ئازادکردنی ئەندامانی داعش لەڕۆژاڤا؛ مەترسییەکی نوێ بۆ ئاسایشی ناوچەکە

ئەوانەی ئازادکراون ٦٣١ کەسن و ٢٥٣ی تریش سوودمەند دەبن لەلێبووردنەکە، هەرکات نیوەی سزای زیندانیان تەواوکرد

یەک مانگ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

ئازادکردنی سەدەها چەکداری داعش و ئاوارەی سوری لەکەمپی ئەلهۆل لەلایەن بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا پرسی ئەمنی و مەترسی تێکەڵبوونیان بە کۆمەڵگە دروستکردووە.

لەپێنجشەممەی رابردوو، دەسەڵاتدارانی کورد لەباکورو رۆژهەڵاتی سوریا ئازادکردنی سەدەها ئەندامی داعش (خەلافەتی ئیسلامی)یان راگەیاند وەک بەشێک لە لێبوردنێکی گشتی.

ئامینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات – باڵی سیاسی هێزکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) – لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە شاری قامیشلۆ رایگەیاند ئەو ئەندامانەی داعش کە ئازادکراون «دەستیان بە خوێن سوور نییە» و هەموویان پەشیمانن لەچوونە نێو گروپە توندڕەوەکە.

ئامینە عومەر وتیشی ئەو ئەندامانە هیوای ئەوەیان تێیدایە «بگۆڕێن بەرەو چاک» کە هەموویان خەڵکی سوریان و لانی کەم نیوەی سزای زیندانیان بەسەربردووە.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند  ئەوانەی ئازادکراون (٦٣١)  کەسن و «(٢٥٣) کەسی تریش هەن کە سوودمەند دەبن لەلێبوردنەکە و ئازاد دەکرێن هەرکات نیوەی سزای زیندانیان تەواوکرد».

بەڕێوبەرایەتی خۆسەر نزیکەی (٢٤) زیندانی هەیە کە (١٠) هەزار ئەندامی داعشی لەخۆ گرتووە.

لەسێشەممەی رابردوو، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئازادکردنی (٢٨٩) ئاوارەی سوری، کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵن، راگەیاند کە»نەسەلمێنراوە لەتوندوتیژی یاخود تاوان دژی خەڵکی سوریا بەشداربووبن».

ئازادکردنی ئاوارە و ئەندامانی داعش دوای ئەوە دێت بەرپرسانی کورد هۆشداریان دابوو لەقەرەباڵغی کەمپەکان، بەتایبەتی ئەلهۆل کەچیتر توانای بەڕێوبردنیان نییە.

بەپێی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەمانگی تەمووز، کەمپی ئەلهۆل (٦٥) هەزار و (٤٠٦) کەسی تێدابووە. لەوانە لەسەدا ٤٧٪ (٣٠هەزار و ٥٧٣)یان عێراقی بوون، لەسەدا ٣٨٪ (٢٤ هەزار و ٩١٤)یان سوری بوون، هەروەها لەسەدا ١٥٪ (نۆ هەزار و ٩١٢) یان خەڵکی وڵاتانی ترن کە گەشتیان کردووە بۆ عێراق یان سوریا بۆ چوونە نێو داعش.

چەندین هۆزی عەرەبی بۆ چەندین جار داوای ئازادکردنی ئاوارە و ئەندامە بێ زیانە سورییەکانیان کردووە لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر.

بڕیاری ئازادکردنی ئەو کەسانە لەبەرئەوە دراوە کە «چیتر پێویست ناکات لە کەمپەکاندا بمێننەوە، هەروەها ئەم بڕیارە دوای داواکاری شێخەکان دێت»، بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری بەئاژانسی هەواڵی هاواری راگەیاند.

چیا کورد ئەوەشی خستەڕوو لەمەودوا سورییەکان دەتوانن کەمپەکانیان بەجێ بهێڵن و ئەم بڕیارە نوێیە پرۆسەکە خێراتر دەکات.

بەپێی چەندین راپۆرتی ناوخۆیی، بەم دواییانە لە کەمپەکەدا تاوانی کوشتن زیادی کردووە کەدواترینیان پەنابەرێکی عێراقی بوو لە ٩ی ئەم مانگەدا لەلایەن چەند هێرشبەرێکەوە کوژراوە کە دەمانچەیان بەکارهێناوە بە بێدەنگکەرەوە.

لە پێنجشەممەی رابردوودا، هەسەدە رایگەیاند سێ ئەندامی شانەی نهێنی داعشیان دەستگیرکردووە کە لەناوچەی کەمپی ئەلهۆل چالاک بوون و دەستیان بەسەر چەندین چەکیاندا گرتووە کەنیازیان بووە بەقاچاغ بیگوازنەوە بۆ ئەو دانیشتوانانەی ناو کەمپەکە کە هاوسۆزن لەگەڵیان.

چیا کورد باسی لەوە کرد لەئێستادا چالاکی خەلافەتی ئیسلامی زیادیکردووە لەکەمپەکەدا «بۆیە زۆر پێویستیە بۆ بەڕێوبەرایەتی خۆسەر تاهەنگاوی زیاتری ئەمنی بنێت لەگەڵ دوورخستنەوەی منداڵان لەچالاکی توندڕەویی».

تائێستا هەوڵدانی گەڕاندنەوەی (٢٤) هەزار ئاوارە سوریەکە لەکەمپی ئەلهول بۆ ناوچەکانی خۆیان لەلایەن ئەمریکاوە پەسەندکراوە.

«ئێمە گفتوگۆی ئەمەمان کردووە لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و تێدەگەین لەوەی چی وتراوە لەسەر ئەلهۆل گوزارشت لەگۆڕانێک ناکات لەپرۆسەکەدا بۆ سورییەکان تا کەمپەکە بەجێ بهێڵن»، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمەی بەدەنگی ئەمریکا وت دوای ئازادکردنی ئاوارەکان.

«ئێمە گەڕانەوە و دەستپێشخەری تێکەڵبوونی ئەو ژن و ژمارە زۆرانەی منداڵ بە ئەرێنی دەبینین، ئێمە زۆر راشکاو بووین لەوەی بارودۆخ لە کەمپی ئەلهول، سەرەڕای هەوڵی ئەنجومەنی سوری، گونجاو نییە بۆ ژیان».

بەپێی ئاماری ناوەندی زانیاری رۆژاڤا، لەمساڵدا چوار هەزار ئاوارەی سوری گەڕاونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمەش لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بە سەرکەوتوو ناوزەند کراوە، بەپێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا.

تەنانەت بەرپرسە ئەمریکییەکان کە قسەیان بۆ دەنگی ئەمریکا کردووە ستیاشی ئازادکردنی ئەندامانی داعشیان کردووەو رایانگەیاندووە تێکەڵکردنەوەی ئەوانە بۆ نێو کۆمەڵگەی سوری لەژێر چاودێری شێخ و گەورەی هۆزەکان کارێکی باشە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، هێشتا ترس و نیگەرانی بوونی هەیە کەکەمپی ئەلهۆل خۆی لەخۆیدا بووەتە مەکینەی بەرهەمهێنانی تیرۆریستانی نەوەی داهاتوو.

لەکۆڕبەندێکی پەیمانگەی ئاشتی ئەمریکی لە ئابی ئەمساڵ جەنەڕال کێنز مەکێنزی، فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا رایگەیاند ئەلهۆل «شوێنێکی باش نییە بۆ ژیان، لەڕووی بەتوندڕەویی بوونەوە شتی خراپ روودەدات».

«هێشتا پلانێکم نەبینیوە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ بەتوندڕەویی کردن بکات بەشێوازێکی فراوان»، مەکێنزی وای وت.

چەندین پەرپرسی سەربازیی ئەمریکی تر هۆشداریان داوە کەزانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو هەندێک لەو ژنانەی لەئەلهۆلن زیاترن لە خێزان یان کچانی ئەندامانی داعش بەڵکو «شەڕکەرن».

«ئێمە بەڵگەی باشمان لایە کە هەندێک کەسی ناو کەمپەکان، بەتایبەتی ئەلهۆل، تەنها ئەندامانی خێزانی داعشەکان نین، بەڵکو هەندێکیان شەڕکەرن کە وا هەڵکەوتووە ژن بن»، ئەلێکس گرینکویچ، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆن و زانیاری هیزەکانی ئەمریکا لەعێراق و سوریا وای وت.

هەروەها، بەپێی راپۆرتەکەی دەنگی ئەمریکا، هەندێک سەرکردەی هۆزە عەرەبییەکان کشاونەتەوە لەوەرگرتنی خەڵکی زیاتر لەئەلهۆل بەوپێیەی «ئایدۆلۆژیای داعش هێشتا کاریگەری هەیە لەسەر ئەم ژنانە».

لەسەرەتای راگەیاندنی لێبووردنە گشتییەکەوە، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر ئەوەی خستتەڕوو لێبوردنەکە ئەوانە دەگرێتەوە کە نەخۆشن، تەمەنیان لەسەروو (٧٥) ساڵە یان تاوانەکانیان بچووکن، لەکاتێکدا ئەوانە ناگرێتەوە کە تاوانبارن بە سیخوڕی، کوشتنی شەرەف، خیانەت، دەستدرێژی سێکسی، هەروەها فەرماندە گەورەکانی داعش.

ترسی ئەوە هەیە کە ئازادکراوەکان مەترسی دروستبکەن لەکاتی تێکەڵبوونەوەیان بەنێو کۆمەڵگە.

دارین خەلیفە، شیکەرەوەیەکی باڵا لەگروپی قەیرانی نیودەوڵەتی بەپێگەی عەرەب نیوزی راگەیاند رەنگە لێبوردنەکە زیانبەخش بێت بۆ ئاسایشی ناوچەکە.

«ئازادکردنیان پێویستی بە پاڵپشتییەک هەیە کە هەسەدە ناتوانێت و ناشبێت تەنها خۆی لە ئەستۆی بگرێت. توانای هەسەدە بۆ رێکخستنی تێکەڵکردنەوەی هەزارەها دەستبەسەر سنوردارە»، دارین خەلیفە وای وت.

دارین خەلیفە وتیشی، «هەم کەسە ئادیۆلۆژیستەکان و هەم قوربانییەکان لە ئێستادا پێویستیان بەپاڵپشتی کۆمەڵایەتی و تەندروستی دەروونی هەیە کەئێستا بوونی نییە».

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار