فه‌رهاد عه‌لادین، راوێژکارى سه‌رۆک کۆمار: سه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ سه‌رۆک کۆمار بڵقێکەو هیچى لێ شین نابێت

7 ساڵ لەمەوپێش



فهرهاد عهلادین، راوێژکارى سهرۆک کۆمارى عێراق بۆ هاوڵاتی:

سازدانى: ئارا ئیبراهیم

راوێژکارێکى سهرۆک کۆمارى عێراق دهڵێت، ههڵبژاردن و بهڕێووەچونى ئهو ههڵبژاردنه لایهنى سیاسى و یاسایى ههیه و سهرۆک کۆمار پهیوهسته به لایهنى یاسایى و بهرگرى له تهزویرى ههڵبژاردنهکان ناکات، ههر لایهنێک تانهى ههیه دهتوانێت بیداته دادگا.

فهرهاد عهلادین، راوێژکارى فوئاد مهعسوم لهم چاوپێکهوتنهیدا لهگهڵ هاوڵاتی، ئاماژه بهوهدهکات که زۆرترین ئهو کێشانهى روبهڕووى سهرۆک کۆمار بوونهتهوه، بریتین له ریفیراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبهر و بڕینى بودجهو داخستنى دهروازه و فڕۆکهخانهکانى کوردستان.

هاوڵاتی: ههفتهى رابردوو سهرۆک کۆمار رایگهیاند داواکهى پهرلهمانى عێراق بۆ ژماردنى بهشێک له ئهنجامهکان به دهست و ههڵوهشاندنهوهى دهنگدانى دهرهوه، پێچهوانهى دهستووره، دواتر ناڕهزایهتییهکى زۆر لهسهر ئهمه دروست بوو، راى ئێوه لهسهر ئهو ناڕهزایهتیانه چییه؟

فهرهاد عهلادین: بهڕێوهچونى ئهو ههڵبژاردنه لایهنى سیاسى و یاسایى ههیه، سهرۆک کۆمار پهیوهسته به لایهنى یاسایى و راگهیاندنهکهى سهرۆک کۆمار جهختکردنهوه بوو که ههموو لایهک پهیوهست بێت به یاساو رێساکانى پڕۆسهى ههڵبژاردنى لهسایهوه بهڕێوهچوو. کاتێک که پڕۆسهیهکى نادهستورى دهبینێت ڕاى خۆى لهسهر دهردهکات، پرۆسهى بهڕێوهبردنى دانیشته نائاساییهکهى پهرلهمان و گۆڕینى بابهتى دانیشتنهکه له تاوتوێکردنى بابهتێک بۆ بڕیاردان و دواتر بۆ نوسینهوهى پرۆژه یاسا، پێشێلکردنى دهستورهو لهسهر ئهم بنهمایهش نامهى بۆ دادگاى فیدڕاڵى نارد، ههموو لایهنهکانیش ئهم ههڵوێستهى سهرۆک کۆمار بهڕاست دهزانن و بۆیه ههڵوێستیان نهبوو جگه له دوو سێ لایهن. لێره گرنگه بڵێین که سهرۆک کۆمار تهنها یهک داواى سهرهکى ههبوو که ئهویش پابهندبوونه به یاساو دهستور.

هاوڵاتی: بهشێک لهنیگهرانییهکان لهسهر دهنگهکانى کهرکوکه، بهتایبهتى تورکمانهکان. ئهرشهد ساڵحى سهرۆکى بهرهى تورکمانى ههفتهى رابردوو وتى سهرۆک کۆمار بۆ ڕازیکردنى یهکێتى خۆى خسته سهنگهرى بهرگریکردن له ساختهکاران. راى ئێوه لهسهر ئهم قسهیه چیه؟

فهرهاد عهلادین: سهرۆک کۆمار خۆى نهخستۆته هیچ بهرهیهکهوه و تهنها له بهرهى یاسا و دهستوره، سهرۆکایهتى کۆمار بهیهک شێوه سهیرى پڕۆسهى ههڵبژاردن دهکات و ئهمهش بریتیه له دهستهبهرکردنى یاسا و رێساکانى ههڵبژاردن، ههر لایهنێکیش که گلهیى یان تانهى ههیه لهسهر ئهنجامهکانى ههڵبژاردن ئهوه کۆمسیۆنى ههڵبژاردن و دهستهى دادوهرى ههیه که سکاڵاکانى پێشکهش دهکرێت،  ئهم زاته تهنها بۆ دژایهتى کورده نهک بهرگریکردن له یاسا و دادوهری. لێره گرنگه ئاماژه بۆ ئهوه بکهین که سهرۆک کۆمار نه بهرگرى له تهزویر دهکات و نه پهیوهندى بهم کارهوه ههیه، چونکه له ئیختساسى کارى ئهو نیه بهڵکو ئهمه کارى کۆمسیۆن و دادگایه.

هاوڵاتی: بهپێى ههندێ راپۆرتى میدیایى ههفتهى رابردوو ژمارهیهک پهرلهمانتار ههوڵى وهرگرتنهوهى متمانه له فوئاد مهعسوم دهدهن، خوێندنهوهتان بۆ ئهم ههوڵه چیه؟

فهرهاد عهلادین: سهرۆک کۆمار چهندین جار بێ منهتى خۆى دهربڕیوه لهو پۆسته و ههموو کاتێک ئاماده بووه که پۆستهکه به جێبهێڵێت ئهگهر بهرژهوهندى باڵاى میلهتهکهى ئهمه داوا بکات، خۆى داواکارى ئهو پۆسته نهبووه و کاتێکیش تهکلیفکرا نهسڵهمیهوه له بهجێهێنانى واجبى خۆی. سهبارهت به سهندنهوهى متمانه ئهوه تهنها بڵقێکى میدیایه و هیچى لێ شین نابێت، سهندنهوهى متمانه پڕۆسهیهکى ئاڵۆزه و دهبێت له دادگاى فیدڕاڵى دهست پێبکات و له پهرلهمان کۆتایى دێت، ههرچى ئهو بهڕێزانهى پهرلهمان دهیانهوێت له پهرلهمانهوه دهستپێبکهن، ئهمهش ههڵهیه.

هاوڵاتی: رهخنهکهى تر له سهرۆک کۆمار دهگیرێت که له ههندێ پرسدا راى نهبووه، بهڵام له پرسى بهدواداچونى پهرلهمان بۆ دهنگهکان قسهى ههبووه. بۆ نموونه له ناوخۆى ههرێمى کوردستانیش دهوترێت له روداوهکانى ١٦ ئۆکتۆبهردا قسهى نهبووه، ئایا ئهمه قسهى ئهوانه ناسهلمێنێت که بهرێز سهرۆک کۆمار هێشتا بهرژهوهندى حزبهکهى خۆى له پێش چاوه؟

فهرهاد عهلادین: قسه و باس لهسهر ههڵوێستى سهرۆک کۆمار زۆرن، به تایبهتى سهبارهت به پرۆسهى ریفراندۆم و ئهنجامهکانی، دیاره خهڵک له یادێتى که سهرۆک کۆمار سێ جار سهفهرى تایبهتى بۆ ههرێمى کوردستان کردو راوێژى لهگهڵ سهرکردایهتى کورد کردو ڕاو بۆچونى خۆى خسته سهر مێزى سهرکردایهتى کورد بهههموو پێکهاتهکانهوه، کۆبونهوهى یهک لایهن و دوو لایهن و فرهلایهنى بهست، له ١٣ ئۆکتۆبهر سهردانى سلێمانى کرد و لهگهڵ سهرکردایهتى کۆبووه و دواتریش له کۆبونهوهکانى سهرکردایهتى هاوبهشى کورد له دوکان له ١٥ ئۆکتۆبهر ههموو راو و بۆچونى خۆى ڕوون کردهوه، سهرکردایهتى سیاسى راو بۆچونهکانى بهرز نرخاند. بهڵام بهردهوامبوون له بۆچونى خۆیان، ئێستاش ئهنجامهکان ڕوونه بۆ ههموو لایهک. دواى ١٦ی ئۆکتۆبهریش سهرۆک کۆمار به بهردهوامى لهسهر خهت بوو لهگهڵ سهرکردایهتى باڵاى سیاسى عهرهبى و باڵوێزهکانى ئهمریکا و بهریتانیا و ئێران و تورکیا و ئهوروپیهکان، فشارى زۆرى خسته سهر ههموویان که هێرشهکان ڕابگیرێن و زێدهرۆیى زیاتر نهکرێت، لهم ههوڵانهشى زۆر سهرکهوتوو بوو، بهڵام لێره حهقیقهتێک ههیه که نابێت له یادى بکهین، ئهویش ئهوهیه سهرۆک کۆمار کارهکانى خۆى دوور له میدیا و کهناڵهکانى تۆڕى کۆمهڵایهتى ئهنجام دهدات، چونکه بهبڕواى ئهو مانشێتى ئاگرینى، رهنگه دڵى ههندێک رازى بکات، بهڵام زیاتى گهورهتر دهدات به بهرژهوهندى گشتی، بۆیه ئهو به کردار ههڵوێست دهردهبڕێت نهک له میدیا.

هاوڵاتی: گرتنهوهى ئاو له لایهن کۆمارى ئیسلامى ئێران و تورکیا له چهند رۆژى رابردودا پرسێکى دیاربوون. ههوڵهکانى سهرۆک کۆمار لهسهر ئهم مهسهلهیه چیه؟

فهرهاد عهلادین: گرتنهوهى ئاو له لایهن تورکیا پڕۆسهیهکه چهندین ساڵه له ئارادایه، زیاتر له ٢٠ ساڵه که تورکیا خهریکى دروستکردنى بهنداوه له ناو خاکى خۆی، تهنانهت ئهوان به نیازبوون له مانگى ئادارى ئهمساڵ دهست به کردنهوهى بهنداوى ئهلیسۆ بکهن، بهڵام به ههوڵهکانى سهرۆک کۆمارو لایهنه پهیوهندیدارهکانى تر ئهم کاره بۆ مانگى شهش دواخرا، ئێستاش پێویسته که حکومهتى عێراق کاربکات و دابینکردنى ئاو و پارێزگارى لهسهرچاوه ئاوییهکانى بکات و لهگهڵ تورکیاو ئێرانیش ئیتیفاقیهى نێودهوڵهتى واژۆ بکات بۆ ئهوهى بتوانن به یهکهوه ئیدارهى سهرچاوه ئاوییهکان بکهن.

هاوڵاتی: قسهیهک ههیه که یهکێتى نیشتیمانى کوردستان بهڕێز فوئاد مهعسوم کاندید بکهنهوه بۆ سهرۆکایهتى کۆمار له خولى داهاتوودا، بهرێزیان تا چهند ئامادهن خولێکى تر سهرۆکایهتى بکهن؟

فهرهاد عهلادین: پۆستى سهرۆک کۆمار وهک نهریتێک بۆ کورد تهرخانکراوه، بهڵام شهرت نیه ئهم جارهیان بۆ کورد بێت، ئهگهر بۆ کورد بوو ئهوه ئێستا پارتى دیموکراتى کوردستانیش داواى ئهم پۆسته دهکات، به واتایهکى تر، پۆستى سهرۆک کۆمار پێویستى به یهکدهنگى و پێکهاتنى کورده لهسهر کاندیدێک که بتوانێت بهرگرى له مافى گهلى کورد بکات له بهغدا، تا ئهم ساتهش هیچ کهسێک به فهرمى له لایهن هیچ لایهنێک کاندید نهکراوه، سهرۆک کۆمار ناسڵهمێتهوه لهههر واجبێک که خزمهتى گهلهکهى بکات و لهسهر ئهم بنهمایهش قبووڵى بوو که ئهم پۆسته وهربگرێت.

هاوڵاتی: ئایا هیچ کێشهو گرفتێکى سیاسى بۆ بهڕێز فوئاد مهعسوم دروستکراوه لهم چوار ساڵهى رابردودا؟ چ لهناوخۆ یان وڵاتانى دهرهوه؟

فهرهاد عهلادین: گهورهترین کێشهى که سهرۆک کۆمار بهرانبهرى بووبێتهوه پهرتهوازهیى کورد بوو له بهغدا، لهدهستدانى یهک دهنگى کاریگهرى زۆرى ههیه لهسهر پێگهى کورد له بهغدا، له ههمان کاتدا بووه هۆکارى لهدهستدانى چهندین پۆست و پایهى گهوره، چونکه کوتله کوردییهکان ئاماده نهبوون بهیهکهوه کار لهسهر بهرگریکردن له مافهکان بکهین بهیهکهوه، بهڵکو ههریهکهیان به تهنها ههوڵى دهدا،

هاوڵاتی: هیچ کێشهیهک ههیه بههۆى پێشێلکردنى دهستورهوه له لایهن لایهنه سیاسیهکانهوه روبهڕووى سهرۆکایهتى کرابێتهوه؟ ئایا چارهسکراوه یان نا؟

فهرهاد عهلادین: بهپێى دهستور سهرۆک کۆمار پارێزگارى دهکات له دهستور، بهڵام لهبهر ئهوهى نه لهدهستور و نه بهیاسا ئهم پارێزگاریکردنه رێکنهخراوه، بۆیه گفتوگۆیهکى زۆر ههیه که چۆن سهرۆک کۆمار دهتوانێت بهرگرى بکات له پێشێلکردنى دهستور، لهگهڵ ئهمهشدا، سهرۆکایهتى کۆمار لیژنهیهکى تایبهتى پێکهێنا بۆ دهستنیشانکردنى پێشێلکارییهکان و بهنامه و به سکاڵا ههوڵیدا بۆ لابردنى پێشێلکارییهکان، واجبى ئهم خولهى پهرلهمانیش ئهوه دهبێت که به یاسا دهسهڵاتهکانى سهرۆک کۆمار دیارى بکات و میکانیزمى پارێزگاریکردن له دهستور بخرێته چوارچێوهى یاساوه.

هاوڵاتی: وهکو راوێژکارێکى سهرۆک کۆمار، گهورهترین کێشهى له رابردوودا یهخهى بهرێز فوئاد مهعسومى گرتبێت چى کێشهیهک بووه؟

فهرهاد عهلادین: عێراق دهوڵهتێکى پڕ له کێشهو تهنگو چهڵهمهیه، ئهم کێشانهش بهشێوهیهکى نهپچڕاو یهک به دواى یهکدا دێن، ههر لهسهرهتاى دهستبهکاربوونى کێشهى له دهستدانى سێ پارێزگاى عێراق و داگیرکردنیان له لایهن داعش، کوشتن و دهستگیرکردنى خوشک و برا ئێزیدیهکان کاریگهرى زۆرى دهروونى ههبوو، کێشهى ههڵبژاردنى سهرۆک وهزیران و لادانى نورى مالیکی، دواتر کێشهکانى ناو پهرلهمان و خۆپیشاندانهکان و کێشهکانى ریفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبهر و بڕینى بودجهو داخستنى دهروازهو فڕۆکهخانهکانى کوردستان و دهیان کێشهى تر که تیایدا سهرۆک کۆمار ڕۆڵى گرنگى بینى بۆ گهیشتن به چارهسهر. رهنگه یهکێک له گرنگترین سهرکهوتنهکانى ئهوهبوو که توانى ئهمریکیهکان رازى بکات سێ رۆژ بهر له ئهو مهوعیدهى دایان نابوو که یارمهتى بگهیهنن بۆ چیاى سنجار بۆ یارمهتى خوشک و برا ئێزیدیهکان که لهوێ به بێ ئاو و نان پهنایان بۆ شاخهکان بردبوو، بههۆى پهیوهندى راستهوخۆ لهگهڵ جۆ بایدنى جێگرى سهرۆک کۆمارى ئهمریکاو باڵیۆزى ئهمریکا له بهغدا توانیان ئهم یارمهتیانه زووتر له کاتى خۆى بگهیەنن و ژیانى سهدان کهس له مهترسى تونیهتى و برسیهتى رزگار بکهن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار