بەرەو بەغدا لەپاى چى؟
4 ساڵ لەمەوپێش
عارف روشدى
کوردستانى خواروو (هەرێمى کوردستان) لەئەنجامى هەرەسهێنانى ئیمپراتوریەتى عوسمانى لەشەڕی جیهانى یەکەمدا و دابەشکردنى وڵات و هەریم و(ویلایەت)کانى ژیر چنگى ، بە زۆرى زۆردارى بەعێراقەوە لکێندرا، لەوکاتەوە تائێستا لە بارودۆخێکى ناهەمواردایەو ووبەڕووى سیاسەتى نکوڵیکردن و پێشێلکاری مافەڕەواکانی دەبێتەوە ، بەڵام گەلەکەمان دەستەوەستان و ملکەچى چەوسێنەرانى نەبووە، بەتایبەتى حکومڕانانى گەلى سەردەستى بارگاویکراو بەبیرى خۆسەپاندن و تێنەگەیشتن . بۆیە هەر کەسێک بەهۆشێکى کوردانەو و کراوەوە بیربکاتەوە ، ناتوانێت بێجگە لە ئازادبوون و وەدەستهێنانى مافى چارەى خۆنووسین پەسند بکات .کاتێک سالى ٢٠٠٣ بڕیاردرا هەرێمى کوردستان بچێتەوە پاڵ عێراق و بەشداربێت لەڕاستکردنەوەى بارە لارەکەى ، خاوەنى تەواوى دەسەڵاتەکانى بوو ، عێراق لە رێگاى نەتەوەیەکگرتووەکانەوە دەیتوانى مامەڵەمان لەگەڵدا بکات، تەنانەت بەشەخۆراکى کوردستان بەپێی بڕیارى (٩٨٦) بەجیا دەستنیشانکرابوو دراوى بەکارهێنراو جیابوو لەدراوى بەغدا. بەداخەوە لەو کاتەوە هەڵگرانى دروشمى (بەهەر نرخێک بەرەو بەغدا) روڵى نەرێنى دەبینن، بەپلان و کردەوەى ناجور هەستى(خۆلاوازبینى و بێهیوایی) زاڵدەکەن ، بیروباوەڕى ئازادیخوازانەى کوردایەتى فەرامۆش و نادیدەگرن، ئەوەى راست بێت ئەوان بەئاگابن یان نا ، بەغدا وەک پاساوێک بەکاریاندێنێت، تاکو زەفەر بەشکۆى گەل و هەرێمەکەمان ببەن و، بەرەو ئاڵۆزى و قوڵکردنەوەى ناتەبایی مل بدات . لەوەتەى دامەزراوەکانى عێراقى دواى نەمانى رژێمى بەعس دەستبەکارو دامەزراون، نوێنەرانى کورد بەدەنگ و پاڵپشتى کوردستانیان لەبەغدا پلەو پۆستیان وەرگرتووە بەئاواتى پاراستن و بەرگریکارى لەمافە دەستورییەکانى هەرێمى کوردستان و قەرەبووکردنەوەى بەشێک لەنەهامەتییەکانمان ، بەڵام بەداخەوە بێئومێدیان کردین ، بەڵکو هەندێکیان زیاتر لەشۆڤێنییەکان دژایەتى گەلەکەمان دەکەن . پوستی (سەرۆک کومار) پوستێکى سەروەرى و خاوەن دەسەڵات و هەستیارە ، بەدرێژایی (١٧) ساڵە بەناوى کوردەوە تومارکراوە ، لەیاسای بنەڕەتیدا بە(پارێزەرى) دەستورناسێنراوە، لێرەدامافى خومانە هەندێ پرسیار بوروژێنین: ئاخو بۆچى سەرۆک کومارەکانمان لەئاست ئەو هەموو پێشیلکاریە دەستوریانەى دەرحەق بەمافە دەستورییەکانمان دەکرێن بێهەڵوێست بوون؟ ئەرێ ئەو بێدەنگییەیان لەپاى چی بوو؟ بۆچى (لەسەرحەق) پشتیوانىیان لەخواستە رەواکانى هەرێمى کوردستانیان نەکردووەو ئەرکە دەستورییەکەیان بەکارنەهێناوە ؟ئەگەر کەسانێک بێنەدەنگ و باسی هەندێ هەوڵى لاوەکى بکەن، ناتوانن گەردنیان لەبەرپرسیارەتى مێژوویی پاکبکەنەوە . (١٧) ساڵە هێزە باڵادەستەکانى نەتەوەی سەردەست گرەو لەسەر کات دەکەن ، لەپێش چاوى سەرۆک کومارەکانمان سەرقاڵمان دەکەن بەوەى بودجەکەتان (١٧% ، ١٤% ،١٢%) یە ، (دەینێرین ناینێرین ) ، لەکاتێکدا کێشە بنەڕەتییەکانى خەڵکى کوردستان بریتین لەجێبەجێکردنى خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان وەک :(ماددەى ١٤٠ ، یاساى نەوت و غاز ، پیادەکردنى سیستمى فیدراڵى لە عێراق ورێکخستنەوەى پەیوەندییە فیدراڵییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا ، راگرتنى هاوسەنگى ، پێکهێنانى ئەنجومەنى فیدراڵى و دادگاى فیدراڵى هتد)، بەدڵنیاییەوە چارەسەرکردنى ئەو کێشە بنەڕەتیانە ، دابینکردنى مووچە وبودجە وەک دەرهاوێشتەیەک دەبوو نەک کێشە . بۆیە بەرەو بەغدا ئاساییە بەمەرجێک ، دور لەهەستى (خۆلاوازبینى و بچووکزانى)بێت دور لەسازشی نەرێنى و خۆچەماندن بێت، بەڵکو لەپێناوى پاراستنى ماف و ئەرکە دەستورییەکان و سەرفرازى نیشتیمانیدا بێت . بۆ ئەوانەى خەون بە لاوازى گەلەکەمانەوە دەبینن : هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە پاڵپشتى رەوایەتى خواستەکانى گەلەکەیەوە بەهێزە، سەرەڕاى کەموکوڕییەکان و ئابڵوقەو پیلانى بەردەوام، بەپێی توانا لەکاردایەو پێشکەوتوترە لەحکومەتى بەغدا ، نەیهێشتووە رەوڕەوەى ژیان راوەستێت ، بۆ بەهێزترکردنى هەڵوێستى دانوستکارى هەرێم بەرامبەر بەغداو، باشتر خزمەتکردنى کومەڵانى خەڵکى کوردستان و لە باربردنى ویستى ناحەزان ، پێویستە کومەڵانى خەڵک برەو بەپاڵپشتیکردنیان بدەن لەسیاسەتى نیشتیمانى حکومەت و ئەو حزبەى هەمان ئاراستەی هەیە ، بەتایبەتى جێبەجێکردنى پرۆسەى چاکسازى لەسەرجەم سێکتەرەکاندا .