رووداوه‌کانى خۆپیشاندانه‌کانى هه‌رێم ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ جۆبایدن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
‌رووداوه‌کانى خۆپیشاندانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌گه‌یه‌ننه‌ جۆوبایدن و کامه‌لاهاریس و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى فه‌رمى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا.

ڕێکخراوى هاریکارى کورد_ئه‌مریکا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ى کانونى یه‌که‌مى 2020، له‌نوسراوێکدا که‌ کۆپیه‌کى تایبه‌ت بۆ (هاوڵاتى) نێردراوه‌، خۆپیشاندانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌گه‌یه‌ننه‌ چه‌ندین دامه‌زراوه‌ى فه‌رمى ئه‌مریکا و له‌نێویاندا بۆ جۆبایدن سه‌رۆکى هه‌ڵبژێردراوى ئه‌مریکاو کامه‌لا هاریس جێگرى ده‌نێرن.

ده‌قى نوسراوى رێکخراوى هاریکارى کورد- ئه‌مریکا به‌زمانى کوردى:
"حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان/ عێراق له‌ رێگاى به‌کارهێنانى هێزو توندوتیژیه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌کان سه‌رکوت ئه‌کات"
هێزه‌ ئه‌منیه‌کان و چه‌کداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان/ عێراق، به‌ شێویه‌کى توندوتیژ و زیده‌ڕه‌ویانه‌، په‌لامارى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵکى خۆپیشانده‌ریان داوه‌، که‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانى موچه‌کانیان که‌ ماوه‌ى پێنج ساڵه‌ حکومه‌ت ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌کى رێکوپێک دابه‌شى بکات، له‌ ناوه‌ندى سلێمانى و ده‌یان شارۆچکه‌ى ده‌وروبه‌رى ئه‌و پارێزگایه‌ خۆپیشاندانیان ئه‌نجامداوه‌، سه‌ره‌تاى خۆپیشاندانه‌کان رۆژى ۳ى کانونى یه‌که‌م له‌ سلێمانیه‌وه‌ ده‌ستى پێکرد له‌ لایه‌ن مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ که‌ داواى موچه‌ بڕاوه‌کان و دواخراوه‌کانى خۆیانیان ده‌کرد. به‌ڵام دواتر خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى ناوچه‌یه‌کى فراوانى له‌ سنورى سلێمانى گرته‌وه‌ که‌ دواجار هێزه‌ چه‌کداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم و هه‌ردوو حیزبى خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ئاگرى تفه‌نگه‌کانیان روه‌و خۆپیشانده‌ره‌ ئاشتیخوازه‌کان کرده‌وه‌ و تا کاتى نوسینى ئه‌م به‌یانه‌ ژماره‌ى کوژراوه‌کان گه‌یشتۆته‌ ٨ که‌س که‌ به‌ ته‌قه‌ى راسته‌وخۆى هێزه‌ چه‌کداره‌کان پێکراون و زیاتر له‌ ١٢٠ برینداریش له‌ ریزى خۆپیشانده‌ران تۆمار کراوه‌ که‌ زۆربه‌یان به‌ گوله‌ى هێزه‌کانى سه‌ر به‌ حزبى تاڵه‌بانى و بارزانى یان له‌ ئه‌نجامى لێدان و دارکارى کردنیانه‌وه‌ زامدار کراون.
له‌ به‌رامبه‌ردا خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانکوتاوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاى حزبه‌کانى ناو حکومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌ت و ئاگریان تێ به‌رداون، هه‌روه‌ها چه‌ندین فه‌رمانگه‌ى حکومییان سوتاندوه‌ وه‌ک ناڕه‌زاییه‌ک له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ختى بارودۆخى ژیان و گوزه‌رانیان دژ به‌ گه‌نده‌ڵى و نادادى کۆمه‌ڵایه‌تى که‌ مه‌زنده‌ ده‌کرێت به‌ ١٥٠ باره‌گاى حزبى و حکومی.
حکومه‌تى هه‌رێم بۆ کپکردن و رێگرى له‌ خۆپیشاندانه‌کان ده‌ستى داوه‌ته‌ هه‌ڵمه‌تێکى ره‌شبگیرى که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌یان چالاکوان و خۆپیشانده‌ر و رۆژنامه‌نوس ده‌ستگیر و بێ سه‌روشوێن کراون که‌ چاره‌نوسى هه‌ندێکیان تا ئێستاش نادیاره‌. به‌شێک له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ش که‌ دواتر ئازاد کراون، به‌ڵێننامه‌یان پێ ئیمزا کراوه‌ و به‌ڵێنیان لێ وه‌رگیراوه‌ که‌ جارێکى تر به‌شدارى خۆپیشاندان نه‌که‌ن.
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌نوس که‌ بۆ روماڵى رۆژنامه‌وانى له‌ شوێنى خۆپیشاندانه‌کان بوون، به‌ هۆى پیشه‌که‌یانه‌وه‌ ده‌ستگیر کراون، ئامێرو که‌لوپه‌لى رۆژنامه‌وانیان لێ زه‌وت کراوه‌ و ریکۆرده‌کانیان لێ سڕیونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها میدیاى ئین ئارتى که‌دامه‌زراوه‌یه‌کى ئۆپۆزسیۆنه‌و هه‌یدکوارته‌رى له‌شارى سلێمانیه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌کانه‌وه‌ هێرشى کراوه‌ته‌ سه‌ر و داخراوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ که‌ناڵه‌که‌ له‌ئێستادا له‌ئه‌وروپاوه‌ په‌خشى خۆى ده‌کات.
به‌ گشتى تۆڕه‌کانى ئینته‌رنێت له‌ کاتى خۆپیشاندانه‌کان لۆدێکى زۆریان خراوه‌ته‌سه‌ر و به‌تایبه‌تیش تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان که‌خۆپیشانده‌ران ئاگادارى و شوێن و کات و به‌یان و ڤیدیۆو وێنه‌ و ڕاسته‌وخۆى خۆپیشاندانه‌کانیان لێ بڵاوده‌کرده‌وه‌ به‌ شێوه‌ى کاتى به‌ربه‌ستیان بۆ دروست کراوه‌و فیلته‌رکراون.
به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى گه‌یشتونه‌ته‌ ده‌ستى ڕێکخراوى هاریکارى کورد_ئه‌مریکا، له‌هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى کوردستان و پارێزگاى دهۆک و چه‌ند شارۆچکه‌یه‌کى دیکه‌دا که‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى دیموکراتى کوردستانن، ده‌یان چالاکوان و ڕۆژنامه‌نووس به‌ تۆمه‌تى هه‌وڵدان بۆ خۆپیشاندانه‌کان ده‌ستگیرکراون.
له‌ چوارچێوه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌کانى ئه‌و ره‌شبگیریه‌ش، رۆژى ٨ ى کانونى یه‌که‌م له‌ شارۆچکه‌ى قه‌سرێى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر، ١٠ گه‌نج و هه‌رزه‌کار که‌ به‌ نیازى ئه‌نجامدانى خۆپیشاندان بوون، له‌لایه‌ن ئاسایشى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون به‌بێ دابین کردنى پارێزه‌ر و چاوپێکه‌وتنى خانه‌واده‌کانیان، تا رۆژى ١٣ى ئه‌م مانگه‌ له‌ ژێر فشارى مه‌ده‌نى ئازاد کراون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌یان چالاکوان و مامۆستا و رۆژنامه‌وان له‌ به‌ندیخانه‌کانى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌ تۆمه‌تى هه‌وڵدان بۆ خۆپیشاندان یان له‌ سه‌ر ئازادى راده‌ربڕین، تا ئێستاش ده‌ستبه‌سه‌ر کراون.
جێى باسه‌ مافى گربوونه‌وه‌ و خۆپیشاندان و ئازادى بیروڕا بۆ عراقیه‌کان بڕیارى لێدراوه‌ به‌ پێى ده‌ستورى عێراقى و یاسا به‌رکاره‌کان و رێککه‌وتننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان که‌ عێراق په‌سندى کردوه‌ و ئیمزاى کردوه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستان سه‌رجه‌م ئه‌و زامنه‌ یاساییانه‌یان پێشێل کردوه‌، له‌ به‌رامبه‌ر توندوتیژیه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمیش، تا ئێستا چه‌ندین ناوه‌ندى مافه‌کانى مرۆڤ له‌ جیهان و نیرده‌و دیپلۆماتکاره‌ بیانیه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق هاتوونه‌ته‌ ده‌نگ.
ئه‌گه‌رچى به‌شێک له‌به‌رپرسانى هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌ساڵاتداره‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان (یه‌کێتى و پارتی) چه‌ند لایه‌نێکى سیاسى و هه‌رێمى تۆمه‌تبار ده‌که‌ن که‌ده‌ستیان له‌پشته‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌کان هه‌یه‌ به‌ڵام خۆپیشانده‌ران و به‌شێک له‌به‌رپرسانى ئۆپۆزسیۆن ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه‌و پێیان وایه‌ خۆپیشاندانه‌کان خۆڕسکه‌و ده‌ستى هیچ لایه‌نێکى له‌پشته‌وه‌ نیه‌ ته‌نها ڕقوتوڕه‌ى نزیکه‌ى ۳٠ ساڵى که‌ڵه‌که‌بوى خه‌ڵکه‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌بونى موچه‌و ناعه‌داله‌تى و نادادى و گه‌نده‌ڵى له‌سێکته‌ره‌کانى په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستى و خزمه‌تگوزاریه‌کانى دیکه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌لاتدارانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌.
ڕێکخراوى هاریکارى کورد_ئه‌مریکا، ڕێکخراوێکى سه‌ربه‌خۆى قازانج نه‌ویسته‌ له‌نۆڤه‌مبه‌رى ساڵى ۲٠۱۲ له‌ویلایه‌تى ڤێرجینیاى ئه‌مریکا له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس و چالاکوانى خۆبه‌خشه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، ئامانج له‌کاره‌کانى ئه‌م ڕێکخراوه‌ گه‌شه‌پێدانى مه‌ده‌نیه‌ته‌ له‌هه‌رێمى کوردستاندا، هاوکات گه‌یاندنى هه‌موو ئه‌و پێشێلکاریانه‌ى مافى مرۆڤه‌ که‌به‌رامبه‌ر خه‌ڵکانى ئازادیخوازو سڤیل ئه‌نجام ده‌درێت به‌ناوه‌ندو ڕێکخراوه‌ ئه‌مریکى و جیهانیه‌کان.
ڕێکخراوى هاریکارى کورد_ئه‌مریکا تۆڕێکى به‌رفراوانى جیهانیه‌و جگه‌ له‌چه‌ند ویلایه‌تێکى ئه‌مریکا ڕێکخه‌رى هه‌یه‌ له‌هه‌ریه‌ک له‌وڵاتانى ئوستڕالیاو که‌نه‌داو به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نساو ئه‌ڵمانیاو چه‌ند وڵاتێکى دیکه‌دا.
ڕێکخراوى هاریکارى کورد_ئه‌مریکا
ڤێرجینیا، ئه‌مریکا
۱٥ى دیسێمبه‌رى ۲٠۲٠
بۆ/
ناوه‌نده‌ ئه‌مریکیه‌کان:
ـ کۆشکى سپى ئه‌مریکا
ـ ئه‌نجومه‌نى پیرانى ئه‌مریکا
ـ کۆنگرێسى ئه‌مریکا
ـ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا
ـ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان
ـ سکرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان (ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس)
ـ سه‌رۆکى ئه‌مریکا (جۆ بایدن)
ـ جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا (کامڵا هێرس)
*ناوه‌نده‌ فه‌ڕه‌نسیه‌کان:
ـ سه‌رۆکایه‌تى فه‌ڕه‌نسا (ئیمانیۆڵ ماکرۆن)
ـ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى فه‌ڕه‌نسا
ـ ئه‌نجومه‌نى سیناتى فه‌ڕه‌نسا
ـ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا
*ناوه‌ندو ڕێکخراوه‌ جیهانیه‌کان:
ـ مافى مرۆڤى سه‌ربه‌ یه‌کێتى ئه‌وروپا (برۆکسل، به‌لجیکا)
ـ مافى مرۆڤى سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان (ژنێف، سویسرا)
ـ خاچى سورى نێوده‌وڵه‌تى (ژنێف، سویسرا)
ـ په‌یمانگاى ئاشتى ئه‌مریکى (واشنتن، ئه‌مریکا)
ـ ڕێکخراوى فریده‌م هاوس (واشنتن، ئه‌مریکا)
ـ هاوپه‌یمانى سه‌لامه‌تى نێوده‌وڵه‌تى (شیکاگۆ، ئه‌مریکا)
ـ ڕێکخراوى هیومان ڕایتس ۆچ (نیویۆڕک، ئه‌مریکا)
ـ ڕێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى (له‌نده‌ن، به‌ریتانیا)
ـ فیدراسیۆنى مافى مرۆڤى نێوده‌وڵه‌تى (پاریس، فه‌ڕه‌نسا)
ـ کۆمه‌ڵه‌ى مافى مرۆڤى نێودوڵه‌تى (فرانکفۆرت، ئه‌ڵمانیا)
ـ په‌یمانگاى جه‌نگو ئاشتى (له‌نده‌ن، به‌ریتانیا)
ـ ڕێکخراوى به‌رگریکردنى هێڵى پێشه‌وه‌ (دوبلن، ئێرلندا)
*ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانى ڕۆژنامه‌وانی:
ـ په‌یامنێرانى بێسنوور (پاریس، فه‌ڕه‌نسا)
ـ کۆمیته‌ى به‌رگریکردن له‌ڕۆژنامه‌نووسان (نیویۆڕک، ئه‌مریکا)
ـ فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى ڕۆژنامه‌نووسان (برۆکسل، به‌لجیکا
ـ ‎په‌یمانگاى ڕۆژنامه‌وانى نێوده‌وڵه‌تى (ڤییه‌نا، نه‌مسا)
ـ پێنوسى نێوده‌وڵه‌تى (له‌نده‌ن، به‌ریتانیا)
ـ ڕۆژنامه‌نووسانى که‌نه‌دا بۆ ئازادى ڕاده‌ربڕین (تۆرنتۆ، که‌نه‌دا)
ـ سه‌نته‌رى ڕۆژنامه‌وانى ئه‌وروپا (ئه‌مستردام، هۆڵه‌ندا)
ـ سه‌نته‌رى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕۆژنامه‌نووسان (واشنتن.دی.سی، ئه‌مریکا)
ـ پشتیوانى نێوده‌وڵه‌تى میدیاى (کۆپنهاگن، دانیمارک)
*کونسوڵخانه‌کان:
ـ نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان/یۆنامى ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى ئه‌مریکا ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى به‌ریتانیا ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى فه‌ڕه‌نسا ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى ئه‌ڵمانیا ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى ئیتاڵیا ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى هۆڵندا ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى سوید ـ هه‌ولێر
ـ کونسوڵخانه‌ى دانیمارک ـ هه‌ولێر
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار