قۆناغی دووهمى شهڕى ئێران؛ موشەک یان گەمارۆ؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرچەندە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەکانیان بۆ سەر یەکتری بەردەوامە، بەڵام پێشبینییەکان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕ جیاوازن، هۆکاری جیاوازی پێشبینییەکان بۆ پێداگیری ئیسرائیل و بەرەنگاری ئێران دەگێڕدرێتەوە.
شەڕ یان دانوستان؟
لەکاتێکدا بەشێک لە چاودێرانی سیاسی، سەرهەڵدانەوەی قۆناغێکی تری شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل بە حەتمی دادەنێن، بەڵام هەندێکی تر لە پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن ڕێگەی فشاری زیاتر لە دژی ئێران دەگیرێتەبەر نەک شەڕ.
عەلی خامنەئی، ڕابەری باڵای ئێران، ڕایگەیاند: سەردەمی شەڕ یان ئاشتی بەسەرچوو، دەبێت ڕێگەی شەڕ یاخود دانوستان بگیرێتەبەر.
لە قۆناغی یەکەمی شەڕدا، هەرچەندە ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە سەربازییەکانی ئێرانی کوشت و ئاسمانی وڵاتەکەی کۆنترۆڵکرد، هەروەها زیانی گەورەی بە وێستگە ئەتۆمییەکان گەیاند و دەستی گەیشتە ناوخۆی ئێران، بەڵام جۆری وەڵامدانەوەکانی ئێرانیش مایەی فشارێکی گەورەبوو بۆ ئیسرائیل.
هەرچەندە بەشێک لە چاودێران سەرهەڵدانەوەی شەڕ بە ئەگەرێکی زۆر نزیک دەبینن، بەڵام بەشێکی تر پێیانوایە وڵاتانی ڕۆژاوا کارتی گوشاری زیاتری ئابووری و دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن.
ئەوانەی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەڕ بەدوو دەزانن، پێیانوایە ئێران لە قۆناغی یەکەمی شەڕدا هێزی خۆی بەکارهێناوە و زیانی بە ئیسرائیل گەیاندووە، وای بۆ دەچن شێوازی فشارەکانی سەر ئێران گۆڕانکاری بەسەردا بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێرانییەکان جەختیانکردەوە لەوەی هێشتا موشەکی نوێ و سەردەمیانەیان بەکارنەهێناوە.
قۆناغی یەکەمی شەڕ کۆتاییهات، بەڵام نە ئێران خۆی بە دۆڕا و شکستخواردوو دەزانێت، نە ئیسرائیلیش خۆی بە براوەکەی شەڕەکە دادەنێت، بۆیە بەڕای چاودێران قۆناغێکی تری پڕ لە کێشمەکێشی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەڕێوەیە، پرسیارەکە ئەوەیە قۆناغی داهاتوو جەنگێکی گەورەتر ڕوودەدات، یاخود جۆری شەڕی نێوانیان گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟
کارتەکانی گوشاری ڕۆژاوا: ئابووری یان دەستوەردان؟
لەکاتێکدا ئیسرائیل خواستی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێرانی هەیە و گوێ بە لێکەوتەکانی ڕووخانی ڕژێمەکە نادات، بەڵام ئەمەریکا و ئەوروپا وردتر دیراسەی دۆخی ئەو وڵاتە لە دوای ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک دەکەن.
ئیسرائیل بۆ بەدیهێنانی پلانە ستراتیژییەکانی گوێ بە "کاولکاری" وڵاتان نادات، بۆیە ئێران بەلای ئەو وڵاتەوە مایەی مەترسییەو دەیەوێت کۆتایی بەم مەترسییە بهێنێت، تەنانەت ئەگەر ئەنجامی شەڕو گۆڕانکارییەکانیش بە وێرانبوونی ئێران کۆتاییان هاتبێت.
لەکاتێکدا ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا قۆناغی داهاتووی هەر وڵاتێک دیراسە دەکەن، پێش ئەوەی دەست بۆ بەکارهێنانی کارتەکانیان لە دژی ئەو وڵاتە بەرن، ئەمەش وایکردووە پلان و هەنگاوەکانیان جیاوازتر بێت لە ئیسرائیل.
ئەگەری ڕوودانی جەنگی نێوخۆیی، ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی، دەستوەردانی تورکیا لە ڕێگەی تورکەکانی ئێرانەوە، نەبوونی هێزی جێگرەوەو زۆر فاکتەری تر، ئەو فاکتەرانەن کە ئەمەریکا و ئەوروپا لە پەلەکردن لە دەستبردن بۆ ئێران دەترسن.
ڕەنگە گرنگترین کارت بە ئەمەریکاو ئەوروپا بۆ خۆ قوتاکردن لە کێشەی ئێران و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، گۆڕانکاریکردن بێت لە نێو سیستەمی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا، ئەمەش ئێران لە وێرانکاری و داڕووخانی دام و دەزگاکانی دەپارێزێت.
خهڵكى ئێران: ناسیۆنالیزم لە کاتی قەیراندا
لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئێران نەیاری دەسەڵاتی ئێستای وڵاتەکەیانن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دژی هێرشەکانی ئیسرائیلن و پێیانوایە ئامانجی ئەو وڵاتە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیان و وێرانکردنیەتی.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەو شەڕەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دا ڕوویدا، بهپێچهوانهى ئهوهى چاوهڕوانكرا، نهبونه دژى رژێم و ڕانهپهڕین له دژى.
بهڕای چاودێران، دانیشتوانی ئێران جگە لەوەی لە ڕووی ئاینی و ئایدۆلۆژییەوە جیاوازن له ئیسرائیل، هاوكات لهوه دهترسن وڵاتهكهیان بههۆی ئهم شهڕهوه وێران بێت هاوشێوهى وڵاتانى تر.
بەڕای چاودێران، دانیشتوانی ئێران پێشبینی بۆ نەکراون، بەو پێیەی لەکاتی تەنگانە و دروستبوونی مەترسیدا لەسەر وڵاتەکەیان، بیرۆکەی ناسیۆنالیستی بەسەریاندا زاڵە و دژی هێرشی سەر وڵاتەکەیانن، هەرچەندە لەگەڵ دەسەڵاتیشدا ناکۆک و نەیار بن.

