رێباز حه‌ملان: وتاره‌که‌ى مه‌سرور بارزانى زۆر راستگۆیانه بوو
"کاتێک من وه‌زیرى دارایى بووم هیچ قه‌رزێک نه‌کراوه"،ورده‌کارى 27 ملیار دۆلارى قه‌رزه‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئاشکرا ده‌کات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
یارده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ کاروبارى دارایى و وه‌زیرى پێشووى دارایى و ئابوورى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند" حکومه‌تى هه‌رێم جگه له بڕێک قه‌رزى که‌مى تورکیا هیچ قه‌رزێکى ده‌ره‌کى له بانک و وڵاتان نه‌کردووه" و ده‌شڵێت:" وتاره‌که‌ى مه‌سرور بارزانى زۆر راستگۆیانه بوو".
له میانى به‌شداریکردنى له "ژوورى هه‌واڵ"ى کوردستان ٢٤دا، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ کاروبارى دارایی، رێباز حه‌ملان، له باره‌ى وتاره‌که‌ى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه وتی" ئه‌و وتاره‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت وتارێکى زۆر راستگۆیانه بوو، هه‌میشه وابووه، راستییه‌کان تاڵن، به‌ڵام پێویسته بوترێت".
هه‌روه‌ها وتیشی" حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له یه‌که‌م کابینه‌وه تا ئه‌مڕۆ، وه‌ک سه‌رۆکى حکومه‌ت ئاماژه‌ى پێدا، ناڕێکوپێکى هه‌بووه له ئیداره‌ى دارایى له هه‌رێمى کوردستان، له یه‌که‌م کابینه‌وه تا کابینه‌ى نۆیه‌م. ئه‌مه له شوێنێکدا پێویسته رابگیرێت و ده‌ستبکرێت به چاکسازییه‌کى راسته‌قینه له سه‌رجه‌م سێکته‌ره‌کانى خه‌رجى و داهات".
سه‌باره‌ت به‌و که‌سانه‌ى له رێى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه باسیان له قه‌رزداربوونى حکومه‌ت کردبوو، رێباز حه‌ملان به کوردستان 24ى ڕاگه‌یاند" له سۆشیال میدیا و لاى هه‌ندێک له شرۆڤه‌کارانى سیاسی، به‌داخه‌وه به میزاجى خۆیان لێکدانه‌وه‌یان بۆ گوتاره‌که کرد. سه‌رۆک وه‌زیران وه‌ک ده‌وڵه‌تمه‌دار قسه‌ى کرد، نه‌ک که‌سایه‌تییه‌کى حزبی".
رێباز حه‌ملان ڕاشیگه‌یاند" کاتێک جه‌نابى سه‌رۆکى حکومه‌ت باسى له‌وه کرد، ناڕێکى له ئیداره‌دان هه‌بووه، له رابردوو تا ئێستا، ئه‌م قسه‌یه هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه ده‌گرێته‌وه له کابینه‌کانى رابردوو به‌شداریان کردووه، هه‌ریه‌ک به‌شى خۆى به‌رپرسیارێتى ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ. ئه‌مه بۆ هه‌موویان وه‌ک یه‌که".
روونیشیکرده‌وه: یاساى چاکسازى له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌رچووه، هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى له په‌رله‌مان ئه‌ندامیان هه‌یه، ده‌نگیان به‌و یاسایه داوه، ئێستا حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێویسته ئه‌و یاسایه جێبه‌جێ بکات، له‌سه‌ره‌تاى کابینه‌ى نۆیه‌م، که کارنامه‌ى له په‌رله‌مان خراوه‌ته‌ڕوو، باسى ئه‌م چاکسازییه کراوه، ئه‌مه په‌یوه‌ندى به نرخى نه‌وت و کۆرۆنا نییه. یه‌کێک له کاره له پێشینه‌کانى کابینه‌ى نۆیه‌م ئه‌وه‌یه چاکسازى بکرێت.
هاوکات له به‌شێکى تر‌ى قسه‌کانیدا یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ کاروبارى دارایى ده‌شڵێت" یاساى چاکسازى به‌شێکى زۆرى گرفته‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کات. ئه‌و گرفتانه‌ى له ناوخۆى هه‌رێمى کوردستانن، له ئه‌نجامى هه‌ڵه‌ى ئیدارى و کارى نایاسایى درووست بوون، به‌شێکیشى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ى له سه‌رووى تواناى حکومه‌تى هه‌رێمن بۆ نموونه دابه‌زینى نرخى نه‌وت و هاتنى کۆرۆنا".
رێباز حه‌ملان ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد" ئه‌وه‌ى باسى قه‌رزده‌کرێت، قه‌رز نییه به‌و مانایه‌ى خه‌ڵک تێى گه‌یشتووه، له رووى ئیدارى و دارایى و یاساییه‌وه پێناسه‌ى خۆى هه‌یه. ئێمه له ٢٠١٥ یاساى قه‌رزمان هه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ک تا ئێستا هیچ قه‌رزێکمان نه‌کردووه له هیچ ده‌وڵه‌ت، کۆمپانیا و بانکێکى نێوده‌وڵه‌تی، که قه‌رز بخه‌ینه سه‌ر شانى حکومه‌ت و هاووڵاتیانى کوردستان".
روونیشیکرده‌وه: به گوێره‌ى یاسا هه‌ر قه‌رزێک بکرێت، ده‌بێت وه‌زیرى دارایى واژووى بکات، کاتێک من وه‌زیرى دارایى بووم هیچ قه‌رزێک نه‌کراوه، تا بوترێت سووى چووه‌ته سه‌ر و حکومه‌تى هه‌رێمى خستووه‌ته ژێر پابه‌ندییه‌که‌وه که پێى نه‌درێته‌وه.
وتیشی" ئه‌وه‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت باسى کرد، له‌و ٢٧ ملیار دۆلاره، ١٠ ملیار دۆلارى ئه‌و پاشه‌که‌وته‌یه، که کراوه به هۆى بڕانى مووچه و بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له لایه‌ن به‌غداوه و ئه‌وه‌ى له تواناى بوو، مووچه‌ى دا، به‌ڵام له شوێنێکدا نه‌یتوانى ئه‌و ئه‌رکه راپه‌ڕێنێت، ناچار بوو پاشه‌که‌وتى مووچه بکات، ئه‌و پاشه‌که‌وته ١٠ ملیارى ئه‌و قه‌رزه‌یه، که سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى بۆ کردووه. ئه‌وه‌ش ئه‌رکى حکومه‌تى عێراقه ئه‌و پاره‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه، چونکه ئه‌و بودجه‌ى بڕیوه، بۆیه پاشه‌که‌وت کراوه".
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند" به‌شى دووه‌مى ئه‌و ٢٧ ملیار قه‌رزه، ١٧ ملیاره، نزیکه‌ى ٤ ملیار دۆلارى تایبه‌ته به کۆمپانیاکانى نه‌وت و ئه‌و پارانه‌ى بۆ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت به‌کارهاتووه ئه‌وه‌ش هه‌موو مانگێک به‌شێکى لێ دراوه‌ته‌وه، ئێستا نه‌بێت به هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت. به‌شێکیشى تایبه‌ته به کڕینى کاره‌با و بۆ ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی، که حکومه‌ت کاره‌باى لێ کڕیون، یه‌کێک له‌و کۆمپانیایانه کۆمپانیاى ماسه. ئه‌و قه‌رزه پابه‌ندى حکومه‌تى هه‌رێمه بیداته‌وه".
ئه‌وه‌شى وت" به‌شێکیشى تایبه‌ته به بانکى بازرگانى عێراق، که مقاویله‌کان ئه‌و چه‌که‌ى له وه‌زاره‌تى دارایى وه‌ریان گرتبوو، چوونه له‌و بانکه کردوویانه به پاره و بڕه‌که‌ى 3 ملیار دۆلاره".
له باره‌ى دوا به‌شى قه‌رزه‌که‌شه‌وه وتی" به‌شێکیشى ئێمه قه‌رزمان له تورکیا کردبوو، به‌ڵام به‌شێکى هه‌ره گه‌وره‌ى ئه‌و قه‌رزه دراوه‌ته‌وه و که‌مى ماوه".
حه‌ملان دووپاتیکرده‌وه: ئه‌و 17 ملیاره‌ى ده‌مێنێته‌وه، پابه‌ندیى سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێمه. دڵنیایى ده‌ده‌مه خه‌ڵکى کوردستان، که حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له هیچ بانکێکى نێوده‌وڵه‌تى و هیچ وڵاتێک قه‌رزى نه‌کردووه، جگه له‌وه‌ى تورکیا، که به‌شێکى که‌مى ماوه بدرێته‌وه.
جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه: سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ته‌نیا راستى وتووه، راستییه‌که تاڵه، به‌ڵام پێویسته خه‌ڵک بزانێت ئێمه له چ ره‌وشێکین.
ڕێباز حه‌ملان له درێژه‌ى قسه‌کانیدا وتیشى:" ئێمه پابه‌ندین به دابینکردنى مافى هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک. ئێمه ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ى مافیان نییه و ئه‌وانه‌ى پێنج مووچه و سێ مووچه‌یان هه‌یه رابگرین و ئه‌و پرسه رێکبکرێته‌وه. سه‌رۆکى حکومه‌ت به هیچ شێوه‌یه‌ک مه‌به‌ستى ئه‌و که‌سانه نییه، که به مافى خۆیان مووچه وه‌رده‌گرن، مه‌به‌ستى ئه‌وانه‌یه، که به ناهه‌قى مووچه وه‌رده‌گرن".
هه‌روه‌ها وتى:" به‌شێکیشى ئه‌وه‌یه هه‌رێمى کوردستان، پێویستى به ژێرخانێکى ئابوورى پته‌و هه‌یه. ئه‌مه‌ش پێویستى به بودجه‌یه بۆ که‌رتى کشتوکاڵ و ته‌ندروستى و گه‌شتیاری، ئێمه ئه‌گه‌ر مووچه‌ش دابه‌ش بکه‌ین، ئه‌و که‌رتانه خراپ بن، ئێمه ژێرخانمان چۆن چاکبکه‌ین و چۆن بۆ داهاتوو خۆمان رێکبخه‌ینه‌وه و ژێرخانى ئه‌م وڵاته چاره‌سه‌ر بکه‌ین".
ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه، که ستراتیژى حکومه‌ت ئه‌وه‌یه کۆتایى به گه‌نده‌ڵى و به‌هه‌ده‌ردان بهێنێت و وتی" به کورتى ئه‌وانه‌ى له‌م وڵاته مافى گشتیان خواردووه، ده‌بێت پێیان بڵێین بوه‌ستن و له‌مه زیاتر خه‌ڵکى کوردستان به‌رگه‌ى ئه‌وه ناگرن".