هونەرمەندێک پەیکەر دەکاتە رەمزی ئەنفال
دەیەوێت کەسانی بیانی ئاشنای کارەساتی ئەنفال بن
12 مانگ لەمەوپێش
ڤانە حەمە
بەختیارهەڵەبجەیی، پەیکەرتاش و هونەرمەند لەهەرێمی کوردستان، ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە بەچڕی هەوڵیداوە بۆ ئەوەی یەکێک لەپەیکەرەکانی کە لەسەر بنەمای شێوەی قوربانیانی ئەنفال دروستیکردووە بکاتە رەمزی ناساندنی ئەنفالی هەر ناوچە، گوند، یان شارێک کە ئەنفال کراوە.
بەختیار هەڵەبجەیی، کەخۆی هیچ کەسێکی ئەنفال نەکراوە، بەڵام دەڵێت پێوستە رەمزی ئەنفال لەهەموو ناوچەکان هەبێت «من هەموو ئەنفالکراوەکان بەکەسی خۆم دەزانم. تائێستا هونەرمەندەکە شەش پەیکەری لەناوچە جیاوازەکانی هەریمی کوردستان داناوەو دەڵێت بەنیازە پەیکەرێکیش لەشەنگال دابنێت.
هاوڵاتی: ئەم پەیکەرەی ئەنفال لەکوێوە بیرۆکەکەیت بۆ هات کە دواتر کردت بەڕەمزی ئەو ناوچانەی ئەنفال تێیدا روویداوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: نزیکەی بیست ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیەوە کەدەربارەی نوگرە سەلمان و ئەنفال بوو بیرۆکەی ئەم کارەم بۆ هات و زۆر کاری تێکردم، لەدوای ئەوەوە بیرم لەوە کردەوە کارێک بۆ ئەنفال بکەم و ماوەیەکی زۆری خایاند تاوەکو کارەکەمم دیزاین کرد.
هاوڵاتی: مانای ئەم پەیکەرە چییە کە دروستت کردووەو چۆن رەنگدانەوەی تاوانی ئەنفالە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: دەبێت سەرەتا باسی پرۆسەی ئەنفال بکەم، ئەوەی لەئەنفالدا کراوە لەشوێنەکانی دیکەی جیهاندا ئەو تاوانانە بەجیاواز کراوە، بۆ نموونە هۆڵۆکۆستی جولەکەکان. ئەوان بەچەند شێوەیەک مرۆڤیان لەناوبردووە یەکیک لەوانە خستویاننەتە ناو هۆڵێکەوەو بەهۆی دوکەڵی ئۆتۆمبیلەوە خنکاندویانن، یان کردویاننەتە کورەوە، یان بە رەمییکردن ئەو کۆمەڵکوژیانەیان ئەنجامداوە؛ بەڵام ئەگەر سەیری گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال بکەین، مرۆڤەکان دەست و چاویان بەستراون و رەمییان کردوون پاشان خۆڵیان کردووە بەسەریاندا، تۆ کاتێک گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدەدەیتەوە کەلەیەکی سەر دەبینی پەڕۆیەکی پێوە بەستراوە، منیش لەوەوە دیزاینی پەیکەرەکەمم وەرگرت، ئەم کەلە سەرەم دیزاین کرد کەچاوی بەستراوەو دواتر وەک کۆتر یان پەپولە باڵم بۆ دروستکردو قەدێکم بۆ دروستکرد. بیرۆکەی باڵەکانی گوزارشت لەوە دەکات ئەو کەسانەی ئەنفال کراون کەسانی سڤیل و بێگوناح بوون کەخەریکی کاری شوانکارەیی و کشتوکاڵ بوون کە بەو جۆرە کۆمەڵکوژ کران.
هاوڵاتی: چۆن بڕیارتدا لەهەر جێگایەکی کە ئەنفال کراوە دایبنێیت، تاوەکو ئێستا لەچەند شوێن داتناوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: ساڵی ٢٠٠٤ پێشانگایەک کرایەوە ، نمایشی کارەکەمم کرد بەڵام کارەکە هەڵنەبژێردرا نازانم بەچ هۆکاریک بوو بابەتەکە تاڕادەیەک کەسیی بوو، بەڵام ساڵی ٢٠٠٥ کاتیک بەتەواوی گەڕامەوە بیرم لەوە کردەوە خۆم و برادەرەکانم هەوڵبدەین بۆ ئەوەی هەر پەیکەریک لەشوێنێکی کە ئەنفال کراوە دابنێم، چونکە ئەنفال لەچەندین شوێنی جیاوازدا ئەنجامدراوە بۆ نموونە هەڵەبجە، بالیسان، چەمچمەماڵ، بادینان هەمووی ئەنفالی کراون، خۆشبەختانە لەچەندین جێگا دامناوە تائێستا کەژمارەیان « شەش» پەیکەرە.
هاوڵاتی: چۆن پەیکەرەکانت دانا، حکومەت هاوکارت بووە؟
بەختیار هەڵەبەجەیی: کارەکان بەشێکی زۆریان بەهۆی کەسانی سەرمایەدار یان برادەر ئەنجامم داون، هەندێکیشیان وەک پەیکەرەکەی هەڵەبجە تەنها پارەی کەرەستەکانی پەیکەرەکەمم بۆ سەرفکراوە. دوو کاری دیکەشم بۆ ناوچانەی بەرزان وەزارەتی شەهیدان لە ئەستۆیان گرت، جگە لەمانە کارێکیانم کە لەدهۆک دامنا نازانم بەهۆی ئەوەی من لەسلێمانیەوە بووم و ئەو کارەم کردووە کەمێک تەگەرەیان خستە بەردەمم، بەڵام من کۆڵم نەداو دامنا چونکە من کارەکەم نیشتیمانیە.
هاوڵاتی: بۆچی بیرت لەوە کردەوە کەهەر شوێنێک ئەنفالی تێداکراوە لەوێ دایبنێیت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: من ئەو پەیکەرەم وەک ئەوە داناوە کاتێک دەچیتە ئەو ناوچانە بزاندرێت کە ئەنفال لەو شوێنە کراوە، واتە بۆ نموونە ئەگەر گەشتیارێکی بیانیش کاتیک دێتە ئەو ناوچانە یەکسەر بزانێت وەک هەر هێمایەکی فەرمی کە بۆ بابەتە جیاوازەکان دادەنرێت.
هاوڵاتی: جگە لەم شوێنانە داتناوە، پلانت هەیە لەهیچ شوێنێکی دیکە دایبنێیت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: ئێستا هەوڵ دەدەم بیبەم بۆ شنگال، بەڵام کارەکە لەئێستادا سەختە چونکە دۆخی ئەمنی و داراییش گرفتە بەڵام هەر لەهەوڵدام.
هاوڵاتی: زۆر بەقووڵی کارت لەسەر ئەم پەیکەرە کردووە، ئایا خۆت کەسێکت لەئەنفالدا لەدەستداوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: نەخێر وەک خۆم کەسی نزیک و دەرەجە یەکم ئەنفال نەکراون، بەڵام هەموو ئەوانەی کە کۆمەڵکوژ کراون هەموویان بەکەسی خۆم دەزانم، ئەوەی داعش بردویەتی و کۆمەڵکوژی کردوون هەمووی خوشک و برای منن، ئەگەر من هەموویان بەکەسی خۆم نەزانم مرۆڤ بوونم لەکوێدایە.
هاوڵاتی: ئەو شوێنانەی پەیکەرەکەت بۆ داناوەو پێشکەشت کردوون چی زۆر سەرنجی راکێشاویت لەبارەی ئەو ناوچانەوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: هەموویان بێ خزمەتن و وەزارەتی شەهیدان و حکومەت پشتگوێیان خستوون، هەندیک گوند هەن کە شەوو رۆژ خزمەتی پێشمەرگەیان کردووە هەر شەقامەکانیشیان بۆ قیرتاو نەکراون، خۆ ئەگەر ناوچەکانی دیکە قیرتاویش کرابن ئەوە لەئاستی پێویست نیە ئەو خزمەتانە.
هاوڵاتی: پێشوازی خەڵک چی بووە بۆ ئەو شوێنانەی کە پەیکەرەکەت داناوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: هەموویان کەسی سادەن و زۆر پێشوازیان لێکردووم و میوانداریان کردووم کە ئەو کارەم پێشکەش کردوون، من دەمەوێت لەشێوەی هێمایەک یان لۆگۆیەکدا بیخەمە سەر دەرگای هەر ماڵێک کە شەهیدیان هەیە و کەسانێکیان ئەنفال کراوە.
هاوڵاتی: کارەکانت لەچەند پێشەنگادا نمایش کردوون تا ئێستا، ئایا داهاتێکی وەهایان هەبووە کە بتوانیت سودیان لێوەرگریت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: تاوەکو ئێستا لەناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش نزیکەی سەدو بیست پێشەنگا بەشداریم کردووە، بەڵام بەداخەوە داهاتی ماددی وەهایان نەبووە ئەگەر بەختت هەبێت کارەکەت دەفرۆشرێت بەڵام ئەوە زەحمەتە لای ئێمە چونکە هونەر جارێکە لێرە نەگەشتووەتە ئەو ئاستە.
هاوڵاتی: هەموو کارێکی هونەری چیرۆک و مەبەستێکیان لەپشتە، لەکارەکانتدا چ ژانرایەک زۆر گرنگیت پێداوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: کارەکان فرە لایەنەن، بەڵام جگە لەم کارەی ئەنفالم کارەکانم لەسەر خویندنەوەو ژن زۆر کردووە، چونکە ژن زۆر بەنرخە بەڵام بەداخەوە لای ئێمە زۆر دەچەوسێندرێتەوە.
هاوڵاتی: چۆن دەستت کردووە بەکاری پەیکەرتاشی، ئەکادیمی خوێندووتە یاخود تەنها بەهۆی حەزو خولیاوە هاتوویتە ناو ئەم کارەوە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: لەوەتەی چاوم کردووەتەوە لەمنداڵیەوە لەکاتی خویندنگەی سەرەتاییەوە هەر حەزم بەم کارە بووەو کاری سادەم دەستپێکردووە، من لە بەردەکان پەیکەرم دەتاشی، لەخوێندنگەشدا مامۆستاکانم زۆر گرنگیان پێداوم. بەڵام من ئەم کارەم بە ئەکادیمی نەخویندووەو بەشێکی پزیشکیم خوێندووە لەزانکۆ، چونکە ئەوکاتەی من لەقۆناغی سێی دواناوەندی بووم دۆخەکە نالەبار بوو کیمیاباران و ڕاکردن بۆ ئێرانی بەسەردا هات، دواتر کە گەڕاینەوە تەنها پەیمانگای مامۆستایان و هونەرەجوانەکان هەبوون کە بچم بەڵام من منداڵی هەڵەبجە بووم وەرنەدەگیرام بۆ ئەوەی باسی ئەو تاوانانە نەکەین دوریان دەخستینەوە. هەربۆیە لەبەرئەوەی نەمبەنە عەسکەر چووم بۆ بوارە پزیشکیە و خویندم.
هاوڵاتی: هیچ لەو بوارەدا کارت کردووە کە دوور بووە لەحەزی خۆت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: بەڵێ من ماوەیەک پێشمەرگە بووم و لەنەخۆشخانەشدا کارم کردووە، ئەزموونێکی خۆش و پیرۆز بوو.
هاوڵاتی: لەم کارەتدا کە بوارەکەت هونەریە، گەشتویت بەو ئاستەی خۆت دەتەوێت؟
بەختیار هەڵەبجەیی: نەخێر چونکە هونەر هەمیشە لەبرەودایە و ئاستیک نیە بڵێی تەواو، ئەگەر دەربارەی ئێرە قسەبکەم هەستەکەم دەبێت بڵێم ئاستەکەمان سفرە، چونکە لێرە هونەر زۆر کۆت و بەند دەکرێت هەم لەڕووی ئاین و کوولتورەوە، هەمیش لەڕووی حکومەتەوە پستگوێ خراون، ئەکادیمیاکانیش لەئاستی پێویست نین.
هاوڵاتی: ئەو کارانەی بۆ تاوانەکانی دژی کورد کردووتە تەنها ئەم پەیەکەرەی ئەنفالە، یاخود پڕۆژەی دیکەتان هەیە؟
بەختیار هەڵەبجەیی: بۆ کیمیابارانی هەڵبجەش کارێکی لەوجۆرەم کردووە، پەیەکەریکە لە شێوەی ڕێ نیشاندەر « جی پی ئێس» دروستم کردووە کە ئاماژە بەو بۆمبانە دەکات کە لەو گەڕەکانە بەردراوەتەوە لەگەڵ ژمارە و ناوی قوربانیەکان و گەڕەکەکە، دەمەوێت لە جیگای هەر ٢٢ بۆمبەکە دایانبنیم.
بایۆگرافیای هونەرمەند: بەختیار عەلی هەڵەبجەیی
بەختیار عەلی هەڵەبجەیی، پەیکەرتاشو هونەرمەندێکی باشووری کوردستانە کە لەساڵی ١٩٧٠ لەهەڵەبجەی شەهید لەدایکبووە.
خاوەنی چەندان کاری هونەریەو تاوەکو ئێستا لە سەدان پێشانگای ناوخۆیی و جیهانیدا بەشداری کردووە.