تاوەکو ئێستا ترەمپ کۆتایی بە چەند جەنگ هێناوە؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (X) بە ناونیشانی "سەرۆکی ئاشتی"، ڕایگەیاندووە کە تەنها لە ماوەی ٨ مانگدا کۆتایی بە ٨ جەنگ هێناوە.

دوایین زیادکردنی لە لیستی کۆتایی هێنان بە جەنگەکاندا، ململانێی دوو ساڵەی ئیسرائیل و حەماسە، حەوتەکەی دیکەی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، پاکستان و هیندستان، ڕواندا و کۆنگۆ، تایلەند و کەمبۆدیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان، میسڕ و ئەسیوپیا، هەروەها سڕبیا و کۆسۆسڤۆ بوون. 

ژمارەیەک لەو ململانێیانە هەرچەندە لە ئەنجامی گرژییە درێژخایەنەکانەوە بوون، بەڵام تەنها چەند ڕۆژێک درێژەیان کێشاوە، هەروەها تاوەکو ئێستا ڕوون نییە کە ئایا بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی ئاشتی بەردەوام دەبن یاخود نا.

لێرەدا بە وردی باس لە ململانێکان و کۆتاییهاتنیان دەکەین:

- ململانێی ئیسرائیل و حەماس
دۆناڵد ترەم سوپاس و ستایشێکی بەرفراوانی لێکرا بەهۆی بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس،بە ئاڵوگۆڕ کردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییانی فەڵەستینی، بەڵام ئاشتییەکی بەردەوام پێویستی بە پابەندبوونی هەردوولا هەیە بە ئاگربەستەوە، کە یەکێک لەو پابەندییانە چەک دانانی حەماس و پابەندبوونی حکومەتێکی نوێ لە غەززە.

- ململانێی ئیسرائیل و ئێران
ململانێیەکی ١٢ ڕۆژە بوو، لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئامانجەکانی لە ئێران پێکا، ترمپ دووپاتی کردەوە، پێش لێدانەکان لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ ئاگادار کراوەتەوە، پاشان ئەمریکا هێرشی بۆسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران ئەنجامدا، کە ئەمەش هەنگاوێک بوو، بووە هۆی نزیک بوونەوە لە کۆتایی ململانێکان بەخێرایی.

لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی: "بەفەرمی ئێران ئاگربەست دەستپێدەکات، پاش ١٢ کاتژمێر ئیسرائیل ئاگربەست دەستپێدەکات، دوای ٢٤ کاتژمێر بە فەرمی کۆتایی بە جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت".

- ململانێی پاکستان و هیندستان
ساڵانێکە گرژی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە، بەڵام لە ٧ی ئایاری ساڵی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی هیندستان هێرش دەکاتە سەر کشمیر شەڕ و پێکدادان سەریهەڵدا، پاش چوار ڕۆژ لە گرژی و پێکدادان، ترەمپ لە پۆستێکیدا ڕایگەیاند کە هیندستان و پاکستان ڕێککەوتوون، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەمە لە ئەنجامی شەوێکی درێژخایەنی دانوستانەکانە بە نێوەندگیری ئەمریکا، حکومەتی پاکستان سوپاسی ترەمپی کرد و دواتر پێشنیاری کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە دۆناڵد ترەمپ، بە ناونیشانی "دەستێوەردانی دیپلۆماسی یەکلاکەرەوە". 

- ململانێی ڕواندا و کۆنگۆ

دوژمنایەتییەکی درێژخایەن لە نێوان ئەم دوو وڵاتە هەڵگیرسا، پاش ئەوەی گرووپی  (M23)ی ڕواندا لە ٢٧ی ئازاری ساڵی ٢٠٢٢، دەستیان بەسەر خاکی دەوڵەمەند بە کانزاکانی ڕۆژهەڵاتی کۆنگۆدا گرت.

لە ٢٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٥، هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لە واشنتۆن واژۆکرد کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە ململانێی دەیان ساڵە بوو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە: ئەم ڕێککەوتنە یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و ئەمریکا.

- ململانێی تایلەند و کامبۆدیا
لە ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە بڵاوکراوەیەکیدا وتی: "من پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی تایلەند دەکەم، بۆ ئەوەی داوای ئاگربەست بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێنێت"، دوای چەند ڕۆژێک، هەردوو وڵات لەسەر ئاگربەستێکی دەستبەجێ و بێ مەرج ڕێكکەوتن.

- ململانێی ئەرمینیا و ئازەربایجان
ململانێی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان مێژوویەکی دێرینی هەیە، کە لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ـەوە دەستی پێ کردووە، هەروەها لە ڕۆژی ١٩ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠٢٣، ئازەربایجان هێرشێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ سەر کۆماری ئارتساخ دەستپێکردەوە لە ناوچەی قەرەباخ.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٥، سەرۆکی هەردوو وڵات ڕایانگەیاند کە ئامادەن کۆتایی بە ململانێی نزیکای ٤٠ ساڵەی خۆیان بهێنن لەسەر ناوچەی قەرەباخ، وە لە ٨ی ئابی ٢٠٢٥ لە کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی سپی ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد.

- ململانێی میسڕ و ئەسیوبیا

بەنداوی گەورەی ڕێنیسانسی ئەسیوبیا لە هاوینی ئەمساڵدا تەواو بوو، وە حکومەتی میسڕ ئاماژەی بەوەدا کە ئەو ئاوەی لە ڕووباری نیلەوە بەدەستی دەهێنێت ڕەنگە کاریگەری لەسەر دروست بێت بەهۆی بەنداوەکەوە، لەم بەینەدا ترەمپ بەڵێنی بە میسڕ دا کە ئەمریکا زۆر بە خێرایی کێشەکە چارەسەر بکات، میسڕ پێشوازی لە قسەکانی ترەمپ کرد.تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی فەڕمی لەنێوان میسڕ و ئەسیوپیا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نەکراوە.

- ململانێی سڕبیا و کۆسۆڤۆ
ململانێی نێوان سڕبیا و کۆسۆڤۆ مێژوویەکی دێرینی هەیە، تازەترینیان کەلە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەستیپێکردووە، ئەمەش بەهۆی تەواو بوونی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بەکارهێنانی تابلۆی بێلایەن بۆ ئۆتۆمبێلەکانی سڕبیا لە کۆسۆڤۆ.

لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێگری لە سەرهەڵدانی دوژمنایەتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کردووە، پاشان لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، سڕبیا تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی کۆسۆڤۆی ناساند و ڕێکەوتنیان واژۆکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار