كامپی مەخمور، ئاوارەییەكی پڕ لەژان

12 كاتژمێر لەمەوپێش



 

🔻  حكومەتی هەرێم مافی مانەوەیان ناداتێ‌، رێگەی هاتنیان نادات
🔻  سێ‌ لەبەڕێوبەرانی كامپی مەخمور لەبەغدا دەستگیركراون
🔻 دوو مانگە حكومەتی عیراق هەموو مامەڵەیەكی لەگەڵ كامپی مەخمور راگرتووە
🔻 1200 منداڵ هیچ تۆمارو بەڵگەنامەیەكی رەسمییان نییە
🔻 زیاتر لە هەزار نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەهیچ شوێنێك هاوكاریی چارەسەر ناكرێن
🔻 پێشتر لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە دەپارێزرا، ئێستا لەلایەن پۆلیس و سەربازی عیراقیی
🔻 هەزاران منداڵی كامپەكە بێ خوێندن ماونەتەوەو هیچ بەڵگەنامەیەكیان نییە
🔻 هیچ تۆمارێكی رەسمیی لەبارەی لەدایكبوان و خێزانداریی و مردووانی كەمپەكە بەردەست نییە
.

✍️ سەرتیپ جەوهەر

زیاتر لە 30 ساڵە هەموو بەیانییەك بەئومێدی گەڕانەوە رۆژ دەكەنەوە، 30 ساڵە لەگەڵ هەموو خۆرئاوابونێك چاو لەڕێگەی گەڕانەوەن، هەموو ئێوارەیەك ئومێدی دیدارێكی نیشتیمان بەدیار روو لەنیشتیمان رادەمێنن. هەندێكیان خەمی دوریی و غوربەت پیری كردن و لێرە سەریان نایەوە، هەندێكیشیان لەدووریە لەدایكبون و بەڵام نە زەوی لەخۆیان دەگرێت و نەئاسمان! لەم ئاوارەیی و غەریبیە بێ‌ ناونیشان ژیان بەسەر دەبەن! ئەمانە، خەیاڵی گەڕانەوە بۆ زێدی باپیرانیان كردووە بەسرودو گۆرانیی و لەگەڵ گزنگی دەم بەیان تا ئاوابوونی خۆرەتاو بەردەوام دەیڵێنەوە.

لە 1994 سیاسەتی سەركوتكردن و راگوێزان و ستەمكاریی رژیمی ئەوكاتەی توركیا، زیاتر لە 10 هەزار كوردی باكوری ئاواری هەرێمی كوردستان كرد، سەرەتا لە نزیك دهۆك لەناوچەی ئەتروش لەژێر خێوەت چادرگە لەژیانێكی پڕ مەرگەسات نیشتەجێكران. دوای ماوەیەكی كورت گوێزرانەوە بۆ نزیك شێخان. لەوێش بەرۆكیان بەرنەدان و جارێكی دیكە بەكۆمەڵ لەساڵی 1998 وەك ئەوەی رۆژی حەشربێت خرانە پشتی بارهەڵگرو بەقافڵە بەرەو مەخمور راگوێزران. لەدەشتێكی كاكی بەكاكی و وشك، بێ‌ ئاو و ئاوەدانیی جێیانهێشتن تا چەند مانگێك جگە لەزەوییەكی رووت و ئاسمانێكی بێ‌ هەور شتێكی دیكەیان لێ‌ دیار نەبوو. لەو دەشتاییە بەبێ‌ ئاو و نان، بێ‌ لانەو بەرگ نەمرو نەژی ژیانیان دەستپێكردەوە. تا 2003 سەرباری خراپی بژێوی ژیان، هاوكات لەژێر بارێكی ئەمنی زۆر توندی دامودەزگا ئەمنییەكانی بەعس دا بوون. ئەوەی لەرۆژی ئاوارەبوون تەمەنی یەك رۆژ بووبێت، ئەمڕۆ تەمەنی 31 ساڵەو وڵاتی خۆی و زێدی باپیرانی خۆی نەبینیوە.

لەهەولێرەوە 68 كیلۆمەتر بەرەو باشور بەتەنیشت شاری مەخمورەوە شارێكی دیكە دەبینی كە لەقەبارەو ژمارەی دانیشتوان لەمەخمور كەمترو بچوكتر نەبێت. ئەو لەمیدیای كوردستان پێی دەڵێن كامپی ئاوارەكانی مەخمور، بەڵام لەمیدیای نزیك پەكەكە پێی دەگوترێت كامپی شەهید جودی. ژمارەی ئێستای دانیشتوانی كەمپەكە لەنێوان 12 بۆ 13 هەزار كەس دەبێت.
هەرچەندە كەمپی مەخمور خەریكە تێكەڵ بەشارەكە ببێت، بەڵام ئەوەی كەمپەكە لەناوەندی قەزاكە جیادەكاتەوە بوونی ئەو هەموو سەوزایی و دارەرو درەختەیە كە لەكەمپەكە هەیە، ئەمەش پەیوەندی بەكلتوری ژیانی خەڵكەكەوە هەیە، هاوكات شێوەی دابەشبونی كۆڵانەكان و ئاوەڕۆو شارەداری كەمپەكە زۆر جیاوازە لە شارەوانیی مەخمور، ئەمەش جیاوازیی كەمپەكەیە لەگەڵ ناوەندی قەزای مەخمور دەردەخات.

تا 2011  ئاژانسەكانی سەربەنەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوە بیانییەكان هاوكاری كامپەكەیان دەكرد، دواتر ئەو یارمەتیان بەتەواوی نەما، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ماوەیەك هاوكارییەكی كەمی بۆ پەروەردەو تەندروستیی و بڕێك پارەی مانگانە شتێكی دیكەی بۆ دابینندەكردن. پێشتر نزیكەی 300 فەرمانبەرو مامۆستای كامپ بەگرێبەست لەسەر میلاكی پەروەردەو تەندروستی هەرێم دامەزرابوون و مانگانە 300 بۆ 400 هەزاریان وەردەگرت، بەڵام لەدوای 2014 و بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی و زۆربەیان دەستبەرداری كاركردن بوون. پێشتر مانگانە نزیكەی 15 ملیۆن دینار بۆ شارەوانیی و پاككردنەوەی كامپ لەلایەن حكومەتی هەرێم دابیندەكرا، بەڵام ئێستا كەمكراوەتەوە بۆ نزیكەی 5 ملیۆن دینار، ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەك پێشكەشی ئەو كامپە ناكات.

لەدوو قۆناغی جیاواز دانیشتوانی كەمپی مەخمور رۆڵی زۆر گرنگیان بینیوە، یەكەمیان لە راپەڕینی بەهاری 2003 لەرۆژانی رووخانی رژێمی سەدام بەشدارییەكی چالاكانەیان كرد لەرزگاركردنی شاری مەخمورو دەوروبەریی،  لەشوێن بەر لەگەیشتنی هێزی پێشمەرگە ئەوان دامودەزگاكانی رژێمی بەعسیان ئازادكرد. هاوكات لەرۆژانی هاتنی داعش لە بەهاری 2016 بۆ داگیركردنی مەخمور بەرگرییەكی كەم وێنەیان كردو رۆژانی رزگاركردنیشی لەدەست ئەو گروپە دیسان رۆڵێكی زۆر دیاریان گێڕا، چەند شەهیدو بریندارێكیشیان پێشكەشكرد.

بێگومان گرفتەكانی كەمپی ئاوارەكانی مەخمور زۆرە، دەكرێت بەمشێوەیە بیخەینە روو:
• گرفتی مافی مانەوەو كاركردن:
گرفتی مافی مانەوەو كاركردن یەكێكە لەگرفتە هەرە سەرەكییەكانی دانیشتوانی كامپەكە، هۆكاری زۆربەی كێشەكانی دیكەیانە. لە 2011 حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئاژانسی UNHCR ی سەربەنەتەوە یەكگرتوەكان و بەئاگاداری بەغدا سەرژمێری كەمپەكە كراو مافی مانەوە(ئیقامە)ی 3 ساڵ درا تەواوی خەڵكەكە، بەڵام لە كۆتایی 2014 كۆتایی هات. دواتر دووجاری دیكە مافی مانەوەیان بۆ درێژكراوەتەوە، بەڵام چەند ساڵێكە فشاری سەر كامپەكە زۆر زیاتر بووە. لەدوای هاتنی داعش، ئاژانسی كاروباری پەنابەرانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان UNHCR  كەتایبەتە بەپەنابەران لەسەرتاسەری جیهان لەژێر فشاری توركیا هەموو هاوكاریی و هەماهەنگییەك و هاوكارییەكی لەگەڵ كامپەكە راگرت و ئەو نوسینگەیەی لەوێ‌ هەیانبوو هەڵیانگرت و هیچ حكومەت و ئاژانسێكی مرۆییش هاوكاری كامپەكە ناكات. ماوەیەك بوو حكومەتی عیراق مانگانە هەندێك خۆراكی پێشكەشی كامپەكە دەكرد، ئەویش دەمێكە نەماوە.

سێ‌ ساڵە مافی مانەوەیان پێنادرێت تابتوانن هاتووچۆی شارەكانی دیكەی عیراق بكەن و كاربكەن. هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگەیان نادات بێنە هەولێرو شارەكانی دیكە. ئەوانەیشی لەهەولێربوون بۆ كاركردن هەموویان یان خۆیان هاتنەوە یاخود دەستگیركران و گەڕێنرانەوە كامپەكە. پێشتر بەڕێگەی كەركوك گەنجەكانیان دەچوونە سلێمانیی بۆ كاركردن، بەڵام ماوەیەكە ئەو رێگەیەشیان لێ داخراوەو ناتوانن بچنە سلێمانیش.

بەپێی زانیاریی لە 10ی نیسانی 2025، واتە بەر لە دوو مانگ حكومەتی عیراق هەموو كارو مامەڵەیەكی لەگەڵ دانیشتوانیی كامپەكە راگرتووەو ئێستا خەڵكەكە لەدۆخێكی ئێجگار خراپی مرۆیین. چونكە لەلایەك گەنجەكانیان ناتوانن لەهیچ شوێنێكی عیراق كاربكەن و بژێویی پەیدا بكەن. 

ئێستا دانیشتوانی كامپەكە هیچ بەڵگەیەكی رەسمیی دانپێدانراویان نییە تابتوانن لەكامپەكە بێنە دەرەوە یان كاری پێبكەن، هەندێجار گەنجەكانیان بەقاچاخ و دەچنە شارەكانی دیكەی عیراق، بەڵام زۆرجار لەبازگەكان دەستگیردەكرێن و بەقسەی خۆیان مامەڵەی نامرۆییانەو زۆر نەشیاویان لەگەڵ دەكرێت و دوای هێشتنەوەیان لەبەندیخانەكان بۆ ماوەیەك دەگەڕێنرێنەوە بۆ كامپەكە.

یەكێكی دیكە لەگرفتە سەرەكییەكانی پەیوەست بەمافی مانەوە، تۆماركردنی نەوەی نوێی دانیشتوانی كامپەكەیە كە ماوەی زیاتر لە 31 ساڵە لەخاكی عیراقن. واتە ئەو منداڵانەی تازە لەدایكدەبن نەك مافی مانەوەیان نییە، بەڵكو خاوەنی هیچ ناسنامەو دیكۆمێنتێكی رەسمیی نین. بەپێی قسەی سەرچاوەیەك لەكامپەكە ئێستا 1200 منداڵی كامپەكە هیچ بەڵگەنامەیەك یان پەڕاوێكی رەسمیی لەعیراق نییەو مافی هیچ شتێكی نییە. هاوكات پرسێكی دیكە گرێدراوە بەنەبوونی هیچ دیكۆمێنتێك ئەویش مامەڵەی رەسمیی كاروباری مەدەنییە بۆنمونە پرسی ژنهێنان و مارەبڕینی گەنجانی كامپەكەیە. ئەوانەی ژن دەهێنن یان مارەدەكرێن، ئەوان هەوڵیانداوە بەپێی نەریت و دەستوری عیراق ئەو كارەبكەن و خۆیان تۆماربكەن، بەڵام هیچ بەڵگەنامەیەكی رەسمیی و هیچ تۆمارێكیان نییە.

