سوەیدا و دروزەکان، ئاڵۆزییەکی مێژوویی و بنەڕەتی کێشەکە

7 كاتژمێر لەمەوپێش



ئامادەکردنی هاوڵاتی

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووەوە جەنگێکی ناوخۆیی کە لێکەوتەی دەرەکیشی هەیە، بەرۆکی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعی گرتووە.  

پێکدادانی چەکداریی توندیی نیوان هێزە چەکدارییە دروزییەکان و هێزە چەکدارە بەدەویی و دینییە توندڕەوەکانی نزیک و هاوپەیمانی ئەحمەد شەرع بووەتە هۆی هاتنەناوەوەی سوپای سوریا بۆ ناو شەڕەکە. 

با لە سەرەتایەک بۆ ئاڵۆزییە مێژووییە مەترسیدارەکەوە دەستپێبکەین

لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد و دەسەڵات گرتنە دەستی ئەحمەد شەعەوە، لە مانگی ئازاردا هێزە چەکدارە ئیسلامییەکانی هاوپەیمانی حکومەتی نوێی سوریا و سوپا، کەوتنە سەرکوتکردنی عەلەوییەکان لە شاری لازقیە لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە. دەبێت هێما بۆ ئەوە بکرێت کە بنەماڵەی ئەسەدی دەسەڵاتداری پێشووی وڵاتەکە سەر بە مەزهەبی عەلەویی بوون. 

دواتریش لە مانگی نیسان، پێکدادان لە نێوان چەکدارە بەدەویی و میللیشیا ئیسلامییە سوننیەکان لەلایەک و دروزەکان لەلایەکی تر ڕویدا.  
ئێستا با بزانین بنەڕەتی کێشەکە چۆنە و دەڕوزەکان کێن؟

دروزەکان بە یەکێک لە ئاینزاکانی ئاینی ئیسلام هەژمار دەکرێن. ژمارەیان بە یەک ملیۆن دەخەمڵێنریت کە لە وڵاتانی لوبنان، سوریا و ئیسڕائیلدا نێشتەجێن. ڕیشەیان دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای سەدەی ١١ ی زاینیی کە لە میسرەوە دروستبوون و هاتوون بۆ ئەو ناوچەیە. دروزەکان بەهۆکاری کەمینەبوونیان و هەڕەشەی کەمبوونەوەیان، یاسای هاوسەرگیریی ناوخۆییان هەیە، واتا دروزەکان بۆیان نییە و ناتوانن هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکی دیکەی دەرەوەی خۆیان و سەر بە ئایین و ئاینزایەکی دیکە بکەن. 

دروزەکانی سوریا، زۆرینەیان لە پارێزگای سوێدە نێشتەجێن. بەشێک لە دەڕوزەکان لە ناوچەکانی بەرزاییەکانی جۆلان دەژین. لە دوای داگیکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لەلایەن ئیسڕائیلەوە لە ساڵی ١٩٦٧ و بە ڕەسمی خستنە سەر خاکی خۆی لە ساڵی ١٩٨١، ژمارەی جوولەکە نیشتەجێکراوەکانی بەرزاییەکانی جۆلان ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی ٢٥ هەزار کەس و هەروەها دروزەکانی بەرزاییەکانی جۆلانیش ژمارەیان دەگاتە ٢٠ هەزار کەس. ئەمەش بووەتە هۆکاری دروستبوونی پەیوەندیی و بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوانی ئیسڕائیلییەکان و دروزەکان. لێرەوە کاریگەری ئیسڕائیل دەبێتە بەشێک لە هاوکێشەکە. 

سوەیدا، شاری دروزەکان، بۆ بووەتە ئامنجی حکومەتە نوێیەکەی سوریا؟

سوریا، کە ژمارەی دانیشتوانی بە نزیکەیی پێکدێت لە ٢٥ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، لە چواردە پارێزگا پێکهاتووە. لە ئەوپەڕی باشووری ووڵاتەکە پارێزگای زۆرینە دروز، سوەیدایە، کە لە ڕووی ڕووبەری خاکەوە سێیەم گەورە پارێزگای ووڵاتەکەیە. پارێزگای سوەیدا، هاوسێیە لەگەڵ پارێزگای دەرعا و پارێزگای ڕیفی دیمەشق لە ڕۆژهەڵات و باکورەوە و هەروەها لە باشوریشەوە وڵاتی ئەردەن. ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە بە نزیکەیی ٥٠٠ هەزار کەس دەبن و ژمارەی دانیشتوانی شاری سوەیدا خۆی دەگاتە نزیکەی ٧٤ هەزار کەس. 

ئێستا با بزانین کێشەی حکومەتی سووریا لەگەڵ دروزەکان چییە؟

دوای ئەوەی حکومەتی سوریا بڕیاری دا بە داماڵینی چەک لە هەموو گروپە چەکدارەکان و میللیشیاکانی سوریا، ذروزەکان ڕەتیانکردەوە چەکدابنێن بەهۆی ئەوەی هەست بە هەڕەشەیەکی بەهێز لەسەر بوونی خۆیان دەکەن. بۆ ئەمەش، نموونەیەکی سادە ئەوەیە، چەکدارە بەدەویی و ئاینییە ئیسلامییە سوننییە توندڕەوەکان پێش سوپا پەلاماریی دروزەکانیان داوە چەند جارێک. هەروەها نموونەیەکی تریش ئەوەیە سوپا چاوی خۆی لە ئاستی گروپە میللیشیاییە ئیسلامییە سوننیییەکان داخستووە لەبەرئەوەی هاوپەیمانن. 
ئێستا با پێتان بڵێین، ئەی ئیسڕائیل چۆن و بۆچی لایەکی هاوکێشەکەیە؟

وەکو پێشتر هێمای بۆ کرا لە بەرزاییەکانی جۆلان، جوولەکە نیشتەجێکراوەکان و دروزەکان پێکەوە دەژین و تێکەڵاو بوون، هەروەها بەشێک لە دروزەکان لە ئیسڕائیل دەژین و هاونیشتمانی ئیسڕائیلن. لێرەوە ئیسڕائیل بە مافی خۆی دەزانێت کە دەڕوزەکان بپارێزێت و دروزەکانیش چەند جارێک ڕاستەەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەنایان بردووەتە بەر ئیسڕائیل بۆ پارێزگاریی لێکردنیان. حکومەتی ئیسڕائیلیش بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە بۆ بەرگری لێکردن و پاراستنیان. هەروەها هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە سوپا و دەزگا فەرمییە دەوڵەتییەکانی سوریا لە ناوچەکانی نزیک جۆلان دووور بخاتەوە. 

ژمارەی قوربانیانی پێکدادانەکان تا ئێستا گەیشتووەتە چەند؟

لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تا ئێستا ٣٠ کەس کوژراو و نزیکەی ١٠٠ برینداری لێکەوتووەتەوە. ئەو توندوتیژییە بووەتە هۆی دەستێوەردانی حکومەتی سوریا و تا ئێستا ١٨ سەرباز کوژراون.

هێزە ئیسلامییەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ حکومەتی سوریا، پەیوەندییان بە شەڕەکەوە کرد، ئەمەش نیگەرانییەکانی دروزەکانی زیاتر کرد و یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی دروزەکانی وا لێکرد، داوای پاراستنی نێودەوڵەتی بکات.

ئیسرائیل بڕیاری یەکلاکەرەوەی داوە کە دروزەکان لە سوریا بپارێزێت. ئیسڕائیل، هێرشی کردە سەر هێزەکانی حکومەتی سوریا، کە بەرەو سوێدە پێشڕەوییان دەکرد. 

ئەی تۆ پێت وایە ئەمە زەلکاوێکە و حکومەتی نوێی سوریای تێکەوتووە؟

ئەی بۆچوونی تۆ چییە لەبارەی بڕیاری ئیسڕائیل بۆ پارێزگاری لێکردنی دروزەکان یان ئەمە بە بەزاندنی سەروەری سوریا دەزانیت و دەرئەنجام پارچەپارچەکردنی سوریا وەکو هەندێک وای بۆدەچن؟

بەدەر لەو بۆچوونانە، بۆچوون و پێشبینی تۆ چییە؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار