ئەمریکاو کۆتایی بەرپرسیارێتی

4 هەفتە لەمەوپێش



 

لەبەیانی پاش موشەکەکانی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، لەشارۆچکەیەکی کوردستان بووم، گوێم لێبوو، کۆمەڵێک خەڵک کەباسی روداوەکەیان دەکرد، یەکێک بەدەنگێکی بەرزو زوڵال وتی، ئەی ئەمریکا بۆ هیچ ناکات؟ پرسیارەکەی ئەو سادەو بەڵام لەهەمانکاتدا ئاڵۆزبوو. ئێمە لەدەربڕینی رۆژانەماندا بڕێکی زۆر لەدونیابینی ئاڵۆز لەناخماندا ناوەکی دەکەین، لەمیانەی بیستن و دوبارەبوونەوەو تەشەنەکردنی، ئیتر دەبێت دۆگمایەکی ئاینی و خەڵک دەیڵێنەوە. ئەم خەڵکانەی کەئەمڕۆ لەکوردستان دەژین، بەزۆرییان لەسایەی ئامادەیی و چالاکی و پاراستنی ئەمریکیدا گەورەبو-وون. بۆیە دەربڕینی لەوجۆرە، نەک بەلای کەسەوە جێگای سەرسوڕمان نیە، بەڵکو وەک پرسیارێکی رەوا دەبینرێت. بەڵام رەنگە وەرچەرخانێک لەسیاسەتی ئەمریکدا رویدابێت و هێشتا بەباشی پەیامەکەی نەگەشتبێتە ناوچەکە. بەکورتی سەردەمی گرتنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی لەلایەن ئەمریکاوە کۆتایی هات. ئەگەر عێراق کێشەی میلیشیای هەیە، کێشەی عێراق خۆیەتی. چیدی ئەمە کێشەی ئەمریکا نیە. ئەمە مانای ئەوەنیە کە ئەمریکا دەستبەرداری ناوچەکە دەبێت، بەڵکو، بەمانای ئەوەدێت کەدەیەوێت ئەوانیتر بەرپرسیاربکات لەکێشەکانیان، ئەگەر خۆی کەوتە مەترسییەوە ئەوا داکۆکی لەخۆی و بەرژەوەندییەکانی دەکات. ئەم وەرچەرخانە لەدایەلۆگی ستراتیژیدا، لەمامەڵەی ئەمریکا، نەک تەنها لەگەڵ هێزە نەیارەکانیدا بەڵکو لەگەڵ دۆستەکانیشیدا بەڕونی دەردەکەوێت. ئەم رێچکە نوێیەی ئەمریکا بۆ ئەمریکاییەکانیش نوێیە. بەڵام هەردوو حزب لەسەری کۆکن، هەرچەندە لەسەر چۆنێتی بەرجەستەکردنی جیاوازن. ئەمریکا چیدی نایەوێت پارەو خوێنی بۆ هیچ کەسێکی تر بەفیڕۆبدات. بەڵام ئەمریکا بەدەگمەن بەخواست هاتوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گەرچی بەرژەوەندی هەبوە، بەڵام خواستی شەڕی نەبوە. ئەم مێژوە نوێ نیە. وەک مایکڵ ئۆرین لە کتێبە نایاب و قەبەکەیدا پێمان دەڵێت مێژوەکەی لەدوو سەدە زیاترە. بەلای ئەوەوە لەسەرەتای دروستبونی ئەمریکاوە، لەڕۆژگارێک هێشتا ئەمریکا دەستوری نەبوو، هێزی دەریاوانی نەبوو، سوپایەکی ئەوتۆی نەبوو، خەمی پاراستنی کەشتیوانە بازرگانەکانی بوو لەدەریای ناوەڕاست. کێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێک بوو لەو بەهانانەی کە فیدرالیستەکان دەیانهێنایەوە بۆ نوسینی دەستور و دروستکردنی هێزی دەریاوانی. چونکە بەبێ دەستور حکومەتی ناوەندی دروست نەدەبوو، بەبێ حکومەتی ناوەندی نەدەتوانرا ئەو هەموو میلیشیایە رێکبخەن و سوپا و دەریاوانی دروست بکەن. بۆیە دروستکردنی سوپای دەریاوانی و چون بۆ شەڕ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵنەری یەکەمی سیاسەتی ئەمریکا بوە لەمێژوی نزیکەی دوو سەدەو نیویدا لەناوچەکە. پاش هێز باوەڕ دێت، پاش ئەوە خەیاڵ. با لەم پاشخانەوە ئەمڕۆ بخوێنینەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ رودەدات ئەمەیە. میلیشیاکان بەبەردەوامی هێرش دەکەنەسەر ئەمریکاییەکان. ئامانجی میلیشیاکان ئەوەیە کە پەنێک بە ترەمپدا بدەن، بەهیوای ئەوەی ئەو پەنە ببێت بە هۆکاری دەرنەچونەوەی لەهەڵبژاردندا. چونکە ئێران بڕوای وەهایە ئەگەر ترەمپ دەرنەچێتەوە ئەوا بەهاتنی بایدن دۆخی ئێران باشتر دەبێت. ئەمریکا دەیەوێت خۆی لەئەمە بپارێزێت. نایەوێت جارێکی تر باڵیۆزخانەکەی ئابلۆقە بدرێت و وەک زەلیلێک دەرکەوێت. زەلیل بوون، سوکایەتیکی گەورەیە بۆ هەموو هێزێک لەئاستی نیودەوڵەتیدا. بیرمەندی سیاسی فەرەنسی بێرنارد بادی کتبێکی قشتی لەسەر نوسیوە. لەبەرامبەر ئەمەدا ئەمریکیەکان دەیانەوێت خۆیان بپارێزن و لەهەمانکاتدا وەهای دەربخەن کە هەوڵیان بۆ دەرچون لەبەغدا، لەبەر ئەوەنیە کەخۆیان بپارێزن، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەتا سەربازەکانیان لەمەترسی دوربخەنەوەو لەئاسمانەوە شەڕی خۆیان بکەن. گواستنەوەی شەڕ بۆ ئاسمان یەکێکی ترە لەخەسڵەتەکانی گۆڕانی پەیوەندی ئەمریکا لەناوچەکە. ئەمریکا دەتوانێت چاوێکی نەپیتێنراویی، نیمچە خودایی هەمیشەیی هەبێت لەئاسمان و لەهەموو ئان و ساتێکدا دەستی خۆی بوەشێنێت.

بەڵام ئەوەی گۆڕاوە لەئەمەدا ئەوەیە کەئەمریکا زیاترو زیاتر بەعێراقییەکان دەڵێت کێشەی میلیشیاکانتان چارەسەر بکەن. چیدی خۆی بەهاوبەشێک نازانێت لەئەو پرسەدا. ئەمەش فشارێکی زۆری لەسەر حکومەتی عێراقی دروست کردوە، چونکە وەک جۆرێک لەدەستلێبەردان و کۆتایی سەردەمێک و گۆڕانی خوییەک دەبینرێت. عێراق کەناتوانێت لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت، داوای لێدەکەن شەڕ بکات. ئێران وەک لایەنی هەڵسوێنەری سەرەکی لەم یارییەدا، نایەوێت عێراق بکەوێت، چونکە زیانێکی گەورە بەر ئێران دەکەوێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ناشیەوێت عێراق بەهێزبێت. بۆیە ئامانجی دووەم ئەوەیە، ئەگەر ئەمریکا دەیەوێت لەعێراقدا هەراسان نەکرێت ئەوا دەبێت لەگەڵ ئێراندا دانوستان بکات. ئێران کەچاوەڕێی ئەوەنیە ترەمپ لەگەڵیدا بچێتە دانوستان، یان نایەوێت لەگەڵ ترەمپدا بچێتە دانوستان، چونکە وەهای لێکدەداتەوە کەدەبێتە مایەی دەرچونەوەی ترەمپ، ئەوا بەهاتنی بایدن دانوستان بە بەشێک لەپرۆسەکە دەبینێت. دانوستان بۆ ئێران پێچەوانەی زەلیلی و ملکەچکردنە، دانوستان یانی رێز و هاوتایی، ئەگەر جارێکیتر بگەڕێینەوە بۆ تێزەکەی بادی. بەڵام ئەوەی دەبێت لەبەرچاو بگیرێت ئەوەیە ئەو روداوانەی کەڕودەدەن کە لەپانتایی عێراق و ناوچەکەدا قەتیس نەماون. لەڕوی کاتەوە ئێمە لەکاتێکی تایبەتداین لەمێژوی سیاسی ئەمریکی. ئێستا ساڵی هەڵبژاردنەوەو مانگی ئۆکتۆبەرەو ئەم مانگەش بە مانگی سوپرایز ناسراوە لەمێژوی هەڵبژاردنی ئەمریکیدا. ئەگەر لەواشنتۆنەوە و بە تایبەت لەدیدی ترەمپەوە تەماشای هاوکێشەکە بکەین ئەوەیە، ئەگەر ئێران دەیەوێت ناچاری کارێکی وەهای لێبکات کەببێتە هۆکاری دۆڕانی ئەوا، ئەم دیدە بۆ ترەمپیش رەوایە، ئایا چۆن ئەمە بکرێتە بەشێک لەکەمپەینی هەڵبژاردن، بەتایبەتی لەکاتێکدا کەترەمپی توش بوو بەکۆرۆنا، لەدۆخێکی خراپدایە، بەڵام بێهیوانیە. ئایا کشانەوەی باڵیۆزخانە بەئامانجی زەمینەسازان بۆ لێدان نیە؟ بەجۆرێک ئەو هێرشانە وەها بۆ جەماوەری ترەمپ لێکبدرێتەوە کە ترەمپ بەهێزە. بەتایبەتی لەکاتێکدا ئەم دیاردەیە پێشینەی هەیە، کوشتنی قاسم سلێمانی بوە هۆی بەهێزبونی پشتیوانی خەڵک بۆ ترەمپ لەم کاتەدا. بەڵام ئەم هەوڵە چەند کێشەیەکی هەیە، یەکەم، بەرزبونەوەی پشتیوانی خەڵک بۆ سەرۆک لەبەر هەر کارێکی دەرەکی، ئەگەر شەڕی درێژخایەن و داکۆکی راستەوخۆ لەئەمریکا نەبێت، ئەوا پشتیوانییەکی کاتییە. رەنگە لەدۆخی ئێستادا کاتی ئەم پشتیوانییە لەهەموو ساتێکی تر کورتتربێت. بۆیە ئیدارەی ترەمپ ، ئەگەر نیازی کارێکی وەهای هەبێت دەبێت بەوردی کاتەکەی هەڵبژێرێت بەجۆرێک بەسودی دەنگدانی بشکێتەوە. بەڵام لەهەمانکدا کاتدا ئەمە هەوڵێکە مەرجی سەرکەوتنی گەرەنتی نیە. زۆرجار ئەمریکا لەهەوڵیدا شکستی هێناوەو پاشان باجەکەی داوە. بۆیە پەنابردن بۆ ئەم رێگایە، وەک دوا کارت دەبینرێت لەدۆخێکی وەهادا. ئەوەی جێگیرە گۆڕانی هەڵوێستی ئەمریکایە لەهەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی. ئەم گۆڕانی هەڵوێستە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پەیوەندی کوردو ئەمریکاش دەبێت. رەنگە چیدی دەرفەتی ئەوە بۆ کورد نەمابێت کە هێزی رێکنەخات و پێشمەرگەی یەکنەخات. چونکە ئەگەر ئەمریکا نەیەوێت بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ، ئەوا یەکەم کاردانەوەی ئەوەیە کەدەبێت خۆت بتوانیت بەرپرسیاری بگریتە ئەستۆ. کورد بەبێ هاوکاری ئەمریکا ناتوانێت کارێکی وەها بکات. بەڵام هاوکاری ئەمریکا مەرجی ئەوەیە کە دەبێت ریفۆرم بکات. بۆیە ریفۆرمی هێزی چەکدار لەهەموو ساتێک زیاتر هەنوکەیی ترەو زەمینەی هەموو جۆرە پەیوەندییەکی داهاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار