میلیشیا چه‌كداره‌كان، بونه‌ته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆسه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق.

هه‌ردوو گروپی "ئه‌نسار الله ئه‌وفیاء" و "نوجه‌با" هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

19 كاتژمێر لەمەوپێش



سەر‌باری فشاره‌كان، عێراق ده‌ڵێت گوێبیستی هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نه‌بووین له‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

له‌گه‌ڵ چڕبوونه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ و پاشه‌كشه‌ی ئێران و رووسیا له‌ سووریا و باڵاده‌ستنبوونی زیاتری ئه‌مریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست‌، چاوه‌روانده‌كرێت عێراق ببێته‌ گۆڕه‌پانێكی تری كێبركێ و سه‌پاندنی هه‌ژموونی زیاتری ئه‌مریكا و هه‌وڵدان بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئێران و میلیشیا چه‌كداره‌كانی و بێهێزبوونیان له‌ناو كایه‌ی‌ سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی عێراقدا.

سه‌باری هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ خۆبه‌دورگرتنی له‌ كێشمه‌كێشه‌كان و ئاڵۆزی زیاتر، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ میلیشا چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران قایل بكات تا خۆیان هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، یان به‌رگێكی یاسایی بكات به‌به‌ریاندا و له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌ فه‌رمییه‌كانی تری عێراق له‌ناو وه‌زره‌ته‌كانی به‌رگری یان ناوخۆدا ڕێكیان بخات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ دوای چه‌ند مانگێك له‌ بێده‌نگی و ڕاگرتنی چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ تایبه‌ت بۆ سه‌ر بنكه‌ی سه‌ربازی "عین ئه‌سه‌د" و هه‌روه‌ها هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ئیسرائیل، گروپی چه‌كداری بزوتنه‌وه‌ی "ئه‌نسارالله ئه‌وفیاء" چووه‌ پاڵ میلیشیای "نوجه‌با" و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و چه‌كدانان ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكاش له‌ عێراق وه‌ك پاساوێك به‌كارده‌هێنێت بۆ درێژه‌دان به‌ چالاكییەكانیان.

پێشتر گروپی چه‌كداری "نوجه‌با" به ‌سه‌رۆكایه‌تی "ئه‌كره‌م كه‌عبی" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موو جۆره‌ چالاكییه‌كی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئیسرائیل ڕاگرتووە، چه‌كدانان و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وەی‌ ره‌تکرده‌وه‌، له‌ نوێترین پێشهاتیشدا بزوتنه‌وه‌ی " ئه‌نسار الله ئه‌وفیاء" چونه‌ پاڵیان، لای خۆیه‌وه‌ "عه‌لی فه‌تلاوی" یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێت: "قسه‌كردن له‌باره‌ی چه‌كدانانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان و قبوڵكردنی خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ ته‌نها خه‌ونێكه‌ و هه‌رگیز به‌دینایه‌ت، له‌سایه‌ی مانه‌وه‌ی هێزی داگیركه‌ری ئه‌مریكا له‌ وڵاتدا".

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ڕۆژنامه‌ی "ئیندیپێندتی" به‌ریتانی ده‌ڵێت: دۆنالد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای له‌ هه‌ریه‌ك له‌ (سی ئای ئه‌ی) و (پنتاگۆن) كردووه‌ كار بۆ داڕشتنه‌وه‌ی عێراقێكی نوێ و جیاواز بكه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌غدا شكستیهێنا له ‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ كوشتنی سه‌ربازانی ئه‌مریكی و هێرشكردنه‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا.

هاوكات فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، پێچه‌وانه‌ی زانیارییه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ رایگه‌یاندووه‌، تا ئێستا وڵاته‌كه‌ی گوێبیستی هیچ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك نه‌بووه‌ له‌ ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكاوە، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشبینیش ده‌كات هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌سایه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌و وڵاته‌دا به‌سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌.

له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌ تایبه‌ت دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق، میلیشیا چه‌كداره‌كان كه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كی زۆریان له‌به‌رده‌ستایه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ سەر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و سیاسه‌ت و ئەجێندای ئێران له‌ ناو عێراق و ناوچه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ دوا سه‌نگه‌ر و به‌ربه‌ست و قه‌ڵای ئێران هه‌ژمارده‌كرێن و چاوه‌روان ده‌كرێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا پلان بۆ لاوازكردن و وه‌ده‌رنانیان له‌ عێراق دابڕێژێت.‌

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار