هۆکاری بەرز بوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
نرخی زێڕ لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، زۆرێک لە وەبەرهێنەران بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لایان بووەتە جێی پرسیار، لەم دواییانەدا سندوقی هاوبەشی تاتا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی پشت بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، لێرەدا چاوێک دەخەینە سەر چوار لەو هۆکارانە و لە داهاتوودا چاوەڕوانی چی بکەین.
١. دابەزینی بەهای ڕووپیەی هیندی
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی ٨٦٪ی زێڕ هاوردە دەکرێت بۆ هیندستان، سەرەڕای باجی زۆری هاوردەکردن، کاتێک ڕووپیەی هیندی بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت، زێڕ لە ناوخۆدا تێچووی زیاتر دەبێت، ئەمەش خواستی ناوخۆیی زیاتر دەکات.
٢. لاوازبوونی دۆلاری ئەمریکی
زۆرجار نرخی زێڕ بە پێچەوانەوەی دۆلاری ئەمریکییەوە دەگۆڕێت، ئەگەر دۆلار لاواز بێت، ئەوا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە، چونکە هەرزانتر دەبێت بۆ ئەوانەی خاوەن دۆلار نین بۆ کڕینی زێڕ.
٣. کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە
بانکە ناوەندییەکانی هیندستان، چین، ڕووسیا، ژاپۆن و وڵاتانی دیکە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا خەریکی کڕینی زێڕ بوون، زیادکردنی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە نزیکەی دوو هێندەی چووەتە سەر، بۆ نموونە، بانکە ناوەندییەکانی ڕووسیا و هیندستان لە ماوەی ١٠ ساڵدا ١.٦ هێندە زیادکردنی زێڕیان زیاد کردووە، لە کاتێکدا چین ١.٣ هێندە زیادی کردووە.
٤. ناسەقامگیری جیهان
لە سەرەتای دەستپێکردنی ململانێی ڕووسیا و ئۆکرانیا، جیهان چەندین ناسەقامگیری جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، لەوانە نائارامی لە ڕۆژئاوای ئاسیا و ململانێی بازرگانی و گومرگی، جەنگ و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان بۆ گۆڕانکاری بەرچەو لە نرخی زێڕ و دراوەکان بەگشتی، زۆر جار لەکاتی دروستبووی جەنگ و ناکۆکی لەنێوان وڵاتان، سەرمایەداران سەروەت و سامانەکانیان لە بانکەکان ڕادەکێشنەوە، وە زۆرینەی جار سامانەکەیان بە زێڕ دەگۆڕنەوە، لەمەوە خواستی کڕینی زێر زیاتر دەبێت دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی.
سندوقی هاوبەشی تاتا پێشبینی دەکات نرخی زێڕ لە ماوەیەکی کەمدا لە دەروبەری مەودای ٣٥٠٠ بۆ ٤٠٠٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بچەسپێت، لە هەمان کاتدا ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە: پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵ نرخی زێڕ بۆ ٤٤٠٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبێتەوە، تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦ بەرزترین ئاستی پێشبینی کراو نزیکەی ٤٦٠٠ دۆلار دەبێت، پێش ئەوەی لە نیوەی دووەمدا ئەگەری دابەزینی هەبێت.
