چی لەبارەی حکومەتی نوێی سووریاوە دەزانیت؟

ئایا میکانیزمی پێکهێنانی ئەو حکومەتە چیبوو؟

17 كاتژمێر لەمەوپێش



ئایا پێوەری پیشەیی بەهەند وەرگیراوە یان پابەندبوون بەحزب و نزیکی لە بەرپرسە باڵاکان؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

لەگەڵ رووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، دەسەڵاتی نوێی سووریا دەستی کرد بە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ وڵات و لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، محەمەد بەشیر راسپێردرا کابینەی حکومەتی کاتی سوریا پێکبهێنێت.

محەمەد بەشیریش بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتە کاتییەکە زۆرینەی لەو کەسایەتیانەی دیاریکردووە کە بەشدار و بەرپرس بوون لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی کە پێشتر لە ئیدلیب لەسەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد پێکیانهێنابوو.

تا ئێستاش میکانیزمی دیاریکردنی کەسایەتییەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیر لە حکومەتی کاتی سووریا روون نییە، کەپێشتر لە ئیدلیب لەلایەن ئەنجومەنێک بە ناوی ئەنجومەنی شوراوە وەزیرەکان دیاری دەکران، بەڵام لەم حکومەتە نوێیەدا تەنها بە راوێژ لەگەڵ ئەحمەد شەرع یان بە بریاری راستەوخۆی خۆی دەستنیشان کراون.

زۆرینەی وەزیرەکانیش پێشینەی ئیسلامییان هەیە و فەرماندەی جەنگ بوون کەبریتین لە:

محەمەد بەشیر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەسەردەمی ئەسەد لە کارگەی غاز کاریکردووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کارەبا و سەرۆکی حکومەتی رزگاری نیشتمانی بووە لە ئیدلیب.

ماهر شەرع برای ئەحمەد شەرع بۆ پۆستی وەزیری تەندروستی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە پزیشکی ژنان و راوێژکاری وەزارەتی تەندروستی بوو لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی لە ئیدلیب.

ئەسعەد شیبانی ناسراو بە " ئەبو عائیشە" بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە کە وتەبێژی پێشووی بەرەی نوسرەبوو، ئەسعەد خەڵکی گوندی " ئەبو راسین" ە لە شاری حەسەکە و دەشگوترێت کوردە، بەڵام کوردبوونەکەی هاوشێوەی کوردبوونەکەی تەها یاسین رەمەزانە.

 

مورهیف ئەبو قەسرە بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، کە پێشتر فەرماندەیەکی سەربازی دەستەی تەحریر شام بوو، لە سەردەمی رژێمی ئەسەد لەبواری ئەندازیاری کشتوکاڵ خوێندویەتی.

محەمەد عەبدولرەحمان بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، پێشتر فەرماندەی سوپای فەتح بووە و بواری سەربازی لە زانکۆی حومس تەواوکردووە.

شادی  محەمەد ئەلویسی بۆ پۆستی وەزیری داد، پێستر مامۆستای پەروەردەی ئیسلامی بووە و دواتر بۆتە ئیمام و وتاربێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری حەلەب.

عائیشە دبس بۆ پۆستی بەرێوەبەری نوسینگەی کاروباری ژنان، عائیشە تاکە ژنی کابینەکەی محەمەد بەشیرە و پێشتر لە بواری مافی ژنان کاریکردووە.

محەمەد یەعقوب عومەر بۆ پۆستی وەزیری راگەیاندن، پێشتر ئاژانسی هەواڵی شام" ی دامەزراندوە و بەکالۆریۆسی لە زانستی سیاسیدا هەیە.

فادی قاسم بۆ پۆستی وەزیری ئاوەدانکردنەوە، پسپۆڕیی لە بواری کیمیا هەیە و پێشتر بەرێوەبەری کاروباری مرۆیی بوو لە ئیدلیب.

محەمەد سەلیم بۆ پۆستی وەزیری ژینگە، بڕوانەمەی لە بواری ئەندازیاری میکانیک هەیە و پێشتر ئەمینداری گشتی وەزارەتی ئەوقاف بووە لە ئیدلیب.

حوسام حاج حسین بۆ پۆستی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێشتر سەرۆکی نوسینگەی کاروباری مزگەوتەکان بوو لە حکومەتی رزگاری نیشتمانی.

عەبدولمونعیم عەبدولحافز بۆ پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کە لە رووی تەمەنەوە لە هەموویان گەورەترە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە.

نزیر محەمەد قادری بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە پێشتر مامۆستای زمانی عەرەبی بووە و ماوەی دە ساڵ لەسەر چالاکی سیاسی لەسەردەمی بەشار ئەسەد زیندانی کراوە.

ئەم حکومەتە کاتیەی کە لە دیمەشق پێکهێنراوە ناتوانێت نوێنەرایەتی پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی سووریا بکات و رووبەرووی ئەرکێکی زۆر قورس دەبێتەوە کە وڵاتێکی وێران و ئابوریەکی داتەپیوی بۆ بەجێماوە و دەستوەردانە دەرەکی و نێودەوڵەتیەکانیش هێندەی تر ئەرکی قورستر دەکات، لە کاتێکدا گەلی سوریا چاوەرێی دەسەڵاتێک دەکات کۆتایی بە ئێشوئازارەکانی رابردووی بهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار