هاوڵاتی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی کوردانی کەرکوک تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و هێزەکانی سوپای عێراق تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا کرد، تا ئیستاش خۆپیشاندەرێک برینداربووە. ئەمڕۆ هاوڵاتیانی كورد کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجمدا لەدژی داخستنی رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێر بەڵام هێزە ئەمنییەكان تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەكەن بۆ بڵاوەپێكردنیان و کەسێکیش برینداربووە و بەپێی ئاماری نافەرمیش چەند کەسێکی تریش برینداربوون. خۆپیشاندانەکە دوای ئەوە دێت کە ماوەی پێنج رۆژە ژمارەیەك هاولاتی پێكهاتەی عەرەب كە میدیای پارتی بە لایەنگری حەشدی شەعبی ناویان دەبات لە دژی كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوشارە رێگەی سەرەكی نێوان كەركوك - هەولێریان داخستووە.
هاوڵاتی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی ئابدا زیاتر لە 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق فرۆشراوە و داهاتەکەشی نزیک دەبێتەوە لە نۆ ملیار دۆلار. لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، بەپێی ئاماری کۆمپانیای سۆمۆ 10 ملیۆن و 122 هەزار و 874 بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە کراوە و داهاتی ئەو بڕەش لەو مانگەدا هەشت ملیار و 847 ملیار دۆلار بووە. بەپێی ئامارەکەی کۆمپانیای سۆمۆ، تێکڕای نرخی هەر بەرمیلێک بە 83 دۆلار و 35 سەنت دیاریکراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی پێنج مانگە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە کە بەپێی وتەی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیانی پێنج ملیار دۆلار بووە.
هاوڵاتی چالاکوانێکی سیاسی ئێران رەخنەی توند لە حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت چووەتە ژێر رکێفی روسیا و چینەوە، دەشڵیت "کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی هاتووە." مەهدی نەسیری، چالاکوانی پارێزکاری ئێران و سەرنوسەری پێشووتری رۆژنامەی کەیهانی تاران لەسەر سیاسەتی حکومەتی وڵاتەکەی دەڵێت، "گوتاری کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا کۆتایی هاتووە" و ئێستا ئێران لە لایەکەوە لە "باوەشی رووسەکان" و " چینییەکان" دایە و لە لایەکترەوە خەریکی "ئاڵوگۆڕی نەوتە بەرامبەر بە خواردن" لەگەڵ ئەمریکا و رازی بووە بەم مامەڵەیە." مەهدی نەسیری بە ئاماژەکردن بەبە دروشمی "سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی"، دەڵێت، لە ئێستادا لە ئێران ئازادی بوونی نییە. چالاکوانە سیاسییەکە رووی دەمی لە بەرپرسانی ئێران دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: لە باوەشی رووسەکاندان و چینییەکان بۆتان دیاری ئەکەن چی بکەن، سەربەخۆیی ئێران بەم دۆخە، کە ملکەچبوونە بە چین و رووسیا و رێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکا بە ئاڵوگۆڕی نەوت بەرامبەر بە خۆراک چووەتە ژێر پرسیارەوە و سووکایەتییە بەم وڵاتە. لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە رۆژی شممە ٢ی ئەیلوول لە کەناڵی تێلگرامی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، نەسیری ئاماژەی بە رووداوەکانی ساڵی رابردووی ئێران کردوو ەو پۆلیسی ئەخلاقی بە مەترسی بۆ کۆمەڵگا زانی کە بووە هۆی مەرگی "ژینا ئەمینی" و تاوانەکانیتر و هەروەها دەستگیرکردنی هەردوو رۆژنامەنوس "نیلوفەڕ حامیدی و ئیلاهە محەممەدی"ی بە تاوان ناوبرد.
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) رایگەیاند، لە مانگی ئابدا زیاد لە 130 سەربازی تورکیا کوژراون و 23ی تریش برینداربوون، دەشڵێت، لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا 10 گەریلا شەهیدبوون. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لەراگەیاندراوێکدا ئاماری کوژرانی سەربازانی تورکیای لە مانگی ئابدا خستەڕوو و دەڵێت، لە ئەنجامی 232 چالاکی گەریلا ، 134 سەربازی تورکیا کوژراون و 23 سەربازی تریش بریندار بوون، هەروەها "چەندین کەلوپەلیان تیکشکێندراوە و دەستی بەسەردا گیراوە و گورزی قورسیان لێوەشێندراوە." هاوکات لە راگەیەندراوەکەذا ئەوەش هاتووە کە تورکیا لە مانگی رابردوو "لە هەرێمی پاراستنی مەدیا 113 جار بە فڕۆکەی جەنگی، 40 جار بە هێلیکۆپتەری هێرش، بە سەدان جار بە زریپۆش، تانک و چەکی قورس تۆپباران کردووە، جارێکیش بە بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی و دوو جاریش بە چەکی قەدەغەکراو هێرشیان کردۆتە سەر سەنگەرەکانمان، هەروەها جێگا و ناوچەکانی گەلەکەمانیان لە باشووری کوردستان چەندین جار تۆپباران کردووە و هاوڵاتییان شەهید بوون." لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە کە لە ئەنجامی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە مانگی رابردوو 10 گەریلا شەهید بوون.
هاوڵاتی سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند موچەی مانگی ئابی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە گەیشتووە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. فەریق ڕوكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لهلێدوانێكدا بۆ میدیاى پارتی دەڵێت، "تەمویلی موچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە، كە لەلایەن ئەمریكاوە دابیندەكرێت گەیشتوە و لەم هەفتەیەدا موچەی لیوا هاوبەشەكان دابهشدهكرێت". سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە کە موچەكە تەنها لیوا هاوبەشە كۆنەكان دەگرێتەوە و جارێ لیوا هاوبەشە تازەكان نەخراونەتە چوارچێوەی ئەو لیوایانەوە. لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە ژمارەیان 44 هەزار پێشمەرگەیە و بودجەیان لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە دابین دەکرێت کە مانگانە نزیکەی 32 ملیۆن دۆلارە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهۆی کێشەکانی هەولێر و بەغداوە لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق، هێشتا فەرمانبەرانی هەرێم موچەی مانگی تەمووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی نرخی نەوت لەماوەی حەوت مانگی رابردوودا بۆ بەرزترین ئاستی بەرزبوویەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە رەنگە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکرێتەوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوویەوە و کۆتایی بە پاشکەشەی دوو هەفتەی پێشووی خۆی هێنا. نرخی نەوتی خاوی برێنت یەک دۆلار و 72 سەنت بەرزبوویەوە و گەیشتە 88 دۆلار و 50 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، لەکاتێکدا نرخی نەوتی خاوی تەکساس گەیشتە 85 دۆلار و دوو سەنت دوای ئەوەی نرخەکەی یەک دۆلار و 39 سەنت زیادیکرد. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە کە پیشبینی دەکرێت سعودیە یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لە مانگی داهاتوودا کەمبکاتەوە و هاوکات روسیاش رازیبووە کە لەگەڵ هاوبەشانیدا لە رێکخراوی ئۆپیک بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی پارتی لە عێراق رایگەیاند، حکومەتی ناوەند دەیەوێت سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم ببات و تەنهاش 10% موچەی موچەخۆرانی هەرێم بدات. شوان محەممەد، پەرلەمانتاری پارتی لە عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ئەو پارەیەی عێراق دەیەوێت مانگانە بیداتە هەرێم ناکاتە 10%ی کۆی موچەی موچەخۆران، عێراق دەیەوێت پارەی هەموو داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم هەر لە ئاو و کارەباوە تا دەگاتە هەموو داهاتەکان ببات، تەنها 50%ی پارەی دەروازەکان بداتەوە هەرێم." لە چەند رۆژی رابردوو وەفدێکی هەرێم لە بەغدا بەبێ ئەنجام گەڕانەوە و نەگەشتنە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا. تا ئێستا چەندین جار حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە و پشکی هەرێم لە بودجە شاندی ناردووە بۆ بەغدا. تا ئێستا موچەی مانگی تەمموز لە هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە کە حکومەتی هەرێم پێویستی بە ٩٠٠ ملیار دیناری مانگانەیە بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران. پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق زیاترە لە 16 ترلیۆن دینار. سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندەکەی هەرێم رایگەیاندووە، "عێراق دەیەوێت مانگانە 548 ملیار دینار بداتە هەرێم، لە کاتێکدا موچەی مانگێکی فەرمانبەران 900 ملیار دینارە، لەو 548 ملیار دینارەش، عێراق دەیەوێت بڕێکی بەناوی قەرزی پێشووتر و بڕێکیشی بە ناوی قەرزی بانکی بازرگانییەوە لێببڕێت، بۆ ئەو بانکە قەرزی لای هەرێمە. گەر وا بڕوات ئەو پارەیەی دەیەوێت ڕەوانەی هەرێمی بکات کەمترە لە 200 ملیار."
هاوڵاتی بە پێی هەواڵێک کە رۆژنامەی (اعتماد) بڵاوی کردۆتەوە ، لە سەرەتای خولی سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسیەوە، ١١٠ مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لیژنەی زانستی زانکۆکان لەسەر کار دەرکراون. بە پێی زانیارییەکان، لە سەرەتای دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە ٥٢ مامۆستای زانکۆ و ئەندامی لیژنەی زانستی، بە تاوانی" پشتیوانیکردن لە شۆڕشی ژینا و پشتیوانیکردن لە مانگرتن و خواستی خوێندکاران لەسەرکار دەرکراون." بە پێی زانیارییەکانی ئەم رۆژنامەیە لەو ١١٠ مامۆستایەی کە لەسەرکار دەرکراون: ٢٩ کەس مامۆستای زانکۆی ئازاد ٢٧ کەس مامۆستای زانکۆی تاران زانکۆی زانستی پزیشکی تاران ١١ مامۆستا زانکۆی عەلاممە تەباتەبایی ٨ کەس زانکۆی بەهەشتی تاران ٧ کەس زانکۆی زانستی پزیشکی ئێران ٥ کەس و زانکۆی فیردەوسی مەشهەد و شەهیدباهونەری کرمان هەرکامەیان ٣ مامۆستایان لەسەرکار دەکراون. هاوکات سامان پاشایی مامۆستای زانکۆی ئازادی سەقز و ئەندامی لێژنەی زانستی ئەو مامۆستایە، زیاتر لە ٢ مانگە لە زیندانی سنە دەستبەسەرەو زانیارییەکی ئەوتۆ دەربارەی ئەم مامۆستایە لەبەردەستدا نییە.
هاوڵاتی دژەتیرۆری کوردستان رایگهیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە شەقامی 60 مەتریی شاری هەولێر بۆمبێک لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیک مزگەوتی سپی تەقییەوە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە. بەپێى راگەیەنراوەکەى دژە تیرۆر، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 کاتژمێر 06:29، لە شەقامی شەست مەتریی شاری هەولێر بۆمبێک لەسەر پردی پەڕینەوەی پیادەڕۆی نزیک مزگەوتی سپی تەقییەوە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە. دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکان لەو بارەوە بەردەوامیی دەبێت. بەگوێرەی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەتەوە، بەهۆی تەقینی بۆمبەکەوە زیان بە پردەکە گەیشتووە و بەشێک لەو پۆستەرانەیشی وەکو رێکلام لەسەر پردەکە هەڵواسرابوون، کەوتوونەتە سەر زەوی.
هاوڵاتی ئێوارهی ئهمڕۆ لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر دەنگێکی گەورە بیسترا و دوكهڵ لهسهر پردێكی پهڕینهوهی هاوڵاتیانی دروستبو، له چهند ناوچهیهكیش دهنگه بههێزهكه بیسترا. تەقینەوەکە کەمێک پێش ئێستا رویداوە و هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێکى فەرمى هۆکارەکەیان ئاشکرا نەکردووە کە تەقینەوەکە چییە و بەهۆى چییەوە رویداوە، بەڵام بەشێکى زۆرى روپۆشى سەرەوەى پردەکە بەهۆى تەقینەوەکە هەڵگیراوە. بەپێى زانیارییەکان تەقینەوەکە بەهۆى شۆرت لە کێبڵى کارەبایى رویداوە و بووەتە هۆى زیانگەیاندن بە روپۆشى سەرەوەى پردەکە و ئەو پۆستەرە ریکلامییانەى بە پردەکەوە هەڵواسراون و زیانى گیانى نەبووە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەیاننامەیەكی سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی ئۆپەراسیۆنی "توندكردنەوەی ئاسایش" لە دێرەزۆر بڵاوكردەوە و كۆنترۆڵكردنی چەند شوێنێكی لە دێرەزۆر راگەیاند. هەسەدە دەڵێت "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەكانمان گوندی دەحلە و بەشێك لە شارۆچكەی بەسیرەیان كۆنترۆڵكردو سێ چەكداریش كوژران، كە دزەیان كردە ناوچەكە، هاوكات پڕۆسەی پاككردنەوەی ناوچەكە بەردەوامە". هێزەكانی ئۆپراسیۆنی بەهێزكردنی ئاسایش لە دێرەزۆر دووپاتی دەكەنەوە كە "بەردەوام دەبن لە پاككردنەوەی ناوچەكە لە گروپە بەكرێگیراوەكان و شانە تیرۆریستییەكانی داعش تاوەكو ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنەكە بەدی دێت، لێخۆشبوونیش بۆ ئەو كەسانە نییە كە هەوڵی تێكدانی سەقامگیری ناوچەكە دەدەن". ئاماژەی بەوەش کردووە، "هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا لە منبج گروپێك لە چەكدارانی توركیا هێرشیان كردە سەر گوندی موحسینلی، لەوێ هێزەكانی ئەنجومەنی سەربازی منبج وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەكەیان دایەوە و دوای پێكدادانەكان دۆخەكە كۆنترۆڵكرا، لەو ماوەیەدا ژمارەیەك چەكدار كوژران".
هاوڵاتی هەپە.گە، ڕاگەیەندراوێكی توركیای ڕەتکردەوە کە باس لە چۆنیەتی شەهیدبوونی ڕێزان بۆتان گەریلایەکی پەکەکە دەکات. ئاژانسی فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 بڵاویکردەوە، "دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کەسێكی بەناوی "رێزان گونگەن" ناسراو بە "رێزان بۆتان" کردووەتە ئامانج." ، ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، رێزان گونگەن "لەلایەن پەکەکە مەشقی پێکراوە" و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی میت کە لە گوندەوارێكی سلێمانی ئەنجامدرا، کراوەتە ئامانج. بەڵام هەپە.گە لە ڕاگەیەندراوێكیدا ڕایگەیاند لە بەرواری ١٠ی مانگی ڕابردوو، ناسنامەی هەریەك لە شەهیدان ڕێزان بۆتان و باوەڕ بۆتانیمان ڕاگەیاندووە . لە ڕاگەیەندراوەكەی هەپە.گەدا هاتووە:" هەڤاڵانمان باوەڕ و ڕێزان لە ٦ی ئەم مانگی ڕابردوو، لە ئەنجامێكی هێڕشی توركیای داگیركەر لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون." بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە ئەو گەریلایە مانگی پێشوو لە هەرێمی مەدیا شەهیدبووە و تەنها چوار ڕۆژ دوای شەهید بوونی ناسنامەکەی بڵاوکراوەتەوە.و هەپەگە ڕەتیدەکاتەوە ئەو گەریلایە ئەمڕۆ هەینی لە سلێمانی کوژرابێت.
هاوڵاتی غوڵام رەزا ئابازەری وتەبێژی لیژنەی مەراسیمی ئەربەعینیەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ژمارەی ئەو سەردانكەرانەی ئێرانی كە ڕویان لە عێراق كردوە تا ئێستا گەیشتوەتە دو ملیۆن و 700 هەزار كەس. غوڵام رەزا ئابازەری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەپێی ئەو ئامارانەی گەیشتونەتە دەست ئێمە، ژمارەی سەردانكەرانی ئێرانی كە چونەتە ناو عێراقەوە گەیشتوەتە نزیكەی دو ملیۆن و 700 هەزار كە لەو ژمارەیەش دو ملیۆن و 200 هەزاریان لە كەربەلادان. ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی قەرەباڵغی شاری كەربەلا و نەبونی ژێرخانی تێدا، "داوادەكەین سەردانكەرانمان بە زوترینكات كۆتایی بە سەردانەكەیان بهێنن بۆئەوەی ڕێگە بەو سەردانكەرانەش بدرێت كە لە ئێستادا لە سەر سنورەكانن و بە پێ دەڕۆن لەسەر ئەو ڕێگایانەی پێشەنگن بۆ كەربەلا بۆ سەردانی ئیمام حسێن (رەزای خوای لەسەربێت)." ساڵانە لە ماوەی مانگەكانی موحەڕەم و سەفەردا ملیۆنان حاجی ئێرانی بۆ ئەنجامدانی زیارەتی ئەربەعینیە لە شاری كەربەلا لە چوارچێوەی پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاری نێوان لایەنی عێراقی و ئێرانی دێنە عێراق.
ڤانە حەمە بەختیارهەڵەبجەیی، پەیکەرتاش و هونەرمەند لەهەرێمی کوردستان، ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە بەچڕی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی یەکێک لەپەیکەرەکانی کە لەسەر بنەمای شێوەی قوربانیانی ئەنفال دروستیکردووە بکاتە رەمزی ناساندنی ئەنفالی هەر ناوچە، گوند، یان شارێک کە ئەنفال کراوە. بەختیار هەڵەبجەیی، کەخۆی هیچ کەسێکی ئەنفال نەکراوە، بەڵام دەڵێت پێوستە رەمزی ئەنفال لەهەموو ناوچەکان هەبێت «من هەموو ئەنفالکراوەکان بەکەسی خۆم دەزانم. تائێستا هونەرمەندەکە شەش پەیکەری لەناوچە جیاوازەکانی هەریمی کوردستان داناوەو دەڵێت بەنیازە پەیکەرێکیش لەشەنگال دابنێت. هاوڵاتی: ئەم پەیکەرەی ئەنفال لەکوێوە بیرۆکەکەیت بۆ هات کە دواتر کردت بەڕەمزی ئەو ناوچانەی ئەنفال تێیدا روویداوە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیەوە کەدەربارەی نوگرە سەلمان و ئەنفال بوو بیرۆکەی ئەم کارەم بۆ هات و زۆر کاری تێکردم، لەدوای ئەوەوە بیرم لەوە کردەوە کارێک بۆ ئەنفال بکەم و ماوەیەکی زۆری خایاند تاوەکو کارەکەمم دیزاین کرد. هاوڵاتی: مانای ئەم پەیکەرە چییە کە دروستت کردووەو چۆن رەنگدانەوەی تاوانی ئەنفالە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: دەبێت سەرەتا باسی پرۆسەی ئەنفال بکەم، ئەوەی لەئەنفالدا کراوە لەشوێنەکانی دیکەی جیهاندا ئەو تاوانانە بەجیاواز کراوە، بۆ نموونە هۆڵۆکۆستی جولەکەکان. ئەوان بەچەند شێوەیەک مرۆڤیان لەناوبردووە یەکیک لەوانە خستویاننەتە ناو هۆڵێکەوەو بەهۆی دوکەڵی ئۆتۆمبیلەوە خنکاندویانن، یان کردویاننەتە کورەوە، یان بە رەمییکردن ئەو کۆمەڵکوژیانەیان ئەنجامداوە؛ بەڵام ئەگەر سەیری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال بکەین، مرۆڤەکان دەست و چاویان بەستراون و رەمییان کردوون پاشان خۆڵیان کردووە بەسەریاندا، تۆ کاتێک گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدەیتەوە کەلەیەکی سەر دەبینی پەڕۆیەکی پێوە بەستراوە، منیش لەوەوە دیزاینی پەیکەرەکەمم وەرگرت، ئەم کەلە سەرەم دیزاین کرد کەچاوی بەستراوەو دواتر وەک کۆتر یان پەپولە باڵم بۆ دروستکردو قەدێکم بۆ دروستکرد. بیرۆکەی باڵەکانی گوزارشت لەوە دەکات ئەو کەسانەی ئەنفال کراون کەسانی سڤیل و بێگوناح بوون کەخەریکی کاری شوانکارەیی و کشتوکاڵ بوون کە بەو جۆرە کۆمەڵکوژ کران. هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا لەهەر جێگایەکی کە ئەنفال کراوە دایبنێیت، تاوەکو ئێستا لەچەند شوێن داتناوە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: ساڵی ٢٠٠٤ پێشانگایەک کرایەوە ، نمایشی کارەکەمم کرد بەڵام کارەکە هەڵنەبژێردرا نازانم بەچ هۆکاریک بوو بابەتەکە تاڕادەیەک کەسیی بوو، بەڵام ساڵی ٢٠٠٥ کاتیک بەتەواوی گەڕامەوە بیرم لەوە کردەوە خۆم و برادەرەکانم هەوڵبدەین بۆ ئەوەی هەر پەیکەریک لەشوێنێکی کە ئەنفال کراوە دابنێم، چونکە ئەنفال لەچەندین شوێنی جیاوازدا ئەنجامدراوە بۆ نموونە هەڵەبجە، بالیسان، چەمچمەماڵ، بادینان هەمووی ئەنفالی کراون، خۆشبەختانە لەچەندین جێگا دامناوە تائێستا کەژمارەیان « شەش» پەیکەرە. هاوڵاتی: چۆن پەیکەرەکانت دانا، حکومەت هاوکارت بووە؟ بەختیار هەڵەبەجەیی: کارەکان بەشێکی زۆریان بەهۆی کەسانی سەرمایەدار یان برادەر ئەنجامم داون، هەندێکیشیان وەک پەیکەرەکەی هەڵەبجە تەنها پارەی کەرەستەکانی پەیکەرەکەمم بۆ سەرفکراوە. دوو کاری دیکەشم بۆ ناوچانەی بەرزان وەزارەتی شەهیدان لە ئەستۆیان گرت، جگە لەمانە کارێکیانم کە لەدهۆک دامنا نازانم بەهۆی ئەوەی من لەسلێمانیەوە بووم و ئەو کارەم کردووە کەمێک تەگەرەیان خستە بەردەمم، بەڵام من کۆڵم نەداو دامنا چونکە من کارەکەم نیشتیمانیە. هاوڵاتی: بۆچی بیرت لەوە کردەوە کەهەر شوێنێک ئەنفالی تێداکراوە لەوێ دایبنێیت؟ بەختیار هەڵەبجەیی: من ئەو پەیکەرەم وەک ئەوە داناوە کاتێک دەچیتە ئەو ناوچانە بزاندرێت کە ئەنفال لەو شوێنە کراوە، واتە بۆ نموونە ئەگەر گەشتیارێکی بیانیش کاتیک دێتە ئەو ناوچانە یەکسەر بزانێت وەک هەر هێمایەکی فەرمی کە بۆ بابەتە جیاوازەکان دادەنرێت. هاوڵاتی: جگە لەم شوێنانە داتناوە، پلانت هەیە لەهیچ شوێنێکی دیکە دایبنێیت؟ بەختیار هەڵەبجەیی: ئێستا هەوڵ دەدەم بیبەم بۆ شنگال، بەڵام کارەکە لەئێستادا سەختە چونکە دۆخی ئەمنی و داراییش گرفتە بەڵام هەر لەهەوڵدام. هاوڵاتی: زۆر بەقووڵی کارت لەسەر ئەم پەیکەرە کردووە، ئایا خۆت کەسێکت لەئەنفالدا لەدەستداوە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: نەخێر وەک خۆم کەسی نزیک و دەرەجە یەکم ئەنفال نەکراون، بەڵام هەموو ئەوانەی کە کۆمەڵکوژ کراون هەموویان بەکەسی خۆم دەزانم، ئەوەی داعش بردویەتی و کۆمەڵکوژی کردوون هەمووی خوشک و برای منن، ئەگەر من هەموویان بەکەسی خۆم نەزانم مرۆڤ بوونم لەکوێدایە. هاوڵاتی: ئەو شوێنانەی پەیکەرەکەت بۆ داناوەو پێشکەشت کردوون چی زۆر سەرنجی راکێشاویت لەبارەی ئەو ناوچانەوە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: هەموویان بێ خزمەتن و وەزارەتی شەهیدان و حکومەت پشتگوێیان خستوون، هەندیک گوند هەن کە شەوو رۆژ خزمەتی پێشمەرگەیان کردووە هەر شەقامەکانیشیان بۆ قیرتاو نەکراون، خۆ ئەگەر ناوچەکانی دیکە قیرتاویش کرابن ئەوە لەئاستی پێویست نیە ئەو خزمەتانە. هاوڵاتی: پێشوازی خەڵک چی بووە بۆ ئەو شوێنانەی کە پەیکەرەکەت داناوە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: هەموویان کەسی سادەن و زۆر پێشوازیان لێکردووم و میوانداریان کردووم کە ئەو کارەم پێشکەش کردوون، من دەمەوێت لەشێوەی هێمایەک یان لۆگۆیەکدا بیخەمە سەر دەرگای هەر ماڵێک کە شەهیدیان هەیە و کەسانێکیان ئەنفال کراوە. هاوڵاتی: کارەکانت لەچەند پێشەنگادا نمایش کردوون تا ئێستا، ئایا داهاتێکی وەهایان هەبووە کە بتوانیت سودیان لێوەرگریت؟ بەختیار هەڵەبجەیی: تاوەکو ئێستا لەناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش نزیکەی سەدو بیست پێشەنگا بەشداریم کردووە، بەڵام بەداخەوە داهاتی ماددی وەهایان نەبووە ئەگەر بەختت هەبێت کارەکەت دەفرۆشرێت بەڵام ئەوە زەحمەتە لای ئێمە چونکە هونەر جارێکە لێرە نەگەشتووەتە ئەو ئاستە. هاوڵاتی: هەموو کارێکی هونەری چیرۆک و مەبەستێکیان لەپشتە، لەکارەکانتدا چ ژانرایەک زۆر گرنگیت پێداوە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: کارەکان فرە لایەنەن، بەڵام جگە لەم کارەی ئەنفالم کارەکانم لەسەر خویندنەوەو ژن زۆر کردووە، چونکە ژن زۆر بەنرخە بەڵام بەداخەوە لای ئێمە زۆر دەچەوسێندرێتەوە. هاوڵاتی: چۆن دەستت کردووە بەکاری پەیکەرتاشی، ئەکادیمی خوێندووتە یاخود تەنها بەهۆی حەزو خولیاوە هاتوویتە ناو ئەم کارەوە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: لەوەتەی چاوم کردووەتەوە لەمنداڵیەوە لەکاتی خویندنگەی سەرەتاییەوە هەر حەزم بەم کارە بووەو کاری سادەم دەستپێکردووە، من لە بەردەکان پەیکەرم دەتاشی، لەخوێندنگەشدا مامۆستاکانم زۆر گرنگیان پێداوم. بەڵام من ئەم کارەم بە ئەکادیمی نەخویندووەو بەشێکی پزیشکیم خوێندووە لەزانکۆ، چونکە ئەوکاتەی من لەقۆناغی سێی دواناوەندی بووم دۆخەکە نالەبار بوو کیمیاباران و ڕاکردن بۆ ئێرانی بەسەردا هات، دواتر کە گەڕاینەوە تەنها پەیمانگای مامۆستایان و هونەرەجوانەکان هەبوون کە بچم بەڵام من منداڵی هەڵەبجە بووم وەرنەدەگیرام بۆ ئەوەی باسی ئەو تاوانانە نەکەین دوریان دەخستینەوە. هەربۆیە لەبەرئەوەی نەمبەنە عەسکەر چووم بۆ بوارە پزیشکیە و خویندم. هاوڵاتی: هیچ لەو بوارەدا کارت کردووە کە دوور بووە لەحەزی خۆت؟ بەختیار هەڵەبجەیی: بەڵێ من ماوەیەک پێشمەرگە بووم و لەنەخۆشخانەشدا کارم کردووە، ئەزموونێکی خۆش و پیرۆز بوو. هاوڵاتی: لەم کارەتدا کە بوارەکەت هونەریە، گەشتویت بەو ئاستەی خۆت دەتەوێت؟ بەختیار هەڵەبجەیی: نەخێر چونکە هونەر هەمیشە لەبرەودایە و ئاستیک نیە بڵێی تەواو، ئەگەر دەربارەی ئێرە قسەبکەم هەستەکەم دەبێت بڵێم ئاستەکەمان سفرە، چونکە لێرە هونەر زۆر کۆت و بەند دەکرێت هەم لەڕووی ئاین و کوولتورەوە، هەمیش لەڕووی حکومەتەوە پستگوێ خراون، ئەکادیمیاکانیش لەئاستی پێویست نین. هاوڵاتی: ئەو کارانەی بۆ تاوانەکانی دژی کورد کردووتە تەنها ئەم پەیەکەرەی ئەنفالە، یاخود پڕۆژەی دیکەتان هەیە؟ بەختیار هەڵەبجەیی: بۆ کیمیابارانی هەڵبجەش کارێکی لەوجۆرەم کردووە، پەیەکەریکە لە شێوەی ڕێ نیشاندەر « جی پی ئێس» دروستم کردووە کە ئاماژە بەو بۆمبانە دەکات کە لەو گەڕەکانە بەردراوەتەوە لەگەڵ ژمارە و ناوی قوربانیەکان و گەڕەکەکە، دەمەوێت لە جیگای هەر ٢٢ بۆمبەکە دایانبنیم. بایۆگرافیای هونەرمەند: بەختیار عەلی هەڵەبجەیی بەختیار عەلی هەڵەبجەیی، پەیکەرتاشو هونەرمەندێکی باشووری کوردستانە کە لەساڵی ١٩٧٠ لەهەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە. خاوەنی چەندان کاری هونەریەو تاوەکو ئێستا لە سەدان پێشانگای ناوخۆیی و جیهانیدا بەشداری کردووە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەئەمڕۆوە پلەكانی گەرما رو لەبەرزبونەوە دەكەن و ئاسمانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمیش بەگشتی ساماڵ دەبێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی ئاسمانی ناوچە جیاجیاكانی هەرێم ساماڵ دەبێت، پلەكانی گەرما بە نزیكەی 1-3 پلە بەراورد بەتۆماركراوەكانی دوێنێ بەرزتر دەبنەوە. ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەپێى پێشبنیەکان ئەمڕۆ بەرزترین پلەى گەرما لە گەرمیان دەبێت، کە ٤٢ پلەیە و نزمترین پلەى گەرماش لە حاجى ئۆمەران دەبێت، کە ٢٤ پلەیە. هاوکات ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی رایگەیاند: لە ئەمڕۆوە بەراورد بە رۆژانی رابردو، پلەکانى گەرما لە سەرجەم ناوچەكان، نزیکەى سێ پلە بەرز دەبنەوە و تا ڕۆژی 10ی مانگیش رۆژانە بە رێژەیەکی کەم پلەکانی گەرما بەرزو نزمی بەخۆوە دەبینن... باسی لەوەش كردوە: لەدوای 10ی ئەم مانگەوە، پلەكانی گەرما گۆڕانكاڕییان بەسەردادێت و ئەگەری نزمبونەوەیان بەگشتی لەسەرجەم ناوچە جیاجیاكانی هەرێم هەیە. ئاراس جەبار سەبارەت بە ئەگەری بارانبارین لە مانگی نۆدا، ئاماژەی بەوەكردوە: بەگشتی ئەگەری دوبارەبونەوەی حاڵەتی هاوشێوەی چەند رۆژی ڕابردو هەیە، بەتایبەت لەنێوان 10-14ی مانگ و كۆتایی مانگەكەدا.
