٦٢ سیخوڕ بەشداربوون لەئۆپەراسیۆنی کوشتنەکەی

کوشتنی فەخریزادە؛ بێدەسەڵاتیی هێزە ئەمنییەکانی ئێران

3 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

 

ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێران کە تاهەینی رابردووش دەستخستنی وێنەیەکی سەخت بوو، بەشێوەیەکی ئاسان کوژرا، شێوازێک کە بووەهۆی تووڕەیی و قینی ئێرانییەکان سەبارەت بە دامودەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکە کەتەنها «هەڵەداوانیانە» بۆ سەرکەوتکردنی چالاکوان و رۆژنامەنووسان.

موحسین فەخریزادە، کەدەوترێت باوکی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران بوو، هەینی رابردوو ٢٧ی تشرینی دووەم، لەلایەن چەند کەسێکەوە کوژرا لەکاتێکدا بەڕێوەبوو بۆ ئەبسارد کە ناوچەیەکی گەشتیارییە لەدەرەوەی تارانی پایتەخت.

هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی مردنەکەی، قینی خەڵکی ئێرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی و تانەیان لەدامودەزگا ئەمنییەکاندا کە هەر خەریکی سەرکەوتکردنی خوێندکار، چالاکوان، رۆژنامەنووسان، هەروەها خۆپیشاندەرانن، بەڵام شکستیان خوارد لە «رێگەگرتن لەکوشتنی گەورەترین زانای ناوکی» وڵاتەکە.

لەتویتێکدا گوڵناز ئەسفەندیاری، رۆژنامەنووسی ئێرانی، نووسیویەتی «بەرپرسانی ئێران بەدوای خوێندکاران و کەسانی ئەکادیمی و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤەوەن، بەڵام نەیانتوانی رێگری بکەن لەکوشتنی گەورەترین زانای ناوکی موحسین فەخریزادە، ئەمە ریسوابوونێکی گەورەیە لەئاسایشدا کە پرس و رەخنەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت».

فەخریزادە، هەروەک قاسم سولەیمانی، یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی ئێران کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە زۆرترین پارێزگاری لێدەکرا.

لەسەرەتادا، میدیا ئێرانییەکان چەند وردەکارییەکی کەمی چۆنیەتی کوشتنی فەخریزادەیان خستەڕوو، بەڵام محەممەد مەجید، رۆژنامەنووسی ئێرانی لەزنجیرە تویتێکدا چەندین نهێنی ئاشکرا کردو باس لەوە دەکات (٦٢) کەس بەشداربوون لەئۆپەراسیۆنەکەدا.

بەپێی تویتەکانی محەممەد مەجید، کە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی وەک سەرچاوە وەریگرتووە، (١٢) کەس بەشێوەیەکی کرداری لەکوشتنی فەخریزادە بەشداربوون، لەکاتێکدا (٥٠) کەسەکەی تر وەک رێنیشاندەر و هاوکاری لۆجیستی بۆ (١٢) کەسەکە بەشدارییان کردووە لەئۆپەراسیۆنەکەدا.

موححەمەد مەجید یەکێکە لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی ئێران و هەر ئەویش بوو مەترسی و زۆری ڤایرۆسی کۆرۆنای لەوڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد، مەجید باسی لەوە کردووە ئەو زانیارییانە لە بەرپرسانی ئێرانەوە دزەی پێکراوەو ئەو دەستی کەوتووە.

بەپێی زانیارییەکان، تیمەکە دەیانزانی فەخریزادە لەهەینییدا دەچێت بۆ  ناوچەی ئەبساردو بەوردی چاودێرییان کردووە و ئەو (١٢) کەسەی زاناکەیان کوشتووە «راهێنراوی دەزگای هەواڵگری دەرەوە بوون و یارمەتییان دراوە».

ئەبسارد ناوچەیەکی گەشتیارییە و (٥٠) کم لەتارانەوە دوورە کەزۆربەی دەوڵەمەندەکان ڤێلایان هەیە لەوێ و فەخریزادەی تەمەن (٦٠) ساڵیش یەکێک بووە لەوانە.

ئەوەش هاتووە، کاروانەکەی فەخریزادە سێ ئۆتومبیلی گوللەنەبڕ بوون و فەخریزادە خۆی لەئۆتومبیلی ناوەڕاستدا بووە، ئەمە لەکاتێکدایە میدیا ئێرانییەکان باسی ئەوەیان نەکردووە ئاخۆ ئۆتومبیلەکەی فەخریزادە گوللەنەبڕ بووە یاخود نا.

لەیەکەم دووڕیان بۆ ئەبسارد، نیسان پیکابێکی بۆمبڕیژکراو لەڕێڕەوی شەقامەکە جێگیرکراوەو لەساتی گەشتنی کاروانەکە دەتەقێتەوە. پاشان دوای تەقینەوەی نیسانەکە، هۆندایەک لەجۆری (سانتا فی) بەچوار سەرنشینەوەو چوار ماتۆرسکیل لەئۆتومبیلەکەی فەخریزادە نزیک دەبنەوە.

بڕینی کارەبا و دەنگی تەقەیەکی زۆر لەناوچەکە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکرابووەوە.

ئۆتومبیلەکەی فەخریزادە لەلایەن (١٢) بکوژەوە کە دوانیان نیشانەشکێنن دەدرێتە بەر دەستڕیژی گوللە.

«بەپێی زانیارییە دەزەپێکراوەکان، سەرکردەی تیمەکە فەخریزادەی هێناوەتە دەرەوە لەئۆتومبیلەکەی و تەقەی لێکردووە تا دڵنیاببێتەوە مردووە»، مەجید وای نوسیووە، دواتریش تیمەکە خۆیان قوتار دەکەن بەبێ لەدەستدانی هیچ یەکێکیان.

بەڵام میدیاکانی ئێران باس لەوەدەکەن فەخریزادە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و لەوێ دوای ئەوەی تیمی پزیشکی نەیانتوانیوە رزگاری بکەن، گیانی لەدەستداوە.

چەندین ساڵە فەخریزادە لای دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا بەعەقڵی پەرەپێدانی نهێنی چەکی ئەتۆمی ئێران ناسێندراوەو زۆر بەکەمی لەبەرچاوان بووەو بەنهێنی کاری کردووە لەژێر پارێزگارییەکەی توندی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە.

«فەخریزادە لەهەموو مرۆڤێکی زیندوو زیاتر دەربارەی پرۆگرامی ئێران شارەزایی هەبوو، لەدەستدانی سەرکردایەتی، زانیاری، یادگەی ئەو بە بێگومان زیانێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران»، کەریم سەجادپوور، تووێژەر لە رێکخراوی کارنەیجی ئەمەی بە واشنتن پۆست وت.

فەخریزادە تاکە زانای ئێرانییە کە ناوی هاتووە لە راپۆرتی «هەڵسەنگاندنی کۆتایی»ی ٢٠١٥ی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە دەربارەی پرۆگرامی ناوکی ئێرانە.

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات فەخریزادە بەرپرسیارییەتی چالاکی «پاڵپشتی ئەگەری رەهەندی سەربازیی کردووە لە پرۆگرامی ناوکیدا» لەناو پلانی «ئاماد».

راپۆرتێکی تری هەمان رێکخراو لە ٢٠١١، فەخریزادەی بە «بەرپرسی جێبەجێکار» ناساندووە کە کەسایەتییەکی گرنگە و گومانی لێدەکرێت کاربکات بۆ پەرەسەندنی ئەو  کارامەیی و تەکنەلۆجیایەی پێویستیە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.

لەنیسانی ٢٠١٨، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ناوی فەخریزادەی وەک کەسایەتییەکی گەورە هێنا لە «پرۆگرامێکی نهێنی چەکی ئەتۆمیدا» لەژێر ناوی پرۆگرامێکی مەدەنیدا.

ناتانیۆهۆ لەو کاتەدا چەندین بەڵگەی خستەڕوو کە کارمەندانی مۆساد توانیبویان بەدەستی بهێنن و بەڵگەنامەکان نزیک دەبنەوە لەهەزارەها فایلی نهێنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران، هەرچەندە ئێران رایگەیاند بەڵگەنامەکان ساختەن.

«ئەم ناوەتان بیر بێت، فەخریزادە»، ناتانیاهۆ وای وت و زانا ئێرانییەکەی بە بەرپرسی پلانی «ئاماد» ناوزەند کرد.

ناتانیاهۆ وتیشی، دوای ئەوەی پلانی «ئاماد» کۆتایی پێهێنراوە، فەخریزادە بەردەوام بووە لەکارکردن لە ئاژانسێکی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران لەمیانی «پرۆژە تایبەتییەکاندا».

وەزارەتی بەرگریی ئێران فەخریزادەی وەک بەرپرسی رێکخراوی تووێژینەوە و داهێنان ناساندبوو لەوەزارەتەکەدا.

هەرچەندە بەگەورە زانا ناودەبرێت لەبواری ئەتۆمیدا، بەڵام هەندێک شارەزا پییانوایە  بە نەمانی فەخریزادە ئێران لەبەرەوپێشبردنی پرۆگرامی چەکی ناوکی ناکەوێت.

مارک فیتزپاتریک، تووێژەر لەپەیمانگەی نێودەوڵەتی لەندەن بۆ کاروباری ستراتیجی لە تویتێکدا نووسیویەتی: «پرۆگرامی ناوکی ئێران لەمێژە لەو خاڵە دەرچووە کە پشت ببەستێ بە تەنها تاکە کەسێک».

«ئەم جۆرە کەسانە گرنگی خۆیان هەیە، بەڵام دواجار بێ جێگرەوە نین»، سامین هیندرسۆن، شارەزا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک ئەمەی بە واشنتن پۆست راگەیاند.

هەرزوو ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەو بەڵێنی «تۆڵە»ی قورسیدا لەبەرامبەر کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەیدا، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارییەتی کوشتنەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

پێشتر رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری سێ بەپرپرسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە ئیسرائیل لەپشت کوشتنی فەخریزادەوەیە.

هەندێک شارەزا پێیانوایە ئەم هەڵمەتە لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە کاری سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆو بایدن، سەخت بکات لەڕێکەوتنی لەگەڵ ئێران و دنەی تاران بدرێت بۆ کاردانەوە تا پەلکێشی جەنگی راستەوخۆ بکرێت.

«ئامانجی پشت کوشتنەکە بۆ پەکخستنی پرۆگرامی ناوکی ئێران نەبوو، بەڵکو بۆ لەقکردنی دیبلۆماسییەتە»، ئێڵی گرانمایا، شارەزا لەسیاسەتی ئێران لەئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەندیی نێودەوڵەتی، ئەمەی لە تویتەری خۆی نووسیوە.

گرانمایا باسی لەوەشکردووە سەردانەکانی ئەم دواییانەی وەفدی باڵای ئەمریکی بۆ ئیسرائیل و سعودیە «گومانی دروستکرد کە شتێک بەڕێوەیە» بۆ «دنەدانی ئێران و ئاڵۆزکردنی دەستپێشخەری بایدن»ە.

تریتا پارسی، جێگری سەرۆکی پەیمانگەی کوینسی ئەمریکی باس لەوە دەکات دۆخەکە بەهەر بارێکدا بکەوێت لەقازانجی بنیامین ناتانیاهۆ دەبێت.

پارسی بەئەلجەزیرەی قەتەری راگەیاند، ئەگەر ئێران وەڵامی هەبێت ئەوا ناتانیاهۆ دەتوانێت واشنتن پەلکێشی شەڕ بکات دژی ئێران، بەڵام ئەگەر تاران دەستکراوەیی پیشان نەدا ئەوا «سەرکردە ئیسرائیلییەکە ژینگەیەکی وای دروستکردووە کە کاری دیبلۆماسی ئەمریکا لەگەڵ ئێران سەخت بکات».

«لەدیدگای ناتانیاهۆوە، ئێستا ساتی ئەوەیە بتوانێت پێگەی بایدن لەق بکات، بەجۆرێک لەجۆرەکان، بایدن لێرەدا ئامانجە راستەقینەکەیە»، پارسی وای وت.

لەوتارێکدا بۆ رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیل، ئامۆس هاریل، شارەزا لەبابەتە سەربازیی و بەرگرییەکاندا، باس لەوە دەکات هەرچەندە ئۆپەراسیۆنەکە لە «تەلەڤزیۆنەکانی ئیسرائیلدا بە سەرکەوتویی وەسفکراو کەشێکی دڵخۆشیان دروستکرد» بەڵام دەکرێت ئەم هەڵمەتە بە مەبەست بێت بۆ خراپکردنی دۆخەکە.

«ناتوانین ئەو ئەگەرە لەبەرچاو نەگرین کە ئەم سەرکەوتنە تەکتیکییە مەبەستێکی ستراتیجی لێدەکەوێتەوە لەشێوازی پێکدادانی هەرێمی، بەڵام خۆ رەنگە مەبەستەکە هەر ئەوە بووبێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار