بۆمبی ناوەکیی پاکستان لە بەرامبەر ئیسرائیلدا.!

2 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: فەراج ئیسماعیل
وەرگێڕان: یادگار عەلی
نیگەرانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پڕۆژەی ناوەکیی ئێران، کە ڕەنگە بۆمبێکی ناوکیی لێبکەوێتەوە، لەناکاو خۆی لەبەردەم بۆمبێکی ناوکیی پاکستانیدا دەبینێتەوە، کە چەند میلێک لە [ئیسرائیل]ەوە دوورە.
ئیدارەی ترەمپ و حکومەتە توندڕەوەکەی ناتانیاهۆ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە نوێیەدا دەکەن؟
بژاردەکان لەبەردەم وڵاتانی کەنداو کەمن. قەتەر هەڵیبژارد پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکەی، واشنتۆن، قووڵتر بکاتەوە، کە واشنتۆنیش هانی هاوپەیمانەکەی دیکەی [ئیسرائیل] دا بۆ هێرشکردنە سەری. سعودیە ڕووی لە وڵاتێکی ئیسلامیی خاوەن چەکی ناوەکی کردووە، ئەویش پاکستانە.
شیکەرەوە ناوچەییەکان بە تۆڕی [CNN] یان ڕاگەیاندووە، کە وڵاتانی عەرەبی کەنداو بە بژاردەی سنووردارەوە بەستراونەتەوە. هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە، نیگەرانییە ڕیشەدارەکانی سەرکردەکانی کەنداوی لەبارەی پابەند نەبوونی واشنتۆن بە بەرگریکردن لێیان، زیاتر کردووە، هەروەها ترسەکانیان لە هەڵسوکەوتە بێپەرواکەی ئیسرائیل بە سوپاکەیەوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
پێدەچێت ڕیاز واشنتۆنی لە ڕێککەوتننامەی بەرگریی پاکستان ئاگادار کردبێتەوە، پاش ئیمزاکردنی، بەپێی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز. ڕیاز پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ هیندستان، ڕکابەری پاکستان لە باشووری ئاسیا، پاراستووە، کە یەکێکە لە دابینکەرە سەرەکییەکانی نەوت بۆی.
ئەم ڕێککەوتنە چوار مانگ دوای ئەوە دێت، کە پاکستان و هیندستان لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لێدانی ئاسمانی و موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاڵوگۆڕ کرد، کە هەردوو هێزە ناوکییەکەیان خستە لێواری جەنگێکی گشتگیرەوە.
ڕیاز هیوای خواستبوو ڕێککەوتنێکی بەرگریی لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام بدات، هاوکات لەگەڵ هاوکاریکردنی پلانە ناوکییەکانی واشنتۆن، وەک بەشێک لە گرێبەستێکی گەورە، کە دەبووە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل.
دوای ئەوەی پاکستان یەکەم تاقیکردنەوەی ناوەکیی خۆی لە ساڵی [1998] ئەنجامدا، کە بووە هۆی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتی و دابڕانی دیپلۆماسی، ڕووی لە هاوپەیمانە کۆنەکەی کرد: شانشینی عەرەبستانی سعودیە، بۆ داوای یارمەتی.
خالید مەحمود، باڵوێزی ئەو کاتەی پاکستان لە ڕیاز، داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ شا فەهد کوڕی عەبدولعەزیز کرد، کە ناڕەزایەتی دەربڕی لەسەر تاقیکردنەوە ناوکییەکە، بەڵام بەڵێنی [3.4] ملیار دۆلار پشتیوانیی بۆ پاکستاندا، کە ئەو پارەیە یارمەتی ئیسلام ئابادیدا بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ناوەکیی دووەم.
ئەو ساتە بەشداریی لە شێوەگرتنی ڕۆڵی پاکستان کرد، لە چاوی زۆرێکدا، وەک قەڵغانێکی ناوەکیی ڕاستەقینە بۆ شانشینەکە. کاتێک سعودیە و پاکستان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان ئیمزا کرد، ئەمە شیکارییەکانی دووبارە گەرم کردەوە لەسەر ئەوەی ئایا ڕیاز بە فەرمی دەکەوێتە ژێر چەتری ناوکیی ئیسلام ئاباد و چۆن ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا دەکات .. ئایا کۆگای ناوەکیی پاکستان دەبێتە ئامانجی سەرەکیی.
بێهیوابوون لە ترەمپ
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز لە مانگی ئەیلولی [2023]، شازادە محەمەد بن سەلمان، ڕایگەیاند، کە ڕیاز ڕەنگە [چەکەکانی لە ئەمریکاوە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە].
کاتێک ترەمپ گەڕایەوە کۆشکی سپی، سعودیە هیوای بەوە نوێ کردەوە. ڕیاز فەرشی شاهانەی مۆر بۆ یەکەم گەشتی نێودەوڵەتیی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ڕاخست، بەڵام ڕێککەوتننامەی بەرگرییەکە، کە ڕیاز بەدوایدا دەگەڕا، هێشتا نەکراوە.
تۆڕی [CNN] دەڵێت: لە هەمان گەشتدا، ترەمپ بە ئاشکرا بەڵێنی [پاراستنی] قەتەریدا، دوای ئەوەی وڵاتانی کەنداو بەڵێنیاندا ترلیۆنەها دۆلار بڕێژنە ناو ئابووریی ئەمریکاوە، بەڵام ئەمە ڕێگریی لە یەکەم لێدانی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر وڵاتێکی کەنداو نەکرد و شکستی هێنا لە ڕێگریکردن لە یەکەم لێدانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتێکی کەنداو – کە هەردووکیان لە ماوەی چەند مانگێکدا لە قەتەر ڕوویاندا.
میوانداریکردنی قەتەر بۆ بنکەی ئاسمانیی عودەید، گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ڕێگرێک سەیر دەکرا بۆ وڵاتێکی بچووک، بەڵام دەوڵەمەند، کە بە ڕکابەری گەورەتر و بەهێزتر دەورە دراوە، کە هەرگیز نەیدەتوانی لە هێزی سەربازیی و ئارەزووەکانیاندا ڕکابەرییان بکات.
بەڵام ئەمساڵ سنوورەکانی ئەو پارێزگارییەی ئاشکرا کرد .. لە ئەنجامدا سنوورەکانی پارێزگاری واشنتۆن لە دۆستەکانی بە گشتی. بنکەکە بووە بارگرانییەک کاتێک ئێران لە مانگی حوزەیراندا کردییە ئامانج، لە وەڵامی لێدانێکی ئەمریکا لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران. هەر لەم مانگەدا، بارگرانییەکی دیکەی ئاشکرا بوو، کاتێک ئیسرائیل لە دەوحە حەماسی کردە ئامانج، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرەڕای گرنگیی ستراتیژیی، بوونی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداو ڕەنگە ئەو قەڵغانە نەبێت کە پێشتر وا دەزاندرا.
بەڵام قەتەر بژاردەیەکی جگە لە واشنتۆن نەدۆزییەوە. لە کاتێکدا بژاردەی پاکستان بۆ سعودیە پرسیار دروستدەکات سەبارەت بە پەسەندکردنی واشنتۆن بۆ ڕێککەوتنێکی سەربازیی لە نێوان گەورەترین هاوپەیمانی لە کەنداو [سعودیە] و پاکستان، کە چەکەکانی [81%] پشتی بە چەکی چینی بەستووە.
چۆن چەکەکانی ئەمریکا، کە سەرجەم چەکەکانی سعودیە پێکدەهێنێت، لەگەڵ چەکەکانی چینیدا تێکەڵ دەبن، کە پاکستان پێی دابین دەکرێت؟ .. هاوردەکانی پاکستان لە چەکی ئەمریکی لە ساڵی [2006]دا [36%] بووە و لە ساڵی [2024]دا بۆ [0%] دابەزیوە.

