کازمی پاڵەوانی فەیبسووک یان نیشتیمان!

4 ساڵ لەمەوپێش



پێشه‌وا هه‌ورامانى

بەدرێژایی مێژووی عێراق هیچ سەرکردەیەکی عێراقی نە ماڵ بووە بۆ کوردو نە تاسەر لەگەڵ کورد بووە، سەرکردە عێراقییەکان ئەوەندە لەگەڵ کوردن تا جێ پێی خۆیان دەچەسپێنن، دوای ئەوە هەر یەکێکیان بەستایلێکی جیاواز دەکەوێتە وێزەی کورد، دەتوانم بڵێم سەرکردەکانی عێراق لەیەک شتدا داهێنان دەکەن کەدێنە سەر حوکم، ئەویش ئەوەیە شێوازێکی تازەی ئەشکەنجەدان یان ناڕەحەتکردنی کورد دەدۆزنەوە.

سەرنج بدەن لەشەڕو کیمیاباران و بۆردوومان و ئەنفالەوە هاتوون لەقۆناغێکدا، ئێستاش دێن ئەم ئەنفال و کوشتنە بەبرسیکردن ئەنجامدەدەن لەڕێگەی مووچە بڕین و بوودجە بڕین، هەتا رووبەڕووبوونەوەی مەیدانی و جەنگ بەهەموو هێزێک هەیانە وەک ئەوەی لەشانزەی ئۆکتۆبەر بینیمان و ئەوانیش بینییان.

ئێستا کاتێک کازمی هاتووەتە حوکم هێندەی بەشێک لەکوردستانەوە هیوایان لەسەر هەڵچنیوە، هێندە شەقامی عێراقی گەشبین نین پێی، عێراقێک کەهەر کوچەیەکی وڵاتێک تەحەکوومی پێوە دەکات و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی هێندە ئاسانە هەر دەوڵەتێک مەیلی هەبێت  و بیەوێت نمایشێک بکات دەتوانێت بیکات هەر بۆ ئەوەی بڵێت منیش هەم، دەی ئەمە بەکازمی راست دەبێتەوە؟.

کازمی وەک سەرکردەکانی رابردوو چاوی لەکوردستانەو ئەوەی کەدەیڵێم زانیارییە کەهەندێک میدیای بەکرێگرتوون و چەند کەسێکی خاوەنی قەڵەمی کوردیشی گرتوون کە بەشان و باڵیدا هەڵبڵێن، بێ ئەوەی بزانێت ئەم ژینگەیە ژینگەی ئەو نییە، کێشەی سەرکردەکانی عێراق ئەوەیە لەبەرانبەر کورد مێژووی پێش خۆیان ناخوێننەوە، ئەوان دەزانن هەموو سەردەمێک کەسێک هەبووە لێرە چەپڵەلێدەری ئەوان بووە، بەڵام ئەوەی ئەرکی پاراستن و مانەوەی ئەم میللەتە بووە لەبەرانبەر تەماحکاری ئەوان هەمیشە بە زللەیەک بەئاگای هێناون، دوێنێ جەنابی مەلا مستەفای بارزانی بوو، ئەمڕۆ کوڕی جەنابیانەو هەر سەرکردەیەکی عێراق عاقڵ بێت، دەزانێت نابێ ئەو لێی رازی نەبێت، ئەم دۆزە خاوەنی هەیەو بەرهەمی رۆژو دووڕۆژ نییە، کازمیش ئەگەر بیر لەوە بکاتەوە بەر ئەم زللەیە دەکەوێت دڵخۆش نابێت بەو پاڵنانەی هەندێک کەس پێوەی دەنێن بەرەو ئێرەو دێتەوە هۆش خۆی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داهاتووی لەعێراقدا روون نییە، ئەو ئێستا کەتەنها وەک نمایشکارێک خۆی دەنوێنێ و بەهۆی ئەزموونی رابردووی لەڕاگەیاندن دەزانێ چۆن سەرنجی میدیاو خەڵک راکێشێت، لەو نموونەیەی دکتۆر عەلی وەردی لەسەر کەسایەتی تاکی عێراقی بەدەر نییە کەدەڵێت «تاکی عێراقی زۆر حەزی بەناوبانگ و خۆدەرخستنە، بیر لەچەندان بنەما دەکاتەوە کەتوانای جێبەجێکردنیانی نیە ،هەروەها بانگەواز بۆ ئامانجێک دەکات ناتوانێ بیگاتێ»، بۆیە نە ئامانجەکانی هی ئەوەن پێیان بگات و نە خۆدەرخستنەکەی ئەو دەگەیەنێتەوە مەرامی خۆی و ئەو تەنها پاڵەوانی فەیسبووکە نەک نیشتیمان.

دەکرێت بڵێین، عێراقێک کەدابەشبووە بەسەر چەندین بیروباوەڕی سیاسی و ئاینی و مەزهەبی و خێڵەکی و ناوچەییدا بەهیچ کازمییەک نایەتەوە راستە، خەونەکانی ئەو نەک ناگەنە کوردستان، بەڵکو لەناوچەی سەوزی بەغدا دەخنکێندرێن، عێراق گەلەکەی قسەی کۆتایی تێدا ناکەن، چەندین هێزی دەرەکی هەن کە بەمافی خۆیان دەزانن، ئەوان بڕیار لەسەر چارەنووسی بدەن و ئەم وڵاتە بەمیراتی مێژوویی خۆیان دەبینن.

ئەو عەقڵانەش کە لەکوردستانەوە، یان کوردن لەبەغداوە پێیان وایە عێراق بەرەو مەرکەزییەت دەگەڕێتەوەو خەریکن ئەم کەڵکەڵەیە دەخەنە سەری کازمی و فوی تێدەکەن و پێیان وایە عێراق کەوتۆتەوە سەر ئەم رێچکەیە، گومان دەکەم یان بێئاگان یان ئەوانەن هەموو خەونێک دەبینن بۆ لاوازکردنی هەر حکومەتێک کەپارتی سەرکردایەتی دەکات، بۆیە لەگەڵ هەر ئاراستەیەک دەبن گەر سەدا یەکیش ئەو مەرامەی هەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار