ئێمە دەتوانین باشتر بەڕێوەى ببەین
4 ساڵ لەمەوپێش
سوارە محەمەد
سوارە محەمەد
دەسەڵات کۆمەڵگە دەشوبهێنێت بەمێگەل و خۆیشی وەک شوان دەناسێنێت. بانگەشەى ئەوە دەکات، ئەگەر شوان نەبێت ئەوا مێگەلەکە دەبێتە نێچیری گورگەکان و مێگەلەکە پەرتەوازە دەبێت. بۆ ئەوەش هەر چۆن بۆ مێگەل شوان پێویستە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەش درێژە بەهەبوونی خۆی بدات، پێویستی بەشوان هەیە. ئەو شوانەش هەر لەخۆیانن و کەسانی وەک خۆیانن. هەموو ئەو کەسانەى کار بۆ رەوایدان بەدەوڵەت دەکەن و (دەوڵەت) وەک پێویستییەک نیشان دەدەن، پەنا بۆ ئەو نمونەو ئارگۆمێنتە دەبەن. هەموو ئەوانەش هەوڵن لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا. لەرۆژگاری ئەمڕۆشماندا دەسەڵاتدار بۆ مانەوەى لە دەسەڵاتدا، بە روونی دیارە چی دەکات و پەنا بۆ چی دەبات. سەرباری ئەوەى ئەو دەسەڵاتدارانە دەڵێن، ئێمە بەڕێوەى دەبەین و نایانەوێت کاری بەڕێوەبردن بەهاوبەشی لەگەڵ هیچ کەسێکدا بەڕێوەببەن، بەڵام سەرباری ئەوەش ئێمە دەبینین، کە ناتوانن بەڕێوەى ببەن. کێشەکان لە هەموو شوێنێکی جیهاندا ئەوەمان بەئەندازەی پێویست بۆ دەخاتە بەرچاو. هەمان شتیش لەباشووری کوردستانی وڵاتمان روودەدات. دەبێت لەدۆخی ئێستادا باشووری کوردستان وەک پارچەکانی تری کوردستان کێشەى ئیتنی و نەتەوەیی نەمابێت، بەڵام ئێستا ئەوەمان بۆ روون و ئاشکرا بووە، کە کێشەکانمان تەنها کێشەى ئیتنی و نەتەوەیی نییە. ئەمڕۆ لەباشووری کوردستان کێشەى زۆر جدی و گەورە لەگۆڕێدان. کێشەى ئازادییەکان، یەکسانی و دادپەروەری هەیە. کێشەى ژن وەک سەرچاوەى هەموو کێشەکان چاوەڕێی چارەسەرییە. پیاوی ئێستا خۆی بە رووی گۆڕین و گۆڕانکاریدا داخستووە. تاوەکو دەچێت گەنجان زیاتر لەکولتور و رۆشنبیریی کوردەواریی خۆیان دوور دەکەونەوە و دەیانەوێت کوردستان بەجێبهێڵن و بڕۆن بۆ وڵاتانی تر. سەرباری ئەو هەموو دەوڵەمەندییەى لە وڵاتەکەماندا هەیە، بەڵام جگە لەبەشێکی بچووکی دانیشتوان، کێشەى ئابووری و بێکاری بووەتە کێشەیەکی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگە. باشووری کوردستان لەتەنیشت ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەدا سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوە و بووەتە شوێنێک، کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە داگیرکراوە. بە کورتی هەموو شتەکان نیشانیدەری ئەوەن، ئەوانەى بەڕێوەی دەبەن، ناتوانن بەرێوەی ببەن. راستە، ئەگەر لەشوێنێکدا ژیان هەبێت لەو شوێنەدا کۆمەڵگە هەیە. بێگومان کۆمەڵگەش بەبێ بەڕێوەبەری نابێت، بەڵام لێرەدا خاڵی سەرەکی ئەوەیە، کە ئەو بەڕێوەبەرییە چۆن و لەلایەن کێ و چ کەسانێکەوە بەڕێوەببرێت، بۆیە دەبێت ئێمە چەند وتەیەک لەبارەى تێزو چەمکی بەڕێوەبردنەوە بخەینەڕوو. لە راستیدا بەڕێوەبەری داهێنراوێکی مرۆڤ نییە، بەڵکو ئەوە لەسروشتی گەردووندا هەیە. هیچ شتێک بەبێ بەڕێوەبەری دروست نابێت، ئەگەریش دروست ببێت ئەستەمە بەبێ بەڕێوەبەریی جەوهەری خۆی لەهەڵوەشاندنەوە رزگار بکات. باشە، ئەوەى پرۆتۆن و نۆترۆن لەگردیلەیەکی ئەتۆمدا دەیچەسپێنن و ئیلکترۆنیش لەدەورووبەری گردیلەکەدا بۆ روودانی شتی نوێ و پێشخستنی شتە نوێکە دەیسوڕێنێت، چییە؟ باشە، لەگەردووندا ئەو شتانە بەبێ ئەوەى بەر یەک بکەون، کە ئەو هەموو تەنە ئاسمانییانە دەسوڕێنێت چییە؟ باشە، ئەوەى رێگا دەدات هەبوون بخوڵقێت، چییە؟ باشە، شتێک، کە رێگا دەدات هەبوون، درێژە بە هەبوونی خۆی بدات چییە؟ روون و ئاشکرایە گەردوون بەهەموو هەبوونەکان و بوونەوەرەکانی خۆیەوە بەڕێوەدەبرێت. بەڕێوەبەریی گەردوونی، کە بیری ئایینی پێی دەڵێت «خوداوەند»، پارادیگمای نیوتۆنی پێی دەڵێت «یاسای گەردوونی»، زانستی ئەمڕۆش وەک «هۆشی هەستکردن» پێناسەى دەکات و دەڵێت، ئەوەى سروشت بەڕێوەدەبات هێزی دەرەوەى گەردوون نییە، بەڵکو هەر خودی گەردوون خۆیەتی. ئەوەش لەگەردووندا هۆشیارییەکی ئاگاهانەیە بۆ بەڕێوەبردنی خۆڕسک، گەردوون خۆی بیر دەکاتەوە و دەژی. بەکورتی و کرمانجی بەڕێوەبەری لەهەموو شوێنێکدا سروشتییە و شتێکی جەوهەری و خۆڕسکە (ئۆتۆماتیکە). با بێین بۆ دونیای مرۆڤەکان. لێرەدا دوو جۆرە نزیکبوونەوە و هەڵسوکەوت هەیە، یەکێکیان دەسەڵاتدارانەیە و یەکێکی تریشیان پشتبەستووە بەسروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگە. هەر خۆی روون و ئاشکرایە دەسەڵاتدارەکان چۆن بەڕێوەی دەبەن. دەڵێن، «هەموو کەسێک ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات، مرۆڤ هەبوونێکی بێ هێزە، ناتوانێت بەئەندازەی پێویست بێت بۆ خۆی و بۆ ئەوەش دەبێت هەموو کات لەلایەن هەندێک کەسانی ترەوە بەڕێوەببرێن، بۆیە دەبێت کاری بەڕێوەبردن نەبێتە کاری هەموو کەسێک و تەنها دەبێت ببێتەکاری هەندێک کەس». ئەوە لە کاتێکدایە، کە ئێمە باسمان لەوە کرد بەڕێوەبردن بابەتێکی گەردوونییە، بۆیە دەبێت ئێمە رێگا بەوە بدەین، کە مرۆڤ لە گەردووندا وەک هەر هەبوونێکی تر لەناو ئاهەنگێکی گەردوونیدا خۆ بەخۆ خۆی بەڕێوەببات. ئەوسا مرۆڤیش بەو ئەندازەیەى، کەدەزانرێت لەگەردووندا لەلوتکەدایە، بۆیە بێهێزبوونی مرۆڤەکان گەورەترین درۆی دەسەڵاتدارەکانە. لەهەموو خاڵە دەستنیشانکراوە ئایینی، فەلسەفی و زانستییەکاندا مرۆڤ لەناو بوونەوەرە گەردوونییەکاندا وەک بەهێزترین هەبوون و کامڵترین هەبوون پێناسە کراوە. یانی مرۆڤ بەهێزە و بەباشترین شێوە دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات. ئەوەش (بەڕێوەبردن) تایبەتمەندیی هەندێک لەمرۆڤەکان نییە. بۆ ئەوەش دەبێت مرۆڤەکان لەلایەن هەندێک لە نوێنەرەکانیانەوە بە شێوەیەکى راستەوخۆ خۆیان لەسەر دەستی خۆیان بەڕێوەببەن. بەکورتی، لەبابەتی بەڕێوەبەریدا لەلایەک بیردۆزی و «فۆرمولی شوان و مێگەل» و لەلایەکی ترەوە «فۆرمولی بەڕێوەبەریی جەوهەری» هەیە. لەیەکێکیاندا هەندێک کەس چالاکن و هەموو ئەوانی تر ناچالاک و بێکەڵکن. لەئەوی تریاندا هەموو مرۆڤەکان خاوەن شکۆن، بەهێزن، چالاکن و پێکەوە خۆیان بەڕێوەدەبەن. لە یەکێکیاندا لەسەر یەکترەوە بوون بنەمایە، لەیەکێکی تریاندا پێکەوەبوون بنەمایە. لەیەکێکیاندا هەندێک کەس بەناوی کۆمەڵگەوە قسە دەکەن، بڕیار دەدەن و خۆشیان جێبەجێی دەکەن، لەیەکێکی تریاندا گفتوگۆ، بڕیارو کردارەکان و جێبەجێکردن خودی کۆمەڵگە خۆیەتی. ئێمە با لێرەدا ئەو بابەتە بەدۆخی باشوورەوە ببەستینەوە. باشە، ئێمە بەم حاڵەى ئێستاوە بەڕێوەببرێن باشە، یان ئێمە وەک کۆمەڵگە خۆمان خۆمان بەڕێوەببەین. باشە، گوتەکانی دەسەڵاتداران، کەدەڵێن، «ئێمە نەبین کۆمەڵگە ناتوانێت خۆی بەڕێوەببات» راستە یان راست نییە؟ باشە، ئێمە ئەرکی بەرێوەبریی بخەینە ئەستۆی خۆمان، لەمانەى ئێستا باشتر بەڕێوەی نابەین؟ باشە ئێمە ناتوانین لەوان باشتر سیستمێک، کەتیایدا ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری هەبێت دروست بکەین و بەڕێوەی ببەین؟ ئەگەر دڵ و نیازمان باش بێت، ئێمە ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریمان دەوێت، دەی بۆ ئێمە ناتوانین ئەو بەهایانە، کە مرۆڤ دەکەن بەمرۆڤ پێشبخەین؟ باشە، لەبەرئەوەی ئەو بەهایانە لەدڵ و مێشکی دەسەڵاتداراندا نییە، ئیدی ئەوان ئازادی، یەکسانی و دادپەروەرییان نییە و نابێت؟ ئیدی بۆ خۆمان بەڕێوەی نەبین...