شایلۆک، لە شەیکسپیرەوە تا ترەمپ

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەد ڕەسوڵ
- شایلۆک، کێیە؟ لە کوێوە هاتووە و مانای چییە؟
- بۆچی شایلۆک، ووشەیەکە هەڵگری مانای دژەجوویی؟
ترەمپ و شایلۆک
دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە ویلایەتی ئایۆوا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەخنەی لە هەندێک لە خاوەن بانک و بانکدارەکان گرت و ووشەی "شایلۆک" ی بەکارهێنا. بەو پێیەی ووشەکە، وەکو دەستەواژەیەکی دژەجوویی هەژمار دەکرێت، لەبەرئەوە گروپ و ڕێکخراوەکانی دژ بە هەڵاواردن و دەستەواژە دژە جووییەکان ڕەخنەی توندیان لێگرت. ترەمپیش لە وەڵامدا ووتی نەمزانیوە ئەو ووشەیە سوکایەتیپێکردنە و مانایەکی دژە جوویی هەیە.
- ئێستا بابزانین شایلۆک کێیە و بۆ بە ووشەیەکی دژە جوویی هەژمار دەکرێت؟
شەیکسپیر و شایلۆک
شایلۆک ناوێکی عیبریی سەدەی شانزەیەمە و لە ناو ئینگلیزەکاندا لەو سەردەمەدا باو بووە. ڕەگی ووشەکە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی ئەنگلۆ-ساکسۆنی و بە مانای "ڕیش سپی" دێت. ووشەکە لە دوای بڵاوبوونەوەی شانۆنامەیەکی ویلیام شەیکسپیری شاعیر و شانۆنامە نووسی بەناوبانگی ئینگلیز لە سەدەی شانزەیەم، بە ناوی "بازرگانەکەی ڤینیسیا" مانایەکی دژە جوویی وەردەگرێت.
لە شانۆنامەکەدا، پیاوێکی جوولەکەی بەتەمەنی دەوڵەمەندی تێدایە بە ناوی شایلۆک، کە بەشێوازی سوو وەرگرتن، پارە بە قەرز دەدات بە خەڵک. واتا پیاوێکی سوو خۆرە. ئەمە سەرباری ئەوەی زۆر ڕەزیلە و تەواوی خەڵکی شاری ڤینیسیا بە خراپ و دڵرەقی دەزانن. تەناەت کچەکەشی لێی بێزارە لە ڕەزیلیی و بێڕەحمییەکەی.
هەندێک لە ڕەخنەکارانی ئەدەبیی، شایلۆک وەکو هێمای هەست و بیرکردنەوەی دژە جوویی "ئەتی سێمیتیزم" لەلای شەیکسپیر لێکدەدەنەوە. واتا بەگوێرەی ئەو جۆرە لێکدانەوەیە، شەیکسپیر، دژەجوو بووە.
لێرەدا، دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت، لە کۆنەوە لە نێو جووەکاندا لە پرسی قەرز و سوو، تایبەتمەندییەک هەبووە کە ئەویش ئەوەیە جووەکان لە نێو خۆیاندا پارەیان بە یەکتری داوە بە قەرز بەبێ سوو. بەڵام بۆ دەرەوەی خۆیان، قەرز بەرامبەر بە سوو.
لە مێژوویەکی درێژەوە، جووەکان لە هەموو کۆمەڵگاکاندا، بەزۆریی دوو پیشەیان هەبووە، یەکەم پێشەی ئاڵوگۆڕی پارە و کاری بانکیی "سەڕڕاف" هەروەها پیشەی زێرنگەریی "ئاڵتونچیی"
- ئێستا بابگەڕێینەوە بۆ لای شایلۆکەکەی شەیکسپیر.
ئەنتۆنیۆ، بازرگانێکی شارەکەیە، کە بە باش و بەخشندە وەسفدەکرێت، دەکەوێتە دۆخێکەوە ناچار دەبێت پارە لە شایلۆک قەرز بکات. لەبەرئەوەی ئەم بازرگانە پێشتر زۆر سوکاتیی بە شایلۆک کردووە، بۆیە شایلۆک دەیەوێت وەکو هەلێک تۆڵەی لێبکاتەوە.
شایلۆک لە جیاتی سوو وەرگرتن مەرجێکی زۆر سەیر و جیاواز، دەسەپێنێت بەسەر ئەنتۆنیۆدا، کە بریتییە لەوەی ئەگەر نەیتوانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا پارەکە بگەڕێنێتەوە، شایلۆک مافی ئەوەی هەیە پارچەیەک گۆشت بە نزیکەیی نیو کیلۆ گرام، لە جەستەی ئەنتۆنیۆ دەبڕێت و لێی دەکاتەوە. ئەنتۆنیۆ ڕازی دەبێت.
ئەنتۆنیۆ بەهۆی گیرخواردنی کەشتییە بازرگانییەکەی لە ناو دەریا و دواکەوتنی کاروانەکەی، ناتوانێت لە وادەی دیاریکراودا قەرزەکە بداتەوە. بۆیە شایلۆک لەبەردەم دادگا وەکو مافی خۆی دەیەوێت نزیکەی نیو کیلۆ گۆشت لە جەستەی ئەنتۆنیۆ ببڕێت، کە ئەویش دڵییەتی، واتا دەیەوێت دڵی دەربهێنێت و بیبات بۆ خۆی. لێرەدا دادگا لە وەڵامی شایلۆکدا دەڵێت، لەم شارە یاسا سەروەرە و بەڵێ مافی خۆتە بەگوێرەی ڕێککەتننامەکەتان ئەو پارچە گۆشتە ببڕیت، بەڵام دەبێت لەو بڕەی دیاریکراوە نە زیاتر و نە کەمتر ببڕیت و هەروەها بە هیچ شێوەیەک خوێنی لێنەیات و نابێت کەسەکە بمرێت چونکە ئەمانە لە ڕێکەوتتنامەکەتاندا ئاماژەیان پێنەکراوە تۆ مافی ئەوانەت نییە.
لە کۆتاییدا، شایلۆک دادگاییەکە دەدۆڕێنێت و تەنانەت سزایەکی زۆر قورسیشی بەسەردا دەسەپێنرێت، کە ئەویش لێسەندنەوەی هەموو سامانەکەیەتی و هەروەها دەبێتە بابەتی سەرزەنشتکردن و سوکایەتیپێکردن و گاڵتەپێکردنی خەڵک.
ئەو شانۆنامەیە، بۆ ماوەی چەند دەیەیەک لە کوردستان و عێراقدا بەشێک بوو لە پڕۆگرامی خوێندن لە خوێندنگەکاندا لە پۆلی دوانزەی ئێستا و شەشی ئامادەیی جاران وەکو بەشێک لە وانەی ئینگلیزیی دەخوێندرا.
- ئایا تۆ یادەوەرییت لەگەڵ بازرگانەکەی ڤینیسیا و شایلۆک هەیە؟
- ئایا بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی ئەو جۆرە لێکدانەوەیەی کە پێی وابووە، شەیکسپیر هەست و بیرکردنەوەی دژەجوویی هەبووە؟ تۆش وای تێدەگەیت یان بە پێچەوانەوە؟
- بۆچوونی تۆ لەبارەی کەسایەتی و کاراکتەری شایلۆکەوە چییە؟ ئەم کەسە مایەی بەزەییە چونکە بەردەوام بابەتی سوکایەتیپێکردن و گاڵتەپێکردن بووە؟ یان کەسێکە مایەی ڕقلێبوونەوە و نەفرەت؟