بەمانایەكی دیكە هیچ تۆمارێكی رەسمیی لەبارەی لەدایكبوان و خێزانداریی و مردووانی كەمپەكە بەردەست نییە، ئێستا خەڵكی كەمپەكە لەهەموو مافێكی ژیان بێبەشن و هیچ ناونیشانێكیان نییە!

بەر لەچەند هەفتەیەك سێ‌ لەبەڕێوبەرانی سەر بەدانیشتوانیی كامپەكە سەردانی بەغدایانكرد بۆ چارەسەری ئەو گرفتانەی رووبەرووی دەبنەوە، لەڕێی پەیوەندی تایبەت چەند كاربەدەستێكی عیراقیان بینی، بەڵام لەڕێگەی گەڕانەوەیان لەلایەن پۆلیسی عیراقەوە دەستگیركران و تائێستاش لەزیندانن، ئەوانیش:
بێوار ئەمین، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی كامپا.
ئەحمەد شەهباز نێرەوهی، هاوسەرۆكی ئەنجومەنی كامپ 
ئەدبان (عدبان) عەبدوڵلا یەڵماز؛ هاوسیەرۆكی شارەوانیی كامپ
• پاراستنی كامپەكە:

پێشتر ئەو كامپە لەلایەن ژمارەیەكی زۆر چەكداری پەكەكە دەپارێزرا، ئەو گەریلایانەی پەكەكە رۆڵی گرنگیان گێڕا لەپاراستنی كامپەكە لەكاتی پەلاماردانی داعش، بەڵام لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرو لەژێر فشاری توركیا پەكەكە هێزەكەی خۆی لەوێ‌ كیشایەوە. ئێستا كامپەكە لەلایەن پۆلیس و سەربازی عیراقەوە دەپارێزرێت. جگە لەبنكەیەكی پۆلیس لەناو كامپەكە هاوكات بازگەیەكیان لەدەروازەی شارەكە چەند خاڵێكی چاودێریشیان لەدەوری كامپەكە هەیە. ئەو پۆلیسانە هەندێكیان كوردن و هەندێكیشان عەرەب.

پێشتر رێگە دەدرا كەسوكارو خزمی نیشتەجێبوانی كامپەكە لەدەرەوە بێن سەردانی كەسوكاریان لەكامپەكە بكەن، بەڵام بەپێی زانیاریی ئێستا پۆلیسی عیراقیی رێگەنادات مەگەر بۆ كاتێكی زۆر سنوردار واتە چەند كاتژمێرێك.
• گرفتی چارەسەركردنی نەخۆش:
یەكێك لەگرفتە هەرە سەختەكانی دانیشتوانی كامپەكە پرسی چاسەرەركردنی نەخۆشە. بۆ چارەسەری نەخۆشیی و پێداویستی پزیشكیش هەموو رێگەیەكیان لێ داخراوەو بێچارە ماونەتەوە بەتایبەت بۆ چارەسەری نەخۆشە سەخت و درێژخایەنەكان، بۆ نەشتەرگەریی و كڕین و دابینكردنی داودەرمان. ئەمە سەرباری هەرێمی كوردستانیش رێگەیان نادات، مەگەر بۆ بارودۆخی زۆر تایبەت لەڕێی قایمقامی مەخمور كە سەربەپارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەویش زۆر سنوردارە. كاتێكیش دەیانەوێ‌ بچنە شارو ناوچە نزیكەكانی مەخمور بۆنمونە موسڵ، گرفتی تێگەیشتنی زمانیان هەیە. بەپێی زانیاریی كامپەكە، ئێستا زیاتر لە هەزار كەس نەخۆشی كوشندەو درێژخایەنیان هەیە، بەڵام توانای دابینكردنی دەرمانیان نییە.
• پەروەردەو فێركردن:
یەكێكی دیكە لەگرفتە بەرچاوەكانی كامپەكە، پرسی خوێندنە. پێشتر خوێندنگەو قوتابخانەیان لەلایەن حكومەتی هەرێم بۆ دابینكرابوو، هاوكات بەشێكیان زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێمیان تەواوكرد و خوێندیان، بەڵام نزیكەی 8 ساڵێكە بەتایبەتیش دوای رووداوەكانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەر، هیچیان نەماوە. چەند خوێندنگەیەكیان لەكامپەكە هەیە و جگە لەشێوە نوسینی كە لەهەرێم هەیە هاوكات پیتی لاتینیش دەخوێنن، بەڵام سەر بەكامپەو لەلایەن حكومەتی عیراق یان هەرێم دانپێدانراو نییە، تەنانەت خوێندكار هەبووە بەپێی سیستمی هەرێم خوێندوویەتی، بەڵام بڕوانامەكەی لەهەرێم لێ‌ وەرنەگیراوەو رێگەی خوێندنی لەهەولێر نەدراوە.
ئێستا هەزاران خوێندكارو قوتابی لەكامپەكە هەن دەخوێنن تا ئامادەیی، بەڵام هیچ نوسراوێكی دانپێدانان و بڕوانامەیەكیان نییە بۆ دانپێدانان و هیچ لایەنێكی رەسمیی مامەڵەیان لەگەڵ ناكات. ئەو خوێندكارانە بێچارەو چارەنوس ماونەتەوەو گرفتی گەورەیان هەیە.
دانیشتوانی كەمپەكە بەجەماوەری نزیك پەكەكە هەژمار دەكرێن، بەوهۆیەوە فشارێكی ئێجگار زۆری توركیایان لەسەرە، ماوە ماوە فرۆكەكانی توركیا بۆمبارانی كامپەكە دەكەن. رۆژانە فرۆكەی بێفرۆكەوانە لەسەر مەخمور دەبینرێت و چاودێری ناوچەكە دەكەن.
 بەڕێوبەرانی كەمپەكە چەند دامودەزگایەكی خۆسەریی یاخود خۆبەڕێوبەریان دروستكردووە، بۆنمونە شارەوانیی، ئەنجومەنی گەل، دەزگای شەهیدان، كاروباری دەرەوە، پەروەردە، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كامپ ..تد ئەمانە لەلایەن خەڵكی كامپەكەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام هیچ توانایەكی داراییان بەردەست نییە بۆ هیچ پرۆژەیەك. 
تائێستا چارەنوسی دانیشتوانی كامپی مەخمور دیار نییە، 31 ساڵە لەهەرێمی كوردستانن بەڵام هیچ تروسكاییەكیان لێ دیار نییە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. ئێستا وا خەریكە ئومێدێك پەیدا دەبێت بەهۆی پرۆسەی ئاشتیی نێوان دەوڵەتی تورك و كورد. واتە نێوان حوكمڕانانی ئێستای توركیاو گەریلاكانی پەكەكە. ئەگەر ئەو پرۆسەیە سەربگرێت بەدڵنیاییەوە دانیشتوانی كامپەكە ئومێدی گەڕانەوەیان بۆ دروستدەبێت، بەڵام مخابن دوای 31 ساڵ دابڕان و گۆڕستانێكی گەورە لەدانیشتوانی كامپەكە كە بەئومێدی گەڕانەوەو رزگاربوون لەم مەینەتە لەمەخمور سەریان نایەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار