"حکومه‌تى هه‌رێم هێشتا داتاى گومرگ و نه‌وتى نه‌داوه‌ته به‌غدا"
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید: حکومه‌تى عێراق مانگانه 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کورتهێنانى هه‌یه
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات، تا ئێستا حکومه‌تى هه‌رێم داتاى گومرگ و نه‌وت و ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى نه‌داوه‌ته حکومه‌تى عێراق و ده‌شڵێت:" له‌بنه‌مادا حکومه‌تى هه‌رێم نایه‌وێت رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بکات".
ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق له چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى وتى:" حکومه‌تى عێراق له دۆخێکى خراپى دارایدایه‌و مانگانه پێویستى به شه‌ش ملیار دۆلار هه‌یه بۆ خه‌رجییه جێگیره‌کانى، به‌ڵام له‌داهاتى نه‌وت و ناوخۆ ته‌نها سێ ملیار و 500 ملیۆن دۆلارى پێ کۆده‌بێته‌وه‌و مانگانه دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کورتهێنانى هه‌یه".
ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد حکومه‌تى عێراق تا ئێستا 125 ملیار دۆلار قه‌رزى له‌سه‌ره‌و له‌و بڕه نزیکه‌ى 25 ملیار دۆلارى قه‌رزى ده‌ره‌کییه، وتیشى:" حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌کاتى خۆپیشاندانه‌کاندا نزیکه‌ى 419 هه‌زار که‌سى دامه‌زراندووه، به‌شێوه‌یه‌ک که 216 هه‌زار که‌س خانه‌نشین بوون که‌سانى دیکه چونه‌ته شوێنیان 203 هه‌زار که‌سى دیکه‌شى دامه‌زراندووه که ئه‌مه له هیچ وڵاتێکى دنیا شتى وا ناکرێت".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌شى ئاشکرا کرد له‌سه‌رده‌مى حکومه‌ته‌که‌ى مسته‌فا کازمى، 31 هه‌زار کارمه‌ند و پزیشک دامه‌زرێندراون به‌پێى یاسا" واتا به کۆى گشتى 450 هه‌زار که‌س دامه‌زرێندراون".
هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که هه‌موو ئه‌و سه‌رۆک حکومه‌تانه‌ى که هاتونه‌ته سه‌ر حکوم که‌سیان نه‌هاتوون بارگرانى دارایى که‌مبکه‌نه‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه‌نده‌ى دیکه بارگرانى داراییان دروست کردووه و تا ئێستاش" هیچ که‌س و لایه‌نێک به‌دیلێکى ئابووریانه‌ى پێ نییه بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م دۆخه".
له‌باره‌ى رێککه‌وتنى سه‌ره‌تایى حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق که مانگانه 320 ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌کرێت، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید وتى:" گفتوگۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنانه‌ى دارایى کردووه که له‌گه‌ڵ وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه، تا ئێستا وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم داتاى گومرگ و نه‌وت و ژماره‌ى حه‌قیقى فه‌رمانبه‌رانیان راده‌ستى به‌غدا نه‌کردووه و له بنه‌مادا نایانه‌وێت رێککه‌وتن بکرێت".
هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم نایه‌وێت رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراقدا بکات و ته‌نها کات به‌فیڕۆ ده‌دات.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى لیژنه‌ى دارایى پێشیوابوو هه‌تا ئه‌و کاته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم داتا‌و زانیارى ته‌واو له‌سه‌ر دۆسیه‌ى گومرگ و نه‌وت و ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى فه‌رمانبه‌ران راده‌ستى به‌غدا نه‌کات رێککه‌وتن ناکرێت، وتیشى:" حکومه‌تى عێراق له ئێستادا له گه‌وره‌ترین کێشه‌ى دۆخى دارایدایه و کورتهێنانى گه‌وره‌ى له خه‌رجییه جێگیره‌کانیدا هه‌یه، حکومه‌تى هه‌رێمیش داتاى ته‌سلیم نه‌کات رێککه‌وتن ناکرێت و به ئه‌سته‌مى ده‌بینم".
حکومه‌تى عێراق 15 رۆژه له پێدانى موچه‌ى مانگى نۆى ئه‌مساڵ دواکه‌وتووه‌و هێشتا داهاته کۆکراوه‌کانى نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌دابه‌شکردنى موچه بکات.
سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم ده‌ستى پێکردووه، به‌ڵام بۆ دابه‌شکردنى موچه‌ى مانگى نیسانى ئه‌مساڵ 413 ملیار دینارى ئاماده کردووه و له چاوه‌ڕوانى گه‌یشتنى 320 ملیار دیناردایه به‌ڵام کات دیارى نه‌کراوه بۆ دابه‌شکردنى و فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانیش له چاوه‌ڕوانى وه‌رگرتنى موچه‌که‌یاندان به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌رکه‌ى که ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.