داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە، وەرچەرخانێکی گەورە

4 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسینی: ئەحمەد ڕەسوڵ
لەگەڵمان بۆ ئەم ڕاپۆرتە شیکارییە:
سی و پێنج ساڵ لەمەوبەر، داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە.
لە بەرەبەیانی ڕێکەوتی ٢ ی ئابی ١٩٩٠، تەلەفزیۆنی عێراقی بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە خاڵی وەرچەرخان بوو لە ڕێڕەوی ژیانی عێراقییەکان و مێژووی دەسەڵاتی سیاسیی لە عێراقدا و زنجیرەیەک گۆڕانکاری گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا.
بەیاننامەکە، داگیرکردنی وڵاتی کوەیت بوو لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا.
کوەیت کە وڵاتێکی خاوەن سەروەریی و دانپێدانراو بوو لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان و تەواوی دنیاوە، ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتداری پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسین بڕیاری داگیرکردنی دا.
عێراق لە دوای جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران، داگەڕانی ئابووریی تووش هاتبوو و قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بوو بوو. سەدام کە خۆی بە پارێزەری دەروازەی خۆرهەڵات و پارێزەری ئوممەی عەرەبی ناودەبرد، تەواوی دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبیی و نیمچە دوورگەی عەرەبیی بە قەرزدار و منەتباری خۆی هەژمار دەکرد گوایا لە چاوچنۆکیی و پاوانخوازییەکانی ئێران لە خۆرهەڵاتەوە لەلایەک و هەروەها لە هەژموونخوازیی ئیسڕائیل و زایۆنیزم لەلایەکی ترەوە، دەیانپارێزێت.
هەروەها بەو هۆکارەی لە جەنگە هەشت ساڵییەکەیدا لە دژی ئێران، ئەمریکا و ووڵاتانی خۆرئاوا پشتگیرییان دەکرد، پێشبینی دەکرد کە لە داگیرکردنی کوەیتدا، جیهان و ووڵاتانی عەرەبی یان بێدەنگیی هەڵدەبژێرن یان ئەوپەڕی چەند بەیاننامەیەک دەردەکەن و هیچیتر واتا کار ناگاتە ئەوەی بە زەبری چەک و سەربازیی ڕووبەڕووی ببنەوە. هەڵبەت کە ئەو جۆرە پێشبینی و تێگەیشتنە بە تەواوی هەڵە و پێچەوانەی ڕووداوەکان بوو.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، کە سەدام لەبەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال لە دژی کوردەکان و تا ڕاددەیەک سەرکەوتن بەسەر شۆڕشی چەکداریی هێزە سیاسییە کوردییەکاندا و کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچە سنوورییەکانی باکوری وڵاتەکە واتا کوردستان، بە خۆنازین و غروری سەرکەوتن زاڵ بوو بوو بەسەریدا. هەروەها لە کیمیایی بارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، جیهان بێدەنگیی لێکردبوو.
کوەیت، وڵاتێکی دەوڵەمەند بە نەوت، سەدام ویستی بیکات بە نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق و نەوتەکەی بخاتە ژێردەستی خۆیەوە و کۆنتڕۆڵی نرخ و بڕی هەناردەی نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپیک و جیهاندا بکات تا ڕاددەیەک. ئەمەش ئابووریی عێراق ببوژێنێتەوە و لە قەرزەکانیشی ڕزگاری بکات.
بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەکەی بوو. ئەو داگیرکارییە، بوو بە زەلکاوێک و عێراق کەوتە ناویی کە تا ئێستاش هەر نەیتوانیوە خۆی لێ دەرباز بکات.
لەبەرئەنجامی ئەو داگیرکارییەوە، تەواوی وڵاتانی جیهان، بە تایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا لە هاوپەیمانێتییەکی نێو دەوڵەتیدا بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بەریتانیا، هەروەها سەرەڕای وڵاتانی عەرەبییش، دژی وەستانەوە و لە ئەنجامدا بە هێزی سەربازیی لە کوەیت دەرکرا کە ناسراوە بە جەنگی کەنداو. بەشێکی زۆری سوپای عێراق لەم جەنگەدا لەبەریەک هەڵوەشا و بە شکستی عێراق تەواو بوو.
ئەم هەنگاوەی سەدام، کە خۆی دواتر لە یەکێک لە چاوپێکەوتنە تایبەتییەکانیدا باس لەوە دەکات لە بڕیاری داگیرکردنی کوەیتدا پەلە کراوە و بە ووردی دیراسەیان نەکردووە، بەو واتایەی بڕیارێکی هەڵە بووە، لێکەوتەکانی زۆر بوون، ئەمانە هەندێکیانن:
یەک: سەپاندنی گەمارۆیەکی ئابووریی قورس و خنکێنەر بەسەر عێراقدا لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە کە ئەمەش بوو بە هۆی هەڵئاوسانی ئابووریی و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کاڵا و پێداویشتییەکان بە ڕێژەیەکی زۆر و هەروەها بێبەهابوونی دراوی عێراقی.
دوو: گۆشەگیربوونی عێراق لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتیی و دیپلۆماسییەتی جیهانیی.
سێ: لەبەریەکهەڵوەشانی سوپای عێراق کە هەرگیز خۆی نەگرتەوە و وەکو پێشووی لێ نەهاتەوە.
چوار: دارمانی ژێرخانی ئابووریی و کەرتی پیشەسازیی عێراق و قەرزێکی بێشوماری کەوتە سەر، بە قەرەبووکردنەوەی کوەیتیشەوە.
پێنج: هاتنە خوارەوەی ئاستی داهاتی گشتیی و داهاتی تاکی عێراقی بە ڕاددەیەکی زۆر، کە هەژاریی باڵی کێشا بەسەر کۆمەڵگای عێراقییدا.
شەش: لاوازبوونی پێگەی عێراق لەسەر ئاستی ناوچەیی و جیهانییدا هەروەها لەلای بەشێکی زۆری دەوڵەتە عەرەبییەکانیش.
حەوت: پاشەکشە و بەرەو دوا گەڕانەوەی رەوتی ژیاریی، شارستانیی و فەرهەنگیی لە کۆمەڵگای عێراقیدا بە تەواوی پێکهاتەکانییەوە.
هەشت: کەرتی تەندروستی و پەروەردە زیانمەندی یەکەم و دواهەمین بوون.
نۆ: لاوازبوونی دەزگا کارگێرییەکانی خزمەتگوزاریی گشتیی و هەروەها لاوازبوونی دەزگاکانی وەکو پۆلیس و ئاسایش کە ئەمەش کەلێن و بۆشایی ئەمنیی لێکەوتەوە.
دە: هەموو ئەو خاڵانە ڕێگەیان خۆشکرد بۆ ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە ناوچە جیا جیاکانی عێراق و دواتریش ڕێگەی کردەوە بۆ هاتنە ناوەوە و تەداخولکردنی وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەتی تورکیا و ئێران و پێشێلکردنی سەروەریی خاک و دەوڵەتی عێراق.
ئەم خاڵانە بە کورتی کاریگەریی و لێکەوتەکانی بڕیاری داگیرکردنی کوەیت بوون لەلایەن عێراقەوە.
لێرەدا دەبینین کە هەڵەی سیاسیی و بەخۆنازین و غروری بەتاڵ و ناو بۆشیی، سیاسییەک یان دەسەڵاتدارێک، دەشێت چ کاریگەرییکی نەرێنیی و چ وێرانەییەکی لێبکەوێتەوە بۆ کۆمەڵگا.
هەروەها لەسەر ئاستێکی گشتیی و فراوانتری جیهانیی، داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە بە گوێرەی هەندێک لە شیکاریی و تیۆرە سیاسییەکان، ئەگەر هێندەی پرۆسترۆیکا و گلاسنۆست ڕووداوێکی گەورە نەبووبێت، ئەوا هیچی وای کەمتر نەبوو. لێرەدا باشترە ئاماژە بەوە بدەین کە پڕۆسترۆیکا و گڵاسنۆست دوو ووشەی ڕووسین کە مانای پێکهێنانەوە "دامەزراندنەوە" و کرانەوە دەگەیەنن، کە بوون بە هۆی هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیێت و پارچەپارچەبوونی و ڕوسیای فیدراڵی بەبێ ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمی لێ دروست بوو لە ئەنجامیشدا تاک جەمسەریی هێز و باڵادەستی بەرەی سەمایەداریی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، باڵی کیشا بەسەر جیهاندا.
داگیرکردنی کوەیتیش لەلایەن عێراقەوە، ئەو ڕووداوە بوو کە لە هەناویدا وەرچەرخانی گەورەی هەڵگرتبوو لەسەر ئاستی باڵانسی هێز و سەرەتای باڵکێشانی سیستەمی نوێی جیهان. تەنانەت سەرەتای هەیمەنەی گلۆبالیزەیشن بوو، کە هەندێک بە ئەمریکانیزم "ئەمریکانیزەیشن". ناوی دەبەن.
پرسیارەکە بۆ خەڵکی عێراق و خەڵکی کوردستانیش وەکو بەشێک لە عێراق ئەمەیە:
ئەم داگیرکارییە چی بە دیاری پێشکەش بە عێراقییەکان کرد و لە نیگای ئێستاوە بۆی بڕوانین چی دەبینین؟
دەتوانین پرسیارگەلی دیکەش لەبارەی ئەو ڕووداوەوە پێشنیار بکەین، وەکو:
هەڵەی صدام حسین بوو یان ئەڵقەیەک لە زنجیرەی ئەو ڕووداوانەی دەبوایە ڕووبدەن؟
خاڵێک یان هەنگاوێک بوو لە هەنگاوەکانی سەر نەخشەی ڕووداو و گۆڕانکارییە جیهانییەکان بە سەرپەرشتی ئەمریکا یان یەکێک لەو ڕووداوە لابەلا و کتوپڕانەی کە ڕێڕەوی مێژوو دەگۆڕن؟
ئەی تۆ چۆنی تێدەگەیت و بۆچوونت لەو بارەیەوە چییە؟
