جارێکی تر ئاگری جەنگ سوریا دەگرێتەوە

جارێکی تر جەنگ لە سوریا هەڵدەگیرسێت

4 كاتژمێر لەمەوپێش



ئێران  ئەم جەنگە بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەقەڵەم دەدات

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانی، شەڕ و پێکدادانەکان لە سوریا دەستیپێ کردەوە، ئەوەش دوای چەند ساڵێک لە ئاگربەستی ناچاری و رانەگەنراو لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ئەو وڵاتە، بە تایبەت، دوای ئەوەی چەکدارەکانی بەرەی نوسرە و تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی هێرشیان کردە سەر شارەکانی حەلەب و ئیدلیب، سوپای سوریاش دەڵێت لانی کەم ٤٠٠ چەکداریان کوشتووە، چەکدارانی تەحریر شامیش ئاماژە بەوە ئەکەن رێگەی سەرەکی نێوان حەلەب دیمەشقیان کۆنترۆڵ کردووە لەگەڵ نزیکەی ٦٠ گوند و چەکدارەکانیان چونەتە ناو نزیکەی نیوەی گەڕەکەکانی شاری حەلەبەوە.

دەستپێکرنەوەی شەڕ و پێکدادانەکانیش راستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر ناوچە کوردیەکان دەبێت، لەوبارەیەوە فەرهاد شامی بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت: هەرچییەک ڕووبدات، ئێمە ئەولەویەتێکی نیشتمانی و ئەخلاقیمان هەیە، ئەویش پاراستنی گەلەکەمان و ناوچەکانمانە، بۆیە بەپێی پێویستی پاراستنی گەلەکەمان دەستوەردان دەکەین.

هاوکات جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی روسیا لە سوریا ئۆلیگ ئاکناسیوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند: لە هێرشەکەی چەکدارانی بەرەی نوسرە بۆ سەر ئەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سوریادان لانی کەم ٤٠٠ چەکدار بە هاوکاری هێزی ئاسمانی روسیا کوژراون.

لە بەربەرچدانەوەی ئەم هێرشە نوێیەی چەکدانی تەحریر شام هێزی ئاسمانی روسیا رۆڵی سەرەکی هەبووە و دەستبەجێ فرۆکە جەنگییەکانی بۆردومانی بەرفراوانی میلشیاکانی کردووە، پێدەچێت مۆسکۆ رێگە نەدات سوریا ببێتەوە بە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان.

بەپێی زانیارییەکانیش لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا چەکدارەکانی بەرەی نوسرە ١٣ هێرشیان کردۆتە سەر سوپای سوریا ١٢ هێرشیان بۆ سەر شاری ئیدلیب و هێرشێکیش بۆ سەر شاری حەلەب بووە و لەو هێرشانەدا چەکدارەکانی بەرەی نوسرە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

لای خۆیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقایی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا دەڵێت: هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ریفی حەلەب و ئیدلیب پێشێلکردنی رێکەوتنی ئاستانەیە، و هەرجۆرە دواکەوتنێکیش لە بەرەنگاربوونەوەیان ناوچەکە دوچاری خولێکی نوێی شەڕ و پێکدادان و ناسەقامگیری دەکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند: ئەو پەلامارە نوێیە بەشێکە لە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.

هاوکات مەرسەدی سوری دەڵێت چەکدارەکانی تەحریر شام و گروپە چەکدارەکان بە ئامانجی فراوانکردنی ناوچەی دەسەڵاتیان هێرشی فراوانیان دەستپێکردووە و چەندین گوندیان لە دەوروبەری شارەکانی ئیدلیب و حەلەب کۆنتڕۆڵ کردووە، بە گوتەی خۆشیان مەبەستیانە ئامادەکاری بکەن بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ ناوچەکانیان.

هاووڵاتییانی شارەکانی حەلەب و ئیدلیبیش مەترسی ئەوەیان هەیە، جارێکی تر شەڕەکە فراوانتر بێت و هاوشێوەی جەنگی نێوخۆیی ساڵی 2011 ببێتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەسی دیکە.

دوای نزیکەی ١٣ ساڵ لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا و کوژرانی نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان، ئێستا ئەو وڵاتە دابەشبووە بەسەر چوار بەشدا بەشێکی وڵات لە لایەن کوردەوە حوکمڕانی دەکرێت بەشێکی تریشی لەلایەن هێزە جیهادییەکان و بەشێکیش لەلایەن ئەو چەکدارانەوە کۆنترۆڵ کراوە کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، بەڵام تا ئێستاش نزیکەی لەسەدا ٧٠ی وڵات لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دایە کە لەلایەن روسیا و ئێران پشتیوانی تەواوی لێ دەکرێت.

هاوکات سەرچاوەیەکی سەربازی سوپای سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە روسیا بەڵێنی پێداون هاوکاری زیاتری سەربازی پێشکەش بە سوپای سوریا بکات و رێگە نەدات شاری حەلەب بکەوێتە دەست ئەو چەکدارانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن.

سەرهەڵدانەوەی شەڕ و پێکدادانەکانیش لە سوریا بە تایبەت لە هەردوو شاری حەلەب و ئیدلب هاوکاتە لە گەڵ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان ئەوەش بەروونی دیارە دەستی دەرەکی لە پشت دەستپێکردنەوەی جەنگەکەن، ئێرانیش کە قوتبێکی روداوەکانی ناو سوریایە ئەو شەڕە بە پیلانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناودەبات، سەرچاوەکانی هەواڵیش باس لەوە دەکەن کە تورکیا دەستی سەرەکی هەیە لە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان و مەبەستی بەهێزبوونی زیاتری پێگەی خۆیەتی بۆ ئەگەری هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار