یاریگای یانەکەی ئەتاتورک، ناوی براندێکی کوردی لێنرا!

14 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕوا سەتار

چۆن ناوی یاریگا بەناوبانگەکەی تورکیا، فەنەرباخچە، لە ناوی براندێکی تورکییەوە دەگۆڕێت بۆ ناوی براندێکی کوردی؟ ئەو ناوە کوردییە چییە و دەگەڕێتەوە بۆ چی؟

حەمید ئولوکایا، کێیە و بۆچی لە تورکیا جێی نابێتەوە و دەچێتە ئەمریکا؟ ئەی چۆن وبە چی شێوەیەک دەگەڕێتەوە تورکیا؟

لەگەڵمان بن بۆ ئەم ڕاپۆرتە:

یاریگای یانەی فەنەرباخچە، کە لە ساڵی ١٩٠٨ لە ناوچەی قادیکۆی لە ئیستەنبوڵ درووستکرا و لەدوای دامەزراندنی کۆماری نوێی تورکیا بووە یانەی دڵخوازی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەر و سەرۆکی تورکیا، ئێستا ناوی براندێکی کوردی لێنراوە.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، حەمدی ئوڵوکایا، خاوەنی براندی جیهانی شیرەمەنی (چۆبانی)، لەگەڵ یانەی فەنەرباخچە گرێبەستێکی بازرگانی واژۆ کرد، کە تێیدا بۆ ماوەی پێنج وەرزی یاری کردن، یاریگای ئەو یانەیە ناوی لێ بنرێت (یاریگای چۆبانی)، کە پێشتر ماوەی ٢٠ ساڵ بە ناوی (کۆمپانیای ئولکەر) بوو.

ئەم هەنگاوەی یانەکە و گۆڕینی ناوی یاریگاکە بە ناوی براندێکی کوردی، ناڕەزایەتی زۆری ڕەگەزپەرستەکانی لێ کەوتووەتەوە. یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە وەرزشییەکانی تورکیا، کە لایەنگری (ئی پارتی)یە، نووسیویەتی: لە یاریگای ئەتاتورکەوە بۆ یاریگای تیرۆر.

بەهۆی پشتیوانی بەردەوامی خاوەنی براندی چۆبانێ لە خەباتی گەلی کورد لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، حەمدی ئولوکایا هەمیشە وەک هاوکاری تیرۆر ناوی دەهێنرا و بە بازرگانێکی نزیک لە پەکەکە ناسێنرابوو، بەم هۆیەشەوە گەڕانەوەی بۆ تورکیا و باکووری کوردستانی لێ قەدەغە کرابوو.

حەمدی ئولوکایا، کوردێکی شاری ئەرزنجانی باکووری کوردستانە و بەهۆی سیاسەتی پەڕگیری تورکیا بەرامبەر بە کورد، ساڵی ١٩٩٥ لەگەڵ خێزانەکەی باکووری کوردستان بەرەو ئەمریکا بەجێدەهێڵێت و ساڵی ٢٠٠٥ براندی چۆبانی درووست دەکات.

ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ سەرکەوتنی داستانی شەڕی کۆبانێ، حەمدی ئولوکایا خاوەنی براندی جیهانی چۆبانی وتبووی: کاتێک لە گوندەکانی کوردستانەوە ڕۆیشتم، خەونم دەبینی ڕۆژێک براندێکی کوردی درووست بکەم و لە جیهان دەنگ بداتەوە، هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی شەڕڤانانی کورد لە کۆبانێ، براندی چۆبانێش سنوورەکانی بڕی و هاوشانی سەرکەوتنی کۆبانێ بە جیهاندا بڵاوبووەوە، بۆیە ئێستا ئاسوودەم و خەونەکەم بەدیهات.
ژیان وایە، ڕۆژێک فیکە بە کوردی قەدەغە بوو، ئێستا یاریگا و یانەی ڕەگەزپەرستەکان بەڕێوە دەبات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار