سه‌رکردایه‌تییه‌کى یه‌کێتى: باڵ باڵێن‌و ده‌سته‌گه‌رى له‌ناو یه‌کێتیدا نه‌ماوه
پاش ساڵێک به‌سه‌ر کۆنگره‌ى چواره‌مى یه‌کێتى، سه‌رکردایه‌تییه‌ک ده‌ڵێت کۆرۆنا نه‌یهێشتووه بڕیاره‌کانى کۆنگره جێبه‌جێ بکه‌ین
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
یه‌کێتى ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ئه‌نجامداو تێیدا سیستمى هاوسه‌رۆک په‌یڕه‌و کراو بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى وه‌ک هاوسه‌رۆک هه‌ڵبژێردران و سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نوێ کرایه‌وه.
یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌ڕۆژى 26ى کانوونى یه‌که‌مى 2019 کۆنگره‌ى خۆى ئه‌نجامدا له‌سلێمانى و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌کى (124) که‌سى هه‌ڵبژێردرا که له‌سه‌دا 70%یان که‌سانى نوێن و له‌سه‌دا 30% پێشتر له‌سه‌رکردایه‌تى و مه‌کته‌بى سیاسی‌دا بوون.
هه‌روه‌ها له‌کۆنگره‌ى یه‌کێتیدا لاهور شێخ جه‌نگى، (902) ده‌نگى له‌کۆى هه‌زارو (10) ده‌نگ به‌ده‌ستهێناو بووه یه‌که‌مى ره‌هاى کۆنگره.
پاش تێپه‌ڕبوونى ساڵێک به‌سه‌ر کۆنگره‌که‌یاندا، ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تیان ده‌ڵێت:» یه‌کێتى ده‌سته‌گه‌رى و باڵ باڵێنى تێدا نه‌ماوه‌و هه‌موو پابه‌ندن به‌بڕیارو راسپارده‌ى هه‌ردوو هاوسه‌رۆکه‌وه«.
ئارێز عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:»پێش کۆنگره بۆچوونێک هه‌بوو ئه‌گه‌ر یه‌کێتى کۆنگره بکات به‌ش به‌ش ده‌بێت، به‌ڵام یه‌کێتى له‌دواى کۆنگره‌و پاش تێپه‌ڕبوونى ساڵێک پته‌وتر بووه«.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد دواى ته‌واوبوونى کۆنگره‌ى یه‌کێتى، په‌تاى کۆرۆنا سه‌ریهه‌ڵداو کۆرۆنا ئاسته‌نگى بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیار‌و راسپارده‌کانى کۆنگره هه‌بووه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى باسى له‌وه‌شکرد تائێستا هه‌ڵبژاردن له‌ئۆرگانه‌کان و رێکخراوه‌کان نه‌کراوه‌و نوێبوونه‌وه‌ى ئۆرگانه‌کان ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنیان بووه که بڕیارى کۆنگره بووه له‌گه‌ڵ گه‌یاندنى سیاسه‌تى یه‌کێتى بۆ ئه‌ندام و کادرو لایه‌نگران، به‌ڵام کۆرۆنا ده‌رفه‌تى نه‌داوه کۆڕ‌و کۆبوونه‌وه ئه‌نجامبدرێت.
هه‌روه‌ها ئارێز عه‌بدوڵا، وتیشى:» ده‌بوو تائێستا ستراتیژى سیاسه‌تى یه‌کێتى روون و جیاواز بێت له‌حزب و لایه‌نه‌کانى دیکه‌و روونتربوایه، ئه‌وه یه‌کێکه له‌که‌موکوڕییه‌کان و له‌قاڵبه کۆنه‌که نه‌مانتوانیوه ده‌ربچین».
ئارێز عه‌بدوڵا، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که یه‌کێتى یه‌ک ده‌نوکى هه‌یه، وتیشى:» ئه‌و باڵباڵێن و ده‌سته‌گه‌رییه‌ى رابردوو هه‌بوو له‌ناو یه‌کێتیدا نه‌ماوه‌و یه‌ک سه‌رکردایه‌تى هه‌یه‌و کۆده‌نگى گشتى هه‌یه له‌سه‌ر بڕیار‌و راسپارده‌کانى هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى».
ده‌رباره‌ى پرسى لامه‌رکه‌زیى له‌گه‌ڵ پارتى به‌چى گه‌یشتوون، ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که له‌کارنامه‌ى کارى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا لامه‌رکه‌زیى هه‌یه، یه‌کێتى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه به‌ڵێنى پێدراوه که‌ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه شۆڕبکرێنه‌وه بۆ پارێزگا‌و قه‌زاو ناحییه‌کان و یه‌که کارگێڕییه‌کان، وتیشى:»ئه‌وه‌شى له‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیراندا نییه پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان له‌ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه یاساى بۆ ده‌ربکه‌ن تاده‌سه‌ڵاته دارایى و کارگێڕییه‌کان بکرێنه لامه‌رکه‌زیى، به‌ڵام عیبره‌ت له‌جێبه‌جێکردنیدایه نه‌ک ته‌نها وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داواکارییه‌که‌ى یه‌کێتى له‌لایه‌ن پارتییه‌وه«.