قەیرانی غەززە و دواهەمین پەرەسەندنەکان

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ

لەگەڵمان بن بۆ ئەم ڕاپۆرتە لەبارەی قەیرانی غەززە و دواهەمین پەرەسەندنەکانەوە:

دوای تێپەڕینی یست و دوو مانگ لە هێرشە تیرۆریستییەکەی حەمماس بە ناوی تۆفانی ئەقسا و وەڵامدانەوەی توند و بەرفراوانی ئیسڕائیل، دۆخی مرۆیی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار. بەگوێرەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ هەزار فەلەستینی کوژراون و بە هەزاران کەسی دیکەش بریندار یان ئاوارە بوون.

برسێتی کە سەرانسەری هەرێمەکەی گرتووەتەوە و مەترسیی جددی لەسەر تەواوی دانیشتوانەکەی دروستکردووە. گەیاندنی هاوکارییەکان زۆر کەم و سنووردارە و خەڵکی مەدەنی ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە کاتێک هەوڵدەدەن دەستیان بە خۆراک بگات. منداڵان بەهۆی بەدخۆراکیی و کەمی ئاوی پاکەوە گیان لەدەستدەدەن. لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری، لەوانەش نەخۆشخانە و قوتابخانە و سیستەمی ئاو، وایکردووە بەشێکی زۆری غەززە شوێنی نیشتەجێبوون نەمێنێت. 

ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە هێرشە سەربازییەکانی تا هەڵوەشاندنەوە و کۆتایی پێهێنانی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوام دەبێت.  بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیاریداوە بە دەستبەسەرداگرتنی سەربازیی بۆ تەواوی غەززە و داگیرکردنی، لە کاتێکدا هەندێک لە بەرپرسە سەربازییە باڵاکان ڕایانگەیاندووە کە سوپا سەرکەوتنی خێرا و تەواوەتی لە توانادا نییە و ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵتر کردنەوەی قەیرانەکە. تەنانەت هۆشدارییان داوە لەوەی کە داگیرکردنی تەواوەتی بۆ غەززە، دەکرێت ببێتە تەڵەیەکی ستراتیژیی و درێژ مەودا.

لەلایەکی دیکەوە، لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆییش، حکومەتی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی توند بووەتەوە.
هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ئەمریکا  هەر سەرەتا پشتگیری دەربڕی بۆ مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خۆی بەڵام هاوکات دوای ماوەیەک لە هێرشە بەردەوامەکان و گەمارۆکانی ئیسرائیل، نیگەرانی خۆی لە پێشێلکارییە مرۆییەکانیش دەربڕیوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا،  لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ دا کاروانێکی سەربازیی و تەقەمەنی بۆ ئیسڕائیل وەستاند و هۆشداریدا لەوەی کە یارمەتییەکانی داهاتوو بە مەرجی پابەندبوونی ئیسرائیل بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت. 

ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوای  سەردانی غەززە بۆماوەی پێنج کاتژمێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ دامەزراوەی مرۆیی غەززە و بە ئامانجی تێگەیشتنێکی دروست و ڕاستەقینە لە قەیرانەکە و گەیاندنی بە سەرۆکی ئەمریکا.

هەروەها بەشێکی زۆری ڕای گشتی لە ئەمریکا کە توێژی گەنجان دەگرێتە خۆ، ڕەخنەی توند و ناڕەزایەتی لە بەرامبەر حکومەتی ئەمریکا دەردەبڕن لە پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، کە بە کابینەیەکی جەنگیی و شەڕخوازی ناودەبەن.

نوێترین پێشهاتەکان
چاوەڕوان دەکرێت کابینە ئەمنییەکەی حکومەتی ئیسرائیل لە نزیکترین ماوەدا کۆببێتەوە بۆ ئامادەکردن و پێشکەشکردنی کۆتا پلانی داگیرکردنی تەواوی غەززە. هاوکات حەماس ڕایگەیاندووە کە هاوکاری لەگەڵ خاچی سوور دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری بە بارمتەکان ئەگەر ڕێڕەوی مرۆیی بکرێتەوە. هەروەها حەماس ئەوەشی ڕاگەیاندووە نایەوێت لە دوای ئاگربەست و گەیشتن بە ڕێککەوتن حوکمڕانی غەززە بکات. هەروەها ووڵاتانی عەرەبییش داوای چەکدانانیان لە حەماس کردووە لەپێناوی کۆتاییهێنان بەو کارەساتە مرۆییەی بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتووە. 

لەلایەکی ترەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٥ی ئابدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی بارمتەکان کۆبووەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێ و بێ مەرجی بارمتەکانی کرد.

دەرئەنجام
قووڵبوونەوەی زیاتری قەیرانی غەززە بەردەوامە و هەروەها فشارە نێودەوڵەتییەکانیش زیاتر دەبن بۆ ئاگربەست و گەیاندنی فریاگوزاریی مرۆیی بە خەڵکی غەززە. 
بە گوێرەی پێشبینی و شرۆڤەی چاودێران، ئەو بڕیارانەی لە ڕۆژانی داهاتوودا لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیەوە دەدرێن، بەشێکی سەرەکی دەبن لە پلانی دیاریکردنی چارەنووسی داهاتووی غەززە و سەر لەنوێ دیزاینکردنەوەی نەخشەی ناوچەکە بە گشتی.

ئایا تۆ هیچ پێشبینی یان بۆچوونێکت هەیە لەبارەی پلانی ئیسڕائیل و چارەنووسی غەززە و ناوچەکە بەگشتی؟ بفەرموو بۆچوونەکەت لە کۆمێنت بنووسە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار