پرۆژەی پلانی نیشتمانی لەبڕیاری ١٣٢٥ دا
4 ساڵ لەمەوپێش
نەوزاد ساڵح
یەکێک لەو بڕیارە گرنگانەی کەبایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە بۆ ژنان و منداڵان و بەرهەمهێنانی ئاشتی، بڕیاری (١٣٢٥)ی ئەنجومەنی ئاسایشەکە لە ٣١/ تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠دا دەرکراوە لەسەر ژنان و ئاشتی، کەگوزارشتی تەواودەکات لەبەشداری ژنان لەپرۆسەی سیاسی و سەرجەم ئاستەکان و دروستکردنی بڕیاردا، هەڵبەتە لەدەستوری عێراقیشدا لەماددەی (١٤)دا جەخت کراوەتەوە لەسەر یەکسانی ژن و پیاو لەبەردەم یاساداو بێ جیاکاری رەگەزی، هەروەها لەماددەی (٢٠)یشدا بەهەمان شێوە هاتوە:- لەسەر هاوڵاتیانی ژن و پیاو مافی بەشداری سیاسییان هەیە .
ئەنجومەنی ئاسایش لەکۆبوونەوەی (٤٢١٣)دا لە٣١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٠ لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی کەدەرهەق بەمافی ئافرەتان دەکرێت لەکاتی شەڕوئاشوبدا ئەم پرۆژەیەیان ئامادەکرد، کەخۆی لە بڕیاری (١٣٢٥)دا بینییەوە، کەئامانج لەدەرکردنی ئەم بڕیارەش ئەم خاڵانەی خوارەوەبوو .
ا- زیادکردنی بەشداری ژنان لەپاراستنی ئاشتیدا
ب- چارەسەری کێشەکانیان لەسەر هەموو ئاستەکان.
ج- یەکخستنی روانگەی ژنان لەپرسەکانی ئاشتیدا.
د- رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ململانێکاندا کە بەرۆکی ژنان دەگرێت.
ە- پاراستنی ژنان لەسەر گێچەڵ پێکردن و دەستدرێژی سێکسی و قەدەغەکردنی.
چۆنیەتی بەرنامەو پلانەکە
ئەم بەرنامەو پلانەی ئەنجومەنی ئاسایشی لەچەندین پرۆژەی ستراتیجی بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژنان وروژاندنێکی باشە لەنێوخۆو هەرێمایەتی و لەسەر ئاستی دەرەوەش پشتگیری و هەماهەنگی و تێگەیشتنێکی باشی بۆ سازاوە، رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەم پلانە ستراتیجیەدا بەرزدەبینرێت لەسەر هۆشیارکردنەوەی ژنان لەپاراستنی مافەکانیان و بەشداریپێکردنیان لەئاستە جیاجیاکاندا.
ئەمە کەیەکەمین بڕیارە لەسەر ئاستی جیهان ئەنجومەنی ئاسایش دەریکردوەو ئامانج لێی پەیوەستکردنی ئەزموونی ژنانە بەململانێ سەربازییەکانەوەو پاراستنی ئاشتی تیایدا، نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لەسەر دوو بنەما دەکاتەوە لەدەرچواندنی ئەم بریارەدا.
ا- قەڵاچۆکردنی گێچەڵی سێکسی لەکاتی ململانێی سەربازییدا.
ب- بەشداریپێکردنی زیاتری ژنان لەدامەزراوە سیاسییەکان و پرسی ئاشتیدا.
پرۆژە پلانی نیشتیمانی (١٣٢٥) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەچەندین ئاستی جیاوازو دامەزراوە مەدەنیەکاندا لەسەر چۆنیەتی پاراستنی ژنان و بەشدارییان لەبڕیاردان و رۆڵ پێیان کاریان کردووە، ئەمەش لەپێناو جێبەجێکردنی ئەم پلانەدا کە لەساڵی ٢٠١٦دا (٦٣) وڵات ئەم پلانەیان پەسەند کردووە، کە ئەم هەوڵەش لەپێناوی دەستەبەرکردنی مافی ژناندایە لەچوارچیوەی ئەم پلانەدا، کەداواکراوە بڕیاری (١٣٢٥) جێبەجێ بکرێت بەدژایەتی توندوتیژی کە لەئێستاشدا لە (٢٧) وڵاتی ئەوروپاو (١٩) وڵات لەئەفریقاو چەندین وڵاتی عەرەبی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن و ٣٢%ی وڵاتانی ئەندام لەنەتەوەیەکگرتوەکان پلانی نیشتیمانیان جێبەجێکردووە، هەروەها هەماهەنگی و پەیوەندییەکی باش لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانیشداهەیە، هەر لەسەر چۆنیەتی ناساندن و روونکردنەوەی ئامانجی ئەم پرۆژەیە رێکخراوی ئەزموون بەهاوکاری رێکخراوی ئاسوودە و بەپاڵپشتی مادیی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری خانمان، رۆژی سێشەممە 29/9/2020 لەهۆڵی ئوتێل رامادا لەشاری سلێمانی وۆرک شۆپێکیان بۆ (٢٥) بەشداربوو لەچالاکوان و ئەندامانی رێکخراوەکان و ئەندامانی پارتەکان ئەنجامدا.