"وه‌زیرى ناوخۆی تورکیا دوای هەڵبژاردن هه‌ڕه‌شه‌ی لەهاوسەرۆکی هەدەپە کردووە"

ئابید ئیک هاوسه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى HDP له‌ هه‌رێمى کوردستان بۆ ‌هاوڵاتی

6 ساڵ لەمەوپێش



نهجات ئهحمهد، ههولێر

ئابید ئیک هاوسهرۆکى نوێنهرایهتى HDP له ههرێمى کوردستان له چاوپێکهوتنێکیدا لهگهڵ رۆژنامهى هاوڵاتی ئاماژه بهوه دهکات که ئاکهپه و ئەردۆغان به ههموو شێوهیهک دژایهتى ههدهپە دهکات و سێ بەربەستی وهک رێگرى بۆ نهگهیشتن به رێژهى 10% دانابوو، ئهوهش دهخاته روو که ئابوورى تورکیا 20 ساڵ دهگهڕێتهوه دواوهو بهرەو قهیرانێکى گهوره دهچێت و ئەردۆغانیش کار بۆ ئهوه دهکات که سیستهمى ئەردۆغان له برى ئهتاتورک بۆ داهاتووى تورکیا پهیڕهو بکات و دهشڵێت بههۆى بههۆى هاوپهیمانیهتییهکانى تورکیا 8 کورسی پهرلهمانتارمان لهدهست چوو.

هاوڵاتی: ههڵبژاردنهکانى تورکیاتان چۆن بینى وهکو ههدهپه؟

ئابید ئیک: پێشخستنى پرۆسهکه جۆرێک له ئینقیلابى ههڵبژارنی تێدابوو له لایهن ئەردۆغانهوه. لهبهر ئهوهى ئهو ماوهیه تورکیا لهنێو ئاڵوزییهکهى گهوره تێدهپهرێت و رهوشى  تورکیا رۆژ به رۆژ بهرەو خراپ بوون دهچێت و تورکیا لهنێو ههموو بوارهکانى ئابوورى و کۆمهڵایهتى و سیاسى و دبلۆماسى بهناچارى تێپهڕدهبێت. بۆیه له ههبوونى ههموو ئهو قهیرانانهى له تورکیا بوونى ههیه تورکیا دێت ههڵبژاردنى پێشوهخت ئهنجامدهدات، بهتایبهت پلانى ههبوو بۆ ههدهپه تا نهتوانێت وهک پێویست ئامادهکارى خۆى بکات بۆ ههڵبژاردنهکان و تا نهتوانێت له رێژهى 10% دهرباز بێت.

هاوڵاتی: واته ئهو پلانێکى ئەردۆغانه دژ به ههدهپه تا نهتوانێک وهک پێویست ئامادهکارى بکات بۆ ههڵبژارنهکانى تورکیا تا  رێژهى له 10% تێپهرنهکات؟

ئابید ئیک: بهڵى له 100% ئهوه پیلانێکى ئەردۆغان بوو دژى ههدهپ تا نهتوانێت ئهو رێژهیه تێپهڕێنێت، له کاتێکى زۆر کهمدا بڕیارى هەڵبژاردنى دا، له کاتێکدا جگه له هاوسهرۆکى ههدهپه و زیاتر له 10 بۆ 12 پهرلهمانتارى ههدهپ له بهندینخانهدا بوون و 10 بۆ 12 پهرلهمانتارى دیکهى ههدهپه بهناچاریى له ئهورپا ماونهتهوه و ناتوانن بێنهوه تورکیا و سیاسهت بکهن و بۆ ههریهکیان 50 ساڵ بهندکردنى بۆیان داناوه، ئهمه جگه لەوەی زۆرێک له سهرۆک شارهوانییهکانى ههدهپه بهندکراون، ئهکهپه له رێگهى مهئمورى دهوڵهتهوه دهستى بهسهر شارهوانییهکاندا گرتووه، واته تورکیا له رهوشێکدایه که یاسا لهو وڵاتهى راوهستاوه و دهسهڵات ههمووى لاى عهسکهرى و ئەردۆغاندایه کهس ناتوانێت به نێوى دیموکراسى قسهى خۆى ههبێت، زانستى ئهکادیماى تورکیا و رۆشنبیرانى ئهو وڵاته و تهنانهت لایهنگرانى ئاکهپهش  دەڵێت ئەردۆغان ئو دهنگانهى له کوێ هێناوه، چۆن پهیداى کردووه، له کاتێکدا که ئهکهپه دهنگى کهم  کردووه و ئەردۆغان دهنگى زیاد کردووه کهواته ساختهکارى بۆ خۆى کردووه.

هاوڵاتی: سهرهڕایى ههموو ئهو بهربهستانهى تۆ باست کرد کهچى ههدهپه توانى رێژهى له 10% تێپهڕ بکات، ئهمه چۆن روویدا؟

ئابید ئیک: بۆ جارى یهکهمه که سێ گرفت له پێش ههدهپه دروستکرا تا نهگاته ئهو رێژهیه، گرفتی یهکهم رێگریکردن له رێژهى 10% دهنگهکان، دووهم هاوپهیمانى ئهکپه و مهههپه، سێیهمیش هاوپهیمانى جهههپە و پارتى و سهعادهت پێکهوه دژى ههدهپه بوون. له مێژووى تورکیا، ئهوهیه یهکهم جارە ئهو جۆره هاوپهیمانیهته دروستبکرێن، ئهویش بۆ ههدهپه بوو تا وهک بهربهستێک بێت، بهڵام خۆشبهختانه ههدهپه توانى ئهوانه بشکێنێت و تاکه پارته که دهنگى زیاتر بووه له پێشتر.

هاوڵاتی: کهواته لهم ههڵبژاردنه ههدهپه رێژهى کورسیهکانى زیادى کردوه؟

ئابید ئیک: بهڵێ پێشتر 59 کورسى ههبوو ئهمجاره بۆته 67 کورسى، بهڵام ئهگهر ئهو هاوپهیمانانه دژى ههدهپه دروست نهکرابان ئهوه دەبووە 75 کورسى.

هاوڵاتی: ژمارهى ئهو کورسییانهى ئێستا هێناوتانه له پلانى ئێوهدا ههبوو یا چاوتان له زیاتر بوو؟

ئابید ئیک: دهنگى کوردان و دهنگهکانى دیکه لهنێو ههدهپە له 17% بۆ 18% زیاتره، بهڵام به هۆى ئاستهنگهکانى پێشمان لهلایهن ئاکهپه و دهوڵهتى تورکیا ناهێڵن ههدهپه بگاته دهنگى راستهقینهى خۆى. بۆ نموونه سێ رۆژ پێش ههڵبژارنهکان سێ ههڤاڵى ئێمهیان کوشت و ههڤاڵانى ئێمهیان لهسهر سندوقەکان دهردهکرد، ئهزییهتیان دهدا و دهستگیریان دهکردن و دهریان دهکردن، بۆیه چاوهڕێى ئێمه زیاتر بوو لهوهى هێناومانه.

هاوڵاتی: هاپهیمانییهتى ئاکهپه و مهههپه کاریگهرى لهسهر دهگى ئێوه ههبوو؟

ئابید ئیک: مهههپه پارتێکى نهژاد پهرسته له شاره کوردییهکان هیچى نییه، بهڵام ئهکهپه دهنگى ههبوو له شاره کوردییهکان که وهکو جاشێکن بۆ ئەردۆغان کاردهکهن و بهدواى بهرژهوهندى کهسیى کهوتووهنه.

هاوڵاتی: سهرکهوتنى ههدهپ له رێژهى 10% و بوونى 67 پهرلهمانتار تا چهند کاریگهرى لهسهر ئاشتى دهبێت له تورکیا؟

ئابید ئیک: ئاشتى لهگهڵ ئاکهپه و ئەردۆغان بوونى نیه و نابێت، لهبهرئهوهى ئەردۆغان له ساڵى2013 هوه کاتێ دانیشتنهکانى ئیمراڵى لهگهڵ بهڕێز ئۆجهلان تێکدا. بۆیه کاتێ ههدهپه سهرکهوتنى بهدهستهێناوه وهزیرى ناوخۆی تورکیا ههڕهشهى له هاوسهرۆکى ئێمه کردووه و وتویەتی ئێمه ئێوه خهلاس دهکهین و لهناوتان دهبهین. نیهتى ئهوان چارهسهرکردن نیه و بهقهد ئهوهى شهڕیان دهوێت، بهڵام سهرکهوتنى پهرلهمانتارهکانى ههدهپه کاریگهرى لهسهر پهیوهندیه دبلۆماسییهکانمان له دهرهوه دهبێت و ئهوه دهیسهلمێنێن که مهسهلهى نهتهوهى دیکه ههیه له تورکیا.

هاوڵاتی: هەدەپە هیچ بهرنامهیهکى ههیه تا بهشدارى حکومهت بکات یا وهک ئۆپۆزسیۆن دهمێنێتهوه؟

ئابید ئیک: سیستهمى تازهى تورکیا، گرنگى پهرلهمان ناهێڵێت و حکومهتیش کاریگهرى نابێت و سیستهمهکه سهرۆکایهتیه. بۆیه ئهگهر ئاکهپه و ئەردۆغان سهرکهون و 300 کورسى بهدهستبهێنن ئهوا هیچ واتایهک بۆ پهرلهمان ناهێڵێت و ئەردۆغان دهبێته سهرۆک کۆمار و دهسهڵات ههمووى لاى خۆیهتى و چى بوێت وادهکات و دهوڵهتى تورکیا ئهوکات تهرکیزیان لهسهر ههدهپە دهبێت تا ئاستهنگیان لهبهردهم دروستبکهن ئینجا جهههپه دێت.

هاوڵاتی: ههدهپە وهک پارتێکى لیبڕاڵ و لهبهرامبهریشدا ئەردۆغان  دهیهوێت سیاسهتى سوڵتان و عوسمانییهت زیندوو بکاتهوه، ئێوه بهرنامهتان چى دهبێت؟

ئابید ئیک: ئێمه زیاتر کار دهکهین وهک نهتهوهیهکى دیموکراتى و کۆمارى دیموکراتى و پێکهوه ژیانى نهتهوهکان بهگشتى. ههموومان هاوبهش بین له تورکیا له رووى ناسنامهو پهروهردە و مافى نهتهوهکان وهک مرۆڤ بوون، کهس لهکهس زیاتر نهبێت.کهچى ئاکهپه و ئەردۆغان کار بۆ ئهوه دهکهن یهک نهتهوه و یهک ئاڵا و یهک وڵات و وهک سهردهمى عوسمانییهکان ههموو خهڵک پێویسته تورک بێت و ههوڵ دهدات ببێتهوه سوڵتانى رۆژههڵاتى ناوهڕاست و رۆڵى عوسمانى بگەڕێنێتهوه ناوچهکه وهک له کۆندا ههبوو ههر له کهرکووک و موسڵ و تهرابلوس عهفرین و ئهوانى دیکه.

هاوڵاتی: بوونى ئەردۆغان به سهرۆک کۆمار و دهرچوونهوهى ئاکهپه تا چهند بهربهسته له چوونى تورکیا بۆ نێو یهکێتى ئهوروپا، ئایا پهیوهندى ئهکهپه لهگهڵ یهکێتى ئهوروپا چۆنه؟

ئابید ئیک: بههیچ جۆرێک تورکیا ناتوانێت بچێته نێو یهکێتى ئهوروپا، لهبهرئهوهى له دواى کۆتایى پێهێنانى ئاشتییانهى ئیمراڵى، ئەردۆغان ئهوهى دهزانى که ناتوانێت بچێته نێو یهکێتى ئهوروپا، بۆیه ئهوکات وتى تورکیا پێویستى به چوونى بۆ نێو یهکێتى ئهوروپا نییه. بۆچی؟ لهبهرئهوهى مهسهلهى کورد له تورکیا بوونى ههیه و مافى وهرنهگرتووه، بۆیه ئهوه ههرگیز ناکرێت  و له بوارى دیبلۆماسییهوه له ئاستێکى زۆر خراپدایه لهگهڵ یهکێتى ئهوروپا.

هاوڵاتی: ئهى پهیوهندى ههدهپه لهگهڵ یهکێتى ئهوروپا و رەوەندی کورد له دهرهوهى تورکیا؟

ئابید ئیک: پێش دەستگیرکردنی هاوسهرۆکى ههدهپە سهڵاحهدین دهمیرتاش کاتێ نێوان رووسیا و تورکیا خراپ بوو، وهک نێوهندگیرییهک لهگهڵ شاندێک چووە روسیا، ئهوکات حکومهتى ئهکهپه و تورکیا بهرێز دهمیرتاشیان وهک خائینێک وهسفکرد که چۆن دهچێت لهگهڵ دوژمنى تورکیا که رووسیایه دادهنیشێت، لهکاتێکدا ئهو شانده بۆ ئهوه چوو بوو که بارگرژییهکه بڕهوێنیتهوه، کهچى ئێستا تورکیا و روسیا پهیوهندییان باشه، کهچى دهمیرتاش له بهندینخانیه. ههدهپە رۆڵى زۆر باشی لهگهڵ دهرهوه ههیه له ئهوروپا و ئهمریکا نوێنهرایەتیمان ههیه و لهگهڵ جالییهى کوردیش رۆڵى باشمان ههیه له پێشکهوتنیش دایه.

هاوڵاتی: داهاتووى تورکیا له رووى ئابوورییه چۆن دهبینن؟

ئابید ئیک: لهئێستادا رهوشى ئابوورى تورکیا زۆر خراپه و کارسازێن تورکى له 70بۆ80%  پارهى خۆیان له بانکهکانى تورکیا کشاندۆتهوه دهرهوهى تورکیا. پارەی تورکى بهرامبهر دۆلارى ئهمریکى زۆر دابهزیوه، تورکیا لهنێو ئاڵوزییهکى گهورهدایه، خهریکه جارێکی دیکه بگهڕێتهوه ساڵانی 2000-2001 ى سهردهمى بڵند ئه‌‌جهوید له رووى ئابوورییهوه و ئهوکات دۆلار لهبهرامبهر لیرەی تورکیا زۆر بههێز بوو، بۆیه رهوشى تورکیا بهرەوخراپ بوون دهچێت و تورکیا دهکهوێته ژێر قهرزێکى زۆرهوه. ئیش زۆر کهمبوو ههزاران کۆمپانیا ئیفلاسیانکردووه و داخراون و به ههزاران سهرمایهدارى تورکیا بۆ کار چوونهته‌‌ دهرهوهى تورکیا.

هاوڵاتی: کهواته پێت وایه تورکیا له رووى ئابووریهوه دهگهرێتهوه بۆ بیست ساڵ پێش ئێستا و جارێکى دیکه سیاسیهتى ئابورى ئهو ووڵاته تووشى قهران دهبێتهوه؟

ئابید ئیک: ئهوه 17 ساڵ ئەردۆغان له دهسهڵاته و ههموو شتێکى لهدهسته کوا پێمناڵێن چى کردوه بۆ تورکیا، کاتێ سیستهمى کرده سهرۆکایهتى ئیتر واتایهکى بۆ دیموکراسى و حکومهت و پهرلهمانیش نههێشت و دهسهڵاتى ههمووى له خۆى کۆکردۆتهوه.

هاوڵاتی: پێتوایه ئەردۆغان دهتوانێ بۆ چوار ساڵى دیکه تورکیا بهڕێوه ببات و بگاتهوه ههڵبژاردنێکى دیکه؟

ئابید ئیک: کاتێ ئەردۆغان هاته دهسهڵات پرۆژهى بۆ ساڵى 2023 داناوه که ئهو کاته واته 100 ساڵهى کۆمارى تورکیا و چهندین بەڵێنى به گهلى تورکیا داوه تا باوهڕیان پێکرد کهچى ئێستا دیارکهوت که ئەردۆغان کێیهو چى دهکات و کاتێ 100 ساڵهى کۆمارى ئۆرکا به ناوى خۆى بکات و ئیدى لهبرى ئهتاتورک بڵێن ئەردۆغان ههموو شتێک له خۆى کۆبکاتهوه. دهیهوێت ئیدى له برى ئهتاتوک ئەردۆغان ناوى بێت و بۆیه دهستى له ههموو کایهکانى تورکیا وهرداوه، تهنانهت دهستکاریى پارهى تورکیاش کردووه سفرى گۆڕیوه و سیستهمى پهرهوهردشى گۆریوه ههموو کردوه به ناوى سیستهمى ئەردۆغانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار