مۆسۆلینی: دیکتاتۆرێک بە دەسەڵاتی ڕەها و پڕوپاگەندەی بێسنوورەوە بەڵام کۆتایییەکی توندوتیژ و نەفرەتئەنگێز

2 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئەحمەد رەسوڵ
چیرۆکی دەسەڵاتدارە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان لە زۆر لایەن و تایبەتمەندییەوە هێندە لە یەکچوونیان تێدایە وەک ئەوەیە کەسێک چیرۆکی هەموویانی نووسیبێتەوە. بەگشتی هەموویان، خەڵکەکەیان لە پلەیەکی نزمتر لە ئینسان دەبینن و خۆیان بە چەندین پلە لە سەرووی ئینسانییەتەوە.
هەموویان، جگە لەوەی سەرکوت و زیندان و تەنانەت کوشتنینش ڕووبەڕووی ئەوانە دەکەنەوە کە ناچنە ژێر باری ستەمکارییەکانیان، هەروەها خۆیان بە چارەنووس و قەدەرێکی مەزنی سەروو سروشتیی و بانمرۆیی دەبینن کە بە گەلەکانیان پێشکەشکراوە.
هەموویان، لە گەندەڵییە گەورەکاندا هاوبەشن و خەڵکەکەیان لە برسێتیی و زەلیلیدا ڕادەگرن و خۆیان لە پارەدارییەکی خەیاڵیی و ژیانێکی شاهانەییدا و بەکاربەریەکی بێسنووریی خۆشگوزەرانییدا نمایشی نەخۆشانەی قودرەت و عەزەمەتی لەسەر وەهم هەڵچنراوی خۆیان دەکەن.
چیرۆکی ئەمجارە، چیرۆکی دیکتاتۆرێکی گەمژەیە، کە دیکتاتۆر و ستەمکارەکان هەموویان لە گەمژەییشدا هاوبەشن، کە بێنیتۆ مۆسۆلینی دیکتاتۆرە فاشیستەکەی ئیتالیایە، بفەرموون لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێک:
بێنیتۆ مۆسۆلینی، کە خۆی بە دوچێی ئیتالیا ناودەبرد، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم، بەهۆی نائارامیی کۆمەڵایەتیی و گێژاوی ئابووریی و ترس لە کۆمۆنیزم، توانی بگاتە سەر تەختی دەسەڵات. لە ساڵی ١٩١٩ پارتی فاشیستی ئیتالیای دامەزراند، لە کاتێکدا سەرکردایەتیی کۆمەڵێکی نیمچە سەربازیی، ناسراو بە کراس ڕەشەکانی دەکرد لە ڕێپێوانە بەناوبانگەکانیاندا لە ڕۆمای پایتەخت.
مۆسۆلینی بەهۆی سەپاندنی هەیمەنە و هێزی میلیشیایی خۆیەوە توانی شا ڤیکتۆر ئیمانوێلی سێیەم ناچار بکات کە لە ساڵی ١٩٢٢ وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشانی بکات. ئەمەش سەرەتای دەرکەوتن و بەهێزبوونی یەکێک لە بەدناوترین دیکتاتۆرەکانی مێژووی مۆدێرنی ئەوروپا بوو.
ڕژێمی مۆسۆلینی بە خێرایی ئیتاڵیای گۆڕی بۆ دەوڵەتێکی فاشیستی، کە توندوتیژی و دیسیپلین و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا بوونە پایەکانی پێکهێنانی. میللیشیا کراس ڕەشەکانی بە شێوەیەکی دڕندانە نەیارانی سیاسییان سەرکوت دەکرد، هێرشیان دەکردە سەر سۆسیالیستەکان و لیبراڵەکان و هەر کەسێک کە بەرەنگاری ئایدۆلۆژیای فاشیستی دەبووەوە. ئازادی ڕۆژنامەگەریی لەناو برا، دەربڕینی ناڕەزایەتیی بە تاوان ناسێندرا و کەشوهەوایەکی پڕ لە ترس و تۆقین سەراپای ژیانی ڕۆژانەی داگرت.
دیدگای فاشیستی مۆسۆلینی جەختی لەسەر دڵسۆزیی و ملکەچیی ڕەها بۆ دەوڵەت و شکۆمەندکردنی شەڕ و سەرکوتکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکان لە بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی بەکۆمەڵی ئیتالیایی دەکردەوە.
پڕوپاگەندە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێکهاتەی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی مۆسۆلینیدا هەبوو. مۆسۆلینی شارەزا بوو لە هونەری پەیوەندییە جەماوەرییەکان بە بەکارهێنانی ڕۆژنامە، ڕادیۆ، پۆستەر و سازدانی کۆبوونەوەی گشتی بۆ بنیاتنانی بنەمایەکی کولتوریی بۆ ئایدیۆلۆژیاکەی و هەروەها سەپاندنی هەژموونی کەسایەتیی خۆی. لە وتارەکانیدا کە پڕ بوون لە دەستەواژەی شەڕانگێزانە، خۆی وەک ڕزگارکەری ئیتاڵیا پیشان دەدا. خۆی وەکو قەدەرێکی مەزن پێناسەدەکرد کە گەورەیی و مەزنایەتی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی دەگەڕێنێتەوە. سڵاوی فاشیستەکان و یەکپۆشی و نمایشە وردەکانی کۆریۆگرافی، بوونە هێمای لەدایکبوونەوەیەکی ترسناکی ئیتالیا لە ژێر دەسەڵاتی مۆسۆلینیدا.
دەسەڵات و خواستەکانی مۆسۆلینی ئیتالیایان بردە ناو جەنگێکی کاولکار و کارەساتبارەوە. هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ئەدۆلف هیتلەر و بڕیاری پەیوەستبوون بە جەنگی جیهانی دووەم کارەساتە گەورەکە بوو. هێزەکانی ئیتالیا تووشی شکستێکی گەورە بوون و تا ساڵی ١٩٤٣ وڵاتەکە وێران بوو. لە بەرامبەر زیادبوونی شکستی سەربازی و لەدەستدانی پشتیوانی گشتی، ئەستێرەی دەسەڵاتی مۆسۆلینییش ڕووی لە ئاوابوون دەکرد. لە تەمموزی ١٩٤٣ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و دەستگیرکرا.
دواتر لە ئەنجامی داگیرکردنی باکور و ناوەڕاستی ئیتالیا لەلایەن ئەڵمانیای نازییەوە، مۆسۆلینی لەلایەن هێزەکانی ئەڵمانیاوە ڕزگارکرا و دەسەڵاتدارێتییەکی بۆ دامەزرێنراو وەکو سەرۆکی کۆماری ئیتالیا ناوبرا. بەڵام دەسەڵاتەکەی بە شێوەیەکی قەرەبوو نەکراو هەرگیز نەیتوانی شوێنی خۆی بگرێتەوە و تەنها بوکەڵەیەکی دروستکراوی نازییەکان بوو.
لە نیسانی ساڵی ١٩٤٥، کاتێک هێزەکانی هاوپەیمانان لە باکووری ئیتاڵیا نزیکدەبوونەوە، مۆسۆلینی هەوڵیدا لەگەڵ کلارای هاوسەری و دەستەیەک لە بەرپرسە نزیکە فاشیستەکانی بەرەو سویسرا هەڵبێت، بەڵام لەلایەن هێزە چەکارە پارتیزانە کۆمۆنیستە ئیتالییەکانەوە لە نزیک دەریاچەی کۆمۆ دەستگیرکران.
لە ٢٨ی نیساندا مۆسۆلینی و کلارا پێتاچیی هاوسەریی و چەند بەرپرسێکی فاشیست گوللـەباران کران. دواتر تەرمەکانیان لە گۆڕەپانی لۆریتۆی میلانۆ هەڵواسرا و خەڵک قسەیان پێدەگوتن و تفیان تێدەکردن. هەڵواسینی تەرمی مۆسۆلینی و هاوسەر و هاوڕێکانی هێما بوو بۆ ڕەتکردنەوەی فاشیزم و تۆڵەسەندنەوەی ئیتالیا لە دیکتاتۆرییەت.
بەم شێوەیە ئیتالیا لە قۆناغێکی تاریک و سەختی مێژووی خۆی تێپەڕی و بەرەو قۆناغێکی دیکەی کرانەوە و گەشانەوە هەنگاوی نا.
سەرهەڵدان و کۆتاییهاتنی مۆسۆلینی، وانەیەک و بیرخستنەوەیەکی توندە کە هەرچەندە پڕوپاگەندە و توندوتیژی و کۆنترۆڵی تاکڕەوانە دەتوانن بۆ ماوەیەک زاڵ بن بەسەر کۆمەڵگاکاندا، بەڵام دواجار کۆتاییەکی دزێویان هەیە هەروەها چۆن ئەم جۆرە ڕژێمانە زۆرجار لە ژێر قورسایی وەهم و دڕندەیی خۆیاندا دەڕووخێن.

