سەدر تۆمەتبار دەکرێت بەهەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لەڕێگەی ماڵی شیعەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

بانگەوازەکەی ئەمدواییەی پیاوی ئایینی خاوەن جەماوەریی عێراق، موقتەدا سەدر، بۆ بنیاتنانەوەی «ماڵی شیعە» کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە لەنێو بازنە سیاسییەکانی عێراقداو پێشوازی گەرمی لێناکرێت، بەوپێیەی هەوڵی داوە بۆ بردنەوەی پشتیوانیی جەماوەر بۆ هەڵبژاردنی حوزەیرانی داهاتوو.

سەدر لەلایەن چاودێرانەوە تۆمەتبار دەکریت بەهەوڵی کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان لەڕێگەی ماڵی شیعەوە، هەروەها بانگەوازەکەشی بۆ زیندووکردنەوەی ‹ماڵی شیعە› پێشوازی گەرمی لێناکرێت، چونکە زۆرجار هەڵوێستەکانی خۆی دەگۆڕێت.

سەدر بانگەوازەکەی لەپۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا لە 2ی کانونی دووەم بڵاوکردەوە، هەندێک وایان لێکدایەوە بانگەوازێک بێت بۆ گەڕانەوە بۆ قۆناغی ناکۆکی تائیفی و بەرژەوەندیی حزبی، لەکاتێکدا ئەوانی دی بەدەستپێشخەرییەکیان دانا بۆ هاوڕایی سیاسیی زیاتر.

سەدر لەتویتەکەیدا وتی «وەک بەرژەوەندی گشتی و بابەتێکی پێویستی دەبینم کەماڵی شیعە رێکبخرێتەوە لەڕێی چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕەوە، لەهەوڵێکدا بۆ تۆمارکردنی بەڵێننامەی شەرەفی ئایدۆلۆژی و سیاسی.»

چاودێران دەڵێن داواکەی سەدر لەلایەن زۆرێک لە خاوەن کاریگەرییەکانی شەقامی عێراقییەوە بەگەرمی پێشوازی لێنەکرا، چونکە رەنگدانەوەی ئاراستەیەکی «بەسەرچوو» بوو کە دووبارە بەکاردەهێنرێتەوە بەدروشم و گوتارەکانی رابردوو بۆ بردنەوەی پشتیوانیی جەماوەر.

هەروەها بەگومانیشەوە پێشوازی لێکرا، چونکە سەدر زۆرجار هەڵوێستەکانی خۆی دەگۆڕێت.

حاتەم فەلاحی شرۆڤەکاری سیاسی، پێیوایە داواکەی سەدر «تائیفەگەرا»نەیە، بەڵام بەچەمکێکی گشتی دەریبڕیوە، وتی ئەوە «دەمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفری هاوپەیمانێتی تائیفی و لایەنداریە سیاسییەکان».

هەروەها وتی لەلوتکەی هێزی خۆیدا لە 2005، ئەمجۆرە لەهاوپەیمانێتی تائیفی ئاکامی کارەساتباری هەبوو، لەکاتێکدا وڵاتەکە کەوتە بازنەیەکی تووندوتیژی تائیفی و ئەمنی و قەیرانی سیاسی و ئابورییەوە.

هەوڵدان بۆ کاریگەریدانان لەسەر هەڵبژاردنەکان

فەلاحی وتی ئامانجی بانگەوازەکە «کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانە» کە زیاد لەساڵێک لەمەوبەر دەستیانپێکردو تێیاندا سەدر لەمانگەکانی دواییدا دژیان وەستایەوە، کاتێک خۆپیشاندەرانی بە «مناڵ ومەزن» و «جۆکەر» ناوبرد.

پشتیوانانی سەدر ئاماژەکەیان وەرگرت کاتێک دەستیانکرد بەسەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی تشرینی دووەم لەمەیدانی حەبوبی لەناسریە. هێرشیانکردە سەر خۆپیشاندەران، زۆرێکیان کوشت و بریندارکردو خێمەکانیان سوتاندن.

چاودێران پێیانوایە سەدر دەیەوێت رکابەرەکانی و هاوپەیمانەکانی پێشووی یەکبخات، سەرکردەکانی لایەنە چەکدارە شیعەکان و دڵسۆزان بەئێرانیش، بەمەبەستی هەڵبژاردن، بەئامانجی باڵادەستی لەگۆڕەپانی سیاسییدا.

فەلاحی هەنگاوەکەی سەدری بۆ «رێکخستنەوەی ماڵی شیعە» بە رێگایەک دانا بۆ «کاریگەریدانان» لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، لەگەڵ بردنەوەی کورسی پێویست بۆ حزبەکەی تا بتوانێت سەرەکوەزیران دیاری بکات.

پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق، تەها لەهیبی وتی دەرفەتی سەدریەکان بۆ کاریگەریدانان لەسەر دیاریکردنی سەرەکوەزیران زۆر لاوازە.

هەروەها وتیشی «پێناچێت دەستکەوتی هەڵبژاردنیان هەبێت، چونکە کورسیەکانیان لەپەرلەمانی داهاتوودا دەکرێت لە (54)ەوە کەمبکات بۆ کەمتر لە (30) کورسی، بەهۆی ئەوەی درۆو ساختەیی دروشمەکانیان دەربارەی چاکسازیی و شەڕکردن دژی گەندەڵی دەرکەوتووە».

تەها لەهیبی پێیوایە ئەمە بانگەوازەکەی ئەمدواییەی سەدر رووندەکاتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کە هەژموونی زیانبەخشی تاران لە عێراق رەتدەکەنەوە.

ئێران هەوڵیشدەدات سەرکردەکانی شیعە پێکەوە کۆبکاتەوەو رێککەوتنی سیاسی و هاوبەشی پێکبهێنن لەسەر بنەمای لایەنگریی تائیفی.

لەتشرینی دووەم، چەند سەرچاوەیەک لەهێزی قودسی سوپای پاسداران بە رۆژنامەی جەریدەیان وت کەکۆبوونەوەیەک لەبەیروت بەسەرپەرشتی سەرکردەی حزبوڵڵا حەسەن نەسروڵڵا کراوەو تێیدا سەدرو سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا، سەرەکوەزیرانی پێشووتر نوری مالیکی، کۆکردۆتەوە.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئاشتەوایی بووە لەنێوان هەردوولاداو بەهێزکردنی لایەنی شیعەی هاوسۆزی ئێران پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان.

لەهیبی وتی «ئەم بزووتنەوەیە شتێکە سەر بەڕابردووەو لادانە لەئاراستە جەماوەرییەکان و بزووتنەوەی لاوان کە لەئەمڕۆدا داوای بنیاتنانی ماڵێکی گشتگیری عێراقی دەکەن کەهەموو تائیفەو لایەنەکان کۆبکاتەوەو مافی هەمووان بپارێزێت».

وتیشی «ئەمە مانای عێراقێکی بەهێزو یەکگرتووە کەسەروەری و سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، نەک رێدان بەئێران یان هەر وڵاتێکی دیکە کەدەستوەربداتە کاروبارە ناوخۆییەکانی، جیا لەوەش دەبێت هاووڵاتیانی هەست بەسەقامگیری و خۆشگوزەرانی بکەن.»

حەزی راستەقینە بۆ تیمارکردن

بەگوێرەی عیسام فەیلی، کە وانەی سیاسەت لەزانکۆی موستەنسریە دەڵێتەوە، سەدر حەزێکی راستەقینە هانیداوە بۆ تیمارکردنی دابەشبوونەکانی عێراق.

عیسام فەیلی وتی «ئامانجی ئەو پیاوە ئایینیە سەرەتا گەیشتنە بەکۆدەنگی لەنێو شیعەدا، دواتر هەمان دەستکەوت لەنێو لایەنەکانی دیکەدا لەهەوڵێکدا بۆ تیمارکردنی دووبەرەکی پێش هەڵبژاردنەکانی ئاییندە».

وتیشی «ئەمە داوایەکی نوێ نییە، کە سیاسی کۆچکردوو ئەحمەد چەلەبی یەکەم کەس بوو برەوی بەو هەڵوێستە دەدا.»

ئاماژەشیکرد بەوەی چەند قوتابخانەیەکی جیاوازی بیرکردنەوە هەیە لەنێو شیعەکاندا، کە پەیڕەوی لەمەرجەعی ئاینیی جیاواز دەکەن و بەلیبراڵ یان عەلمانی لەقەڵەمدەدرێن.

فەیلی وتی «لەئێستادا خەڵک هاوپەیمانێتیەکی سیاسییان دەیەوێت کە ئەنجامەکانی لەبەرژەوەندیی ئەواندا بێت، جا ناونیشانی هەرشتێک بێت، تێیدا کاربکات بۆ بنیاتنانی دەزگاو خزمەتگوزاریەکانی دەوڵەت.»

هەوڵی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو

دوای وتەکانی سەدر، وتەبێژی فەرمیی رێبەری رەوتی سەدر لەعێراق رایگەیاند، هیچ لارییەک لەپێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک لەدەرەوەی چوارچێوەی ماڵی شیعەدا نییە، جەختیشى کردەوە «سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق هەڵبژاردنەکان یەکلایی دەکاتەوە». 

سەڵاح عوبیدی، لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق ( 15ی کانوونی یەکەمی 2020) وتی «جارێ زووە باس لەهاوپەیمانێتی بکرێت، بەڵام لەهەمانکاتیشدا دەرگا کراوەیە لەبەردەم هێزە نیشتیمانییەکان هاوپەیمانێتی لەدەرەوەی ماڵی شیعە پێکبهێنن». 

هەروەها وتیشی «کۆکردنەوەی ماڵی شیعە نابێت بەمانای دروستکردنی هاوپەیمانێتییەکی تائیفی لەقەڵەم بدرێت». 

عوبیدی، ئەوەشی خستووەتەڕوو «تەنها لەڕێگەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووەوە دەتوانرێت سەرۆک وەزیرانی ئایندەی عێراق دەستنیشان بکرێت».

لای خۆشیەوە حەیدەر جابری، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی موقتەدا سەدر بەئاژانسە عێراقییەکەی وت»موقتەدا سەدر، داوا دەکات هەڵبژاردنەکانی  حوزەیرانی داهاتوو بەدەربێت لەدەموچاوی کۆن، نابێت گەندەڵکاران رۆڵیان لەوهەڵبژاردنەدا هەبێت، دەبێت هەموویان رادەستی دادگا بکرێن».

سەدر؛ سەنگەرگرتن لەخۆپیشاندەران

کۆتایی مانگی رابردوو دەیان کەس بریندارکران و چەندانی دیکەش کوژران لەمیانەی پێکدادانی تووندوتیژانەدا (27ی تشرینی دووەم) لەنێوان خۆپێشاندەران و لایەنگرانی موقتەدا سەدر لەمەیدانی حەبوبی، ناوەندێک بۆ خۆپێشاندانەکانی ناسریە.

لەوەڵامی داوای سەرکردەکەیاندا بۆ خۆپێشاندان لە بەغداو باشوری عێراق، لایەنگرە چەکدارەکانی سەدر کۆبوونەوە لەنزیک مەیدانەکە، لەئاکامدا شەڕو پێکدادان لەنێوان ئەوان و ئەو خۆپێشاندەرانەدا روویدا کە لەتشرینی یەکەمی رابردووەوە خۆپیشاندان دەکەن.

لایەنگرەکانی سەدر لەشەودا هەڵیانکوتایەسەر مەیدانەکە، تەقەیان لەخۆپێشاندەران کردووەو خێمەکانیان گڕتێبەردان.

ناوەندی عێراقی بۆ تۆمارکردنی تاوانەکانی جەنگ، میلیشیاکانی سەدری بەهەڵگیرسانی تووندوتیژییەکە تۆمەتبارکرد، رایگەیاند کەکوژرانی هەشت کەس و برینداربوونی (75) کەسی دیکەی لە شەڕو پێکدادانەکەدا تۆمارکردووە، کە پەرەیسەندووە بۆ پارێزگاکانی دیکەش.

حکومەتی عێراق سەرۆکی پۆلیسی زیقاری لابردو قەدەغەکردنی هاتوچۆی لەپارێزگاکانی ناسریە، میسان و واست راگەیاند، 28ی تشرینی دووەم دوو فەوجی پۆلیسی فیدڕاڵیشی جێگیرکرد بۆ هاوکاریکردن لەگەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ناسریە.

حکومەت لیژنەی قەیرانەکانی پێکهێناوە بەسەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق و چەند فەرماندەیەکی سوپاو پۆلیسی وەک ئەندامی لیژنەکە دیاریکرد.

نووسینگەی سەرەکوەزیران مستەفا کازمی رایگەیاند کە لیژنەکە گەرەنتیکراوە لەڕووی «ئیداری، دارایی و هێزی ئەمنییەوە بۆ پاراستنی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەکان، دامەزراوەکانی دەوڵەت و موڵکی تایبەتی، هەروەها بۆ بلۆککردنی هەرشتێک کە ببێتەهۆی نانەوەی پشێوی.»

لیژنەی قەیرانەکە چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆو شێخەکانی خێڵەکانی زیقاڕ رێکخست بۆ گفتوگۆکردنی رێوشوێنەکانی گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی و سەپاندنی یاسا لەپارێزگاکە.

شارەزای بواری سەربازیی، جەلیل خەلەف شوەیلی وتی «گروپە چەکدارەکان بەربەست دەخەنە بەردەم بەرپرسانی دەوڵەت، لەکاتێکدا بەردەوامن لەچالاکییەکان لەهەڕەشەکردن لەسەقامگیریی وڵاتەکەو سەلامەتیی دانیشتوانەکەی.»

هەروەها وتیشی «چەندین رێوشوێن پێویستە بگیرێنە بەر بۆ ئارامکردنەوەی شەقام، لەنێویاندا دەستگیرکردنی بکوژانی چالاکوانان و خۆپێشاندەران و سزادانی کەسایەتییە گەندەڵەکان، حکومەت پێویستە کاری زیاتر ئەنجامبدات لەڕووی ریفۆرمی ئابورییەوە، کەهەر ئەوەیە خۆپێشاندەران داوایدەکەن.»

هاوکات وتی «هیوادارین حکومەت ئەمنیەت تووندتربکات لەپارێزگاکە پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ساڵی داهاتوو، لەکاتێکدا دانیشتوان چاویان لەوەیە نوێنەرانی خۆیان لەکەشێکی ئارام و ئەمیندا هەڵبژێرن.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار