دانوستان

4 ساڵ لەمەوپێش



بەیار عومەر عه‌بدوڵا

وتەیەک هەیە دەڵێت:

(کورد ئەوەی لە شەڕدا بەدەستیدەهێنێت، لەدانوستاندا لەدەستی دەدات)

ئێرانییەکان بەپێچەوانەوە، بەدرێژایی مێژوو، ئەوەی لەشەڕدا دۆڕاندویانە، لەدانوستاندا وەریانگرتۆتەوە. دانوستان یەکێکە لەو زانستانەی دەخوێندرێت؛ چەند مەدرەسەیەکی دانوستان هەیە. یەکێک لەوانە مەدرەسەی ئێرانە، کەپشودرێژی یەکێکە لە خەسڵەتەکانی، ئێرانیەکان بەناوبانگن بەوەی کە لەمێژوودا لەزۆربەی دانوستانەکاندا براوە بوون؛ ئەوەی بەشەڕ لەدەستیانداوە، بەدانوستان وەریانگرتۆتەوە.

لەساڵی ١٩٤١ لەسەروەختی جەنگی جیهانی دووهەمدا، روسەکان باکورو ئینگلیزەکان ناوەڕاست و باشوری ئێرانیان داگیرکرد. ئینگلیزەکان لەگەڵ ئەمریکیەکاندا لەئێرانەوە چەک و نەوت و پێدوایستییان بۆ روسەکان دەنارد بۆ شەڕی ئەڵمانەکان. ئێرانیان ناونابوو پردی سەرکەوتن.

سەرۆکی روسیا، جۆزێف ستالین (Joseph Stalin) و سەرۆکی ئەمریکا، فرانکلین رۆزڤڵت (Franklin D. Roosevelt) و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ویستۆن چەرچڵ (Winston Churchill)، ساڵی ١٩٤٣ لەتارانی پایتەختی ئێران کۆبوونەوە و بڕیاریاندا کەدوای کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی دووهەم، لەماوەی شەش مانگدا ئێران چۆڵبکەن. بەڵام دوای کۆتایهاتنی جەنگ ستالین پەشیمانبووەوە و ئامادەنەبوو باکوری ئێران چۆڵبکات. لەساڵی ١٩٤٦ دا روسەکان یارمەتی کوردو ئازەریەکانیاندا کە دوو دەوڵەت لە باکوری ئێراندا بۆ خۆیان دابمەزرێنن، کۆماری مهاباد و کۆماری ئازەربایجان، پایتەختەکانیان مهابادو تەبرێز بوو.

سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئێران ئەحمەد قەوام (Ahmad Qavam)، چوو بۆ لای ستالین و توانی روسەکان قایل بکات کەدەست لەپشتیوانی کوردو ئازەرییەکان هەڵبگرن، بەرامبەر پێدانی هەندێک بیرەنەوتی باکوری ئێران لە سەر دەریای قەزوین. سەرەنجام دەوڵەتی ئێران توانی کۆماری مهابادو ئازەربایجان لەناوبەرێت و خاکی دەستبکەوێتەوە.لای سەرکردەی زیرەک و نیشتیمانی، خاک گرنگترە لەهەموو فاکتەرەکانی تر، چونکە خاک فاکتەرێکی نەگۆڕەو دەمێنێتەوە، بەڵام پارەو نەوت دەشێت وشک بکەن و نەمێنن.

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، واتە لە ١٩٤٧دا،  پەرلەمانی تازە لەئێراندا هەڵبژێردراو دەنگیان لەدژی ئەوەدا کەنەوتی باکوری ئێران بدرێت بەڕوسەکان و بەڵێننامە نەوتیەکانیان هەڵوەشاندەوە، واتە ئێرانییەکان لەقۆناغی یەکەمدا خاک و لە قوناغی دووهەمدا نەوتیان دەستکەوتەوە. کاتێک روسەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی، ئەحمەد قەوام وتی لەدەسەڵاتی مندا نیەو پەرلەمان بڕیاریداوە، دوای ئەم رووداوە ئەحمەد قەوام بە(رێویە پیرەکە) ناوی دەرکرد.

سەرکردەکانی ئێمە بەپێچەوانەوە کاریان کردووە. ئەوەی کورد بەشەڕ بەدەستیهێناوە، ئەوان بەدانوستان لەدەستیانداوە. یەکەم لەبەر خۆشباوەڕی و ساویلکەیی و نەشارەزایی لەدانوستاندا، دووهەم لەبەر کاڵبوونەوەی هەستی نیشتیمانی و زاڵبونی بەرژەوەندی شەخسی و ماڵباتی و حزبی بەسەر بەرژەوەندیی نیشتیمانیدا؛ زۆر جار پارەو نەوت دەخەنە پێش مەسەلەی خاکەوە، لەکاتێکدا پارەو نەوت کۆتایی دێت و خاک دەمێنێتەوە. سێهەمیش لەبەر ناکۆکی ناوخۆیی، ئامادەن سازش بۆ دوژمن بکەن بۆ یەکتر شکاندن.

یەکێک لەیاساکانی دانوستان ئەوەیە کەدانوستانکار نابێت هیچی بۆ خۆی بووێت، بۆ ئەوەی نەکەوێتە سازشکردن لەپێناوی بەدەستهێنانی پۆستدا. زۆر جار وەفدەکانی کورد دانوستان دەکەن بۆ چوونە حکومەت لەهەولێر یان لە بەغدا، دوای چەند مانگێک هەندێک لەئەندامانی وەفدەکە پۆستی حکومی وەردەگرن. ئەو جۆرە دانوستانانە تەندروست نین، چونکە وەفدێک داوای پۆست و بەرژەوەندیی بۆ ئەندامەکانی وەفدەکە بکات، سازشی زۆرتر دەکات لەوەی پێویستە بکرێت.

گرنگە ئێمەش پەند لەمیللەتان وەربگرین و لانی کەم وابکەین ئەوەی لە شەڕدا بردومانەتەوە، لەدانوستاندا نەیدۆڕێنین. هەروەها مەسەلەی خاکمان لەنەوت و پارە و پۆست لاگرنگتر بێت، لەهەمووشی گرنگتر بەو مەرجە وەفدی دانوستان دیاریبکرێت کەبۆیان نەبێت هیچ پۆست و بەرژەوەندییەک بۆ خۆیان داوابکەن، بەڵکو هەوڵی بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندی میللەت یان ئەو لایەنە بدەن کەنوێنەرایەتی دەکەن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار