چیرۆکی ئەلیسیۆی خەمناک
7 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسان عەوداڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترن لە دوای هەڵبژاردنەکان، کێشەی کارەبا و نان و خزمەتگوزارییەکانیشیان لەبیری هاوڵاتیان بردووەتەوە
ماجد سامەرائی
بەهۆی تەواوبوونی پرۆژەی بەنداوی ئەلیسۆ و بەکارخستنی لە لایەن حکوومەتی تورکیاوە، کێشەی ئاو لە عێراق سەرهەڵدەدات. بەرپرسانی عێراق وای نیشان دەدەن کە ئەوان زۆر لەو کارە تووڕەن، بەڵام لە راستیدا ئەمە وانیە و ئاوی عێراق خەمخۆرێکی وەهای نیە.
بەرپرسانی عێراق لەئێستادا بە جۆرێک عەوداڵی بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاترن لە دوای هەڵبژاردنەکان، کێشەی کارەبا و نان و خزمەتگووزارییەکانیشیان لەبیری هاوڵاتیان بردووەتەوە، بەڵام هەموو ئەمانە کەم نەبوون لەسەر خەڵکی عێراق، ئێستا خەریکە رووباری دیجلەش لەدەست دەدەن و قەیرانی ئاو بەرۆکی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.
ئەگەر بێت بەنداوی ئەلیسۆ وەک خۆی بەکاربخرێت و ئاوی پێویستی تێدا کۆبکرێتەوە، ئاوی رووباری دیجلە لە عێراق، لە ٢١ ملیار مەتر سێجاوە بۆ ٩.٧ ملیار سێجا کەم دەبێتەوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئەگەری پێشێلکاریی و تەزویر بەسترا، پەرلەمانی عێراق دەنگی ناڕەزایی دەربڕی بەڵام ئەوەندەی ناڕازی بوون لەوەی موقتەدا سەدر زۆرینەی کۆرسییەکانی پەڕلەمانی داهاتووی عێراقی بەدەست هێناوە، ئەوەندە لەوە ناڕازیی نەبوون کە تورکیا خەریکە چیان بەسەر بێنێت لە کاتێکدا گەڕانەوەی دەسەڵات بۆلای سەدر رەنگە تەنها گەڕانەوەی دەنگی خەڵک بێت بۆ خەڵک، چونکە سەدر خەڵک هەڵیبژاردووە بە گوێرەی هەڵبژاردنەکان.
سەدر پێشتر دژی حکوومەت بوو، دەسەڵاتی بە گەندەڵ و شکستخواردوو لە قەڵەمی دەدا، رەخنەی تووندی لە چۆنێتی خەرجکردن و بەڕێوبردنی نەوت و داهاتی عێراقی دەگرت. ئەو شکستە یەک بە دوای یەکانەی عێراقە، وایلێکردوە وەک هێزێکی ناکاریگەر و وەلاخراو لە لایەن دراوسێکانی سەیر بکرێت.
پەڕلەمانتارانی عێراق لە سێی مانگی حوزەیران دەربارەی کێشەی ئاو چەند لێدوانێکیاندا، بەڵام ئەو لێدوانانە ئەوەندەی لەقسەی فێرخوازێکی قوتابخانەی تائیفی دەچوو، ئەوەندە بە قسەی پەرلەمانی نە دەکرد. خۆ ئەگەر گوێ لە قسەکانی وەزیری سامانەکانی ئاو بگری، زیاتر تێدەگەیت.
ئەو باسی لە هۆکارەکان کرد کە بوونەتە هۆی ئەوەی تورکیا ئەو بەنداوە دروست بکات، بەڵام بیری چوو باس لەوە بکات کە مێژووی دروستکردنی ئەو بەنداوە بۆ ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەروەها بیری چوو باس لەوە بکات حکوومەتەکانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ەوە هیچ پرۆژە و تاکتیکێکیان نەبووە تاکو هەوڵی پاراستنی هەردوو رووباری دیجلە و فورات بدەن.
دەبوو حکوومەت پلانی زۆر ستراتیژی هەبێت دەربارەی پاراستنی ئەو دوو ڕووبارە، هیچ نەبێت دەبوو سیستەمی دابەشکردنی ئاو لە وڵاتی پێشبخەن بەجۆرێک رێگریشیان لە کێلگەی بەخێوکردنی ماسیە نایاسایەکانیش بگرتایە.
وەزیرەکەی عێراق تەنها ئەوەی وت کە تورکیا تاک لایەنە ئەو بڕیارەی داوە، بەڵام رەنگە نەزانێت سەردەمێکە ئەنقەرە خەریکی خەرجکردنی پارەیە لەو جۆرە بەنداوە و چەندین بەنداوی دیکە.
تورکیا پلانی هەیە ٢٢ بەنداو دروست بکات، هەشتیان دەکەونە سەر دیجلە و ١٤ دەکەوێتە سەر فوڕات. گەورەترینیان بەنداوی ئەتاتورکە لەسەر رووباری فوڕات کە کاتێک لە ساڵی ١٩٩٢ دەست بە دروستکردنی کرا، پەیوەندی نێوان عێراق و تورکیا و سووریا بەهۆیەوە تێکچوو. لە ئێستادا شەش بەنداوە لەسەر رووباری دیجلە تەواو بوون و ئەلیسۆش دواهەمینیانە کە تەواو بووە، دوای ئەوەیش بەنداوی سیلڤان دێت کە لە ساڵی ٢٠١٩ تەواو دەبێت.
لە دوای جەنگی کوەیت، ئیدی عێراق زیاتر و زیاتر بەرەو شکست دەڕۆی لە ڕووی پارێزگاریکردن لە سەرچاوە ئاوییەکانی.
تەنانەت عێراق نەیتوانی بە یەکسانی مامەڵە لەگەڵ گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە بکات کە ئێرانیش ئاوی ئەلوەند و زێ بچووکی گرتەوە، بەڵام بەغدا بۆ تاران بێدەنگی هەڵبژاردن و ئەو کەمە ناڕازیەتیەشی دەرنەبڕی.
رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکی تورکیا، لەبارەی ئەو بەنداوانەی وتی «ئێمە ١٠ ساڵ پێش ئێستا عێراقمان لەوە ئاگادار کردەوە کە دەست بکەن بە پاراستنی ئاو و دروستکردنی بەنداوە بۆ خەڵک و وڵات… ئیستا ئەو ئاوە بەفیڕۆ دەچێت، بۆچی؟ بەرپرسان هیچیان نەکرد و گوێیەکی کەڕیان نیشان داین».
ئەردۆگان وتیشی «بەنداوی ئەلیسۆ باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا دەکاتە ناوچەیەکی گەورەی کشتووکاڵ و گەشتیاری و کارەبا لە ئەوروپاوە وەبەرهێنەرانی بیانی رادەکێشێت».
رەنگە تورکیا باش بزانێت کە عێراق چەندە بێ هێزە ئەمەش وایکردوە کە سوپای بێ گوێدانە بەغداد بنێرێتە ناو شاخەکانی عێراق، دواجاریش چیرۆکی بەنداوی ئەلیسۆ، جیا لە شکستێکی دیکەی بەغدا هیچی دیکەمان پێ ناڵێت.
وەرگێڕانی: هاوڵاتی