عەلەویەکانی سوریا داوی سەبریان پچڕا
2 كاتژمێر لەمەوپێش
خەبات کوردە
چەند ڕۆژێکە پێ پەتیەکانی بادیەی نزیک شاری حومس ، بە ڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی هێزەکانی پاراستنی ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی دیمەشق و بە هاوکاری هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و بە فیتی هێزەکانی حەمزات و عەمشاتی سەر بە دەزگا جاسوسیە بەدناوەکەی میتی تورکی ، بە چەکەکانیانەوە هێرش دەکەنە سەر ماڵە دروز و عەلەوی نشینەکانی ناو شاری حومس لە سوریا و شەلم کوێرم نا پارێزم دەست لە منداڵیش ناپارێزن چ جای دایک و باوک و باپرەکانیان
لە دوێنێوەش لە تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریاش خەڵکی سادە و ساکاری عەلەویە بێدەسەڵاتەکانیش بۆ بەرگری لە ژیانی خۆیان و خێزان و ماڵ و منداڵەکانیان بە چڕی ڕژاونەتە ناوەڕاستی شارەکان و وا هەست دەکرێ تازە گەلانی سوریا گەڕاونەتەوە ۱٥ ساڵ لەمەوبەر و دژی شەبیحەکانی ئەحمەد ئەلشەڕع و دار و دەستەکەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن .
دوای ئەوەی دوێنێ هێزێکی زۆری ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سوپا لەرزۆکەکەی شەڕع گەیشتنە شاری حومس و تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریا . تەنها چەند کاتژمێرێک توانیان خۆیان ڕاگرن و پەشێوی دروست نەکەن .
دوای ئەوە کەوتنە تەقە کردن و ڕانان و گرتن و ئازاردانی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە و تا ئێستا دەیان کوژراو و بریندار هەیە و بە گوێرەی هەواڵە میدیاییەکانیش بێت سەدان کەسیان ڕاپێچی زیندانەکان کردوە
ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە داوا لە هێزەکانی هەسەدە دەکەن کە بێن بیان پارێزن لە جیاتی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ
بۆ ئەو سەرهەڵدانە ڕویدا .؟
تورکیا دەوری کاریگەری هەیە و تورک وا هەست دەکات ، ئەگەر ئارامی بگەڕێتەوە بۆ تەواوی سوریا ، ئەوان مایە پوچ و سەرگەردان دەبن . چەند ڕۆژێ بەر لە ئێستا ئەردۆگان دەڵێ : چەندین ساڵە سێ ملیۆن ئاوارەی سوری لە تورکیا ژیانیان کردوە و فێری زمانی تورکی بونە و ئێستا دەگەڕێنەوە ناو خاکی خۆیان ، دەبێ ئێمە پشتیوانیان لێبکەین و بیانپارێزین و زمانی تورکی بۆتە زمانی دووەم لە سوریا
لە گەڵ سەردانەکەی شەڕع بۆ کۆشکی سپی ، تەنها شەڕع بۆ ماوەیەکی کاتی لە یاسای سزاکانی قەیسەر کە تایبەتە بە سوریا دەرهێندرا و هیچ سەرکردە و وەزیر و بەرپرسێکی حکومەتە کاتیەی شەڕعی نەگرتەوە
یەکێک لەو خاڵانەی کە دۆناڵد تڕەمپ بە سەر شەڕعدا فەڕزی کردبوو کە دەبێ بەرەنگاریان ببێتەوە ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی و باڵی هەرە درێژی ئێرانە لە سوریا و لوبنان و زۆربەشیان بە ئەسڵ لە عەلەویەکانی ناوچەکەن بە تایبەتی سوریا .
دوور نیە ئەوە بیانویەک نەبێ بۆ گرتن و ونکردنی زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارانە .
قوڵبونەوەی کێشەی ناتانیاهۆ و ئەردۆگان ، بە تایبەتیش کە لەو ڕۆژانە فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل بە سەد فڕۆکەی جەنگی تەواوی ئاسمانی سوریایان کۆنتڕۆڵ کرد و بوونە ڕێگر لە دامەزراندن و ئاوەدانکردنەوە و هێنانی کەلوپەلی سەربازی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا
بە تیرۆریست ناساندنی ئەخوانەکانی سوریا و لوبنان و میسڕ بە تایبەتی لە لایەن ئەمەریکاوە و بە بڕیارێکی تایبەتی تڕەمپ . چونکە تورکەکانیش بۆ خۆیان چەندین گروپی ئیخوانی توندڕەویان هەیە و لە ناو تورکیا و سوریا زۆر زۆریش چالاکن .
ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وادەکا کە سبەینێ ئەلشەڕع بیانو بهێنێتەوە و بە ئەمەریکا بڵێ ئەها ئەوە عەلەویی و دروز و کوردەکانن ناهێڵن ئێمە بە ئارامی گروپە چەکدارەکانی خۆمان چەک بکەین
لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕوودەدا هیچ قسەی لە سەر نیە و بێ سێ و دوو جێبەجێ کردنی پیت بە پیتی جوڵەکانی ئەردۆگان و دەزگا جاسوسیەکەیەتی چونکە ئەردۆگان دەترسێ سبەینێ ناوی ئەویش بکەوێتە ناو ناوی داواکراوەکانەوە ، چونکە ئەمەریکا و ئیسڕائیل باش دەزانن ئەردۆگان کوێی دێشێ ، لە بەر ئەوەی خودی ئەردۆگان ئێستا سەرۆکی فیعلئ هەر هەموو ئیخوانەکانی جیهانە
ڕۆژانی دادێش دوور نیە بە یەکجاری تەواوی شارەکانی سویاش باری نا ئارامی ڕانەگەیەندرێ و هێزەکانی ڕوسیا و ئەمەریکا و ئیسڕائیلیش نەبنە بەشێک لەو نائارامیە و حکومەتە کاتیەکەی دیمەشق نەخەنە سەر هەززە
