(کاوە) مردو ئەوچایە هەر نەخورایەوە
پەشیمانی دوای ڕوداو .
4 ساڵ لەمەوپێش
عومەر محەمەد
کاوە حەمە ئەمین ساڵح، گەنجێکی هەڵەبجەیی و بریندارێکی چەکی کیمیایی و ئاوارەی کەمپەکانی ئێران و زیندانێکی ئازار چەشتوی نوگرە سەلمان بوو، بەداخەوە ئەمڕۆ وێنەکەیم بینی کە ئەمشەوی رابوردو لەناو باخێکی هەڵەبجەدا بە دارێکەوە خۆی هەڵواسیوەو خۆی کوشتووە. ئەمە بۆمن هەر هەواڵێکی دڵتەزێن نە بوو بەڵکو چیرۆکی بێریزیکردنە بەمرۆڤی کورد لەسایەی حوکمرانی کوردیدا. دەنا، کە ژیانمان گرنگ نەمابێت ،هەواڵی مردنمان چ گرنگییەکی هەیە.
ئەگەرچی هێشتا جگەلەو نامەیەی بەجێی هێشتووە، کە باس لەنیگەرانی و بەدبەختی خۆی دەکات، هیچی تایبەت لەبارەی هۆکاری مەرگیەوە نازانم، بەڵام دەربارەی ژیانی ڕابوردوی خۆی و خانەوادەکەیان زۆر دەزانم و زۆرش هەڵمدا ئەم قوربانیانە لە دۆخی قوربانیدا نەمێننەوە، بەڵام بەرپرسان نەیانبیست و گوێیان بە ژیانی مرۆڤەکان نەدا.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ ئەم گەنجە بەدبەختەم لەدۆخێکی زۆر خراپدا بینی، نەک سەرگەردانێکی شارو نیشتمان بەڵکو سەرگەردانێکی ناو خێزانەکەی خۆشی بوو، ئەوسا هاوسەرگیری نەکردبوو، وەک خۆی دەیگوت شەوانە لە مزگەوت یان لەناو باتانیەکدا لەسەر شەقامەکانی شاری سلێمانی رۆژی دەکردەوە، هەتاوی هاوین دەیسوتاندو سەرمای زستان دەیتەزاند، جاربەجارێکیش لە ئوتیل (شاکار) شەوی بە٣ هەزار دینار نوستووە، ئەمە ئەگەر لەژوردا نوستبێ، خۆ ئەگەر لەسالۆنەکەشدابووبێت ئەوا شەوی ٢٥٠٠ دیناری داوە . کە بینیم جل و بەرگەکەی کون و شەبەقیان تێدا بوو، هێندە لەمێژبوو خۆی نەشۆردبوو بۆنێکی زۆر ناخۆشی لێدەهات، ژیانێک دەژیا بە هیچ پاساوێک گەنجێک شایان بەو ژیانە نەبوو، ئەو هاتبوو بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان هەتا هاوکارییەکی ٢٥- هەتا ٣٠ هەزار دینار هاوکاری لەبەرێوەبەری گشتی ئەوسا وەربگرێت بۆ ئەوەی جەژن پێی بەڕێوە بچێت.. بەڵام کاتێک پرسیارم لێدەکردو وەلامی دەدامەوە زانیم ئەم کورە برای کەیوانە کە لە کیمیابارانەکەی هەڵەبجەوە ونبووە.. سەیر بوو ئەو هیچی لەبارەی کەیوانەوە نەدەزانی کە وێنەکەیم نیشاندا خەریک بوو لەهۆش خۆی بچێت.. چونکە روخساری براکەی بیرچوو بووە.
ئەو جارە کاوە هاتبوو بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان هەتا هاوکارییەکی ٢٥- هەتا ٣٠ دیناری لەبەرێوەبەری گشتی وەربگرێت بۆ ئەوەی رۆژانی جەژن پێی بەڕێوەبەرێت.. کاتێک باسی خۆی بۆکردم .. داوام لێکرد لەگەڵم بێتە ژورەکەی خۆم .. پرسیم :
- تۆ ئەگەر هاوکاری بکرێیت دەتوانی چ کارێک بکەیت ؟
- هەموو کارێک دەکەم .. پێشتریش سایەقی رۆڵە بووم بەلام لەبەر چاوم دوکەڵەکەی بۆمن زۆر خراپە . بەڵام ئەگەر پارەیەکم دەست بکەوێت دەتوانم کاری دەستفرۆشی بکەم. یاخود دەتوانم لەسەرجادە چا بفرۆشم.
بەقسەی خۆی هەموو پێداوێستیەکانی بۆ کاری چافرۆشی بری ٣٠٠٠٠٠ سێسەدهەزار پێویست بوو، بەهەوڵی مرۆڤدۆستان دابینمان کرد، من مەرجێکم هەبوو بچێتەوە بۆ هەڵەبجە کاربکات و ئاگاداری خوشکەکانیشی بێت، چونکە نەمدەتوانی رەزامەندی شارەوانی سلێمانی بۆ وەربگرم بەڵام شارەوانی هەڵەبجە دەست نانێن بەرمانەوە کەچی بەداخەوە کارەکە وا نەرۆیشت، چەندی هەوڵماندا شارەوانی هەڵەبجە مۆڵەتی نەدایە لەو شوێنەی دەیەوێ چای بفرۆشی .. لەراستیدا داواکەی کاوە ئاسان نەبوو، بەڵام دواتر وتی چایخانەم داناوە رۆژێک تەنها وەک دڵنیایی لەکارەکەی لەگەڵ هاورێم دلاوەر حەیدەر چوین بۆلای و چایەکمان لاخواردەوە .. دڵخۆش بووم کە بینیم کاوە گۆڕابوو، بۆخۆی دەیگوت : ژیانم لە گۆراندایە تەنانەت رۆژێک وتی : ئەوەی لە تۆوە فیربووم بە پارە بەراورد ناکرێت فێری ئەوەبووم، کە لەمەولا نەک دەست لەکەس پان ناکەمەوە بەڵکو هاوکاری هەژارانیش دەکەم و دەیانخەمە سەرکارو ناهێڵم کەس سواڵ بکات، چونکە یەکەم دیدار نەمهێشت بچێت بۆلای بەریوەبەری گشتی و داوای برێک پارە بکات.
پێمگوت : رێزی خۆت بگرەو خۆت لە سواڵکردن بە دوربگرە، بۆیە هەمیشە ئەوەی دوپات دەکردەوە (ئەو قسەیە هەر لە گوێمدا دەزرنگێتەوە خۆت لە سواڵکردن بە دوربگرە) ئاقڵ بووم ئیتر قەت دەست لەکەس پان ناکەمەوە.
چیرۆکی ئەم کورەو خانەوادەکەی هەر تراژیدی نەبوو بگرە زۆریش ئالۆز بوو، خوشک وبراکانی گۆران رۆشنا زانا، حەمەمینی باوکی کە بە مینەی خازە ناسرابوو، ساڵی ٢٠٠٨ کۆچی دوایی کردبوو. دایکی بەناوی "سەڵتەنە حسین حەمەرەشید" پێشتر کۆچی دوایی کردبوو، ئێوارەی کیمیابارانەکە کەیوانی برایان بەکیمیایی بریندار بوو ونبوو، خوشک و براکانی هەموویان برینداری چەکی کیمیاین .. ساڵی ٢٠٠٧ پرۆفیسۆر فرالینگەر دواتر دەرکەوت لە دەرەوەی وڵاتەو ئیستاش هەر لەنەمسایە.
ساڵی ٢٠٠٧ پرۆفیسۆر فرالینکە گیردهارد هات بۆکوردستان، ئەوسا بەرێوەبەری ناوەندی چاک بووم لە سلێمانی، بۆیە دەبوو وەک ئەرکێکی رێکخراوەیی لەگەڵیدابم هەریەک لە هادی بابەشیخ و رۆشنا محەمەد وەک نوێنەری ناوەندی چاک لە ئەڵمانیاوە لە گەڵیدا هاتبوون. لەرۆژی ٢١/١/٢٠٠٧ سەردانی شاری هەڵەبجەمان کردو لەوێ فرالینکە هەواڵی خانەوادەی کەیوانی پرسی، بەڵام زۆر سەیربوو کەس نەبوو، چاوساغیمان بکات بۆئەو ماڵە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا تراژیدیا بوو، چونکە پرۆفیسۆر فرالینکە هەواڵی کەیوانی پێبوو کە وەک منداڵێکی برینداری کیمیایی لەژێر چاودێری ئەم دکتۆرەدا بوو لەنەمسا، بەداخەوە هیچ زانیارییەکمان دەست نەکەوت، لەوە تراژیدیتر ئەوە بوو، کە کەیوان هاتەوە بۆ هەڵەبجە و ماوەی هەفتەیەک لەگەڵ خوشک وبراکانیدا مایەوە، بەڵام چۆن مانەوەیەک ؟ ئەوەش هەرتراژیدیایەک بوو چونکە نەدایکی مابوو نەباوکی لەگەڵ خوشک و براکانیشیدا لەبری پێک شاد بوونەوە زۆر نیگەران بوون، لەبەرئەوەی پتر ڕۆڵی کەڕو لاڵیان دەبینی و خوشک و براکان هەر بە ئاماژە لەگەڵ یەکتری دەدوان و هیچ لەیەک تێنەگەیشتن. چونکە کەیوان کوردی لە بیرچوبووەوە لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا وەرگێرێک لەنێوانیاندا پەیدا نەبوو، بۆیە کەیوان بە دڵشکاوی گەرایەوە بۆنەمساو هەتا ئێستاش کوردێکی بریندارو غەریبی ئەو وڵاتەیە. بەشبەحاڵی خۆم چەندین کۆنفرانس و کۆرو سیمناردا ئەم چیرۆکم خستووەتە ڕوو بەڵام هیچ سودێکی نەبوو هەستی هیچ بەرپرسێکی نە جوڵاند.
نوگرەسەلمان دۆزەخ بوو
لە نوگرەسەلمان زۆر ئازارمان چەشت.. خەڵک لەوپەڕی رەزالەتدابوو، هێشتا هەلەبجەییەکان باشتر بوون لەوانەی لەپێش ئیمەوە لەوێ بوون، ئەوانە هەر هیچ هیچیان پێنەبوو، ئێمە هەندێک زەخیرەو خواردنمان پێبوو کەلە ئێرانەوە هێنابوومان هەتا نوگرەسەلمان لێیان نەسەندین بەڵام ئەویش تەواو بوو ئێمەش وەک ئەوانی تر کەوتینە رەزالەتەوە، دنیا زۆرگەرم بوو ئاوەکەی رێک وەک ژەنگاوو وابوو سوێرو تاڵ وتفت .. زۆرجار عەسکەرەکان دەیانویست بمبەن خزمەتی خۆیانم پێبکەن کە ڕەتم دەکردەوە لێیان دەدامو زۆرئازاریان دەدام، جارێکیان زانای برام منی بینی ئاوا ئازارم دەدەن خۆی خستە بەرکێبڵەکان بۆ ئەوەی ئازارم لێ کەمبکاتەوە، باوکم کە چەکی کیمیایی کوێری کردبوو عەسکەرەکان بەلێدانو بەپاڵ دەیان ڕەتاند).پاش گەڕانەوەشمان بوین بەو فیلمەی کەس نەیدووە. دایکمان نەمابوو، کەیوانمان ون بوو، ماڵو حاڵمان نەمابوو، بەتەواوی شپرزە ببوین باشبووم ماڵی پورم (حەپسەخان)ی دەستی هاوکاری بۆ درێژکردین و هاوکارییان کردین لەسەر داوای ئەو چوین لەکەلار دانیشتین، هەرچۆنێک بوو لەوێ خانوویەکمان بەکرێگرت ماوەی چەند ساڵێک لەکەلار ماینەوە.
دڵشکاوترین مرۆڤ
هەرجارێک کاوە دەردەکەوتەوە گرفتێکی هەبوو، بۆیە هەمووجارێک پێم دەگوت: خێر دیسانەوە کێشەت هەیە؟ ئیتر ئەو بێکێشە نیە، یان کارەکەی لەدەستداوەو بەدوای کاردا دەگەڕێت یان سەرگەردان دەخولێتەوەو بەدوای کەناڵێکی راگەیاندندا دەگەرێت هاواری خۆی بکاتە چەکێک و بەروی دونیادا بیتەقێنێ و زۆرجاریش کە ناڵەکان بەکاری دەهێنن وقسەی پێدەکەن و ئەویش کەناڵەکان بەکاردەهێنێتەوە و سکاڵای خۆی دەکات بەڵام ئەگەر رێپۆرتەرەکە ١٠ دۆلارێکی دەست بکەوێت ئەوا کاوە هیچی دەستناکەوێت، بۆیە هیچیان نەیانتوانیوە لەو مەینەتیە رزگاری بکەن.
کاوە دەیگوت من دڵشکاوترین مرۆڤی سەرئەم دنیایەم، بەم وەزعەمەوە کارنەماوە نەیکەم و هەر هیچیشم نیە، چاوەکانی بەهۆی چەکی کیمیاویەوە ئاڵودەبوونو سورهەڵگەراونو جەراعەتیان کردووە، سییەکانیشی خراپ بوونو تەنگە نەفەسی تەواو پەرێشانی کردووە، جارێک هات بۆلام و وتی:(دائیرە نەماوە لەم شارەدا عەریزەی منی تێدا نەبێ، تەنانەت هەولێری پایتەختیش کە دەڵێن بووەتە (دوبەی) پریەتی لە عەریزەو ساکڵای حاڵی نەگبەتی من).
ئەوکاتەی سەرنجم لە سەر بلوسە شینەکاڵەکەی کاوە بوو، کەوەک فیشەک کونی کردبێ، خەیاڵم بەرەو هەموو قوربانیانی هەڵەبجە فریی بوو، چ ئەوانەی ئێستا وەکو کاوە لەمەینەتیدا دەژین یان ئەوانەی لە گۆرە بەکۆمەڵەکاندا بەبێ کفن راکشاون، لەهەمان کاتدا بەشێکی خەیاڵم بەرەوکاروانی مۆنیکای بەرپرسانو وەعدو بەڵێنەکانیان باڵی گرتبوو، کاوەش هەر قسەی بۆ دەکردم، دواتر هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشاو چاوە سوورهەڵگەراوەکانی بڕیە ناوچاوانم هەربۆ دڵنیایی راستی قسەکانی ووتی : (جەماعەتی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دەمناسن).
خۆشخەیاڵی
کاوە بۆیەکەمجار لەبەرنامەی (زووم ئین)ی کەناڵی زاگرۆز تیڤیدا دەرکەوتبوو زۆر خۆشخەیال بوو کە مرۆڤدۆستان وبەپرسانی هەگبە پڕ؟ خیرا بەهانایەوە دەچن و لەمەینەتی رزگاری دەکەن، بەڵام چەند مانگێک بەسەر پەخشی بەرنامەکە تێپەڕی بوو بێ ئەوەی کەس دەنگی هەبێ کاوەش چاوەروانی بەهاناوە چوون بوو، کاوە لەمنی دەپرسی چەند رۆشنبیرو رێکخراوی مافی مرۆڤ لەم وڵاتەدا هەن؟ کوا بەهانای بریندارێکی هەڵەبجەوە چوون..؟ نەمدەزانی چ وەڵامێکی بدەمەوە چونکە ناشێت کاری رێکخراوەکان نادیدە بگرین ئەگەر کەمکاریشیان کردبێت نابێت نابەرپرسیارانە بچینە تەنیشت کاوەو بڵێین هیچ ! بەڵام ئەوکاتە بیرم بۆلای صندوقی هاوکاری شەهیدانو ئەنفالکراوان رۆیشتبوو لەخۆمم دەپرسی ئەگەر داهاتی ئەو سندوقە بۆ هاوکاری ئەمرۆی ئەم قوربانیانە نەبێت بۆکەیو بۆچی بێت؟ تۆ بڵێی ئەگەر بێتو لەبری دیوەخانانەو لەبری بە فیرۆدانی پارەی ئەم وڵاتە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەنایەک، بۆ ئەم قوربانیانە بکاتەوە باری دەسەڵاتی لاربێت؟ دەبێت لەوە شەرمەزاری تر چی بێت؟ کە ئەم قوربانیانە سەرباری برینە کیمیاویەکانی سەرجەستەو ناو هەناویان لەسەرجادە بژینو تۆمەتبارانو تاوانبارانی جینۆسایدکردنی کوردیش لە کۆشکو ڤیەللاکانی پاش ڕاپەریندا بژین، ئەم قوربانیانە بی ژیانو بێ نانو بێکاروبێ موچەبنو ئەندام پەرلەمانەکانو وەزیرو گزیرەکانو تەنانەت هەندێک لە تاوانبارانیش خاوەنی موچەی بەرزبن. ئەرێ ئەمە چ ئەخلاقێکی نزمە یاران..؟
پاشئەوەی بەرنامەی ( زووم ئین) کاوەی هێنایە ناوماڵەکانمانەوە، رۆژنامەی ئاسۆش، حاڵی (کاوە)ی خستەسەر لاپەرەیەکی بەڵام دیسان کەس لێی نەپرسییەوە.
دواین هەواڵ رۆژێک بەختیاری شێخ عوسمان تەلەفۆنی بۆکردم، کەچووم گوتی : کاوەی هەڵەبجە لێرەبوو، حاڵی زۆرخراپەو واکوێر دەبێت، هەرلەوێ ناوی چەند کەسێکی نوسی بۆئەوەی داوای هاوکارییان لێبکات و پشتیوانی نەشتەرگەرییەکەی چاوی کاوە بکەن.
لە لاپەرە ٦٠ی ژمارە ٧ی گۆڤاری ئەنفالستان رۆژی ٣ی ئایاری ساڵی ٢٠١٠ چیرۆکی کاوەو خانەوادەکەی بلاوکراوەتەوە.