هه‌ر هاووڵاتى و فه‌رمانبه‌رێک مافى وه‌رگرتنى زه‌وى هه‌بێت پێى ده‌درێت
ساسان عه‌ونى وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ هاوڵاتى:
4 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: ئارا ئیبراهیم
وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاشکراى ده‌کات چاوه‌ڕێى بڕیارى حکومه‌تن بۆ دابه‌شکردنى زه‌وى و ده‌شڵێت: »هه‌ر هاووڵاتى و فه‌رمانبه‌رێک مافى وه‌رگرتنى زه‌وى هه‌بێت پێى ده‌درێت».
ساسان عه‌ونى، وه‌زیرى شاره‌وانى‌و گه‌شتوگوزارى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئاماژه به‌وه ده‌دات که‌پڕۆژه‌ى شه‌قامى سه‌د مه‌ترى له‌به‌ر زۆریى تێچووى پڕۆژه‌که کراوه به‌سێ قۆناغ، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا یه‌ک پڕۆژه‌یه‌و ده‌شڵێت:» هه‌مووى ته‌واو ده‌کرێ و حکومه‌ت هه‌وڵده‌دات راسته‌وخۆ دواى قۆناغى یه‌که‌م، قۆناغه‌کانى تریش ده‌ستپێبکات و ئه‌و کاته‌ش ده‌لیڤه‌یه‌کى دارایى بۆ دابین ده‌کات».
هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى یه‌ک ساڵى کابینه‌ى نۆیه‌مدا وه‌ک وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار چیتان کردووه به‌تایبه‌ت خاڵه جه‌وهه‌رییه‌کان ئه‌گه‌ر باسى بکه‌ن سوپاس؟
ساسان عه‌ونى: وێڕاى دۆخه جیاوازه دژواره‌کانى له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هاتنه پێشه‌وه‌و دابه‌زینى بودجه‌ى وه‌زاره‌ت و پاشتریش دۆخى نه‌خوازراوى په‌تاى ڤایرۆسى کۆرۆنا که به‌شێکى زۆرى پڕۆژه‌کان و ده‌وامى فه‌رمانبه‌رانیشى راگرت، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانى که‌ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌ژیانى رۆژانه‌ى خه‌ڵکى، وه‌ک دابینکردنى ئاوى خاوێن، کۆکردنه‌وه‌ى خاشاک که پرۆسه‌یه‌کى رۆژانه‌ى به‌رده‌وامه و کاریگه‌ریى راسته‌وخۆى له‌سه‌ر ته‌ندروستیى هاووڵاتییان و ژینگه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ها خاوێنکردنه‌وه‌ى ئاوهڕۆو به‌رده‌وامبوون له‌گه‌شه‌پێدانى پارکه‌کان و سه‌وزکردنى شار‌و شارۆچکه‌کان، هه‌روه‌ها به‌پێى توانا‌و داهاتى شاره‌وانییه‌کانیش، شه‌قامه‌کان نۆژه‌ن کراونه‌ته‌وه.
وه‌ک ده‌زانن، خزمه‌تگوزارییه‌کانى وه‌زاره‌ت به‌سه‌ر چوار سێکته‌رى سه‌ره‌کى دابه‌ش ده‌بن که بریتین له‌سێکته‌رى ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ، سێکته‌رى شاره‌وانى که ئه‌ویش بواره‌کانى خۆڵ و خاشاک و ژینگه‌پارێزى، پارک و باخچه‌کان، ماسته‌رپلان و نه‌خشه‌دانان، مۆڵه‌تى بیناو دابینکردنى زه‌وى و چه‌ندان خزمه‌تگوزاریى دیکه، هه‌روه‌ها سێکته‌رى گه‌شتوگوزارو سێکته‌رى شوێنه‌وار.
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، له‌سه‌ر ته‌واوى سێکته‌ره‌کان خزمه‌تگوزارییه‌کانى پێشکه‌ش کردووه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌یش به‌ڕه‌چاوکردنى ئه‌و دۆخانه‌ى باسمان کرد، واى کردووه ئه‌وله‌وییه‌ت بدرێ به‌هه‌ندێک زیاتر له‌هه‌ندێکى دیکه، وه‌ک ئه‌و بوارانه‌ى راسته‌وخۆ په‌یوه‌ستن به‌ژیانى رۆژانه‌ى هاووڵاتیانه‌وه که بابه‌تى ئاو‌و خاوێنکردنه‌وه‌یه.
به‌گشتى له‌ماوه‌ى یه‌که‌م ساڵى کابینه‌ى نۆیه‌مدا، توانیومانه هه‌شت پڕۆژه لهسێکتهرهکانى شاره‌وانى و ئاو به‌گوژمه‌ى زیاتر له (١٩) ملیار دینار ته‌واو بکه‌ین. هه‌روه‌ها ته‌واوکردن و جێبه‌جێکردنى به‌شى دووهه‌مى پرۆژه‌کانى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه به‌دانان و گۆڕینى تۆڕى ئاو، له‌گه‌ڵ جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌ى ئاوى خواردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه به‌گوژمه‌ى زیاتر له (١٧٦) ملیۆن دۆلار.
وێڕاى ئه‌م پڕۆژه سه‌ره‌کییانه، له‌سه‌ر داهاتى ناوخۆى فه‌رمانگه‌کانى سه‌ر به‌وه‌زاره‌ت، (252) پرۆژه‌ى دیکه به‌گوژمه‌ى زیاتر له (٢٠) ملیار دینار له‌سێکته‌رى شاره‌وانییه‌کان جێبه‌جێ کراون.
هاوڵاتى: پلانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى گه‌شتوگوزار له‌ماوه‌ى چوار ساڵى کابینه‌ى نۆیه‌مدا چییه؟
ساسان عه‌ونى: له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکى کابینه‌ى نۆیه‌م، له کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، داوا له‌هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان کرا پلانى خۆیان ئاماده‌بکه‌ن، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزاریش که‌یه‌کێکه له وه‌زاره‌ته خزمه‌تگوزارییه‌کان و سێکته‌ره‌کانى زۆرن، پێویستى به‌وه بوو پلانێکى چڕ‌وپڕ دابنێت که‌ڕه‌چاوى گرنگیى جۆرى بابه‌ته‌کان به‌پێى دۆخ و به‌رژه‌وه‌ندیى هاووڵاتیان له‌و شوێنه‌ى تێیدان دیارى بکات.
هه‌روه‌ها ره‌چاوى یه‌کسانى بکرێت که‌هه‌موو ناوچه‌و شوێنه جوگرافییه‌کان هه‌مان بایه‌خیان پێبدرێت به‌بێ جیاوازى. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، وه‌زاره‌ت داواى له هه‌موو فه‌رمانگه‌کانى له‌هه‌ر چوار سێکته‌ره سه‌ره‌کییه‌که کرد، پلانى خۆیان ئاماده بکه‌ن، هه‌مووى کۆکرایه‌وه‌و وردبینییان بۆ کرا، دواتر ره‌وانه‌ى سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى پلاندانان کران و خرانه چوارچێوه‌ى پلانى چوارساڵه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که به‌پێى ڕێژه‌ى پڕۆژه‌کانى هه‌موو حکومه‌ت 46%ى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار جێبه‌جێى ده‌کات.
هاوڵاتى: تاچه‌ند هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌پرسى یه‌کلابوونه‌وه‌ى ئه‌و زه‌ویانه‌ى بڕیاره بدرێته فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیان؟
ساسان عه‌ونى: حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، یه‌ک بازنه‌یه له‌چوارچێوه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، هیچ وه‌زاره‌تێک کارێک یان پڕۆژه‌یه‌ک ناخاته ناو چوارچێوه‌ى پلانه‌کانییه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ پلانه‌کانى وه‌زاره‌تێکى تر پێچه‌وانه بێت یان یه‌ک نه‌گرێته‌وه.
وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى کشتوکاڵ و سه‌رچاوه‌کانى ئاو له‌چه‌ند ته‌وه‌رێک هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه، یه‌کێک له‌وانه پرسى زه‌وییه‌کانه و یه‌کێکى دیکه‌ش که‌زۆر گرنگه، پرسیى ئاوه.
هاوڵاتى: زیاتر له 300 هه‌زار یه‌که‌ى کارت و زیاده‌ڕۆیى بوونى هه‌یه، ئایا بڕیارى تاپۆکردنى ئه‌و یه‌کانه که‌ى ده‌که‌وێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه؟
ساسان عه‌ونى: بڕیاره‌که که‌وتووه‌ته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌و شاره‌وانییه‌کان پێى هه‌ڵده‌ستن.
هاوڵاتى: ئایا بۆ هه‌ر خانوویه‌کى کارتى شاره‌وانى که تاپۆ ده‌کرێت بۆ هه‌ر مه‌ترێک چه‌ند بڕه پاره له‌هاووڵاتیان وه‌رده‌گیرێت، ئه‌ى بۆ ئه‌و خانووانه‌ى که به‌زیاده‌ڕۆیى دروستکراون؟
ساسان عه‌ونى: مه‌به‌ستت له زه‌ویى زێده‌ڕۆکاره، ئه‌مه‌ش به‌پێى یاساى ژماره ٣ى ساڵى ٢٠١٩ که تایبه‌ته به به‌خاوه‌نکردنى ئه‌و زەویانهى له‌سنوورى شاره‌وانییه‌کان زێده‌ڕۆییان له‌سه‌ر کراوه له‌هه‌رێمى کوردستان- عێراق، ئێمه وه‌ک وه‌زاره‌تى شاره‌وانى که ئه‌رکى جێبه‌جێکردنى یاساکه‌مان له‌سه‌ره، وه‌ک خۆى جێبه‌جێى ده‌که‌ین.
هاوڵاتى: هه‌ر یه‌که‌یه‌کى نیشته‌جێبوون له ماستهرپلانى شار‌و پارێزگاکاندا نه‌بێت تاپۆ ده‌کرێت؟
ساسان عه‌ونى: تاپۆکردنى یه‌که نیشتهجێیهکانى ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌و گونده هاوچه‌رخانه، یه‌کێکه له‌بڕیاره‌کانى لیژنه‌ى باڵاى وه‌به‌رهێنان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌ش له‌وه‌زاره‌تى داد‌و ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان و وه‌زاره‌تى شاره‌وانى پێکهاتووه بۆ ئه‌وه‌ى په‌له له‌جێبه‌جێکردنى ئه‌و پرۆسه‌یه بکه‌ن.
هه‌ر یه‌که‌یه‌کى نیشته‌جێبوون وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر زه‌ویى نیشته‌جێبوون بێت و مه‌رجه‌کانى تێدا بێت که به‌یاسا رێکخراوه، تاپۆ ده‌کرێت. ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌کانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانییه، کردارى ئیفرازکردنه.
هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم تا چ ئاستێک هاوکارتانه له‌وه‌ى که داهاتى به‌شێک له‌وه‌زاره‌ت بۆ خزمه‌تگوزارییه‌کان خه‌رج بکرێت؟
ساسان عه‌ونى: به‌پێى رێنمایى ڕێکخراوه، ١٥%ى داهاتى شاره‌وانییه‌کان بۆ خزمه‌تگوزارى داده‌نرێ و ٢٠%ى داهاتى ئاویش بۆ پڕۆژه‌کانى ئه‌و سێکته‌ره دابین ده‌کرێ، به‌ڵام به‌پێى پێویستییه‌کانى حکومه‌تیش رێژه‌که که‌م و زیاد ده‌کات.
هاوڵاتى: به‌شێک له‌هاووڵاتیان گله‌یى له‌وه‌زاره‌تى شاره‌وانى ده‌که‌ن که شه‌قامه‌کانى ناو شاره‌کان کێشه‌ى زۆرى تێدایه‌و چاره‌سه‌ر نه‌کراون؟ چى ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى که‌مترین گله‌یى و ره‌خنه رووبه‌ڕووى وه‌زاره‌تتان ببێته‌وه؟
ساسان عه‌ونى: له‌هه‌موو شاره‌وانییه‌کان به‌شێوه‌ى به‌رده‌وام به‌شێکى کاره سه‌ره‌کییه‌کانیان بۆ چاککردنه‌وه‌ى شه‌قامه‌کان ته‌رخان کردووه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش دیسان په‌یوه‌سته به‌و ته‌نگژه ئابوورییانه‌ى روویان له‌هه‌رێمى کوردستان کرد، وێڕاى ئه‌وه، شاره‌وانییه‌کان له‌ماوه‌ى کاتى که‌ره‌نتین له‌سه‌ر داهاتى خۆیان، به‌شێکى به‌رچاوى شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌کانیان نۆژه‌ن کرده‌وه.
دواى ته‌واوکردنى قۆناغى یه‌که‌مى پرۆژه‌ى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى سلێمانى قۆناغى دووه‌م و سێیه‌میش جێبه‌جێ ده‌کرێت
هاوڵاتى: شه‌قامى 100 مه‌ترى به‌ردى بناغه‌ى دانرا بۆ جێبه‌جێکردنى؟ ئایا دواى قۆناغى یه‌که‌م قۆناغه‌کانى دیکه‌ش ده‌ستپێده‌کات یان دۆخى دارایى ئه‌وه یه‌کلاییده‌کاته‌وه؟
ساسان عه‌ونى: شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى که‌پڕۆژه‌یه‌کى ستراتیجیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه، وێڕاى قه‌یرانه داراییه‌کان، له‌به‌ر گرنگیى ئه‌و پرۆژه‌یه بۆ شارى سلێمانیى خۆشه‌ویست، رێزدار مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، واژووى له‌سه‌ر خه‌رجکردنى گوژمه‌ى قۆناغى یه‌که‌مى دا که (٤٠٠) ملیار دیناره بۆ فه‌یسى یه‌که‌م که‌درێژییه‌که‌ى ده‌کاته (٣٣) کم.
شه‌قامى سه‌د مه‌ترى سلێمانى له‌به‌ر زۆریى تێچووى پڕۆژه‌که کراوه به‌سێ قۆناغ، به‌ڵام له‌بنه‌ڕه‌تدا یه‌ک پڕۆژه‌یه‌و هه‌مووى ته‌واو ده‌کرێ و حکومه‌ت هه‌وڵده‌دات راسته‌وخۆ دواى قۆناغى یه‌که‌م، قۆناغه‌کانى تریش ده‌ستپێبکات و ئه‌و کاته‌ش ده‌لیڤه‌یه‌کى دارایى بۆ دابین ده‌کات.
هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى ساڵێکى دهستبهکاروبوونى به‌ڕێزتاندا داهاتى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار چه‌ند بووه؟
ساسان عه‌ونى: به‌هۆى ئه‌و رێکخستنهوانهى له‌سه‌ر ئاستى جیاوازى وه‌زاره‌ت کردوومانه که به‌شێک بوون لهچاکسازییهکانى ناو وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، جیا له‌یاساى چاکسازى، هۆکاربوون بۆ ئه‌وه‌ى رێژه‌ى خه‌رجى که‌م بکه‌ینه‌وه‌و رێژه‌ى داهاتیش به‌رز ببێته‌وه.
وێڕاى ئه‌وه‌ى حکومه‌ت له‌ماوه‌ى ساڵێکدا ته‌نیا حه‌وت مانگ به‌ته‌واوى پلانه سه‌ره‌کییه‌که‌ى کارى کردووه‌و دواتر به‌هۆى کۆرۆناوه زۆربه‌ى پلانه‌کان گۆڕان، هێشتا داهاتى یه‌که‌م ساڵى کابینه‌ى نۆیه‌م به‌به‌راورد به‌ساڵێکى پێش خۆى، زیادى کردووه و خه‌ونى ئێمه ئه‌وه‌یه، داهاتى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار ببێته سه‌رچاوه‌یه‌کى سه‌ره‌کیى داهاتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.
هاوڵاتى: سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى کوردستان داواى دابه‌شکردنى زه‌وییان کردووه بۆ چه‌ند سه‌د که‌سێک، ئه‌م پرسه گه‌یشتووه به‌چى؟
ساسان عه‌ونى: هه‌ر هاووڵاتییه‌کى هه‌رێمى کوردستان یان فه‌رمانبه‌رێک، پێشتر فه‌رمانى وه‌رگرتنى زه‌ویى هه‌بێ، بێگومان مافى نافه‌وتێت و زه‌ویى پێده‌رێت.
هاوڵاتى: لێره‌و له‌وێ باسى دابه‌شکردنى زه‌وى ده‌کرێت، ئایا به‌فه‌رمى له‌مساڵدا ده‌ستپێده‌کات بۆ ئه‌و فه‌رمانبه‌رو که‌سانه‌ى که شایسته‌ن و پێشتر ناوه‌کانیان نێردراوه بۆ وه‌زاره‌ت؟
ساسان عه‌ونى: دابه‌شکردنى زه‌وى له‌ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تێکدا نییه، به‌ڵکو په‌یوه‌سته به سیاسه‌تى گشتیى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، هه‌ر کاتێک له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه بڕیارى له‌سه‌ر درا، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار ئاماده‌یه بۆ جێبه‌جێکردنى.
هاوڵاتى: که‌رتى گه‌شتوگوزار له‌زۆربه‌ى وڵاتاندا گرنگى و بایه‌خى تایبه‌تى پێده‌درێت، تاچه‌ند ئه‌م که‌رته ئابوورییه لهمههام و ئه‌وله‌ویاتى وه‌زاره‌تدایه بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ى پێبدرێت تا ببێته سه‌رچاوه‌یه‌کى داهاتى باش بۆ حکومه‌ت و که‌رتى تایبه‌ت؟
ساسان عه‌ونى: خۆشبه‌ختانه که‌رتى گه‌شتوگوزار له‌هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌وپێشچووه، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار بایه‌خێکى تایبه‌تی پێداوه‌و به‌پێى ماستهرپلانى وه‌زاره‌ت که ماستهرپلانى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزاریش تێیدا په‌سه‌ند کراوه، ئه‌گه‌ر دۆخه دارایییه‌کان رێگه‌بده‌ن، بڕیاره (67) پڕۆژه‌ى گهشیاریى گه‌وره‌و مامناوه‌ندى نوێ دروستبکرێن ، ئه‌م (67) پڕۆژه‌یه، (19)یان له‌هه‌ولێرن، (20)یان له‌سلێمانین، (19)یان له‌دهۆک و (9) پڕۆژه‌شیان لهئیدارهى گه‌رمیانه. به‌مه‌ش گه‌شتوگوزار له‌کوردستان ده‌خاته قۆناغێکى باشتر.
هاوڵاتى: پرۆژه‌ى گه‌شتیارى دوکان گه‌یشتووه به‌چى، که‌به‌ڕێز فاروق مه‌لا مسته‌فا له‌کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رمایه‌داران و حکومه‌ت ئه‌و داوایه‌ى له‌حکومه‌ت کردووه کهکارهکان ته‌واو بکرێت تا ده‌ستپێبکات؟
ساسان عه‌ونى: بۆ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ک، پرۆسه‌ى کارگێڕى و یاسایى به‌ئه‌ندازه‌ى گه‌وره‌یى پڕۆژه‌که کار له‌سه‌رکردنى ده‌وێت.