‌بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا که‌ هێشتا یه‌کێتى بوو..

6 مانگ لەمەوپێش



 
کاوه‌ محه‌مه‌د
رۆژى (٢٠١٣/٦/٢٥) وتارێکم به‌ناونیشانى (سیاسییه‌ قسه‌که‌ره‌که‌) له‌هه‌فته‌نامه‌ی(ئاوێنه‌)دا بڵاوکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وکاته‌ هێشتا له‌ناو یه‌کێتی-دا مابووم، دوانریش وتاره‌که‌م له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ وتارى دیکه‌دا له‌دووتوێى کتێبێکم به‌ناونیشانى (نه‌وتراوه‌کانم) دووباره‌ بڵاوکرده‌وه‌..
وتاره‌که‌ش له‌باره‌ى رۆح و زمانه‌ ره‌خنه‌ییه‌که‌ى کاک نه‌وشیروان بوو که‌ ئه‌و له‌ناو یه‌کێتیش-دا هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ى ده‌وت که‌ ئه‌وانى دیکه‌ نه‌یانده‌وت یان نه‌ده‌وێران بیڵێن، نه‌ک له‌دواى جیابوونه‌وه‌ى له‌یه‌کێتى و له‌پێگه‌ى ئۆپۆزسیۆنبووندا ئه‌و نه‌فه‌س و زمانه‌ ره‌خنه‌ییه‌ى بووبێت..
بۆ من زۆر قورس بوو که‌ ئه‌وکاته‌ هێشتا ئه‌ندامى مه‌کته‌بى راگه‌یاندنى یه‌کێتى بووم، ئه‌و وتاره‌م له‌باره‌ى که‌سێتى و هه‌ڵوێسته‌کانى کاک نه‌وشیروانێک نووسى که‌ ئه‌وسا هه‌رچى که‌ناڵ و راگه‌یاندنکارى یه‌کێتییه‌ بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر کاک نه‌وشیروان و بزووتنه‌وه‌که‌ى ته‌رخانکرابوون، به‌ڵام وه‌ک به‌رگریکردن له‌راستیبه‌ک که‌ خه‌ریکبوو ده‌که‌وته‌ بن ته‌پوتۆزى شه‌ڕێکى بێ ماناى ئیعلامیه‌وه‌، نووسیم و بڵاومکرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش که‌ ئه‌وکاته‌ له‌ناو یه‌کێتی-دا قسه‌یه‌ک زۆر دووباره‌ ده‌کرایه‌وه‌ گوایه‌:"ده‌بوو کاک نه‌وشیروان که‌ له‌ناو یه‌کێتی-دا بوو ئه‌م ره‌خنانه‌ى بگرتایه‌ و کارى بۆ چاکسازى ناو یه‌کێتى بکردایه‌، نه‌ک بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و کار بۆ رووخاندنى ئه‌و ته‌لاره‌ بکات که‌ خۆى به‌کێک له‌دروستکه‌رانى بوو...". وه‌ک ئه‌وه‌ى کاک نه‌وشیروان ئه‌مه‌ى نه‌کردبێت، له‌کاتێکدا هه‌موو توانا و کۆشانێکى له‌ناو یه‌کێتى بۆ چاکسازى و راسته‌ڕێکردنى ته‌رخانکرد، به‌ڵام که‌ ته‌واو بێ ئومێد بوو و له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گه‌نده‌ڵکار و گه‌نده‌ڵخۆران گه‌له‌کۆمه‌کێیان لێکرد، ئینحا به‌ ناچارى له‌یه‌کێتى ده‌ستیله‌کارکێشایه‌وه‌ و کۆمپانیاى وشه‌ و دواتریش بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان-ى دامه‌زراند.
بۆیه‌ له‌یادى سێ ساڵه‌ى کۆچى دوایى ئه‌و هاوڕێ سه‌رکرده‌یه‌مان به‌پێویستمزانى که‌ پوخته‌ و به‌شێکى ئه‌و وتاره‌م بڵاوبکه‌مه‌وه‌ که‌ جگه‌ له‌باسکردنى زمانه‌ ره‌خنه‌ییه‌که‌ی، باسى ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ئازایه‌نه‌یشیم کردووه‌ که‌ له‌کاتى نووسینه‌وه‌ى یاساى کاتى به‌ڕێوه‌بردنى عیراق بۆ قۆناغى گواستنه‌وه‌ ( TAL)دا سه‌باره‌ت به‌پێداگرى له‌سه‌ر مافه‌کانى کورد له‌عیراقدا هه‌یبوو و داواى (عصیانى مه‌ده‌نی) کرد که‌ ئه‌مه‌ش (مام جه‌لال)ى زۆر تووڕه‌کرد. 

سیاسیه‌ قسه‌که‌ره‌که‌
رۆژى (6/1/2004)؛ که‌ سه‌رنووسه‌رى (کوردستانى نوێ) بووم، کاک نه‌وشیروان  وتارێکى خۆى بۆ ناردین، به‌ناونیشانى (کورد و ، قانونى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تى عیراق له‌ماوه‌ى گواستنه‌وه‌دا). رۆژى دواتر وتاره‌که‌یمان بڵاوکرده‌وه‌، به‌ڵام تووڕه‌یى مام جه‌لال و هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانى مه‌کته‌بى سیاسیى یه‌کێتى به‌دواى خۆیدا هێنا، چونکه‌ له‌وتاره‌که‌دا به‌ئاشکرا داواى (مقاوه‌مه‌تى سلبى و عصیانى مه‌ده‌نی) کردبوو و نووسیبووى ؛"ئێستا که‌ (قانون اداره‌ الدوله‌ العراقیه‌ للفتره‌ الانتقالیه‌) ئه‌نوسرێ،....،کاتى گوڵبارانى کاربه‌ده‌ستانى ئه‌مه‌ریکى و (موجامه‌له‌)ى هێزه‌ سیاسییه‌کانى عیراق به‌سه‌رچو. کاتى پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر چه‌سپاندنى مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانى کورد.....نابێ سه‌رکردایه‌تى کورد هیچ بیانووێک بۆ دواخستنى قبوڵ بکا و، ئه‌بێ سور بێ له‌سه‌ر چه‌سپاندنى مافه‌کانى خۆى و دانپیانانى هه‌رچى زوتریدا. ئه‌گه‌ر له‌مه‌دا، به‌ڕێگه‌ى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مه‌جلیسى حوکم و سوڵته‌ى ئیئتیلاف، نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام ئه‌بێ پێش ته‌واوکردنى نوسینى قانونه‌که‌ و، پێش کۆتایى مانگى شوبات رێگه‌یه‌کى تر بگرێ، ئه‌ویش رێگه‌ى (مقاوه‌مه‌ت و عصیانى مه‌ده‌نی)یه‌......".

مه‌به‌ستمه‌ بڵێم، نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ک ئێستا، ئه‌و کاتانه‌ى له‌ناو یه‌کێتیش بوو، به‌رده‌وام سیاسییه‌کى قسه‌که‌ر بووه‌ (به‌ماناى وتنى ئه‌وه‌ى ئه‌وانى دیکه‌ نه‌یانده‌وت)، قسه‌کانیشى ته‌نیا له‌ناو مه‌جلیسه‌کانى سیاسه‌تدا نه‌بووه‌، به‌ڵکو زۆر له‌بیروڕاکانى له‌رۆژنامه‌ و کتێبه‌کانیدا بڵاوکردۆته‌وه‌. ئیتر ره‌خنه‌کردنى به‌وه‌ى بۆ ئێستا وا ده‌ڵێ و بۆ پێشتر که‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بوو واى نه‌وت و واى نه‌کرد ؟! ره‌خنه‌یه‌کى ناته‌واو و بێ زه‌مینه‌یه‌. ئه‌و که‌ که‌سى دووه‌مى حزبێکى ده‌سه‌ڵاتدار بووبێت، ئاوا قسه‌ى کردبێ و گوێى به‌وه‌ نه‌دابێ کێ خۆشحاڵ و کێ-ش نیگه‌ران ده‌کات، ئاساییه‌ که‌ ئێستا سه‌رکرده‌ى ئۆپۆزسیۆنه‌ و چه‌ند مانگێکى که‌میش له‌به‌رده‌مدا ماوه‌ بۆ سێ هه‌ڵبژاردنى گرنگ، به‌و نه‌فه‌سه‌ قسه‌ بکات که‌ له‌وتاره‌که‌ى رۆژى (18)ى ئه‌م مانگه‌دا گوێمان لێى بوو.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار