وەفدی هەرێم لەبەغدا تەنیا یەك 700 ملیار دیناری دیكەیان گەرەنتی كردووە
11 مانگ لەمەوپێش
دلێر عەبدوڵڵا
بڕیارە ساڵی ئایندە كێشەو گرفتی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق كۆكن لەسەر ئەو پرسە، بەپێی زانیارییەكان حكومەتی عێراقی پرۆژە یاسایەك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران دەكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە شایستە داراییەكانی هەرێم دیاری بكرێت، پەرلەمانتارێكی عێراق رایگەیاند كە تاكە رێگەی چارەسەری كێشەو گرفتەكان، هەمواری یاسای بودجەیەو هەمووان هەوڵی ئەوە دەدەن ساڵی ئایندە كێشەی مووچە بنەبڕ بكەن.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەهەوڵی ئەوەدایە كە بۆ ساڵی ئایندە كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات و گرفتەكانی بەردەم دابینكردنی موچەی مانگانە نەهێڵێت، بۆ ئەوەش داواكاری پێشكەشی حكومەتی ناوەندی كردووەو لەڕێی فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە لەهەوڵی ئەوەدایە كۆدەنگی دروستبكات دەربارەی رەشنوسی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی نوێ، جگەلەوەش حكومەتی هەرێم دەیەوێت بابەتی مووچە لەململانێ سیاسییەكان دووربخاتەوەو بیكاتە بابەتێكی یاسایی و لەپشكی هەرێم جێگیری بكات.
لەئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی دابەشنەكردووەو داواكاری پێشكەشی بەغدا كردووە بۆ ناردنی 700 ملیار دینارەكە، بەڵام تائێستا وەڵامنەدراوەتەوە، ئەگەرچی رۆژی دووشەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم لەبەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی كۆبوونەوەو بەڵێنی ئەوەیان پێدرا لەكۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق قسە لەوبارەوە بكرێت و وەڵامی داواكەی حكومەتی هەرێم بدرێتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی كێشەی مووچەو ناردنی 700 ملیار دینارەكە نەكراوە.
یەكێك لەكێشە سەرەكیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا كە تائێستا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، پرسی نەوتە. ئەمەش وایكردووە حكومەتی ناوەندی نەتوانێت بەپێی خواستی هەرێم موچەو پشكی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لەوبارەیەوە سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی كۆمەڵی دادگەری بەهاوڵاتی وت: «بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم 250 هەزار بەرمیلە، عێراق نرخێكی بۆ دەرهێنانی نەوتی هەرێم داناوەو حكومەتی هەرێمیش نرخێكی زیاتر كەپێنج هێندەی ئەوەیە حكومەتی عێراق دەیداتە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت، بۆیە عێراق ناچێتە ژێرباری ئەمەوە، پێی وایە نەوتەكە نەڕوات یان دەرنەهێنرێت باشترە لەوەی ئەو كرێ زۆرە بدات، بەشێكی تری كێشەكان پەیوەندی بەیاسای ئیدارەی دارایی و قەرزی گشتییەوە هەیە كەساڵی 2019 دەرچووە، ئەوكاتە هەرێم زۆر گوێی پێنەداوە. پێی وابووە عێراق ناتوانێت ئەو یاسایە بەسەر هەرێمدا جێبەجێ بكات».
بەپێێ زانیارییەکانی هاوڵاتی زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار
سەرباری ئەم كێشە هەڵپەسێراوانە، حكومەتی عێراقی مانگانەو بەشێوەی قەرز بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێم دەكات بۆ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران، هەربۆیە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن و بۆ ساڵی ئایندە گرەنتی دابینكردنی موچە بكەن، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە بۆ ساڵی ئایندە چارەسەری كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت و بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا رێگاچارەی دەربازبوون لەم دۆخە تاوتوێ دەكەن.
ئەوەی هاوكارە لەتێپەڕاندنی ئەو دۆخەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی تێكەوتوە، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەیە بۆ ساڵی 2024 بەتایبەت ئەو بڕگانەی پەیوەستە بەدیاریكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، لەوبارەیەوە مستەفا گەرعاوی بەهاوڵاتی وت «كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەنها لەڕێگەی هەمواری یاسای بودجەوە دەكرێت، كەشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاری بكرێت».
بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، حكومەتی عێراقی لەڕێی داواكارییەكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەیەوێت پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات بۆ هەمواری یاسای بودجە، تا لەڕێیەوە موچەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و ئەو قەرزانەش كە لەساڵی 2023 بۆ دابینكردنی مووچە دراوەتە هەرێم، لەشایستە داراییەكاندا ببڕدرێت، لەوبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار لەگفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا بەهاوڵاتی وت: «پرۆژە یاساكەی حكومەتی عێراق لەساڵی نوێدا پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كەپشكی هەرێم بەپێی خەرجی كردەیی پارێزگاكان دابین بكرێت».
پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە كەداواكارییان پێشكەش بەسەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە بۆ ئەوەی موچەی سێ مانگی كۆتایی هەرێم رەوانە بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك لەوبارەیەوە نەدراوەو نەتوانراوە تەنانەت 700 ملیارەكەی مانگی ئەیلول دابین بكرێت كەبڕیاربوو پێش كۆتایی هاتنی ئەم مانگە رەوانەی هەرێم بكرێت.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكە بۆ هاوڵاتی، لەكۆبوونەوەی وەفدی هەرێم بەسەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سۆدانی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەفدی هەرێم داوای ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیكەیان كردووە لەمساڵدا بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەڵام سەرۆكوەزیرانی عێراق پێی وتوون ئەوە لەدەسەڵاتی ئەودا نییەو دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێبدات.
وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق جگە لەسێیەم گوژمەی 700 ملیارەكە ئاستەنگ بۆ هەر بڕە پارەیەكی دیكە دروستدەكات كە لەمساڵدا رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت.