ئەمساڵ هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناكاتەوە
یەک ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە بەردەوامن، بەڵام هێشتا بەهۆی گرێبەستە نەوتیەكانی هەرێمەوە نەگەیشتوونەتە ئەنجام، توركیاش لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بەزووترین كات هەناردەی نەوتی هەرێم لەخاكەكەیەوە دەستپێبكاتەوە بەهۆی ئەو قازانجەی دەیكات.
رۆژی 27-11-2023 وەفدێكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كردەوەو لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، هاوكات لەگەڵ سەردانی وەفدەكە باڵیۆزی توركیاش لەعێراق گەیشتە هەرێم و دەستی بەكۆبوونەوە كرد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، پرسی سەرەكییش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بوو.
لەدوایین سەردانیدا وەفدی هەرێم لەبەغدا كە (ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكرد، پێكهاتبوو لەهەریەكە لە (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانو (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانو (عەبدولحەكیم خەسرۆ) سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوونو (خالید هادی چاوشلی) راوێژكار لەئەنجومەنی وەزیران.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەم وەفدە بۆ سێ تەوەری سەرەكی چووەتە بەغداد كەئەوانیش پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هەمواركردنەوەی یاسای بودجەو پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستانن.
مانگی 11ی ئەمساڵ وەفدی عێراق بەسەرۆكایەتی وەزیری نەوت سەردانی هەولێری كرد بۆ تاووتوێكردنی پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە كە لە 25ی ئازاری رابردوەوە راوەستاوە، وەفدی حكومەتی عێراق لەهەولێر چەند پێشنیازێكی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت گەڵاڵەكردووە، بەڵام تائێستا بڕیار لەوبارەیەوە نەدراوە، بەوتەی ئەندامێکی وەفدەكە كەهاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە پرسی دەستكاریكردنی گرێبەستی كۆمپانیا بیانییەكانی كەرتی نەوتی هەرێم یەكێك لەبابەتە گرنگەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەیەوێت گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەهەرێم لەگرێبەستی «هاوبەشی لەبەرهەم»ەوە بگۆڕێت بۆ «هاوبەشی لەقازانج»، ئەمەش بابەتێكە كە كۆمپانیاكانی نەوت رەتیدەكەنەوە، بۆیە وەك سەرچاوەكە باسی دەكات دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كاتی دەوێت و پێویستە دانوستانی زیاتری لەبارەوە بكرێت.
وەك پشتڕاستكردنەوەیەك بۆ وتەی ئەو سەرچاوەیەی هاوڵاتی قسەی لەگەڵ كردووە، باسم محەمەد، بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەمیدیا عێراقیەكانی وتووە:» بەرپرسەكانی كەرتی نەوتی عێراق لەسەرەتای مانگی ئایندە لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان و بەرپرسانی كوردی عێراق كۆدەبنەوە، بڕیارە گفتوگۆی هەمواری گرێبەستەكان بكرێتەوە كە تیشك دەخاتەسەر دوایین هەوڵەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی باكور لەڕێگەی توركیاوە.
ئەو بەرپرسە عێراقییە ئەوەشی خستووەتەڕوو:» دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە لەمانگی ئازارەوە راگیراوە، پەیوەستە بەگفتوگۆكان لەسەر گرێبەستەكان كەگرێبەستی بەشداریكردنە لەبەرهەم و دەبێت بگۆڕدرێت بۆ مۆدێلی دابەشكردنی قازانج، لەكاتێكدا ئەگەر بگەینە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ گۆڕینی گرێبەستەكان ئەوە هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی توركیاوە دەستپێدەكاتەوە».
بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق پێشبینی دەكات لەگەڵ كۆمپانیاكان بگەنە رێككەوتن، دەشڵێت «كۆمپانیاكان خواستیان لەسەر بەردەوامیی كاركردن لەهەرێمی كوردستان بەبێ گرفت هەیە».
رۆژی 27-11-2023 عەلی رەزا گوینای باڵیۆزی توركیا لەعێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو سەرەتا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، دواتر مەسرور بارزانی رایگەیاند: هاوڕابووین لەسەر گرنگیی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لەزووترین كاتدا.
پاشانیش باڵیۆزی توركیا لەعێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، دواتر سەرۆكایەتی هەرێم رایگەیاند: دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كورستانیش، باڵیۆزی توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هەناردەكردنەوە دووپات كردەوە، دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی توركیای كردو ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەم مەبەستە ئێستا هەولێرو بەغدا خەریكی گفتوگۆی تەكنیكین.
مەسرور بارزانی رۆژێك دوای كۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی توركیا لەعێراق رایگەیاند: وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆمەڵێك لەو گرفتانەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی ماون، لەبەغدادن، بۆ ئەوەی بتوانن رێگەچارەی گونجاو بەتایبەتی بۆ بابەتی بودجەو دواكەوتنی موچەی خەڵكی هەرێم بدۆزنەوەو بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی.
وتیشی: بۆ بابەتی نەوتو غاز پێویستمان بەداڕشتنی یاسایەكی فیدراڵی پێشكەوتوو، لەسەر بنەمای دەستور هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین جارێكی تر مەسەلەی بەرهەمهێنانو هەناردەكردنی نەوت دەستپێبكەینەوە، ئەمە هەمووی دەبێت بەدەستكەوت، نەك تەنیا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی عێراق.
23 ی ئەم مانگە كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت، رایگەیاند:» لەڕووی تەكنیكیەوە كێشەیەكی وانییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم، بەڵام ئەوەی كێشەیە لەبودجەی عێراقدا هەشت هەزارو 690 دینار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت دیاریكراوە، كۆمپانیاكانی نەوت لەهەرێم ناتوانن بەو بڕە پارەیە نەوت بەرهەمبهێنن».
وتیشی:»بۆیە داوای زیادكردنی ئەو پارەیە كراوە تاكۆمپانیاكان بتوانن دەست بەبەرهەمهێنانی نەوت بكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی نەوتی عێراق داوای چەند داتایەكیان لەئێمە كردووە ئێمەش ئەو داواكاریەمان جێبەجێكردووە، چاوەڕوان دەكەین پێش سەرەتای مانگی 12 ی ئەمساڵ گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەستپێبكاتەوە».
بەوتەی وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای گرێبەستی كۆمپانیا نەوتیەكانیان لەهەرێم كردووە لەگەڵ زانیاری لەبارەی كێڵگەكانی نەوت لەهەرێم و ئەوەشیان رادەستكراوەو هیواخوازن تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە چارەسەر بكرێت.
كەمال محەمەد باس لەوەشدەكات «لە 25ی 6ی ئەمساڵەوە تائێستا بەردەوام 80 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی حكومەتی عێراق كراوە لەسەر ئەو بنەمایەش بڕێك پارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەقەرز بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە».
بەوتەی ئەو ئەندامەی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بەدوای «رێگەچارە»یەكدا دەگەڕێن، هاوكات باس لەوەشدەكات لەكۆبوونەوە لەگەڵ وەفدی هەرێم، وەفدەكەی عێراق تێبینی تەكنیكییان زۆربووە لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم، سەرچاوەكە بۆ هاوڵاتی ئاشكرایكرد داوایان لەمحەمەد شیاع سودانی كردووە شێوازی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتیی لەهەرێم گۆڕانكاری تێدا بكرێت.
مەسرور بارزانی لەدوایین راگەیەندراودا لەبارەی كۆبوونەوەكەی رۆژی 11-12-2023 لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:» ئەگەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم هەیە، وەفدی عێراق گەڕاوەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر پێشنیارەكان، كۆبوونەوەیەكی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق، ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەڕووی كاری تەكنیكی یان یاسایی، هەرچی ئەركی سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە جێبەجێ كراوە».
وتیشی:»لەقسەكردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش، ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لەسەر پێشنیارەكان بدەین، من ئومێدم زۆرە ئینشاڵا بگەینە ئەنجامێكی باشو وەڵامێكی باشیش بۆ خەڵك هەبێت، ئەگەری هەناردەكردنەوەی نەوت هەیە».
لەپێش كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و وەفدی هەرێم، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند:»هەنگاوی یەكەم دەبێت هەوڵی دووبارە وەبەرهێنانەوەی نەوت بدەین، پاشان لەهەنگاوی دووەم ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەگفتوگۆداین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی هێڵی عێراق- توركیا.
وتیشی:» بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم گفتوگۆو لێكتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی توركیا هەیە.
رۆژی دووشەممە 13-11-2023 دووەمین كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەڕۆژی دووەمی سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر بەڕێوەچوو.
لەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكان، وەفدەكەی عێراق سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كرد.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەپشتگیریی خۆی بۆ گفتوگۆو هەنگاوەكانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دووبارە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد وەستانی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیانێكی گەورەی بەداهاتی گشتیی عێراق گەیاندووە، بۆیە دەستپێكردنەوەی هەرچی زووتری ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كورستانی، بەگرنگ و پێویست زانی.
بەشێك لەمیدیا عێراقییەكان ئاشكرایانكردووە كە جگە لەكێشەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەوەیە توركیا مەرجی هەیە بۆ رێگەدان بەدەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهان، مەرجەكانیش یەكێكیان لێخۆشبوونە لەو سزا ماددیەی كەدادگای پاریس بەسەریدا سەپاندووەو بڕەكەی یەك ملیارو 500 ملیۆن دینارە، هاوكات مەرجێكی دیكەی ئەوەیە كەئەو نەوتەی پێیدەفرۆشن و نەوتی هەرێمە بەهەمان نرخی پێشوو بێت كە 19 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، لەبەرامبەردا عێراق بەوە رازی نییەو وەك فشارێك بۆ رازیكردنی توركیا باس لەنۆژەنكردنەوەی بۆری هەناردەی نەوتی نێوان عێراق- سوریا دەكات.
تا 25-3-2023 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەفەرمی رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی دەفرۆشت، كە لەمانگێكدا دەكاتە زیاتر لە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت، ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێك نەوت 72 دۆلار هەژمار بكرێت ئەوا لەمانگێكدا كردوویەتیە سەروو یەك ملیار دۆلاری مانگانە.
زانیاریەكانی هاوڵاتی ئەوە دەردەخات، زۆرترین تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەعێراق گەیشتووەتە نزیكەی شەش دۆلار بۆ بەرمیلێك، بەڵام لەهەندێك ناوچەی هەرێم بەخەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەش هەندێك جار گەیشتووەتە سەروو 30 دۆلار، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەك سەرچاوەیەك لەوەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەهاوڵاتی وت: تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێم لەهەندێك ناوچە زیاتر دەبێت لەعێراق ئەگەر كۆمپانیای سۆمۆی عێراقیش سەرپەرشتی بكات، ئەو زانیارییانە لەكاتێكدایە پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ئەوەی ئاشكراكردبوو كەتێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم سێ هێندەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی عێراقە.
هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ـی ئاداری 2023ەوە لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی لەپاریس لەئەنجامی سكاڵایەكی عێراق لەدژی توركیا راگیراوە.