حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دوای شوانێکی تردا دەگەڕێت
7 ساڵ لەمەوپێش
ئانا بورشفسكايا و بيلال وەهاب لە پەیمانگای واشتن
وەرگێڕانی هاوڵاتی
لەمیانی کۆڕبەندی ئابووری ساڵانەی پیتەرسبێرگ لە ٢٥/5، نوێنەرانی حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیای وزەی رۆزنەفت گرێبەستێکی زەبەلاحیان واژۆ کرد بۆ گەشەسەندن بە ژێرخانی گازی سروشتی کوردستان، ئەمەش درێژکراوەی ئەو گرێبەستە بوو کە ساڵی پار کرا بوو. رۆزنەفت رەزامەندبووە کە بۆرییەکی گاز دروست بکات کە بە تورکیادا دەڕوات و توانای ناردنی ٣٠ ملیار کیلۆمەتر سێ جا گازی هەیە ساڵانە، ئەمەش هەژموونی مۆسکۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەکات. ڤلادمیر پوتین خۆشی لە ٧ی مانگی شەش، دڵنیایدا لە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
کوردەکان لە ستراتیژی ئەمریکا ناڕازین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدوای ئاکتەرێکی نوێ دەگەڕێن، ئەمەش وایکرد نێچیرڤان بارزانی کەمپینی هەڵبژاردەکانی عێراق بەجێبهێڵێت و لە ٩ی پێنج بچێتە مۆسکۆ و لەگەڵ ئیگۆر سێچن، سەرۆکی رۆزنەفت، و ڤلادمیر پوتین کۆببێتەوە. پێشتریش مەسعود بارزانی لە مانگی ١١، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەو بە پەیوەندییەکانی دەچێتەوە لەگەڵ واشنتن، ئەمەش شتێکە مۆسکۆ بە خۆشحاڵییەوە وەریدەگرێت. رەنگە بارزانی بیەوێت جارێکی دیکە ئەو پەیوەندییەی کە باوکی لە ساڵانی چلەکان لە رووسیا هەیبوو زیندو بکاتەوە.
رووسیا و ریفراندۆمی کوردەکان
ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عیراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە لە لاوازترین بارودۆخیدایە، ئەمەش بەهۆی دەرئەنجامی ریفراندۆم بوو، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی وەستایەوە و وایکرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیوەی خاک و سامانی لە دەستبدات کە دوای ساڵی ٢٠١٤ و هاتنی داعش بەدەستی هێنابوو. هاوڕێکانی بارزانی بە تایبەت واشنتن پشتیان تێکردو و بەغدادیان بەهێزکرد.
رووسیا نەرمتر بوو لەسە پرسی ریفراندۆم و وتی کە ئەوان رێز لە داوای نەتەوەی کورد دەگرن و دەبێت بە گفتووگۆ و تێگەشتنی هاوبەش لە چوارچێوەی عێراقی یەکگرتوودا هەبێت. مۆسکۆ بەشێوەیەکی ئاشکرا بێ لایەن مایەوە لە پرسی ریفراندۆم، ئەمەش نزیکبوونەوەی کوردەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
گەڕانەوەی مۆسکۆ بۆ عێراق و کوردستان
لە ساڵی ٢٠٠٣، حکوومەتی عێراق دانی بەو گرێبەستانەی ڕژێمی پێشووی سەدام حوسەین نەنا کە لەگەڵ کۆمپانیا رووسیەکان هەیبوو، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکانی وەک لوک ئۆیل و گازپرۆم لە ساڵی ٢٠١٢ بێنە ناو بازاڕەکانی هەرێم و چەند گرێبەستێک ببەنەوە و ئەمەش بوە هۆی ئەوەی بارزانی سەردانی مۆسکۆ بکات.
دواتر کۆمپانیا ئەمریکیەکانی وەک ئیکسۆن مۆبیل و شیڤرۆن بەهۆی هاتنی داعش چالاکی خۆیان لە هەرێم کەمکردەوە، حکوومەتی هەرێمیش ئەم بۆشاییەی بە کۆمپانیا رووسیەکان پڕکردەوە، کۆمپانیا رووسییەکانیش چونکە زۆر زیاتر لەگەڵ حکوومەتی رووسیادا تێکەڵن، گوێ بە هەندێک رێکاری سیاسی و ئابووری نادەن، ئەمەش وایکرد رۆزنەفت سەرەڕای ئەو ئابڵووقانەی لەسەرین، بەهۆی داگیرکردنی هەرێمی کریمیا لە ئۆکرانیا، بێتە ناو کوردستان.
لە ساڵی ٢٠١٧ەوە، رۆزنەف بڕی سێ ملیار و نیوی داوە بە حکوومەتی کوردستان و گرێبەستی گەشەپێدانی پێنج کێڵگەی نەوتی واژۆ کردووە و وەبەرهێنان لەژێرخانی نەوت و گازی کوردستان دەکات، گازپرۆمیش ئێستا گەشە بە سێ کێڵگەی دیکەدەدات. ئەم جۆرە پەیوەندیەش تا رادەیەک سیاسەتی حکوومەتی هەرێم دەگۆڕێت و مۆسکۆش دەستی فراوان تر دەبێت لە ناوچەکە.
ئەوە گرنگە بزانین کە پەیوەندی مۆسکۆ و کوردەکان بۆ ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لەسەردەمی کاسێرینی گەورە، شاژنی ئیمپراتۆری رووسیا کە ساڵی ١٧٦٢ بۆ ١٧٩٣، لە گرنگی ناوچەکە تێدەگەن.
سیاسەت و بۆری نەوت
حکوومەت هەرێمی کوردستان نەوت و گازی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆی ئابووری بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا کەوتوونەتە ژێر قەرزی چەندین کۆمپانیای نەوتەوە. رۆزنەفت لە ساڵی ٢٠١٧ هاتە ناوەوە و یارمەتی دان کە هەندێک لە کێشەکانیان کەم بکەنەوە- بۆ نموونە کێشەی کۆمپانیای دانا گاز کە ملیارێک دۆلار لەسەر حکوومەتی هەرێم کەوتووە.
هەروەها ئێستا رۆزنەفت زۆرینەی هەناردەی نەوتی کوردستانی بەدەستەو بەڵێنی دروستکردنی بۆری گازیشی لە ڕێگای تورکیاوە بە کوردەکان داوە، ئەمەش مۆسکۆ دەخاتە پەیوەندی نێوان حكوومەتی هەرێم و ئەنقەرە. مۆسکۆش ئێستا چەند چاکەیەکی بەسەر ئەنقەرەوە هەیە، بەوەی دەیکات بە ناوەندی وزە لە ناوچەکە، رەنگە جێگای باڵادەستی ئەوروپا لە دابینکردنی وزەی ئەوروپا بگرێتەوە.
بەرپرسانی عێراق رکابەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ناردنی نەوت، بەڵام دەسەڵاتی عێراق لە باکووری وڵات سنوردارە، چونکە یان دەبێت بۆرییەکانی کوردستان بەکاربهێنیت یاخود دەبێت خۆی بۆری نوێی کەرکوک دروست بکات. رۆزنەفت ئێستا ٦٠٪ی هێڵەکانی کوردستانی بەدەستە، رەنگە بتوانێت یارمەتی حکوومەتی هەرێم بدات کە ڕووبەڕووی زاڵبوونی بەغداد ببنەوە کە ئەوەش پارەیەکی زۆری دەوێت، ئەمەش وا دەکات بارزانی دەسەڵاتەکەی بپارێزێت و خۆی لە خۆبەدەستەوادان بە بەغداد بپارێزێت.
رۆزنەفت پەیوەندی باشی هەیە لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی ئێران و جەزائیر و میسر، ئەمەش وا دەکات حکوومەتی هەرێم پەیوەندییەکانی فراوان بکات خۆی لە هەژمونی واشنتن و ئەنقەرە بپارێزێت. جیا لەمانەش مۆسکۆ دەتوانێت لە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، یارمەتی حکوومەت هەرێم بدات کە هەندێک دەسەڵات لە بەغداد بەدەستبهێنێت.
مەترسی رووکردنە رووسیا
تورکیا و ئەمریکا هاوڕێی گرنگی حکوومەت هەرێمن، کوردەکانی عێراق پشتیان بە ئەمریکییەکان بەستووە بۆ یارمەتی لۆجیستی و دارایی پێشمەرگە، ئابوورییەکەشیان پشتی بە تورکیا بەستوە کە بۆ بەغداد نەگەڕانەوە. ئەگەرچی رووسیا کورسییەکی بۆخۆی کڕیوە لەسەر مێزی حکوومەت هەرێم بەڵام سوودی بۆ حکوومەت هەرێم هێشتا لە ژیر تاقیکردنەوەدایە.
کوردستان نەوت و گازی بەکارهێناوە بۆ باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهان کە لە بەغداد بیپارێزن، بۆیە رووکردنە رووسیا مایەی سەرسوڕمان نییە. یەکێکی دیکەش لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل، بەم دواییە رووی کردووەتە مۆسکۆ بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی. ئێستا کە ئەمریکا سەرقاڵی ئێران و کۆریای باکوور و سووریایە، کوردەکان هەستیان کردوە کە پێویستە لەگەڵ رووسیا پەیوەندییەکانیان پەرە پێبدەن.
بەڵام هەولێر دەبێت هۆشیار بێت لە کاریگەری درێژخایەنی، چونکە مۆسکۆ هەمیشە کوردەکانی بەکارهێناوە بۆ پرسی سەربەخۆییان. لە سووریا مۆسکۆ رێگای دا تورکیا هێرشبکاتە سەر عەفرین، لە کوردستان رووسیا دەتوانێت کۆمپانیاکانی لە هەرێم بەکاربهێنێت بۆ دەستکەوتی زیاتر کە بەغداد هاوبەشی کردن لەگەڵ کۆمپانیا سزادراوەکانی رووسیا، رەنگە ئەو سیاسەتەی نیشانی دەدەن بۆ چاکسازیی ئابووری و حکوومڕانی بخاتە مەترسییەوە، مۆسکۆش پێچەوانەی واشنتن هیچ گوێ ناداتە یاساکانی مافی مرۆڤ.
زۆرێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بەهۆی جەنگی داعشەوە، رەنگە زۆر گوێ نەدەنە نزیک بوونەوی کورد و مۆسکۆ بە تایبەت دوای ئەوەی هەولێر رەتیکردەوە گوێ لە ئەمریکا بگرێت بۆ دواخستنی ریفراندۆم، بەڵام دەبێت تێبگەن تا کاتێک رۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناڕوونی بمێنێتەوە، هەندێک هێزی لۆکاڵی روو دەکەنە رووسیا بۆ مانەوەیان، کە ئەوەش زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت.