ئایا گۆڕانکارییەکانی سووریا ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکەدا زیندوو دەکاتەوە؟
ئایا ئەحمەد شەرع هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە سووریادا دووبارە دەکاتەوە؟
3 ڕۆژ لەمەوپێش
گۆڕانکاریەکانی سووریا و کاریگەری لەسەر ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کودستان چی دەبێت؟
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
لەدوای گۆڕانکارییەکانی سووریا و گرتنە دەستی جڵەوی حکومڕانی لەلایەن حزبە ئیسلامییەکانەوە، بە تایبەت دەستەی تەحریر شام کە پێشتر بەرەی نوسرەبوو، بەرپرسانی ئەمریکای ناچارکردووە بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشقدا بکەن و هەمان هەڵەی ئەفغانستان لە ساڵی 2021 دا، دووبارە نەکەنەوە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا دەڵێت: لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئەمریکا هەڵسوکەوت لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریادا دەکەن، لە هەمانکاتدا ئەو ئێش و ئازارەیان لەبیرە کە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ کۆشکی دەسەڵات لە ئەفغانستان دوچاریان بوو.
ئەو رۆژنامەیە لەزاری شارەزایانی سیاسی ئەمریکاوە دەڵێت: پێویستە تاڵیبان ببێتە وانەیەک بۆ ئەمریکا تا بە ئاگاییەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ سوریادا بکات و چالاکانە لەو وڵاتەدا بوونی هەبێت.
هەر لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە بەرپرسانی ئەمریکا مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەحمەد شەرع گوتە و لێدوانە میانڕەوەکانی ئێستای نەگۆڕێت بە کردار و هاوشێوەی تاڵیبان هەڵسوکەوت بکات لە کاتی کۆنترۆڵکردنی جومگەکانی دەسەڵات و حوکمێکی ئیسلامی توندڕەو لە سووریادا بسەپێنێ، وەک چۆن تاڵیبان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان کۆتوبەندی زۆریان سەپاند و تەواوی قوتابخانەکانی کچانیان داخست و مۆسیقایان قەدەغە کرد و پێشێلی مافی کەمینەکانیان کرد و رێگەیان نەدەدا ژنان بچنە زۆرینەی شوێنە گشتییەکان.
لەوبارەیەوە ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتەیەکیدا لەبەردەم ئەنجومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوە وتی: وانەیەکمان لەبەردەمدایە ئەویش ئەو رووە میانڕەوەبوو کە تاڵیبان پێشتر دەریخست تا دەستی گەیشتە دەسەڵات لە ئەفغانستان بەڵام دواتر رووی راستەقینەی بەدەرکەوت بەوهۆیەشەوە تا ئێستا ئەو وڵاتە کەنارگیرکراوە لەسەر ئاستی جیهان.
هەربۆیە ئەوەی بەدیدەکرێت تا ئێستا ئەمریکا دەستەی تەحریر شامی لە لیستی تیرۆر دەرنەکردووە و بە وردی چاودێری هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی نوێ دەکات و ئەو سزایانەشی هەڵنەوەشاندۆتەوە کە بەسەر سووریادا سەپاندویەتی.
لە دوای گۆڕانکارییەکانیش لە سووریا، ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی دەستەی تەحریر شام لە دیمەشق بە دەستکەوت و سەرکەوتنی خۆیان دەزانن و هەندێکیان بە شانازییەوە دەڵێن پێشتر پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەبووە و بەشێوەیەکی ناراستەوخۆش خوازیارن کە شۆرشە ئیسلامییەکەی سووریا ناوچەکە و وڵاتانی تریش بگرێتەوە و پەلبکێشێت بۆ دەرەوەی سنووری سووریا.
لە ناوەندە عەرەبییەکانیش مەترسی ئەوە بەدیدەکرێت کە گۆڕینی دەسەڵات لە سووریا هاوشێوەی بەهاری عەرەبی بێت و شەپۆلی ئیسلامی سیاسی زیندوو بکاتەوە و جارێکی تر روو لە وڵاتانی عەرەبی بکەن، ئەوەی کە جێگای سەرنجە ئەوەیە؛ ئایا ئەمریکا رێگە بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی توندڕەو لە سووریادا دەدات کە سنوری بە ئیسرائیلەوەیە؟ یان هەمان چارەنووسی دەسەڵاتی ئیخوانەکان لە میسر چاوەرێیان دەکات کە دەسەڵاتیان لێسەندرایەوە و زۆرینەی سەرکردەکانی لە زیندانەکانی میسردا گیانیان لەدەستدا و ماوەی دەسەڵاتیشیان بووە وانەیەک بۆ گەلی میسر، تا جارێکی دیکە رێگە بە دەسەڵاتی لەو جۆرە لە وڵاتەکەیان نەدەن و بۆ هەتا هەتایە سەرهەڵدان و زیندووبونەوەیان لە میسر مەحاڵ بێت.