کەوتنی دیکتاتۆرێک؛ ئەزمونێک لە ڕابردوو، وانەیەک بۆ ئێستا چاوسیسکۆ بە نموونە
.jpg)
2 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی نێو مێژووی سیاسیی، کە تەنەنات لە دوای ڕاپەڕینی خەڵک و لە دەسەڵات خستنی و دەستگیرکردنی، لە غروری خۆیەوە، هەموو ئەوەی ڕوویدا بوو تێینەدەگەیشت و باوەڕی بە چاو و گوێیەکانی خۆیشی نەدەکرد و لە کاتی دادگاییکردنیدا، دەیگوت هێشتا ئەو سەرۆکە و پۆلیس بۆی نییە قۆڵبەستی بکات.
بفەرموون لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێک:
نیکۆلای چاوسێسکو لە ساڵی ١٩٦٥ بوو بە سکرتێری گشتی حزبی کۆمۆنیستی ڕۆمانیا و لە ساڵی ١٩٧٤ بوو بە سەرۆکی ڕۆمانیا. لە ڕێگەی کەڵتێکی لە کەسایەتی دەسەڵاتخواز بەشێوەیەکی دڕندانە کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بەسە وڵاتەکەدا چەسپاند.
ڕژێمەکەی چاوسیسکۆ لە ڕێگەی پۆلیسی نهێنی ڕۆمانیاوە چاودێری توندی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاند، کە سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیاندا دەکرد و ناڕەزایەتیەکانیان سەرکوت دەکرد و ترس و تۆقاندنیان لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوکردەوە. سیاسەتەکانی چۆسێسکو بووە هۆی داڕمانی ئابووری و زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگا.
نەیارانی سیاسی و خۆپیشاندەران زیندانی دەکران، ئەشکەنجە دەدران، یان دەکوژران. پڕوپاگەندە و سەرکوتکردن سیمای دیار و سەرەکیی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی چاوسیسکۆ بوون.
سەرباری سەرکوت و ستەمکارییەکەی، هەروەها هەژاریی و نابوودیی ئابووریی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاندبوو بەڵام خۆی و خێزانەکەی لە ژیانێکی شاهانەییدا دەژیان و دابڕابوون لە خەڵک.
ئەم دۆخە تاوەکو کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٩ بەردەوام بوو.
با بزانین دوای ئەوە چی ڕوویدا؟
لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٨٩، ڕۆمانیا شایەتی کۆتایییەکی دراماتیکییانەی یەکێک لە سەرکوتکەرترین ڕژێمەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بوو. خەڵکی ڕۆمانیا لە دوای دەورانێکی درێژ لە ستەمکاریی و هەژاریی لە ساتە وەختێکی مێژوویدا ىڕیاریان دا چیتر قبوڵی نەکەن و نایەکی گەورەیان بەڕووی ڕژێمێکی توندوتیژ و تۆقێنەردا بەرز کردەوە و پاشەکشەیان لێنەکرد.
لە ساتەوەختێکدا بڕیاریاندا ئەو مۆتەکەیە لەسەر ژیانی خۆیان لابەرن و باوەش بە ئازادییدا بکەن. دروست لەو ساتەوەختەدا کە تەواوی کۆمەڵگایەک بڕیاری دا، ئیدی ڕۆژی ڕەشی نیکۆڵای چاوسیسکۆ و کۆتایی ڕژێمە تۆقێنەرەکەی دەستی پێکرد.
دیمەنێکی سوریالی، هەموو شتەکان پێچەوانە دەبنەوە
ئێستا با کەمێک لەسەر ئەو دیمەنە مێژوویی و دراماتیکییە بوەستین. ساتێکی جوان کە تیایدا یارییەکە ناوەستێت، بەڵکو پێچەوانە دەبێتەوە. ساتێکی ئەفسوناویی، کە کۆنترۆڵ نامێنیت و ئازادیی وەکو پریشکێک دەردەکەوێت و هەمووان بەرەو ڕووی دەچن. ساتێک کە تیایدا، مێژوویەک بە هەموو دڵرەقیی و دڕنددەیی خۆیەوە لاواز دەبێت و هەرس دەهێنێت. ساتێک تیایدا پەیکەرەکانی غرور و بتەکانی شکۆمەندیی، دەشکین و دەکەون.
پریشکی نارەزایەتیی و خێرا بڵاوبوونەوەی
یەکەم پریشکی خۆپیشاندان و ڕاپەڕین لە شاری تیمیشۆرا دەستی پێکرد و ناڕەزایەتییەکان دژی حکومەت بە خێرایی پەرەی دەسەند.
چاۆسێسکو هەروەکو ژیانی پێشووی کە پەیوەندیی لەگەڵ خەڵک و ژیانی گشتی کۆمەڵگاکەی لەمێژ بوو پچڕا بوو، لەو ساتەشدا و لە سەروبەندیی پەرەسەندنی توڕەیی خەڵک هەر بە تەواوی پچڕابوو.
چاوسیسکۆ، لە ٢١ ی کانوونی دووەمدا، لە وتارێکدا لە باڵکۆنی بارەگای حزبی شیوعی لە بوخارێستی پایتەخت، قسەی بۆ جەماوەرێک دەکرد کە پێیوابوو لایەنگر و دڵسۆزن. وتارەکە لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە پەخشدەکرا و دەیویست هێز و کۆنترۆڵی خۆی بسەلمێنێتەوە. بەڵام لە ساتی وتاردانەکەیدا دروشمی ناڕەزایەتی لە ناو جەماوەرەکەوە بەرز بووە و تا دەهات زیاتر دەبوو.
ئیتر ئەمە سەرهەڵدانێکی نارەزایەتیی و توڕەیی جەماوەر بوو کە بەری پێنەدەگیرا و دامرکانەوەی بۆ نەبوو. پەخشی ڕاستەوخۆ کاردانەوە سەرسوڕهێنەرەکەی تۆمار کرد، ساتێکی ئایکۆنیی، کە هێمای داڕمانی دەسەڵاتەکەی بوو.
لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا تەواوی خەڵکی پایتەخت هاتنە ناو خۆپیشاندانەوە. خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تێکهەڵچوون و ڕژێم بە خێراییەکی سەیر لاواز دەبوو. سوپا و هێزە چەکدارەکان لە بڕیارێکی خێرادا بەرەی جەماوەریان هەڵبژارد و هێزی خەڵکی ڕاپەڕیویان زیاتر کرد.
کەس پشتی دیکتاتۆر ناگرێت
چاوسیسکۆ، تەنها هاوسەرکەی و دەستوپێوەندەکانی لەگەڵ مایەوە. زۆر بە خێرایی دەوری چۆڵکرا و دیکتاتۆر بە تەنیا مایەوە.
لە ٢٢ی کانوونی دووەم، چاوسێسکو و ئیلێنای بە هێلیکۆپتەر هەڵهاتن. هەر دوای ئەوە، فەرماندەی سوپا و هێزە چەکدارەکان بڕیاریدا بە نیشتنەوەی هەموو فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئاسمانی ڕۆمانیا و بە پێچەوانەوە دەخرێنە خوارەوە.
بە ناچاریی هێلیکۆپتەرەکەی چاوسیسکۆ لە نزیک شارۆچکەیەک نیشتەوە و پاشان لەسەر شەقامە گشتییەکە خۆی و ئێلینای هاوسەری دەستیان لە تاکسییەک ڕاگرت و دوای ئەوە کەشف بوون و لە نزیک تارگۆڤیست دەستگیرکران.
دوو هاوسەر، کە ساڵانێکی زۆر هێمای غرور و دەسەڵات بوون و ژیانێکی شاهانەیی و خەیاڵیان هەبوو، وا ئێستا لە دەستبەسەرییدا ڕاگیراون و چاوەڕوانی رەحم و بەزەیی دەکەن لە دادگایەکی سەربازیی خێرا کە بۆیان سازکراوە.
لە غرورێکی پووچ و بۆشەوە کە چاوسیسکۆ لەبەرئەنجامی دەسەڵاتدارێتییە گەندەڵ و خوێناوییەکەوە، وەکو هەموو دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و سەرکوتکەر، بۆی دروستبووبوو، هەموو ئەو ماجەرایەی ڕوویدابوو بە وەهمی دەزانی و لە کاتی دادگاییکردنیدا بە پۆلیسی دەگوت نابێت قۆڵبەستی بکەن، چونکە ئەو هێشتا سەرۆکی وڵاتە.
تۆمەتەکان توند بوون: جینۆساید، تێکدانی ئابووری نەتەوەیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. دادگاییکردنەکە کە کەمتر لە کاتژمێرێکی خایاند، بە سزای گوللـەبارانکردنی چاوسیسکۆ و هاوسەرەکەی کۆتایی هات.
لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ١٩٨٩دا، چاوسیسکۆ و هاوسەرەکەی گوڵڵـەباران کران. لە گرتە ڤیدیۆییەکانی دوا ساتەکانیان - کە لە بەرامبەر دیوارێکدا وەستابوون، دەردەکەوێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەرزۆک بوون - دواتر لە تەلەفزیۆنەوە پەخش کرا و ئەمەش بینەرانی لە سەرانسەری جیهان تووشی شۆک کرد.
گوللـەبارانکردنەکە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی کۆمۆنیستی بوو لە ڕۆمانیا و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی چاکسازیی و دیموکراسیی. گوللـەبارانکردنەکە، دادانەوەی پەردە بوو بەسەر شانۆگەرییەکی تراژیدیی و کۆتاییهاتنی کابوسی خەونێک و سەردەمێکی ڕەش بوو.
ڕاپەڕینی خەڵک و ڕووخانی چاسێسکو بۆ هەمیشە وەکو بیرخستنەوەیەکی بەهێز و وانەیەکی گرنگ بۆ دەسەڵاتداران و بۆ خەڵک و کۆمەلگاکان دەمێنێتەوە کە چۆن ڕژێمە تاکڕەو و ستەمکار و گەندەڵەکان، ڕۆژێک دێت هەڵبوەشینەوە بڕوخێنرین.
ئەمە ئەزموونێک بوو لە مێژوودا، بەڵام ئایا دەبێتە وانەیەک بۆ دەسەڵاتداران لە ئێستا و ئاینددەدا؟

