەند گروپێکی حەشدی شەعبی دژی بڕیارەکەی سودانی وەستانەوە و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد کە تێیدا رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت.

هاوڵاتی  پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بڕیاردرا شەهیدانی روداوەکانی دوێنێ کەرکوک مامەڵەی شەهیدانەیان لەگەڵ بکرێت و هاوکاری بریندارەکانیش بکرێت. پێشەوا هەورامانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، "لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز سەرۆک بارزانی، لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، فەرمان کرا کە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەی شەهیدانە بۆ شەهیدانی ڕووداوەکانی دوێنێی کەرکووک بکرێت و هەموو هاوکارییەکی تەندروستی و چارەسەریش بۆ بریندارەکان فەراهەم بکرێت." دوێنێ شەممە لە خۆپیشاندانی کوردانی کەرکوک دژی داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر پێنج کەس شەهید بوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک تەقەیان بەناو خۆپیشاندەراندا کرد.

هاوڵاتی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تاران رایگەیاند، کە پێویستە سوریا زیاتر هاوکاریان بێت لە پرسی تایبەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە). رۆژی یەکشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی تارانی کرد و لە لایەن حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێشوازی لێکرا. هاکان فیدان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ ئێران، رایگەیاند، دوای گفتوگۆ لەگەڵ هاوتای تارانی، داواکارین کە سوریا زیاتر هاوکارمان بێت لە پرسی تایبەت بە پەکەکە. وەزیری دەرەوەی تورکیا لە قسەکانیدا زیاتر باسی سووریا و پەکەکەی کردوو و پێدەچێت بیانەوێت لە رێگای ئێرانەوە داوا لە سووریا بکەن هاوکاریان بکات دژی پەکەکە و ئەزموونی رۆژئاوا. هاکان فیدان وتی، پێویستە "دەوڵەتی سوریا لە پرسی تایبەت پەکەکە زیاتر هاوکارمان بێت و ئەمە خواستی ئێمە و بێگومان خواستی سوریاشە." ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئێران لەکاتێکدایە کە نائارامییەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە بە هەڕەشەیەک لە سەر ئەمنییەتی بەرێوبەری خۆسەری. لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ و پێکدادان لەنێوان هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هۆزە ءەرەباکنی پارێزگای دێرەزوور دروستبوو بەهۆی دەستگیرکردنی فەرماندەیەکی هۆزە عەرەبەکان بەناوی ئەبو خەولە لەلایەن هەسەدەوە. هەسەدە دەڵێت ئەو فەرماندەیە تێوەگلاوە لەکاری نایاسایی و قاچاغدا بۆیە دەستگیرکراوە.  لەبارەی شەڕەکەوە ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، لەتۆری کۆمەلایەتی ئێکس نوسینێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،"بەداخەوە ئەم شەڕە بێ پلانی دەرەکی نییە و بەڵگەمان هەیە کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوریا تێوەگلاون و ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ئەو ناوچانەو کاری نایاساییە لەناوچەکەدا." لەبەشێکی تری نوسینەکەیدا ئیلهام ئەحمەد دەڵێت، زۆر گرنگە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی و هێزەکانی ناوچەکە لەوە تیبگەن، کە ئێران و ڕژێمی ئەسەد مەبەستیانە وای نیشان بدەن کە ئەم ڕووداوانە هۆکاری ناکۆکی نیوان کوردەکان و عەرەبەکانی ناوچەکەن و ئەوان ناکۆکی گەورەیان هەیە، ئەمانەش بۆ لادانی سەرنجەکانە لەسەر ئەو پێشێلکاری و دەستدرێژیانەی کە سوپای سوریا لەو ناوچانە دەیکەن

هاوڵاتی  فەرماندەی میحوەری پردێی ‌هێزی پێشمەرگە لە پشکی پارتی رایگەیاند، پلانیان هەبووە بەرەو کەرکوک جووڵە بکەن بەڵام هەندێک بەرپرسی عێراقی پەشیمانیان کردوونەتەوە، دەشڵێت، لیواکانی دوو و دە ئامادەییان هەبوو کە بەرگری بکەن. نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەی پردێی هێزی پێشمەرگە، لەسەر گرژییەکانی دوێنێ شەممە لە کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیانکرد و داوای دان بەخۆدا گرتنی لێکردین، ئەگینا پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین. چۆن دەبێت خوێنی کورد لەکەرکوک بڕژێت و ئێمە دەستەوەستان بین." کوردانی کەرکوک دوێنێ شەممە خۆپیشاندانیان دژی داخستی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر ئەنجامدا کە لەلایەن پێکهاتەی عەرەب و بەشێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ماوەی نزیکەی هەفتەیەک بوو داخرابوو بەهۆی نارەزایەتییان دژی بڕیاری رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی بە حیزبەکە. بەهۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنی و تەقەی هێزە ئەمنییەکان بۆ ناو خۆپیشاندەرانی کورد، چوار کەس شەهید بوون و 15 کەسی تریش برینداربوون. فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە لەسەر داخستنی رێگاکە دەڵێت کە پلانی شۆڤێنییەکان بووە. "داخستنی ڕێگەی کەرکوک_هەولێر و دژایەتیکردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک پلانی شۆڤێنییەکان بوو، گەر پێشتر خێوەتەکە لابرایەو ڕێگەکە بکرایەتەوە، خوێنی گەنجی کوردیش نەدەڕژا،" نوری حەمە عەلی وای وت. هاوکات لە لێدوانێکی تریدا نوری حەمە عەلی رایگەیاند، شەوی رابردوو سەردانی لیواکانی دوو و دەی کردووە و پێی راگەیاندوون کە بابەتەکە پەیوەندی بە هەموو کوردەوە هەیە و هەموومان دەبێت بەرگری بکەین، ئەوانیش ئامادەبوون بۆ هەر شتێک کە رووبدات.

هاوڵاتی  دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاریدا بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکوک چۆڵبکرێت کە پێشتر بارەگای پارتی بوو  هەتا ئەو کاتەی بڕیارێکی دیکەی لێدەدرێت و سکاڵاکەی لەسەر یەکلایی دەکرێتەوە. لە راگەیدنراوێکدا دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڵاویكردەوە، بڕیاردراوە ئەو بارەگایەی لە ئێستادا تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق چۆڵبکرێت تا ئەو کاتەی بڕیارێکی دیکەی لەسەر دەدرێت، ئەمەش دوای دانیشتنێکی تایبەت بەو پرسە کە پەرلەمانتارێکی عێراق لە کەرکوک سکاڵای کردووە دژی بڕیارەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، تایبەت بە رادەستکردنەوەی ئەو بارەگایە بە پارتی. پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو ئەو بارەگایە رادەستی پارتی بکرێتەوە، بەڵام دوای سکاڵاکە ئەو بڕیارە راگیراوە کە لە سکاڵاکەدا هاتووە پێویستە ئەو بڕیارەی سەرۆکوەزیران هەڵبوەشێنرێتەوە. هەفتەی رابردوو پێکهاتەی عەرەب و چەند گروپێکی حەشدی شەعبی دژی بڕیارەکەی سودانی وەستانەوە و خۆپیشاندانیان دەستپێکرد کە تێیدا رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان گرت. دواتر لە رۆژی شەممەدا بەهۆی داخستنی رێگاکە هاوڵاتیانی کورد خۆپیشاندایان ئەنجامدا و پێکدادان لەنیوان هەردوولا دروست بوو، پاشان سوپای عێراق بڵاوەی بە خۆپیشاندەرانی کورد کرد و تەقەی بەنێو خۆپیشاندەراندا کرد کە لە ئەنجامدا پێنج کەس شەهیدبوون و زیاد لە 15 کەسی تریش برینداربوون.  

هاوڵاتی سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە گروپە چه‌كداره‌كانى سەر بەتورکیا، هێرشیان بۆسه‌ر گوندەکانی ته‌لتەمر ده‌ستپێكردوه‌و هه‌سه‌ده‌ش وه‌ڵام ده‌داته‌وه. ئاژانسى فوڕات نیوز  لە زارى سەرچاوەیەک  لە ئەنجوومەنی سەربازیی تل تەمر بڵاوى کردووەتەوە، لەبەیانی ئەمڕۆوە گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌توركیا لەڕێگەی وشکانییەوە هێرشیان بۆسه‌ر گوندەکانی (گۆزێلی، ته‌ل تەویل، تەویلەو خەمیس) له‌سنورى ته‌لته‌مر ده‌ستپێكردوه‌. ئەو سەرچاوەیە باسى لەوەشکردووە، ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەی دەوڵەتى تورکیای داوەتەوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ئێستادا لە هەر سێ گوندەکە، کە  تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر، شەڕێکی قورس ھاتووەتە ئاراوە. قەزای ته‌لتەمر سەر بەپارێزگاى حەسه‌کەیه‌و دەکەوێتە ڕۆژئاوای شارەکەوه‌، لەکاتێکدا گروپه‌كانى سەر بەئێران‌و ڕژێمی سوریا لەدێرەزور هێرشدەکەنەسەر هێزەکانی هەسەدە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوشدا گروپەکانی سەر بەتورکیا لەمەنبەج‌و ته‌لتەمره‌وه‌ هێرشیان لەدژی هێزەکانی هەسەدە ده‌ستپێكردوه‌.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگه‌یاند، نرخی ئه‌مپێرێك كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان 13 هه‌زار و 500 دینار بۆ 14 هه‌زار و 250 دینار ده‌بێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبوەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێڕ (44) دینارە،‌ به‌وه‌ش نرخی ئه‌مپێرێك كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناوشاری سلێمانی له‌نێوان 13 هه‌زار و 500 دینار بۆ 14 هه‌زار و 250 دینار ده‌بێت. به‌هۆی جیاوازی كارکردنى موه‌لیده‌كان‌ له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌، نرخی ئه‌مپێڕێك كاره‌بای موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت. هاوكات، خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌جێگیری ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌ر كاتێك كاره‌بای نیشتیمانی كوژایه‌وه‌ ده‌بێت موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كاره‌با بۆ هاوڵاتیان دابین بكه‌ن. لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان، له‌ كۆنوسه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موه‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتیان له‌ (10) خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن موه‌لیده‌كه‌ سزا ده‌درێت.

هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەسەدە و سەرۆك هۆزەكانی دێرەزوور كۆبوونەوە. باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا بۆ سوریا له‌ په‌یامێكدا له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی له‌ فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه‌، ئیسان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک و جه‌نه‌ڕاڵ جۆڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ هەسەدە، مەسەدە و سەرکردەی هۆزەکانی دێرەزور کۆبونەوە. لە كۆبونەوەكەدا رێككەوتن لەسەر گرنگی چارەسەركردنی سكاڵای دانیشتوانی دێرەزوور، هەروەها هەمووان كۆكبوون لەسەر مەترسییەكانی دەستوەردانی دەرەكی لە دۆخی دێرەزوور، هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و هەسەدە بۆ تێكشكاندنی داعش کردەوە. له‌ 28ی (ئاب/8)ی ئه‌مساڵه‌وه‌ شه‌ڕو ئاڵۆز له‌ دێره‌زور هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ و دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) ئەحمەد خبێل ناسراو بە "ئەبو خەولە" سەرۆکی ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزوری دەستبەسەر کرد، كه‌ هه‌وڵی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌دات و چه‌كدارانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هێرشیانكرده‌ سه‌ر ژماره‌یه‌ك باره‌گای هه‌سه‌ده‌. هاوکات یه‌كی ئه‌م مانگه‌، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) له‌باره‌ی شەڕو پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە دێرەزور، رایگه‌یاند،  "ئەو پێکدادانانە روداوێكی نامۆ و ناڕون نین، بەڵگە هەیە کە ئەوە پیشان دەدات ئەو ئاژاوەگێڕییە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران و رژێمی سوریاوە بەڕێوەدەچێت، کە دەیانەوێت نائارامی و ناسەقامگیری لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دروست بکەن".

هاوڵاتی به‌یانی ئه‌مڕۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ كه‌ركوك هه‌ڵگیراوه‌ و دۆخه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك باشتر بوه‌، دوای ئه‌وه‌ی بۆ كۆتاییهێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كانی دوێنێ قه‌ده‌غه‌ راگه‌یه‌ندرا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 15 كه‌سیش برینداربون، چەند سەرچاوەیەکیش دەڵێن لەسەر تەقەکردنەکە چەند کەسێک دەستگیرکراون. سەرەڕاى گرژییەکانى ئێوارەى دوێنێى خۆپیشاندانەکانى کەرکوک و شەهیدبونى گەنجێکى کورد، خۆپیشاندەرانى کورد قەدەغەى هاتوچۆیان شکاند و تا بەرەبەیانى ئەمڕۆ بەردەوامبون لە خۆپیشاندان، بەهۆى ئەوەشەوە گرژى و روبەڕوبونەوەى توند و زیاتر لە نێوان هیزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران بەردەوام بو. عامر نوری، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركوك  رایگه‌یاند، به‌یانی ئه‌مڕۆ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌ كه‌ركوك هه‌ڵگیراوه‌ هاتوچۆ ئاسایی بوەتەوە و له‌ ئێستادا دۆخی شاره‌كه‌ له‌ شه‌و باشتره‌ و ورده‌ ورده‌ سه‌قامگیری دروستده‌بێت.  لە خۆپیشاندانەکانى ئێوارەى دوێنێى و شەوى رابردو، زیاتر لە 20 گەنج و خۆپیشاندەرى کورد برینداربون کە 15 برینداریان لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ کراوە و چوار خۆپیشاندەرى کوردیش بە تەقەى راستەوخۆى هێزە ئەمنییەکان، شەهیدبون و ئەو قەدەغەی هاتووچۆیەی دوێنێ بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە کەرکووک راگەیێندرا، ئەمڕۆ هەڵگیرا و کۆتاییهات. هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان بە تۆمەتی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک، لە دوێنێ شەممەوە تاوەکو ئەمڕۆ  حەوت کەس لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون. تاوەکو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک دەستگیرکردنی هیچ ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانیان بە فەرمی رانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن "حەوت کەس دەستگیرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەدان".

هاوڵاتی  محەممەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان، راگەیاندراوێکی سەبارەت بە روداوەکانی ئەمڕۆ کەرکوک بلاوکردەوە و رایگەیاند، کێشەکان لە کەرکوک گەشتووەیە ئاستێک "جێگەی قبوڵ نییە"، دەشڵێت، "هاوخەمی گەلەکەمانین لە شاری کەرکوک و ئامادەین بۆ هەرکات و ساتێک بگەنە لاتان." محەمەدی حاجی مەحمود دەشڵێت، "گەلی کورد لەسەر خاک و شار و ماڵی خۆی لە شایی و شیوەندا سەردەبڕدرێت." دەقی راگەیاندراوەکەی سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکرات: بەناوی خودای گەورە و میهرەبان ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن هەندێک لە عەرەبە هاوردەکانەوە رێگای سەرەکی کەرکووک هەولێر گیراوە و بونەتە رێگر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان، لەبەرامبەردا کاربەدەستانی ئەمنی و حکومی ئەو شارە نەک هیچ لێپرسینەوەیەکیان نەکردووە، بگرە هاوکاری ئەو تاقمەش دەکەن، سەرئەنجام ئەمڕۆ هاووڵاتیانی کورد ناچارکران خۆپیشاندان سازبکەن بۆ کردنەوەی رێگاکان، کەچی حکومەت و دەسەڵاتدارانی کەرکووک تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و چەندین قوربانی و شەهیدی لێکەوته‌وه‌. بەداخەوە کێشە و ململانێکان لە شاری کەرکووک و ناوچەدابڕێندراوەکان گەیشتوەتە ئاستێک کە هیچ جێگای قبوڵ نییە، گەلی کورد لەسەر خاک و شار و ماڵی خۆی لە شایی و شیوەندا سەردەبڕدرێت. لەکاتێکدا تاوانکارییەکەی ئەمڕۆ شەرمەزار دەکەین، لەهەمانکاتدا پشتیوان و هاوکار و هاوخەمی گەلەکەمانین لەشاری کەرکووک و ناوچەدابڕێنراوەکان و دووپاتیدەکەینەوە، کە ئامادەین بۆ هەرکات و ساتێک بگەینە لاتان. ئەو سوکایەتییەش بە پەیکەری پێشمەرگە کرا هەرکەس و لایەنێک بێت ئەبێت باجەکەی بدات. نووسینگەی رۆژنامەوانی محەممەد حاجی مەحموود 2023/9/2

هاوڵاتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی ئاڵۆزی و گرژییەکانی ئەمڕۆی کەرکوک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خەڵکی کەرکوک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و دەستکەوتە تایبەتییەکان دەکرێنە قوربانی، دەشڵێت، "قبوڵی ناکەین خوێنی گەنجەکانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت."  بافڵ تاڵەبانی داواش دەکات حکومەتی عێراق بەزووترین کات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتر بکات و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت، هاوکات هۆشداریشیدا  "لەزووترین کاتدا دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە." دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی: رووداو و پێشهاتە نەخوازراوەکانی کەرکوک و شەهیدبوونی گەنجێكی کورد و برینداربوونی چەندانی تریش، مایەی نیگەرانیی قووڵمانە. ‏‎وێڕای ئەوەی بەتوندی ئیدانەی هەموو هەوڵ و مەرامێکی تێکدەرانە دەکەین بۆ تێکدانی برایەتی و پێکەوەژیان لە کەرکوک، دەشبێت بەزووترین کات تاوانبارانی شەهیدکردن و بریندارکردنی رۆڵەکانمان دەستگیربکرێن و رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە. ‏‎کەرکوکییە سەربەرزەکان ئێوە شایەنی رێزی بێسنوور و خزمەتکردنێکی بەرچاون نەک بەکارهێنانتان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و بکرێنە قوربانیی بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە تایبەتەکان. ئێمە جگەلەوەی بەتوندی دژی ئەم سیاسەتە چەوت و ناڕەوایە دەوەستینەوە، بەهیچ شێوەیەکیش قبووڵ ناکەین خوێنی گەنجەکانمان بڕژێت و لەژێر ناوی هەستی نەتەوایەتیدا یاری بە چارەنووس و ژیانیانەوە بکرێت. ‏‎داواکارم هەموو لایەنەپەیوەندیدارەکان بەتایبەت ‌حکومەتی عیراق بەزووترین کات رێگری لە رژانی خوێنی زیاتر بکات و کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت. هەروەها هۆشداری دەدەین لەزووترین کاتدا دۆخی کەرکوک ئاسایی بکرێتەوە، بەردەوامبوونی دۆخەکە بەمشێوەیە قابیلی قبووڵ نییە. بۆیە داواکارین هەمووان بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و رێگری لە دروستبوونی فیتنە و دووبەرەکی بکەن. دەبێت هەمووان هاوکار و هەماهەنگبن بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و پارێزگاری لە ئاشتی و برایەتیی نێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک بکرێت. ‏‎رۆحی شەهید هاوکار شادبێت و هاوخەمیی خانەوادە سەربەرزەکەیم. لەخوای گەورە داواکارم سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت و شیفای بریندارەکان بدات. ‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی ‏‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هاوڵاتی  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێکی لەبارەی ئاڵۆزیەکانی ئەمڕۆی کەرکوک بڵاوکردەوە و تێیدا بەتوندی سەرۆکنەی تەقەکردنی بۆ سەر خۆپیشاندەران دەکات و دەڵێت،  "ئه‌ركى هێزه‌ ئه‌منييه‌كانه‌ بێ جياوازى پارێزگارى له‌ ئاسايشى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركوك بكه‌ن و ته‌قه‌که‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌." دەقی راگەیاندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی: گرتنی ڕێگەی سەرەکيی هەولێر ـ کەرکووک لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا کارێکی نایاسایی بوو، بەداخەوە ئەو کارە نایاساییە تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی کەرکووکەوە لانەدراوە! کەرکووک پێویستی بە جێبەجێکردنی یاسا و دەستوورە و بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە کاری زياترى نایاسایی نییە! دوای ئەوەی ئیدارەی شارەکە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی بەو کارە نەهێنا کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی دانيشتووانى شاره‌كه‌ بەگشتی، هاووڵاتييانى کورد لە کەرکووک ئەمڕۆ ناڕەزایييان بەرامبەر ڕێگەبڕین نیشاندا، كه‌چى جێگەی داخە بە توندوتیژی وەڵام درانەوە و گەنجێک شەهید بووه‌ و چەندانی دیکەش بریندارن. له‌ كاتێكدا به‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌و گرژييه‌ ئه‌منييانه‌ ده‌ڕوانين و به‌ وردى چاودێريى دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ين. به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ته‌قه‌كردن و ده‌ستڕێژيى چه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل ده‌كه‌ين. نانه‌وه‌ى ئاڵۆزى و پشێويى ئه‌منى له‌ كه‌ركووك، هه‌ڕه‌شه‌ى جددى له‌ پێكه‌وه‌ژيان و ئاسايش و سه‌قامگيرى ده‌كات. لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فيدراڵى ده‌بێ ڕێكارى خێراى پێويست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌ركى هێزه‌ ئه‌منييه‌كانه‌ بێ جياوازى پارێزگارى له‌ ئاسايشى هه‌موو پێكهاته‌كانى كه‌ركووك بكه‌ن و ته‌قه‌که‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌. به‌رپرسياريه‌تيى هه‌موو لايه‌كه‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى بپارێزن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن به‌ هيچ پاساوێك دۆخى ئه‌منى له‌ كه‌ركووك و سنوورى پارێزگاكه‌ ئاڵۆز ببێت. هه‌موو لايه‌ك دان به‌ خۆياندا بگرن، ڕێگه‌كان بكرێنه‌وه‌ و ئارامى و ژيانى ئاسايى بۆ هاووڵاتييانى كه‌ركووك بگه‌ڕێته‌وه‌.

هاوڵاتی  ئۆفیسی کەرکوکی جوڵانەوەی نوێ بەیاننامەیەکی لەبارەی خۆپیشاندانەکەنی کەرکوک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بێت یان سبەی تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە، دەشڵێت، ئەم کارانە بۆ ئەوەیە هەڵبژاردن لە کەرکوک نەکرێت.  لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بۆ راکێشانی سۆزی خەڵك، حیزبە شۆڤێنییە عەرەبەکان لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی کوری کورد بە کوشت دەدەن، دڵنیایان دەکەینەوە تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی. دەقی راگەندراوەکەی نەوەی نوێ: دیسانەوە حیزبە شۆڤێنییە عەرەبی و نەتەوەییەکانیتر لەگەڵ دەسەڵاتی شکستخواردوی کورد، کوڕی کورد بە کوشت دەدەن بۆ ڕاکێشانی سۆزی خەڵک و لەبیربردنەوەی فرۆشتنی ئەم شارە و خزمەتنەکردنی لەسەر دەستی ئەوان. کە دڵنیایان دەکەینەوە تۆڵەی خوێنی کورد دەکرێتەوە جا ئەمڕۆ بێت یان سبەی. ‎ئەمانە هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کەرکوک ئەنجام نەدرێت و پارێزگارێکی کورد دانەنرێت. چونکە باش دەزانن هەڵبژاردن بکرێت ئەوە کورد دەیباتەوە و پارێزگارێکی کوردی دەرەوەی دەسەڵاتی دوو حیزبی شکستخواردوو دادەنرێت. بۆیە بە هەموو شێوەیەک رێگری لەم کارە دەکەن. ‎ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حیزبە شۆڤێنییە شەریکەکانیان پارێزگاری هەر نەتەوەیەکی تریان پێباشترە وەک لە پارێزگارێکی کورد کە لە حیزبەکەی خۆیان نەبێت. بۆیە ئامادەن کەرکوک بسوتێنن و خەڵکەکەی بە کوشت بدەن لە پێناو ئەم نیەتە گڵاوەیاندا. ‎سەرباری هەموو ئەوانە، هەر هێز و لایەنێک خوێنی یەک هاوڵاتی کورد بڕێژێت و ئەوانەی تەقەیان لەو گەنجە کوردە کردوە دەبێت دادگایی بکرێن و دڵنیایان دەکەینەوە کە خەڵکی کەرکوک تۆڵەی ڕۆڵەکانی خۆیان دەکەنەوە بە هەر جۆرێک بێت، جا ئەمرۆ بێت یان سبەی. ئۆفیسی کەرکوکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ 2-9-2023

هاوڵاتی مەکتەبی سیاسی یەکێتی راگەیەندراوێکی لەبارەی گرژی و خۆپیشاندانەکانی کەرکوک ىلاوکردەوە و دەڵێت، بەهۆی شەڕکردن لەسەر بارەگای حزبی روداوەکە رویداوە، داواش دەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق راستەوخۆ دەستوەردان بکات "لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن." دەقی راگەیاندراوەکەی مەکتەب سیاسی یەکێتی: بەداخەوە بارودۆخی دژواری کەرکوک بەهۆی شەرکردن لەسەر  بارەگای حزبی و ململانێی هێزە سیاسییەکانی ناو کەرکوک درێژەی کێشاوە گەیشتە پێکدادان و بەریەک کەوتن و شەهید و برینداریش کە ئەمانە قوربانی بێباکی سیاسی و نیشتمانییە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سێ رۆژە لەسەر هێڵە لەگەڵ حکومەتی عیراق کە پێویستە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و حکومەتیی خۆی جێبەجێ بکات، تا ئاڵۆزییەکە سەر نەکێشێت بۆ بەریەک کەوتن و رژانی خوێنی هاووڵاتیانی کورد و پێکهاتەکان، بە پێچەوانەوە دەکرا بە  لێکگەیشتن لەگەڵ پارت و حزبەکانی کەرکوک گرفتی  بارەگا تەشەنە نەستێنێ  کە ببێتە کێشەیەکی گەوەرە لە شارەکەدا، ئێستاش کاتی ئەوەیە سەرۆک وەزیران کە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراقیشە، راستەوخۆ بێتە ناو کێشەکە و لەگەڵ حکومەتی محەلی شارەکە و هێزەکانی سوپاو حەشد ئەم کێشەیە بنبڕ بکەن، ئەگینا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەماوەری کەرکوک لەبەر بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ئاشتی دانیان بە خۆیدا گرتووە. چاوەروانیشمان لە حکومەت و لایەنەکانی تری کەرکوکیش ئەوەیە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن . مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢/٩/٢٠٢٣