خوێندنەوە وەکو کولتور
شەڕ، بێکاری، نادڵنیاییو شوێنگەی کتێب
4 ساڵ لەمەوپێش
سیروان رهحیم
قاوەخانەی ئەدەبیاتی گۆلدموند
لەقاوەخانەی گۆلدموند دانیشتووم، قاوەخانەیەک لەقاوە، لەچای و لەکێک زۆرتر، گەلێ زۆرت کتێبی لێیە. کتێب کەشێکی دڵگیرو نایابی بەم شوێنە بەخشیوە. قاوەخانەکە شوێنێکە بەردەوام سیمیناری ئەدەبی و هونەری تێدا رێکدەخرێت. ئەوانەی روو لەگۆلدموند دەکەن و لەوێ دادەنیشن مرۆڤگەلێکن وابەستەی کتێب و جوانی. ئەوەی دێتە ئەو قاوەخانەیە هەواداری رووبەری رووناک و دڵنیایە بۆ مرۆڤەکان. کتێبەکانی ئەم قاوەخانەیە زۆربەیان یان نزیکەی هەموویان زوان ئەڵمانین. لەتەنیشتی مێزەکەی منەوە کتێبێک سەرنجم دەبات. لەنێو کتێبی تردایە، بەڵام نیگام بۆ خۆی رادەکێشێت. رۆمانی نووسەری ئەڵەمانی ئێریش کێستنەر (١٨٩٩-١٩٧٤). وەکو زۆر بەرهەمی دیکەی، کێستنەر ئەم رۆمانەی بۆ منداڵان نووسیوە. رۆمانەکە ناوی «داس دۆپلتە لۆتچەن = دوانەی لۆتچەن»ە و چەقی گێڕانەوەی خستۆتە سەر بابەتی لێکدابڕان. ئێمەی دابڕاو لەچاوی نیشتمان ئەم چیرۆک و بەسەرهاتانە زووتر راماندەگرن و لەکن خۆ گلمان دەدەنەوە. بەکورتی کێستنەر لەڕۆمانەکەیدا باس لەبەسەرهاتی لێکدابڕانی دوو کەنیشکی نۆ ساڵە دەکات. لویزە خەڵکی ڤییەنای پایتەختی ئۆتریشەو لۆتە خەڵکی شاری موینشنی ئەڵمانیایە. ئەم دوو کەنیشکە لەسەیرانگەیەک لەچیاکانی ئالپ یەکدەگرن. لەوێ دەردەکەوێت کە ئەو دوو کەنیشکە دووانەن و بەهۆکاری جیابوونەوەی دایک و بابەوە لێکدابڕاون. باوکی لویزە رابەری ئۆرکسترایە لەڤییەنا. دایکی لۆتە لەشاری موینشن لەبواری هونەری دیزاینی وێنەو وێنەسازیدا کاردەکات. لەکۆتایی گەشتەکەیاندا کەدەبێت بەرەو ماڵ بچنەوە، لویزە لەبری لۆتە لەگەڵ دایکی بەرەو موینشن دەچێت و لۆتەیش لەگەڵ باوکی بەرەو ڤییەنا بەڕێدەکەوێت. بەسەرهاتەکانی پاش ئەو رۆڵگۆڕینەوەیەی کەنیشکە دووانەکە، ئاشکرابوونی هەندێ شت بەتایبەتی نەخۆشیی یەکێکیان، گەشتی لویزەو دایکی بۆ ڤییەنا و ئاهەنگی یادی لەدایکبوونیان، پێکەوە دەبن بەهۆکاری یەکگرتنەوەی ئەو دایک و باوکە. منداڵانی ئێرە بەم چیرۆک و بەو کاراکتەرانەی نێو چیرۆک و رۆمانەکان گەورە دەبن. ئەو بەسەرهات و رووداوانە لەیادەوەری منداڵانی ئێرەدا نەخشێکی گەورەیان هەیە، ئەو کتێبانە خۆشحاڵی و شادمانی کەموێنەیان پێدەخشن. ئێمە لەم بوارەدا یان نەداراین یاخود یەکجار دەگمەن شتمان هەن. نازانم بۆچ، بەڵام خەیاڵ و رامانێک کەئەو کتێبە سەرچاوەیەتی بەرەو لای وێنەیەکی فایەق بێکەس دەمباتەوە. وێنەیەکی بێکەس لەچەقی چەمچەماڵدا، کە بۆ منی منداڵ رۆژگارێک سەرچاوەی شادی و خۆشەویستی بوو.
وێنە پڕ ئەفسوونەکەی بێکەس
شتێکی بێ روح و گیان
دەفڕێ و دەچێتە ئاسمان
ناویان ناوە تەیارە
زۆر مەحکەم و بەکارە
لەشەڕا موسیبەتە
لەئاشتیا نیعمەتە
هتد
بێکەس (١٩٠٥-١٩٤٨)
لەڕۆژگاری وتووێژی نێوان حکومەتی بەغداو بزاڤی کورددا (١٩٧٠-١٩٧٤) لەگۆڕەپانێکی شاری چەمچەماڵ، فولکەیەک لەگەڕەکی بێکەس، کەگەڕەکەکە هەڵگری ناوی بێکەس خۆی بوو. ئێستا نا، لەو رۆژگارەدا فولکەکە دەکەوتە چەقی شارەکەوە، وێنەیەکی فایەق بێکەس، وێنەیەکی گەورەو پڕ شکۆ، لەچوارچێوە گیراو، لەو فولکەیەدا جێگیرکرابوو. دوو وێنە بوون، لەهەردوو لاوە هەمان وێنە جێگیرکرا بوون. بەدەوری وێنەکەدا گڵۆپی رەنگاوڕەنگ هەبوون و کاتێک لەئێوارە بەدواوە گڵۆپەکان دادەگیرسان، رووناکی زەردو سوور ئەفسوونێکی ناوازەیان بەوێنەکەو تەواوی شوێنەکە دەبەخشی. جاری یەکەم ئێوارەیەکی درەنگی هاوین بوو، (دەبێت هاوینی ساڵی ١٩٧٣ بووبێت) وێنەکە سەرنجی منی راکێشا، پرشنگی گڵۆپەکان و رووناکییان شتێکی سەرنجبەریان لەبەر دیدەی منی منداڵ ئافراندبوو. دەستم لەدەستی کاکمدا بوو. باشم لەبیرە، وەکو دوێنێ بێت لەبیرمە، بەزمان و بەکەرەستەی دەربڕینی منداڵانەم لە (کاکە غەفورم) پرسی، سەبارەت بەو هەموو گڵۆپەی بەدەوری وێنەکەوەو هەروەها وێنەکە خۆیشی پرسیارم لێی کرد. ئەویش باسی بێکەسی بۆم کرد کەکێیە. باسی ئەوەی کرد بێکەس لەقوتابخانەی چەمچەماڵ مامۆستا بووە. واتە من دەچوومە فێرگەیەک بێکەس لەوێ مامۆستا بووە. چ شادییەک بوو، چ شادییەک! پاشان کاکەم گوتی کەچووینەوە ماڵ شیعری بێکەست بۆ دەخوێنمەوە. لەماڵەوە یەکێک لەو شیعرانەی ئەو شەوە (کاکە غەفورم) بۆ منی خوێندەوە ئەو شیعرە بوو «شتێکی بێ روح و گیان...». کاتێک پاییزی ساڵی ١٩٧٣ چوومە قوتابخانە، ئەو شیعرەم لەبەربوو. ئێستایش لەبیرم ماوە. ئەو شیعرە پەیامی رەنگینی من بوو، هەر کاتێک مامۆستا منی هەڵساندباو ئەو شیعرەم لەبەر بخوێندایەتەوە شادترین دەمی من بوو لەفێرگە. دیارە ئیتر بێکەس پاڵەوانەکەی سەردەمی منداڵیم بوو. کاتێک ساڵی ١٩٧٤ شەڕ دەستی پێکردەوە، ئێمە ماڵمان چوو بۆ کەرکوک، پاش گەڕانەوەمان لەکەرکوکەوە بۆ چەمچەماڵ یەکەم شت کە هەناوی منداڵانەی منی داخ کرد نەمانی ئەو وێنەیە بوو. هەرگیز لەبیرم ناچێت وێنەکەی بێکەس چ بۆشاییەکی دروستکردبوو لەو گۆڕەپانە. پاشان بیستنی بەسەرهاتی شکاندن و لادانی وێنەکە لەلایەن لەشکرە هۆڤەکەی بەعسەوە ئەوەندەی تر منی غەمگین دەکرد. کاتێک لەشکری داگیرکەرو تاڵانچی بەعس چەمچەماڵ دەگرن یەکێک لەکارە هەرە لەپێش و «گرنگەکان» بۆیان وێرانکردن و لادانی ئەو وێنەیە دەبێت. دیارە ئەوان درکیان بەوە کردووە بێکەس پاڵەوانی دڵی ئێمەو پەیامەکانی وی بزوێنەری کوردایەتیمان بوون. نازانم وێنەی ئەو فولکەیە شاری چەمچەماڵ لەو ڕۆژگارەدا و بەوێنەی بێکەسەوە لەکن کەس ماوە یان نا؟ خۆزگە بۆ بیستنی هەواڵێکی وەها دەخوازم..
ئێستا ئەو رۆژگارە نییە، کەچی ئێمە ساڵانێکی زۆر ئەم جۆرە پاڵەوانانە، ئەو چەشنە چیرۆک و شیعرانەمان کشاونەتەوە. یان زۆر دەگمەن یاخود هەر هیچ ئەو دەرفەت و دەلیڤە دەستەبەر ناکەین کەمنداڵانمان ئەو یادەوەری، ئەو هەستە کوردەواری و دیرۆکییانەی خۆیان بژین، هاوکاتیش لەخەیاڵگەی ناسک و بێخەوشی منداڵیدا بنەخشێن. مخابن.
بێگومان هەموو ئەو یادەوەری و پاڵەوانانەیش کتێب و خوێندنەوە دروستیان دەکەن و پێماندەخشن..
کتێب لەڕۆژگاری کۆرۆنادا
لەقاوەخانەی گۆلدموند دانیشتووم، هەر لەوێم، بەڵام کێ لەگۆلدموند دەزانێت من بۆچ وەها گرمۆڵەی نێو خۆم بوومە، کێ دەزانێت گەشتێکی چەمچەماڵم کرد، لەم پەنجەرانەوە پیاسەیەکی گەڕەکی بێکەسم لەچەمچەماڵ کرد، خەیاڵ تەماشایەکی پڕ ئەفسونی وێنەیەکی پێبەخشیم کەچەندین ساڵ شەوانە گڵۆپە زەردو سوورەکانی دەوری دادەگیرسان و سەرنجی ئێمەی منداڵیان داگیر دەکرد.
هەرچەندە ئێستا ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بەکۆرۆنا خاوبووەتەوە، بەڵام هەرچەند هەفتەیەک لەمەوبەر بوو، لەدەمی کەرەنتینەی گشتگیردا، کاتێک بازاڕی زۆر کاڵا، گەلێک پێداویستی و چەندین شتی گرنگ شکا، کەچی لێرە بازاڕی کتێب بەشێوەیەکی بەرچاو برەوی پەیدا کرد. لەو رۆژگارەدا کتێبفرۆشی و دەزگاکانی پەخش کارەکانیان بۆ دابەشکردنی کتێب چەندین جار هەڵکشان و داخوازی لەسەر کتێب بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو هەڵکشا.
بێگومان ئەمە تەنها پەیوەندی بەکەرەنتینە و هەر پەیوەندی بەهەبوونی کات و مانەوە نییە لەماڵ، بەڵکو شتێکە سەلمێنەری ئەوەی خوێندنەوە و خۆشەویستی کتێب کولتورێکە و پاشخانێکی گرنگی هەس. کاتێک تۆ کتێبێک بەکەسێک بەدیاری دەبەخشیت، دەمێک دەبینیت کەسانێک بەر لەوەی گەشت بکەن و بڕیاری پشوو بدەن وەکو خۆئامادەکردن کتێب دەکڕن، یان کتێب وەکو دیارییەکی نایاب لەجەژنی لەدایکبوون و یادە گرنگەکاندا پێشکەش بەیەکتر دەکرێت، مرۆڤ باشتر حاڵی دەبێت کتێب بۆ خەڵکانێک تاکوێ واتای بڕ دەکات.
کتێب و خوێندنەوە لەکوێ؟
دڵنیام کاتێک تۆی بەڕێز ئەم دێڕانە بخوێنیتەوە لەوەیە بڵێیت تۆ لێرە نیت، لەنێو بێ مووچەیی، بێ وزەیی، بێکاری و لەبۆتەی نادڵنیاییدا نیت. بەڵام من بەشێوەیەک لە شێوەکان لەوێم، دیارە دەزانم خوێندنەوە هەم رووبەرێکی ئارام و هەم بواری دڵنیایی دەوێت. مرۆڤ ناتوانێت لەڕووبەری شەڕ، نادڵنیایی و بێکاریدا بخوێنێتەوە، گەر بشخوێنێتەوە بەچاو دەخوێنێتەوە نەک بە هۆش، نەک تەڤی هێزی هەڵگرتن و مانەوە. بەڵام لەڕۆژگاری ئارامی و پارەداریشدا ناوچەکەی ئێمە هەر پشت لەکتێبەو روو لەشتی دیکە. ئەوەندەی کتێب لەمانگێکدا لەوەڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا دەفرۆشرێت و دەخوێندرێتەوە، دڵنیام لەچەندین ساڵدا لەهەموو وەڵاتانی عەرەبیدا ئەو ژمارەیەی کتێب نافرۆشرێت و ناخوێندرێتەوە. لەکاتێکدا ئەوان لەکورد زۆر زۆرترن بەژمارەو بەئابوریش زۆر بەهێزتر. بەکورتی بەراوردەکە کاری نەکردەیە.
ئاشکرایە بۆ وەڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کارەکە جۆرێکی ترە. بەڵام بۆ شوێنێکی وەکو کوردستان بەباشوور و بەشە داگیرکراوەکانی ترییەوە، لەم رۆژگارەدا خوێندنەوەی کتێب، فرۆشت و مامەڵەکردن بەو دەستکەوتە گرنگەوە وەکو کارێکی بازرگانی ئاسان نییە. بێکاری و شەڕ دوو ئافاتی بێوێنەن. لەوێ نەک شەڕ، نەک کۆرۆنا، بەڵکو رووداوی بچووکیش سیستەمەکە یان سیستەمەکان دەهەژێنن، چونکە لەزۆرێک لەو وڵاتانە سیستەم لەبنەڕەتدا بوونی نییە یان بەدارشەق بەڕێوەدەچێت. لێرە، لەوڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کارەکە تەواو پێچەوانەیە، لێرە هەموو ئەو کەسانەی بەهۆکاری کۆرۆنا کاریان لەدەستدا، دەوڵەت هاوکاری دارایی کردن، هەرچەندە ئاشکرا نییە هێشتا ئەو بڕە دراوەی وەکو هاوکاری درا بەکەسانی بێکار دەدرێتەوە بەدەوڵەت یان نا، بەڵام گرنگ لەتەنگەژەکەدا باهاناهاتنێکی گرنگ بوو. بۆیە مرۆڤەکان دەتوانن لەماڵیش بن، واتا لەماڵ بمێننەوە، هاوکات کتێبیش بکڕن و بخوێننەوە، بەڵام جەخار لەوێ پارەیش هەبێت، رەوشی دارایی باش بێت و دڵنیاییش هەبێت، ئەوانەی خوازیاری کتێبن ژمارەیان کەمە، یەکجار کەم.
نەبوونی پاڵەوان لەهۆشی زارۆکدا
دروستکردنی پاڵەوان، ئەفراندنی چیرۆک، سەرچاوەی کاری باش و هاندەری چاکە لەلای منداڵ بەکتێب دەکرێت. هەر ئەوەیشە دەبێت بەبناغە بۆ خۆشەویستی و پاشانیش هەوێنی هۆگری لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا.. رۆژگارێکی درێژە، نەک هەر لەلای کورد، لەلای زۆرێک لەگەلانی ناوچەکە، شەڕ، بێکاری و نادڵنیایی ئەو بوارەیان وێران کرد کەمنداڵان لەگەڵ خەون و لەتەک شتەگەلی پڕ ئەفسوونی دنیای خۆیاندا منداڵییان بەڕێ بکەن. دیکتاتۆرە ملهوڕو شەڕخوازە دزێوەکان لەوێرانکردنی خەون و حەزی منداڵانەوە دەستدەکەن بە وێرانکردنی هەموو ژیان.
بەڵێ بۆ ئەوەی کتێب و خوێندنەوە ببن بەکولتورو مرۆڤ هۆگریان ببێت، بۆ ئەوەی کتێب و پاڵەوانەکانی نێو کتێبەکان شوێنگەیەکیان لەلای منداڵان بەتایبەتی و مرۆڤەکان بەگشتی هەبێت، پێویستە بزانین ناچارین لەبنەڕەتەوە دەستپێبکەین، لەمنداڵانەوە. بەڵێ زارۆک پێویستیان بەوەیە زارۆکێتی خۆیان بژین، کاتێک ئەو ماف و دەرفەتەی منداڵان وێران بکرێت، ئیتر نەک کتێب و خوێندنەوە، واتایەک بۆ ژیان خۆیشی نامێنێتەوە و هەموو جوانییەک بزر دەبێت. دەنا نەک هەر خۆش دەبێت، بەڵکو پێویستیی گیانی و هەستکردن بەجۆرێکی ترە لەبوون، کاتێک لەدڵ و لەیادەوەری منداڵی - منداڵانماندا کتێب، چیرۆک، رۆمان و شیعرگەلی نووسەرانی وەکو بێکەس، کێستنەر، عومەر عەبدولڕەحیم، مارک توین، وێنەکانی لالە عەبدە، دایکی سۆلاڤ، جەزا عەلی ئەمین، وشەو وانەکانی ئیبراهیم ئەمین باڵدارو... هتد، هەبن.