هاوپەیمانیی نێوده‌وڵه‌تی ژێرخـانــی ئابووریی رۆژاڤا دەبووژێنێتەوە

کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا بـۆ ماوەی 25 ساڵ کـێـــــڵــگە نـەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە پەرەپێدەدەن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەسەدە پشتیوانی چاودێری پرۆژەکانی ژێرخان دهكهن کەدراون بەخاوەنکارە خۆجێیەکان لەهەوڵێکدا بۆ برەودان بەئابوری ناوچەکەو هەروەها لەژێر چاودیریی ورد جێبەجێدەکرێن تاکو دەستی گەندەڵییان پێنەگات و لەلایەکی تریشەوە دڵنیابن لەوەی کە پارەی پڕۆژەکان ناچێتە گیرفانی داعش لەڕێگەی وەبەرهێنەرەکانەوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ دژی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) لەهەوڵدایە بۆ برەودان بەئابوری خۆجێی لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا بەپشتیوانیكردنی پرۆژەکانی ژێرخان.

کۆمپانیا خۆجێیە سورییەکان و خاوەنکاران لەپارێزگای حەسەکە کێبڕکێ دەکەن بۆ تەندەری بردنەوەی ئەو پرۆژانەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودهوڵهتییەوە پشتیوانی دارایی دەکرێن، بۆ برەودان بەتەواوی ئابوریی ناوچەکە، چالاکوانان بەدیارونایان وت.

ئەمەش لەبەرامبەردا بەرپێگرێکە دژی گروپە تیرۆریستیەکان، بەتایبەتی داعش، لەوەی سوود ببینن لەدۆخی خراپی دارایی کە رووبەڕووی هاوڵاتیانی سوریا بووەتەوە.

شاندێکی پێکهاتوو لەڕاوێژکارانی کردەی هێزی هاوبەش - ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆرسك و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەردانی شەدادییان کرد لەحەسەکە لەکۆتایی تشرینی یەکەمدا بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی تۆمارکردنی تەندەرەکان بۆ ئەو پرۆژانەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودهوڵهتییەوە پشتیوانی دارایی دەکرێن.

تەندەرەکان پەیوەستن بەکاری ژێرخانەوە لەبنکەکانی هاوپەیمانان و شارۆچکەو گوندەکانی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا).

چالاکوانی رۆژئاوای کوردستان عەمار ساڵح وتی «پرۆسەی هەڵبژاردنی کۆمپانیاو کەسەکان بۆ جێبەجێکردنی تەندەرەکان بەگوێرەی چەند پێوەرێکی تووند دەکرێن، بەوەی هیچ پەیوەندییەکیان بەداعشەوە نەبێت و ئەو پشتیوانیەی پێیاندەدرێت ئاراستەی پشتیوانیكردنی ئەو گروپە نەکرێت».

ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی بەشدارییانكرد لهکۆبوونەوەکەی تشرینی یەکەمدا زۆر بەرزتر بووە لەوانەی بەشدارییان كرد لهکۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیهدا چەند مانگێك لەمەوبەر.

عەمار وتی «ئەمە دەریدەخات كهخاوەنکارەکانی ناوچەکە ئامادەن کار لەگەڵ هاوپەیمانان و هەسەدە بکەن، رەنگە کرۆکێك بۆ کۆمەڵگە پێکبهێنێت کە تێیدا خاوەنکاران رێز لەیاسا دەگرن و پشتیوانی لهگەندەڵی یان تیرۆر ناکەن.

هاوپەیمانانیش پشتیوانی لهزۆر پرۆژە دەکهن، کە لەلایەن کۆمپانیاکانهوه لەناوچەی دێرەزوور جێبەجێدەکرێن، لەنێویاندا کەرتەکانی تەندروستی، کارەبا، ئاوو گواستنەوە.

سوممەیە عیسا خۆبەخشێكە لەڕێکخراوێکی خێرخوازی رۆژاڤا، وتی رێکخراوە فریاگوزارییەکان و بەرپرسە ئەمنیەکان تەرکیزیان لەسەر باشترکردنی دۆخی حەسەکەو دێرەزوورە بۆ بەرگرتن لەوەی داعش هەژاری بقۆزێتەوە بۆ بەکرێگرتنی مەدەنییەکان لەڕێی هاندهری داراییەوە.

سوممەیە وتی «هەنگاوەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی و هەسەدە بۆ پێدانی گرێبەست لەڕێی تەندەرەوە بێکاری کەمدەکاتەوە لەنێو کرێکارانی لاوداو لەتیرۆر دووریاندەخاتەوە».

سوممەیە عیسا زیاتر وتی «هاوکات گرێبەستەکان سوودیان بۆ هەندێك پرۆژەی بچووك و مامناوەند هەیەو برەو بەئابوری دەدات بەزیادکردنی داوا لەسەر کەرەستە خاوەکان. ئەمەش کار برەو پێدەدات بۆ زۆرترین تەندەر لەناوچەکە کە بەهۆی پەنگخواردنی ئابورییەوە تەنگیان پێهەڵچنراوە».

شەریف محەمەد، دانیشتوویەکی ناوچە گوندنشینەکانی حەسەکەیە کە لەکشتوکاڵدا کاردەکات، باسی لەوەکرد کە هێزەکانی هاوپەیمانان پشتیوانی لهژمارەیەك پرۆژە دەکەن کە لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانی سوریاوە جێبەجێدهكرێن.

شەریف وتی «لەنێو ئەمانەدا چەند پرۆژەیەك هەن بۆ دابینکردنەوەی خزمەتگوزاریەکانی کارەباو ئاوو دامهزراندنی پەمپی نوێ، کە هەندێکیان تەرخانکراون بۆ ئاوی خواردنەوەو ئەوانیدی بۆ ئاودێری.

وتیشی «دابینکردنەوەی کار لە جۆگەکانی ئاودێریدا بەشێوەیەکی باش یارمەتی جوتیارانی دەدا تا بەژمارەیەکی زۆرەوە بگەڕێنەوە سهر کار».

هەروەها وتی «ئەمە برەوی بەئابوری داوە، چونکە پێویستی بەکرێکاری رۆژانە، شۆفێری تراکتۆرو ئامرازی گواستنەوەی پەیین و دانەوێڵە هەیە».

شەریف محەمەد باسی لەوەشکرد کەپڕۆژەکان بازاڕەکانیان بووژاندووەتەوەو بوونەتە هۆی دابەزینی نرخی هەندێك دانەوێڵە کە ئێستا بەبڕێکی زۆر لهبهردهستدان، وتی «ئەمە دانیشتوان دهحهوێنێتهوهو گوشاری دارایی لەسەریان ئاسان دەکات».

جگە لەحەسەکە، هەسەدەو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی دەکەن لهگەشەپێدانی ژیرخانی ئابووری دێرەزووری زۆرینە عەرەب، بەبڕوای چاودێران دەکرێت ئەوەش بەربەستێك بێت دژی گەڕانەوەی داعش و رێگری لەهەوڵەکانی بۆ راکێشانی لاوانی بێکار بۆ نێو ریزەکانی،

سەرەڕای شەڕکردن دژی پاشماوە و شانە نوستووەکانی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش)، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتی گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی دەدەن و هانی گەشەپێدان دهدهن لەو ناوچانەی دێرەزوور کە پێشتر ئەو گروپە کۆنترۆڵی کردبوون، چالاکوانێکی ناوچەکە وای وت.

چالاکوانی بواری میدیاو کۆمەڵایەتی عەمار ساڵح  وتی «چەند ساڵێکە ناوچەکە دەناڵێنێت بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە؛ سەرەتا لەئەنجامی فەرامۆشکاریی رژێمی سوریاوەو دواتر بەهۆی وێرانکارییهوه لە ئەنجامی شەڕەکاندا بۆ شکستهێنان بەداعش».

لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو هەسەدە پشتیوانی دهكهن لهپرۆژەیەکی نوێی ئاو لەشاری سوور لەناوچە گوندنشینەکانی باکوری دێرەزوور.

ئەوەش كهناڵێكی نوێی ئاوو پەمپی مۆدێرن لهخۆدهگرێت کە ئاو دەگەیەننه زیاد لە (450) هەزار خەڵکی سڤیل و ئاودێرییش دابیندەکات بۆ زیاد لە (250) کیلۆمەتر دووجا لەزەوی کشتوکاڵی.

عەمار وتی «پرۆژەی لەمشێوەیە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بەشێوەیەکی باش پێشوازیی لێدەکرێت، لەڕێی ئەوانەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەڵێنی خۆی بۆ دابینکردنی کۆمەك بۆ خەڵكی ناوچەکە جێبەجێدەکات».

وتیشی «گەشەکردنی شیاو دەکرێت بەربەستێك بێت دژی گەڕانەوەی داعش و رێگریدهكات لەهەوڵەکانی بۆ راکێشانی لاوانی بێکار».

لەکۆتایی ئەیلولدا، نێردهی تایبەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، باڵیۆز جەیمس جێفری و نوێنەری تایبەت بۆ سوریا، جۆئێڵ رایبهرن گەشتێکیان بۆ ناوچەکە کرد.

لەدێرەزوور، دۆخەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، بەرپرسان و ئەندامانی ئەنجومەنی خۆجێی و چەند کەسێکی دیکە تاووتوێکرد.

جێفری جەختی لەپێویستی بۆ هاریکاری و هەماهەنگی بەردەوام کردەوە لەهەڵمەتێكدا بۆ دڵنیاییدان بەشکستێکی بەردەوامی داعش و گەیاندنی کۆمەكی مرۆیی و سەقامگیری بۆ ناوچە رزگارکراوەکان.

هاوکات جەختیکردەوە لەوەی ئەمریکا لەنزیکەوە پەیوەست دەمێنێتەوە بەهاوبەشانییهوه لەناوچەکە بۆ رێکخستنی هەوڵە سەربازیی و مەدەنیەکان بۆ دڵنیاییدان لەوەی داعش دەرناکەوێتەوەو هەروەها بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ شەڕی سوریا.

هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەهاوکاری لهگهڵ بەڕێوبەرێتی خۆسەری، پشتیوانییهكی گرنگ دەداتە کەرتی خزمەتگوزاری لەپارێزگای دێرەزوور له خۆرهەڵاتی سوریا.

ناوچەکە، کە لەدەست رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) رزگارکرا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتهوه (هەسەدە)، لەلایەن هاوپەیمانانەوە پشتیوانی دەکرێت و لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام تووشی زیان و فەرامۆشکاریی جددی بووەتەوە.

یارمەتیەکی زۆرکەم لەلایەنەکانی دیکەوە هەبووە بۆ چارهسهركردنی ئهو زیانە گەورانهی لهدەزگاکان و ناوەندەکانی تەندروستی و ژێرخانهكهی كهوتووه لەکاتی شەڕی دەرکردنی داعشدا.

ئازاد دودێکی بەرپرس لەمانگی سووری کوردی لە رۆژاڤا، وتی» هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پەیمانەکانی خۆی جێبەجێدەکات بۆ خەڵکی دێرەزوورو باکورو خۆرهەڵاتی سوریا، بەجۆرێك ئەنجامی هەوڵەکانی خەریکە بەرجەستە دەبێت، لەنێو ئەمانەدا دهستپێكردن بهنۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی هەجین، لە 12ی تشرینی یەکەم».

نەخۆشخانەکە خزمەتگوزاری تەندروستی دەداتە هەموو دانیشتوانی پارێزگای دێرەزوور، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوبەرێتی تەندروستی سهر به بەڕێوەبەرێتییه خۆسەرییه دیموکراتییهكهی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا رۆژاڤا.

دودێکی وتی «پشتیوانیكردنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتیدانی بنیاتنانەوەو نۆژەنکردنەوەی ناوەندە تەندروستییەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دابینکردنی ئامرازه پزیشكییهكان و پشتیوانیی پێویست بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی».

وتیشی «ئەم یارمەتیە بایەخ بەپێویستییەکی گرنگی ناوچەکە دەدات، کە دانیشتوانی دەبوو بەرگەی سەختی گەشتکردن بۆ ناوچەکانی دیکە بگرن بۆ وەرگرتنی چارەسەر».

کاری نۆژەنکردنەوە بەخێرایی و بەپشتیوانی دانیشتوانی ناوچەکە تەواودەکرێت، كه وهك ئەو وتی «زۆر رازیین بەم یارمەتییانە».

ئاماژەیکرد بەوەش كه بەپێچەوانەوە، لەهەندێك بەشی دێرەزوور کە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بەسوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە کۆنترۆڵکراون، دانیشتوان رووبەڕووی دۆخێکی تەواو جیاواز دەبنەوە.

وتیشی «ئەو ناوچانە، خزمەتگوزاریی تەندروستییان نییە و میلیشیاکان دەستیان بەسەر نەخۆشخانەکاندا گرتووە، وەك نەخۆشخانەی شیفا، تەنیا بۆ بەکارهێنانی خۆیان و رێدەگرن لەوەی مەدەنییەکان چارەسەر وەربگرن».

هەروەها وتی «لەو ناوچانە میلیشیاکان دەستیانگرتووە بەسەر چەندین ماڵیشدا بۆ نیشتەجێكردنی هێزەکانی خۆیان و پتهوكردنی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا».

هاوینی رابردوو ئیدارەی ترەمپ گرێبەستیکی نەوتی لەگەڵ رۆژاڤا سازکرد، بەمەش ئیدارەی خۆسەری بووە دەوڵەمەندترین ناوچەی سوریا سەرەڕای دەستکەوتە سیاسییەکانی ئەم گرێبەستە بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەڵام لەهەمانکاتدا هەریەکە لەسوریاو تورکیاو ئێران و روسیا دژی ريکەوتنەکە وەستانەوە.

نەوتی رۆژئاوای کوردستان دەچێتە سەر نەخشەی جیهان

 لەگرێبەستەكەدا دەسەڵاتی بەرفراوان دراوەتە كۆمپانیای دەلتا كریسنت ئینێرژی ئەمریكی لەنیوەی زیاتری ئەو كێڵگانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە كاری پێشخستن و گەڕان بكات بۆ ماوەی (٢٥) ساڵ، بەوەش نەوتی ژير دەسەڵاتی هەسەدە دەچێتە سەر نەخشەی وزەی جیهانی.

جەیمس كین، یەكێك لەدامەزرێنەری كۆمپانیاكەو باڵیۆزی پێشووتری ئەمریكا لەدانیمارك بە سی ئێن ئێنی رایگەیاند، بەپێی گرێبەستەکە لەسەرجەم لایەنەكانی پەرەپێدان و گواستنەوە و بازاڕكردن و كنەو پشكنین و پاڵاوتن هاوبەشی بكەن، ئەوەش لەپێناو دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئەو ناوچەیەو هاریكاریكردنی خەڵكەكەی بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان بگاتە بازاڕە نێودەوڵەتیەكان.

سەرچاوەكان بە سی ئێن ئێن-یان وتووە، ئەو سێ هاوبەشە كۆمپانیایەكی نوێیان دامەزراندووەو تەنها ئامانجیان گرەنتیكردنی گرێبەست و رێكەوتنەكانە لەسوریاداو بەشێوەیەكی چڕوپڕ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەدا زیاتر لەساڵێك كاریان كردووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا مانگی نیسانی رابردوو بڕیارێكی تایبەتی بۆ بەخشین لەو سزایانە دەركردووە كە ئەمریكا بەسەر سوریادا سەپاندویەتی بەمەبەستی دابڕینی ئەسەد، ئەمەش بۆئەوەی کۆمپانیای دەلتا کارەکانی نەچێتە چوارچێوەی سزاکانەوە.

بەوتەی كەناڵەكە، پنتاگۆن بەفەرمی هەوڵیداوە خۆی لەو كارە بێدەنگ بكات، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەپشتەوەی ئەو رێكەوتنە نەوتییانەوە وەستاوە.

ئەمریکا رەزامەندیى دەربڕیوە لەسەر دروستکردنی دوو پاڵاوگە بۆ ئیدارەى رۆژئاواى کوردستان بەمەبەستى دابینکردنى 20%ى پێداویستى ناوخۆیی ناوچەکە لەبەرهەمەکانى نەوت، بەڵام بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە نەتوانراوە پاڵاوگەکان رادەستبکرێت.

پێشتر لیندزى گراهام سیناتۆرى نزیک لەدۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدى (مەزڵوم کۆبانی) فەرماندەى هێزەکانى سوریاى دیموکرات جەختى لەسەر رێککەوتنەکە کردبووەوە.

هاوینی رابردووش مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا لەبەردەم لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا جەختیکردەوە کە رێککەوتنەکە لەقۆناغى جێبەجێکردندایە.

لەدواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لەسوریا، دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەى چەند جارێک جەختیانکردەوە کە بەشێک لەهێزەکانیان بۆ پاراستنى کێڵگە نەوتییەکانى باکورو رۆژئاواى سوریا دەمێننەوەو رێگە نادەن ئەو کێڵگانە بکەوێتە دەست داعش و گروپە چەکدارەکان.

دێرەزوور خاوەنی گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوتی سوریایە کەکێڵگەی ‹عەمەر›ە، ئەو کێڵگەیە (15) کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی بەسیرە دوورە، لە 22ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2017ەوە لەدەستی هەسەدەدایە.

لەدوای کیڵگەی عەمەر، کێڵگەی تنک، دووەم گەورەترین کێڵگەیە لەسوریا، کەوتووەتە بیابانی شەعیتات لەپارێزگای دێرەزوور، لەژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەدایە.

جگە لەو دوو کێڵگە گەورەیەی نەوت، چەند کێڵگەیەکی نەوتی بچووکتر کەوتوونەتە سنووری ئەو پارێزگایە لەوانە: کێڵگەکانی وەرد، تەیم، جفرە، کونیکو. هەروەها بۆرییەکی نەوت بەناوی (تی 2) کەوتووەتە سەر رێگای عێراق و سوریا.

هەروەها لەسنووری پارێزگای رەققەدا چەند کێڵگەیەکی نەوتی بچووک هەیە کەئەوانیش لەژێر دەستی شەڕڤاناندان.

لەسنووری حەسەکەش، کێڵگەی رمێلان هەیە کە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی سوریاو لەژێر دەستی شەڕڤاناندایە، کێڵگەی رمێلان هەزارو (322) بیرە نەوتی تێدایە.

جگە لەوەش چەند کێڵگەیەک لەناوچەکانی شەدادی و جەبسەو هۆل هەیە، لەنزیک ناوچەکانی مەرکەدە و تشرینی کەبیبە کەدەکەونە باشووری حەسەکەوە.

سزا نوێیەكانی ئەمریکا کەرتی نەوت و هەواڵگریی سوریا دهكهنه ئامانج

لەکاتێکدا هاوپەیمانی نیودەوڵەتی سەرگەرمی بنیاتنانەوەی ژیرخانی ئابووری ژیر دەسەڵاتی هەسەدەیە، ئەمریکا سزای نوێ دەخاتەسەر کەرتی نەوت و هەواڵگریی سوریا. گەڕی نوێی سزاکان (19) کەسایەتی و کۆمپانیای کەرتی نەوتی سوریاو کارمەندانی حکومەت و هەواڵگری دەکهنه ئامانج.

ئەمریکا هەفتەی رابردوو (8ی تشرینی دووەم) کۆمەڵێک سزای نوێی خستەسەر کەرتی نەوت و پهرلهمانتاران و کارمەندانی هەواڵگریی سوریا و پهیمانیدا فشارەکانی لەسەر بەشار ئەسەد کەمنهکاتەوە سەرباری دەستکەوتە سەربازییەکانی لهسهر ئهرزی واقع.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ لەبەیاننامەیەکدا وتی «رژێمەکەی ئەسەد یەک بژاردەی لەبەردەستدایە: هەنگاوی جددی بنێت بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانەی ئەم ناکۆکییە کە نزیکەی دەیەیەک تەمەنێتی یان دووچاری سزای رووخێنەری زیاتر دەبێتەوە».

وەزارەتەکانی دارایی و دەرەوەی ئەمریکا مامەڵەو ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لە (19) کەسایەتی و کۆمپانیا قەدەغەکردو هەر سامانێکیشیان ههبێت لهئەمریکا سڕکران، لە پێنجەمین گەڕی سزاکاندا لەوکاتەوەی یاسایەکی سەختی ئەمریکا دژ بەسوریا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

سزاکان دوو هاوبەشی وەزارەتی سووتەمەنی سوریاش لەخۆدەگرن، کۆمپانیای نهوتی ئارفادا بۆ پشکی تایبەتیی هاوبەش و سالیزار شیپینگ، کە لەپاڵاوگەیەکی نەوت لەپارێزگای رەققە و تێرمیناڵێک لەشاری تارتوس کاردەکەن.

ئەمەریکا سزاشی خستەسەر جەنەراڵ غەسان جەودەت ئیسماعیل، سەرۆکی هەواڵگریی هێزە ئاسمانییەکانی سوریا، لەگەڵ عەمید ناسر عەلی، سەرۆکی بەڕێوبەرێتی ئەمنیەتی سیاسی، کە ئاژانسێکی هەواڵگرییەو بەرپرسە لەسەركوتكردنی ئۆپۆزسیۆنی دژ بەئەسەد.

یاسای قەیسەر، کە لەحوزەیراندا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، رێگریدەکات لەهەر هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ بونیادنانەوەو فشار دەخاتەسەر ئەسەدو داوای سزادانی دەکات، هەرچەندە کۆنتڕۆڵی زۆربەی سوریاشی کردۆتەوە لەمیانەی شەڕە خوێناوییە نۆ ساڵەکەدا.

یاسای قهیسهر لە 2019 دەرکرا بۆ پاراستنی مەدەنییە سورییەکان، رێخۆشکەری دەکات بۆ سزادانی سەرۆکی سوریاو هاوکاران و پشتیوانانی لهسهر ئەو تاوانانەی ئەنجامیانداوە دژی خەڵکی سوریا، پسپۆڕانی کاروباری سوریا وتیان.

جێبەجێکردنی ئەم یاسایهی ئەمریکا، خراوەتە نێو یاسای دهسهڵاتی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2020، رێگریش دهكات لەدەستتێوەردانی بیانی، بەتایبەتی لەلایەن ئێران و روسیاوە.

بهگوێرهی ئاژانسی فرانس پرێس، یاسای قەیسەر، سزای ئەو کۆمپانیایانە دەدات کە مامەڵە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد دەکەن لەتەواوی جیهانداو رێدەگرێت لەکۆمەکی بنیاتنانەوەی ئەمریکا تا ئەوکاتەی تاوانكارانی شەڕی سوریا دەبرێنە بەردەم دادگا.

یاساکە ناونراوە بەناوی وێنەگرێکی سەربازیی پێشووی سوریا، بهناوی خوازراوی قەیسەرەوه. لەساڵی 2013 لەسوریا هەڵهات بە (55) هەزار وێنەوە کەدڕندەیی زیندانەکانی سوریا دهردهخهن و لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکادا لە 2014 نیشاندران.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند كهوەزارەتەکەی ئهم سزایانهی دوایی سهپاند لهیادهوهریی زیاتر لە (70) مەدەنیدا کە لەتشرینی یەکەمی 2015 لەتەقینەوەی بازاڕێکدا لە دوما کوژران، شارێكی نزیک دیمەشق کە ئەوکاتە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆندا بوو.

شەش رۆژ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، کە تێیدا کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن له دۆناڵد ترەمپی بردهوه، پۆمپیۆ رایگەیاند کە نێردەی ئەمریکا لەسوریا، جەیمس جێفری، (74) ساڵ، ئەم مانگە خانەنشین دەکرێت.

وهك باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لەبەغداو ئەنقەرەو سیاسییەكی تورکی زان، گەیەنەرێکی سەرەکی بوو لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان.

پۆمپیۆ وتی «ناسان سەیلس، بەرپرسی باڵای دژەتیرۆری وەزارەتی دەرەوە، هەردوو پێگەی نێردەی ئەمریکا لەسوریاو نێردهی هاوپەیمانی نێودهوڵهتی بۆ شکستپێهێنانی رێخكراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش) وەردەگرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار