دابەزینی ئاستی دیمۆکراسیی تورکیا لە«ناتەواو»ەوە بۆ «ئۆتۆکراسی»
4 ساڵ لەمەوپێش
بهکر شوانى
وەقفی بێرتێلزمان (Bertelsmann Stiftung)ی ئەڵمانی سەرەتای مانگی ئایاری رابردوو لەڕاپۆرتی «ریزبەندیی گۆڕانکاری»دا تورکیای خستبووە خانەی «ئۆتۆکراسی میانڕەو»ەوە. زانکۆی ڤورتسبوگ (Würzburg)ی ئەڵمانیش لەڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩دا کە لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڵاوکرایەوە، بەهەمان شێوە تورکیای خستووەتە ریزی «ئۆتۆکراسییە میانڕەو»ەوەکانەوە.
لەڕاپۆرتی «رێزبەندیی گۆڕانکاری»ی وەقفی بێرتێلزماندا کە لەساڵی ٢٠٠٤ و بەملاوە هەردوو ساڵ جارێک دەردەچێت و نیشانەکانی لاوازبوونی دیمۆکراسی لەوڵاتانی جیهان دەخاتەڕوو، تورکیا لەکۆی (١٣٧) دەوڵەت لەڕیزی (٧٧)مدایەو دەستەواژەی «دیکتاتۆریی باری سەپاو - de facto Dictatorship)ی بۆ بەکارهێندراوە. لەبەشێک لەو راپۆرتەدا هاتووە: «پاش ریفراندۆمی هەمووارکردنەوەی دەستوور لەساڵی ٢٠١٧دا، تورکیا مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ پێی نایە سیستەمی نوێی حوکمڕانییەوە و بەوەیش قۆناغێکی نوێ لەسیاسەتی تورکییدا دەستی پێکرد و لەهەبوونی سەرۆک کۆمارێکی بەهێز و توندڕۆدا سیستەمی نوێی سەرۆکایەتی جێی سیستەمی پەرلەمانتاری گرتەوە. ئەم دیکتاتۆرییەی باری سەپاویش کاریگەریی خۆی لەسەر دیمۆکراسی و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دانا.» لەپەرەگرافێکی تردا ئاماژە دەدرێت بە «روودانی گۆڕانکاریی ریشەیی لەسیاسەتی ناوخۆ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان»ی تورکیادا و جەخت لەوە کراوە کەتورکیا لەبەر رۆشنایی رووداوەکانی ئەم دواییەدا ناتوانرێت چی دی لەخانەی وڵاتانی دیمۆکراسیدا بپۆڵێندرێت.
وەقفی بێرتێلزمان کەساڵی ١٩٧٧ لەسەر دەستی گەورە سەرمایەدار و خێرخوازی ئەڵمان راینهارد مۆن (١٩٢١-٢٠٠٩) دامەزرێندراوە و بەیەکێک لەوەقفە هەرە گەورە و کاریگەرەکانی ئەڵمانیا دادەنرێت و بارەگای سەرەکی لەشاری گویتەرسلۆیە و نزیکەی (٥٠٠) پسپۆر و توێژەر کاری تێدادەکەن، لەبواری دیمۆکراسیدا نمرەی ٤،٩ی لە ١٠ی داوە بەتورکیا و بەمجۆرە ئەو وڵاتە بەم نمرەیەوە لەخانەی «ئۆتۆکراسییە میانڕەوکان»دا پۆڵێندراوە و خراوەتە ریزی (٧٧)ەمینی وڵاتانی جیهانەوە. تورکیا لەبوارەکانی «دەوڵەتی قانوون» و «سەقامگیریی دامەزراوە دیمۆکراسییەکان»یشدا بەدوای یەکدا نمرەی ٣،٥ و ٣ی لە ١٠ بەدەستهێناوە. ئەمە جاری یەکەمە کە وەقفی بێرتێلزمان وشەی «ئۆتۆکراسی» بۆ تورکیا بەکاردەهێنێت و لەگەیشتن بەو ئەنجامەیشدا بەرتەسککردنەوەی ئازادیی بیروڕا دەربڕین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لەیەکدی جیانەکردنەوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری وەک پێوەر پێشان داوە.
بەپێی هەمان راپۆرت، تورکیا لەڕیزبەندیی حکومڕانیدا لەڕیزی (٩٥)ەمی وڵاتاندایە و لەبواری «هاوکاریی نێودەوڵەتیدا» نمرەی ٥،٧ و لە «پێشاندانی ئامادەیی بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن»دا نمرەی ٣ لە ١٠ی بەدەستهێناوە. وەقفی بێرتێلزمان ئاماژەی داوە بەوەی کە لەماوەی (١٠) ساڵی ڕابردوودا لە (٦٠) دەوڵەتی جیهان بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادان و دادوەری زیانی بەرچاویان پێ گەیشتووە و بەو جۆرە وەقفی باسکراو لەکۆی (١٣٧) دەوڵەتی بابەتی توێژینەوە، (٧٤) دەوڵەتیانی خستووەتە ریزبەندیی دەوڵەتانی دیمۆکراسی و (٦٣) دەوڵەتیشی لەڕیزی دەوڵەتانی ئۆتۆکراسیدا پۆڵاندووە. لەڕاپۆرتەکەدا رێژەی دیمۆکراسی لەکۆی ئەو (١٣٧) دەوڵەتەدا لەسنووری ٥٤٪دایە، لەکاتێکدا ساڵی ٢٠١٠ ئەو رێژەیە ٥٧٪ بووە.
شارەزایان و توێژەرانی وەقفی بێرتێلزمان لەو باوەڕەدان کەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەجیهاندا کاریگەریی نەرێنیی زیاتری بەسەر رێژەی دیمۆکراسییەوە لەوڵاتانی جیهاندا هەبێت، بەتایبەتیش لەو وڵاتانەی کەوەک تورکیا خراونەتە خانەی «ئۆتۆکراسی»یەوە و لەو بوارەیشدا «یاسای دۆخی ئاوەرتە»ی هەنگاریا کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڤید-١٩ داڕێژراوە، وەک نموونە پێشان دراوە. ئەو یاسایە کە بۆ ماوەیەکی کاتی سنووری نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری دەسڕێتەوە، مانگی نیسانی رابردوو لەلایەن حکوومەتی هەنگاریاوە خرایە بواری کارپێکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەوروپا و تاڕادەکیش لەجیهان رەخنەی زۆری ئاڕاستە کرا. وەقفی بێرتێلزمان، بەپشتبەستن بەو هەنگاوەی هەنگاریا، پێشبینی دەکات سەرانی هەندێک لەدەوڵەتان قەیرانی کۆڤید-١٩ بقۆزنەوە بۆ پتەوکردنی زیاتری پێگەی خۆیان و دوورکەوتنەوە لەدیمۆکراسی و بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان.
دوو مانگ و نیو دوای راپۆرتەکەی وەقفی بێرتێلزمان، توێژەران و زانایانی زانکۆی ڤورتسبورگی ئەڵمانیش لەڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩دا کە ناوەڕاستی ئەم مانگە لەپێگەی زانکۆ و میدیاکانی ئەڵمانیادا بڵاوکرایەوە، چۆنایەتیی دیمۆکراسیی (١٧٩) وڵاتیان خستووەتە ژێر وردبینەوە و تورکیایان لەڕیزی «ئۆتۆکراسییە میانڕەو»ەکاندا پۆڵاندووە. لەو راپۆرتەدا پێوانەکانی «دیمۆکراسیی چالاک، دیمۆکراسیی ناتەواو، رژێمە تێکەڵەکان، ئۆتۆکراسیی میانڕەو، ئۆتۆکراسیی توند» بۆ وڵاتان بەکارهێندراوە و تورکیا لەخانەی «ئۆتۆکراسیی میانڕەو»دا جێگیر کراوە.
دەزگای «دیمۆکراسی-مارتیکس»ی زانکۆی ڤورتسبورگ کە لەسەرەتای ساڵانی (١٩٠٠)وە بەردەوام لەنزیکەی (١٧٥) دەوڵەتی جیهاندا توێژینەوە لەگۆڕانکارییەکانی بواری دیمۆکراسیدا دەکات، لەنوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەنووسێت ئاست و چۆنایەتیی دیمۆکراسیی تورکیا لەماوەی ساڵانی ٢٠١٢ – ٢٠١٩دا توندترین دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. تورکیا ساڵی ٢٠١٢ لەڕیزی دەوڵەتانی «دیمۆکراسیی ناتەواو»دا بوو، بەڵام سیاسەتەکانی دەوڵەت لەماوەی حەوت ساڵی رابردوودا بوون بەهۆی ئەوەی تورکیا لەتوێژینەوەی ئاماژە پێدراودا داببەزێتە خوارەوە بۆ ریزی دەوڵەتانی «ئۆتۆکراسیی میانڕەو». زانکۆی ڤورتسبورگ دابەزینی ئاست و چۆنایەتیی دیمۆکراسیی تورکیا وەک بەشێک لەداکشانی کێرڤی دیمۆکراسی لەجیهاندا دەبینێت و گەیشتووە بەو ئەنجامەی کەتەنیا یەک لەسەر چواری دانیشتووانی جیهان لەسایەی دەسەڵاتی دیمۆکراسیدا دەژین.
توێژەرانی ئەو زانکۆیە وڵاتە پیشەسازییەکانی وەک ئەمریکا و ژاپۆن و کەنەدا و هەندێک لەوڵاتانی یەکیەتیی ئەوروپایان لەڕیزی دەوڵەتانی خاوەن «دیمۆکراسیی چالاک» و وڵاتانی پۆڵۆنیا و قوبرس و کرواتیا و مالتا و بولگارستانیشیان لەڕیزی دەوڵەتانی خاوەن «دیمۆکراسیی ناتەواو»دا پۆڵاندووە. ژمارەیەکی زۆر لەوڵاتانی ئافریکا و وڵاتانی تری وەک بۆسنە و ئۆکرانیا و عێراق و ئوردون و پاکستان خراونەتە خانەی «رژێمە تێکەڵەکان»ەوە. کۆمەڵێک لەوڵاتانی ئافریکا و رووسیا و ئێران و میسر و ئەفغانستان و جەزایریش لەڕاپۆرتەکەی زانکۆی ڤورتسبورگدا لەپاڵ تورکیادا خراونەتە خانەی «ئۆتۆکراسیی میانڕەو»ەوە. لەم پۆڵاندنەیشدا، لەسەرجەم دەوڵەتەکان بنەماکانی وەک کاری دەزگا دیمۆکراسییەکان، ئازادیی بیروڕادەربڕین، یەکسانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، میکانیزمی بڕیاردانی سیاسی، گەندەڵی، ئاستی توندوتیژی و هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لەبەرچاو گیراون.
چاودێران ئاماژە دەکەن بۆ ئەوەی هەردوو راپۆرتەکەی وەقفی بێرتێلزمان و زانکۆی ڤورتسبوگ مێژووی ئامادەکردن و دەرچوونیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەستتێوەردانی سەربازیی تورکیا لەلیبیا و رۆژهەڵاتی دەریای سپی و بڕیاری گۆڕینی دێری بەناوبانگی ئەیاسۆفیا لەمۆزەخانەوە بۆ مزگەوت، بۆیە پێیان وایە ناوەندە سەنگینەکانی توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان لەداهاتووی نزیکدا سەرنجی زیاتر بخەنە سەر پێشهاتەکانی تورکیا.
*بەکالۆریۆسی رۆژهەڵاتناسی، بازنەی تورکیاناسی، زانکۆی بۆن، ئەڵمانیا